هه‌موو شتێك له‌باره‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا 

4430
0
بەشکردن:

کوردستان تایمز

ڤایرۆس چییە ؟

ڤایرۆس بریكارێكی بایۆلۆجییە كە دووبارە هەڵدەستێ بە دروستكردنی خانەكان لەنێو خانە زیندووەكاندا. كاتێك دووچاری ڤایرۆس دەبێت، خانەكە ناچاردەبێت هەزاران دانە لە ڤایرۆسە بنەڕەتییەكە كۆپی بكات كە ئەمەش رێژەیەكی سەروو ئاسایییە. پێچەوانەی زۆرێك لەو زیندەوەرانەی هەن، ڤایرۆس خانەی نییە تا دابەشببێت، ڤایرۆسی نوێ لەنێو خانەی هەوكراودا كۆدەبنەوە. بەڵام پێچەوانەی بریكارە سادە و درمەكان،  ڤایرۆس جیناتی لەخۆگرتووە كە توانای ئەوە بە ڤایرۆسەكە دەبەخشێ تا خۆی بگۆڕێت و گەشەبسێنێت. تا ئێستا نزیكەی 5000 هەزار شێوازی ڤایرۆس دۆزراونەتەوە.  

رەچەڵەكی ڤایرۆسەكان تا ئێستا روون نییە: هەندێكیان لەوانەیە لە پلازمیدەكانەوە سەرچاوەیان گرتبێ- ئەمەیان پارچەی بچووكی DNA ین كە دەتوانن لەنێوان خانەكاندا هاموشۆ بكەن- لە كاتێكدا لەوانەیە هەندێكیان لە بەكتریاوە سەرچاوەیان گرتبێ و گەشەیان كردووە. ڤایرۆس لە دوو یان سێ بەش پێكهاتووە: جینات، كە ئەمەش لە (دی ئێن ئەی) یان (ئار ئێن ئەی) دروستبووە، ئەم بەشە گەردیلەیەكی درێژە و زانیاری جیناتیكی هەڵگرتووە. بەشی دووەم بریتییە لە بەرگێكی پارێزەری پرۆتینی كە جیناتەكان دەپارێزێت. لە هەندێ جۆری ڤایرۆسەكاندا  بەرگێكی چەوری دەوری ئەو دیوارە پرۆتینە دەدات و لایەنێكی بەكارهاتووە، ئەمەیان بە هاوكاری لەگەڵ هەندێ وەرگری تایبەتەوە دەچنە نێو كۆمەڵە-خانەی نوێوە. ڤایرۆسەكان چەندان شێوازی جیاوازیان هەیە، هەیانە لولپێچی سادەن، هەندێكیان بیست رووخساریان هەیە، هەشیانە پێكهاتەی یەكجار ئاڵۆز و تێكەڵیان هەیە. قەبارەی ڤایرۆسەكانیش جیاوازی هەیە، هەیانە 20 تا 30 نانۆمیتەرە، (هەر نانۆ مەترێك، واتە یەك لە سەدا ملیۆنی مەترێك)، هەشیانە نزیكەی یەك سانتیمەتر دەبێت.

ڤایرۆسەكان بە چەند رێگەیەگ بڵاودەبنەوە. هەندێ لە ڤایرۆسەكان زۆر تایبەتن و هاوشێوەی كۆمەڵە گیانەوەرێك یان چنین هێرش دەكەن، هەر جۆرێكی ڤایرۆس پشت دەبەستێ بە شێوازێكی بڵاوبوونەوە. ڤایرۆسە رووەكییەكان زۆر كات لە دارێكەوە بۆ دارێكی دیكە لە رێگەی مێروو یان ئۆرگانیزمی دیكە كە ناسراون بە (زیندەوەری ئاراستەكراو) بڵاودەبنەوە. هەندێ ڤایرۆسی دیكەی سەر زیندەوەرەكان، ئەوانەی نێو لاشەی مرۆڤیش، ئەوا لە رێگەی بەركەوتنی بە ماددە شلەكانی جەستەی مرۆڤ بڵاودەبنەوە. ڤایرۆسەكانی وەك ئەنفلۆنزا لە رێگەی هەوا و بە چەند دلۆپێكی ئەو تێكەڵەیە بڵاودەبێتەوە لە كاتێكدا كە كەسەكە كۆكەیەتی یان دەپژمێ.  هەندێ ڤایرۆسیش نمونە وەك نۆرۆڤایرۆس (norovirus)، لە رێگەی رووخسار یان رێرەوی هەناسە دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی ئەو كاتەی دەستی كەسەكە، یان ئەو خواردن و ئاوەی دەیخوات پیس بێت. ڤایرۆسێكی دیكە هەیە بە ناوی رۆتا ڤایرۆس (rotavirus)، ئەمەشیان راستەوخۆ لە رێگەی دەستلێدان لە منداڵی تووشبوو بە نەخۆشی و هەوكردوو دووچاری كەسەكە دەبێت. ڤایرۆسی ئایدزیش لە رێگەی ماددە شلەكانی جەستەوە و لە كاتی سێكسكردندا دەگوازرێتەوە. هەندێ جۆری دیكەی ڤایرۆسیش، وەك دینگیو ڤایرۆس، لە رێگەی ئەو مێرووانەی خوێنی مرۆڤ دەمژن، بڵاودەبێتەوە.  

