پێگەی هەرێمی کوردستان لە کاروانی بەجیهانیبون 

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

لە سەردەمی بەجیهانیبون تەنها پێکهاتە گەورەکان دەتوانن ببنە کارەکتەری جیهانی و بەرگری لە مانەوە و پاراستنی شوناس و بەرژەوەندیی خۆیان بکەن. کاروانی بەجیهانیبون دەمێکە کەوتۆتە سەر رێگەی خۆیی و پێناچێت لەسەر کەس بوەستێت. پرۆسەی بەجیهانیبون سنورە سیاسی و کەلتوریەکانی تەواو کاڵکردۆتەوە. ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوە جیهانیان کردۆتە گوندێکی بچوک کە تیایدا نەک تەنها هەواڵەکانی رۆژانە، بەڵکو تازەترین بەرهەمەکانی پێشەسازی، کشتوکاڵی، هونەری، تەکنەلۆژی و زانستی و تەنانەت نەخۆشیەکانیش بێ جیاوازی شوێن و کات لە کەمترین ماوەدا بۆ هەمو شوێنێکی جیهان دەگوازرێنەوە. ئەوەی نەتوانێت خۆی لەگەڵ مەرجەکانی ئەم پرۆسەیە بگونجێنێت، ئەوا لە ساڵانی داهاتو بەتەواوی دەبێتە بەشێکی پەرواێزخراوی جیهان، ئەگەر هێشتا بەجێنەمابێت. لە سەردەمی بەجیهانیبون جگە لە شوناس و کەلتورێکی بەهێز، ئابورییەکی بەهێز و  بەرجەستەبونی ماف و خزمەتگوزارییە گشتییەکان مەرجی سەرەکی مانەوە و گەشەکردن و بەرەوپێشچونن. 

دەوڵەتی عێراق، کە لانکەی شارستانیەتە کۆنەکانە، لە روی شوناسی مێژویی، ئاینی و نەتەوەیییەوە دەوڵەمەند و پێشەنگە. بە هۆی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی رەسەن و  رەنگاوڕەنگی ناوچەکە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە روی فرەییی ئاینی و کەلتورییەوە. سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگەی بەپیتی کشتوکاڵی و سروشتی جوانی گەشتیاری دەوڵەمەندییەکی سروشتییان پێ بەخشیوە. تەنها دەرد و نەخۆشی عێراق، حوکمڕانییە شکستخوارد و گەندەڵە یەک-لە-دوا یەکەکانی دەستەبژێری سیاسییە، کە حوکمڕانانی هەڕێم بەشێکی دانەبڕاون لێی. جگە لە کێشەی هەنوکەیی موچە و بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم، پرسگەلێک هەن، کە لە داهاتودا مەرجی بنەڕەتی مانەوە و گەشەکردن و بەرەوپێشچونی هەرێمی کوردستانن لە سەردەمی بەجیهانیبون. ئەوانیش بوارەکانی کەلتور و شوناس و ئابوری و ئاساییش مافە گشتییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمن، کە گەشەی هەمویان بە یەکترەوە بەندە، هی هەموشیان بە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بەستراوەتەوە.  

لە ئێستادا چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و حوکمڕانییەکی باش لە ناوەند تەنها گەرەنتی پێشکەوتن و گەشەی ئەو بوارانەن. لە روی شوناسەوە نەتەوەی کورد ئەگەر بیەوێت پاراستن و مانەوەی شوناس و کەلتوری خۆی مسۆگەر بکات، هیچ رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نییە جگە لە دەوڵەمەندکردن و موتوربەکردنەوەی کەلتوری خۆی لەگەڵ کەلتوری گەlانی ناوچەکە. کورد وەکو گەلێکی رەسەنی ناوچەکە بە هۆی هاوبەشی ئاینی لەگەڵ گەلانی موسڵمان و ئاینەکانی تر و هەرەوها بە هۆی زمان و مێژوی هاوبەشی لەگەڵ گەلانی ئێرانی، مەرجی گرنگ و باشی هەیە، کە دەتوانێت سودیان لێوەرگرێت. گەلی کورد دەتوانێت بە هۆی موتوربەکردنی و ئاوێتەکردنی کەلتوریی نەک تەنها شوناسی مێژویی و کەلتوریی خۆی دەوڵەمەندتر بکات، بەڵکو کەلتوری گەlانی عێراقیش دەوڵەمەندتر و فرەڕەنگتر و بەهێزتر بکات. بۆ نمونە چۆن هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە گوتنەوەی وانەکانی مێژو و زمانی عەرەبی و تورکمانی و گەلانی تری عێراق لە قوتابخانەکانی هەرێم، لە بەرامبەردا دەبێت حکومەتی ناوەند پابەند بکرێت بە گوتنەوەی وانەکانی مێژو و زمان، فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە سەرتاسەری خوێندنگاکانی عێراقدا، ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ دەرچوانی هەرێمی کوردستان تا بچن لە بەشەکانی دیکەی عێراق لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکاندا وانەی کوردیی بڵێنەوە. لە روی فەرهەنگی و هونەرییەوە بە هەمان شێوە، فیستیڤالەکانی فیلم و موزیک و ئەدەبی کوردیی لە بەغداد ساز بکات، فیلم و مۆسیقا و ئەدەبی عێراقی لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر رێکبخات. پێی نەنگی نەبێت لەژێر ناوی عێراق بەشداری فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بکات و بەرهەمە کەلتوریەکانی خۆی پێشکەشبکات. 