ڤایرۆس دەتوانێ مرۆڤ، گیانلەبەران و تەنانەت رووەكەكان دووچاری نەخۆشی و هەوكردن بكات. بەهەرحاڵ، زۆركات ڤایرۆسەكان لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە لەناودەچن، هەرچەندە بۆ ماوەیەك لەنێو سیستەمی بەرگری ئەو كەسەش دەمێنێتەوە. دەرمانە دژە بەكتریایییەكان (antibiotics)، كاریگەرییەكیان لەسەر ڤایرۆەسەكان نییە، بەڵام ئەو دەرمانانەی وەك دژە-ڤایرۆس وان و پەرەیان پێدراوە تا چارەسەری ئەو نەخۆشانە بكەن كە دووچاری هەوكردن دەبنەوە. ئەو ڤاكسینانەی بەرگری دروستدەكەن، ئەوا دەتوانن لە هەندێ لەو هەوكردنانە بتپارێزێ كە ڤایرۆسەكان دروستی دەكەن.  

ڤایرۆسی کۆڕۆنا چییە؟

خێزانێکە لە ڤایرۆس، چەند جۆرێکی هەیە لەنێو ئاژەڵ و مڕۆڤدا نەخۆشی دروستدەکات.هەندێکیان کاریگەریان زۆر کەمە و نەخۆشی سووک دروست دەکەن وەک کۆڕۆنای مڕۆیی کە دەبێتە هۆی هەڵامەت. جۆرێکی تری پێی دەڵێن سارس واتە هەوکردنی توندوتیژی هەناسە کە لە ساڵی ۲۰۰۳ لە چین و هۆنگ کۆنگ سەریهەڵدا، ڕێژەی مردنی ۳۰٪ بوو. جۆرێکی تر پێی دەڵێن مێرس واتە کۆنیشانی توندی هەناسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە وڵاتی سعودیە و کەنداوی عەرەبی سەریهەڵدا و نزیکەی ٨۰۰ کەسی کوشت و ٨ هەزار کەسی نەخۆش خست، ڕێژەی مردنی ۱۰ ٪ بوو.

ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1960 لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا، نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەی سەرمابوونن، بەڵام لە هەندێك کەسدا تووندترن و نەخۆشییەکی کوشندەیە.

تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، کۆکە و تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز دەبن.

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی دیکە لە ڕێگەی کۆکە، پژمە و دەستلێدان دەگوازرێتەوە.

دەکرێت کەسێک بەهۆی دەستدان لە ڕووکەشێک یا شتێکی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە و دواتر دەستدان لە دەم، لووت، یا چاوی توشی ڤایرۆسەکە ببێت، بەڵام ئەوە ڕێگای سەرەکی نەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا. دەکرێت نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ١ بۆ ١٤ رۆژ دوای گرتنی ڤایرۆسەکە دەربکەون. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێشتر لە ڤایرۆسی مێرس بینراوە. 

چۆن ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ له‌شى مرۆڤ كارده‌كات ؟

زاناكان توانیوویانە یەكەم وێنەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرن بەوەی چۆن دەچێتە نێو خانەكانی هەناسەدانی لەشی مرۆڤەوە بەو مەبەستەی ئەو خانانە بدزێت و ڤایرۆسی زیاتر دروستبكات. چەند توێژەرێك بە رابەرایەتی كیانگ ژوو، توێژەر لە زانكۆی وێستلەیكی شاری هانگژووی چین،ئاشكرایان كردووە لەوەی چۆن ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەچێتە نێو خانە هەستیار و وەرگرەكانی هەناسەدانی مرۆڤ كە پێی دەگوترێت ئەنزیمی كۆنڤێرتەری ئەنگیۆتێنسین (angiotensin-converting enzyme 2, or ACE2).  

تۆماس گەلافەر، شارەزای بواری ڤایرۆسەكان لە زانكۆی لۆیالەی شیكاگۆ، هەرچەندە لەو تویّژینەوەیە بەشداری نەكردووە، بەڵام بە ماڵپەڕی لایڤ ساینس راگەیاندووە كە “ئەو توێژەرانەی چین وێنەی تەواوی ئەو گەردیلانەیان گرتووە كە تێكەڵ بە بەستەرەكانی رێرەوی هەناسە دەبێت.” هەروەها گوتوویەتی كە “ئەو ڤایرۆسە تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر دۆزراوتەوە، لە ماوەیەكی كەمیشدا، و بەگوێرەی ئەوەی ئەو توێژەرانە پێی گەیشتوون كە ئەم ڤایرۆسە كاتێكی زۆرتر دەخایەنێت و تەشەنەدەسێنێت.” 

ئەو زانایە هاوكات گوتوویەتی كە ئەمە كارێكی گرنگە، بەوەی بزانین ڤایرۆسەكە چۆن دەچێتە نێو خانەكان و تا لەو رێگەیەوە توێژەران بتوانن دەرمانی بۆ بدۆزنەوە یان تەنانەت ڤاکسینێكی بۆ دروستبكەن.

رێگەی چوونە ناوەوەی ڤایرۆسەكە

بۆ ئەوەی مرۆڤەكە دووچاری نەخۆشیی بكات، ڤایرۆسەكان توانای ئەوەیان هەیە بچنە نێو خانەكانی مرۆڤەوە. ڤایرۆسەكان ئەو خانانە وەك مەكینەیەك بەكاردێنن تا كۆپی زیاتری خۆیان دروستبكەن، دواتریش دەپڕژێنە دەرەوە و بەنێو تەواوی خانەكانی دیكەدا بڵاودەبنەوە.

لە 19ی شوبات و لەنێو گۆڤارێكی زانستییدا، تیمێكی توێژەران بە سەرۆكایەتیی زاناكانی زانكۆی تیكساسی ویلایەتی ئۆستن، وەسفی ئەو گەردە بچووك و سەرەكییەی) ڤایرۆسی كۆڤید 2 سارس (SARS- COVID 2 D (ناوێكی دیكەشی هەیە كە كۆڤید 19یە) یان كردووە كە چۆن رێگە بۆ ڤایرۆسەكە دەكاتەوە تا تێكەڵ بە خانەی لەشی مرۆڤ ببێت. ئەم گەردە بچووكە پێیدەڵێن سپایك پرۆتین یان ئێس پرۆتین. هەفتەی رابردوو، توێژەر كیانگ ژۆ لەگەڵ تیمەكەی وەسفی تەواوی ئەم پرۆسەیەیان كردووە: تیایدا پێكهاتەی ئەو پرۆتینە وەرگرە (كە لەسەر رووی خانەكانی هەناسەدان بوونی هەیە)، هەروەها پرۆتینە تازەكە تێكەڵ بە یەك دەبن و كارلێك دەكەن. ئەو توێژەرانە ئەنجامەكانیان لە جۆرنالی زانست لە 4ی ئادار بڵاوكردۆتەوە. لیانگ تاو، وەك توێژەرێك لە زانكۆی وێستلەیك كە بەشداری ئەم توێژینەوە نوێیەی نەكردووە، بەڵام لە لێدوانێكیدا گوتوویەتی “ئەگەر وا دابنێین جەستەی مرۆڤ وەك خانوویەك بێت و ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19) وەك دزێك وابێت، ئەوا ئەو ئەنزیمە وەك دەرگەی خانووەكە وایە. كاتێك ئەو پرۆتینی (ئێس)ە دەستی بەمە گەیشت، ئیدی ئەوكاتە ڤایرۆسەكە دەتوانێ بچێتە نێو ماڵەكەوە (خانەكانی لەشەوە). 