لەوانەیە بۆ هەندێک کەس، بەتایبەتی نەوەی تازە، ئەمە تەنها وەکو داخوازییەکی ثیۆریی دەربکەوێت، بەڵام راستییەک هەیە، کە لەوانەیە گەدەی کوردایەتی بەئاسانی بۆی هەرس نەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە سەڕەرای هەمو دڕندەیی و تاوانکارییەکانی سەردەمی بەعس، کەرکوک و بەغداد بەر لە نەوەدەکان ناوەندی پێشخستن و بۆژانەوەی فەرهەنگ و کەلتوری کوردی بون. تەنانەت کوردانی وڵاتانی دراوسێش بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان رویان لە بەغداد و کەرکوک بو، لە کاتێکدا لە ئێستادا بەرهەمهێنەرانی کەلتوری کوردی لە سایەی حوکمڕانی کوردییەوە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار دەبەنە وڵاتانی دراوسێ بۆ تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان. ئەو نمونەیە بۆ کەمکردنەوەی دڕندەیی تاوانەکانی سەددام نییە، بەڵکو بۆ دەرخستی گرنگی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقە بۆ گەشەی کەلتور و فەرهەنگ و هونەری گەلی کوردە، ئەگەر بزانرێت و بتوانرێت بەباشی سودی لێوەربگیرێت. ئەمە جگە لەوەی هونەر و کەلتور و مۆسیقا و فیلم پێویستی بە بازاڕە لە سەردەمی جیهانگیرییدا، بازاڕی گەورەی عێراق یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی بچوکیی بازاڕی هەرێمی کوردستان قەرەبوبکاتەوە.

لە بواری ئابورییەوە، حوکمڕانییەکی باشی ناوەند تاکە گەرەنتییە بۆ سنوردانان لە بەتاڵانبردن و قۆرخکاری سەرچاوەکانی دارایی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم. جگە لەمەش عێراق نەک تەنها بازاڕێکی هیچگار گرنگ و بەسودە بۆ خاوەنکار و پیشەساز و جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو گەورەترین سەرچاوەی گەشتیارانیشە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم. لە روی ئەمن و ئاسایشەوە، تەنها کاتێک مافی هاووڵاتییان هەرێم لە ناوخۆی هەرێم پارێزراو دەبێت، کە دەزگاکانی تەشریعی و دادەوەری ناوەند ئەوەندە بەهێز بن، بتوانن بەرگری لە مافە گشتییەکانی هاووڵاتییان هەرێم بەرامبەر بە هێزە ئەمنییە حزبی و بنەماڵەیییەکانی هەرێم بکەن. لە بواری پاراستنی سنورەکانیش هێزێکی پێشەیی راهێنراو و پڕچەکی نیشتیمانی تەنها گەرەنتیە بۆ پاراستنی سنورەکانی هەرێم لە دەستدرێژییەکانی وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی ئیران و تورکیا، کە ئێستا لە سایەی حوکمڕانی کوردییەوە، ناوچە سنورییەکانی هەڕێمیان کردۆتە حەوشەی دواوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. سپاردنی پاراستنی سنورەکانی هەرێم بە سوپای نیشتمانی، نەک تەنها سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی هەرێم دادەنێت، بەڵکو وادەکات کە کارتی پرسی کوردی بەشەکانی تری کورستانیش لە دەست حوکمڕانانی هەرێم دەربێت، کە لە تەهران و ئەنکەرە بە هەرزانترین نرخ خستویانەتە موزایەدە و مامەڵەی سیاسیی و حزبیی و بنەماڵەیییەوە. ئەوەی پەیوەندی بە مافە گشتییەکانەوە هەیە، ئەوە هیچ گومانێکی تێدا نییە کە بێ بونی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، سنورەکانی زەرد و سەوز، چەندین رەنگی تریشیان بۆ زیاد دەبو. هەڵبژاردن و پارلەمان و دەزگاکانی تری حوکمڕانی لە ئێستا بێ نرختر دەکران. ئەو ئازادی و فرەحزبییە رێژەیییەی ئێستای هەرێم تەنها بە هۆکاری چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقەوە فەراهەم بوە. تەنها ڕێکخستنەوە و بەهێزبونی دەزگاکانی تەشریعی و جێبەجێکار و دادوەری ناوەند، دەتوانن چاودێری و لێپرسینەوەی جددی لە دەزگاکانی هەرێم فەراهەم بکەن. بۆیە، هێزە سیاسییەکانی هەرێم، ئەوانەی دەیانەویت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبێت، دەبێت چالاکانە لە بەغداد ببنە داڕێژەری سیاسەت و لە حوکمڕانیی بەشدار بن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە بەرانبەر شکەستەکانی حوکمڕانیی و سەرکەوتنەکانی عێراق بە هی خۆیان بزانن. هەرێمی کوردستانێکی بەهیز و بەجیهانیبو دروستنابێت ئەگەر عێراقێکی وێران و شکستخواردو هەبێت. 

هەرێمی کوردستان تەنها لە رێگەی عێراقێکی سەقامگیر و ئارام و پێشکەوتو دەتوانێت بە روی دونیا بکرێتەوە و جێگەی شایستەی خۆی بگرێت. بە پێچەوانەوە و هەڕێمی کوردستان لە هەمو پێشکەوتنەکانی جیهان دادەبڕێت، هەمیشە وەکو دیل و بارمتەی حوکمڕانی حزبی و بنەماڵەیی دەمێنێتەوە و هاووڵاتییانیش پەراوێزخراوتر، کەلتور و شوناسیش لە ئێستا هەژارتر و لەرزۆک تر دەبێت. 

 

بەشکردن:
ئاراس مەسیفی