توێژەر كیناگ ژۆ لەگەڵ تیمەكەی ئامێریكیان بەكارهێناوە كە پێیدەگوترێت (مایكرۆسكۆپی كرایۆ ئیلیكترۆن)، كە سامپلی بەستوو بڵاودەكاتەوە و دەتوانێ وێنەی بچووكترین پێكهاتەكانی گەردە بایۆلۆجییەكان بگرێت. توێژەران گەیشتنووتە ئەو ئەنجامەی كە یەكگرتن و كارلێكکردنی گەردیلەیی نێوان ڤایرۆسی كۆڤید-19 و ئەنزیمی كۆنڤێرتەری ئەنگیۆتێنسین هەمان ئەو كارلێكەیە كە لە ساڵی 2003 هەبووە و بووە هۆی دروستبوونی ڤایرۆسی سارس. بەهەرحاڵ، لەگەڵ ئەوەی هەندێ جیاوازیشییان هەیە، بەڵام هەروەك توێژینەوەكە دەڵێت كە ئەمینۆ ئەسید بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكادرێت هەروەك چۆن پێشتریش بۆ ڤایرۆسی سارس بەكارهاتبوو.  

تۆماس گالفەر هەروەها گوتوویەتی “هەندێ پێیانوایە كە جیاوازی نێوان ئەو دوو ڤایرۆسە هەیە و دەقیقە، بەڵام ئەم قسەیە ئەو كاتە مانای دەبێت كاتێ بەهێزی ئەو ڤایرۆسانە دۆزرانەوە لەوەی چۆن بەرگە دەگرن و دەلكێن بە شتەكانەوە.”.

ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە بەرگە دەگرێت و بە شتەكانەوە دەلكێت، ئەمە وەك تایبەتمەندییەك یارمەتی ڤایرۆسەكە دەكات بەوەی بەخێرایی و بەئاسانی لە كەسێكەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە. ئەگەر چوونە ژوورەوەكە هەر بەو شێوەیە بێ كە ڤایرۆسەكە گەیشتەنێو لەشی مرۆڤەكەوە و دواتریش دەچێتە نێو خانەكانەوە، كەوابێ شێوازی گواستنەوەی نەخۆشیەكەش هەر بەو شێوەیە دەبێت. 

تۆماس گەلافەر هەروەها دەشڵێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێكوپێكی خۆی خڕدەكاتەوە، كاردەكاتە سەر خانەكانی بەشی سەرەوەی هانەسەدان و دووچاری هەوكردنی دەكات، نەخۆشەكە هەمان ئەو هەستەی هەیە وەك بڵێی بەهۆی سەرمابوونەوە دووچاری بووە. ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەگەڵ ئەنزیمی كۆنڤێرتەری ئەنگیۆتێنسین كارلێك ناكات، بەڵكو لەرێگەی وەرگر و ئەندامە هەستەوەرەكانی دیكەی نێو خانەی مرۆڤەكان دەچێنەنێو لەشی كەسەكەوە. 

كاریگەرییەگانی پێكهاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

تۆماس گەلافەر لەبارەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا گوتوویەتی” پێكهانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك (كلیل)ێك وایە و جەستەی مرۆڤەكە وەك (كۆلۆم) وایە، دەكرێ دەرمانێكی دژەڤایرۆسی دروستبكرێت و رێگریی بكات لەوەی ڤایرۆرسی كۆرۆنای نوێ نەچێتە نێو خانەی نوێوە. زۆربەی ئەو دژەڤایرۆسانەی لە بازارەكاندا هەن جەخت لەسەر وەستانی ڤایرۆسەكە دەكەن لەنێو یەك خانەدا، بەڵام گەر دەرمانێك دروستبكرێت و رێگری لە رێگەی چوونەژوورەوەی ڤایرۆسەكە بكات، ئەوا وادەكات پێ بنێینە شوێنێكی نوێوە. “

هاوكات تۆماس گەلافەر ئاماژەیداوە كە “هیچ دەرمانێكی كلینیكی كاریگەر نیە تا رێگری بكات لەو كارلێكەی ئەو ڤایرۆسە هەیەتی و من دەیزانم، ئەوانەی هەنە هەموویان پێشتر بەكارهاتوون.”

گەلافەر نیشانیداوە كە پرۆتینی تازەی ڤایرۆسی (Viral spike protein)، بەشێكی پەسەندی ڤاسینەكانە، چونكە ئەم پرۆتینە خۆی بەشێكە لە ڤایرۆسەكە و لەگەڵ ئەو ژینگەیەی لێی دەژی كارلێك دەكات، بەمەش بەئاسانی دەكرێ لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە بەئاسانی بناسرێتەوە. 

گالفەر دواجار دەڵێت” لەگەڵ ئەمانەش، بەرەوپێشبردنی دەرمان یان ڤاسین كارێكی پڕ لە زەحمەتییە. دەرمان و ڤاسینەكان هەر ئەوەنیە كارگەرییان هەبێ بۆ وەستاندنی ڤایرۆسەكە، بەڵكو دەبێ شیاوی ئەوەش بێ كە مرۆڤەكە بتوانێ بەكاربێنێ و سەلامەتی بپارێزێت.” 

بەرپرسانی سەنتەرەكانی ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی و پارێزگاریكردن ئاماژەیانداوە بەوەی كە ڤاسینە سەرەتاییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا  لەماوەی ساڵێك یان ساڵ و نیوێك دەكرێ بەردەست دەبن و دابین بكرێن. 

هۆكارو مه‌ترسییه‌كانى ته‌شه‌نه‌كردنى كۆرۆنا 

رۆب واڵاس، بایۆلۆژیستی بواری پەرەسەندن، له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا دەربارەى مەترسییەكانی كۆڤید-19 ده‌ڵێت: “كۆرۆناڤایرۆس جیهان دەخاتە ناو حاڵەت و بارودۆخی شۆك و هەژانەوە. بەڵام، حكومەت لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەى هۆكارە بنچینەیییەكانی پەتا جیهانییەكە، پەنا دەباتە بەر هەنگاوە لەناكاو و نائاسایییەكان.”

ڕۆب واڵاس، زیاتر له‌ باره‌ى كاریگه‌رى و مه‌ترسییه‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات: مه‌ترسییه‌كانى پەیوەندیی بەوەوە هەیە لە كاتی بڵاوبوونەوە و دەركەوتنی شوێنی كۆڤید-19 تۆ لەكوێیت: ئایا ئەم پەتا جیهانییە تەنها سەرەتایەتی، گەیشتووەتە لوتكەى خۆی، یان لەدوایین قۆناغی خۆی دایە؟ چەندە بەباشیی سیستەمی تەندروستیی لە ناوچەكەدا وەڵام دەداتەوە؟ تەمەنت چەندە؟ ئایا سیستەمی بەرگریی لەشت بەرگەنەگر و لاوازە؟ بارودۆخی گشتیی تەندروستیت چۆنە؟ پرسیاركردن لە ئەگەرێكی ناقابیلی دەستنیشانكردن: ئایا جێنەتیكی بۆماوەیی بەرگرییت، ئەو جێنەتیكانەى دەكەونە ناو سیستەمی بەرگریتەوە، دەرەقەتی ڤایرۆسەكە دێن یان نا؟”

ڕۆب واڵاس ده‌شڵێت :” ڕێژەى حاڵەتی مردن (case fatality rate)ی كۆڤید-19 لەسەرەتای دەركەوتن و بڵاوبوونەوەى لە شاری ووهان لەنێوان 2% بۆ 4%ی خەڵكانی تووشبوو دابوو. لە دەرەوەى ووهان، ڕێژەى حاڵەتی مردن پێدەچوو لە 1% بێت و تەنانەت كەمتریش. بەڵام ئێستا لە شوێنانی دیكەش ڕێژەكە زۆر بەرزە، بۆ نموونە ئێستا لە ئیتاڵیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەم ڕێژانەى مردن پێناچێت بەراورد بە لە 10%ی ڕێژەى مردن بە ڤایرۆسی سارس، بەرزتر بن، “هەڵامەتی ئیسپانیی” لە 1918 گەیشتە 5% بۆ 20%، “ئەنفلۆنزای باڵندە” (H5N1) 60% یاخود لە هەندێك شوێندا ئیبۆلا 90%ی مردنی ئەوانەى بەدواوە بوو كە تووشببوون. بەڵام ئەم ڤایرۆسە بەرزترە لە 0.1%ی ڕێژەى حاڵەتی مردنی ئەنفلۆنزای وەرزیی.”

له‌باره‌ى به‌رپرسیاریه‌تى بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌ رۆب واڵاس ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات، شوێنپێ هەڵگرتنی ئەوانەى تووشبوون دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی خواردنی دەریایی بەكۆ لە ووهان، كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان دەفرۆشرێن. نموونەی ژینگەیی و ئینڤایرۆمێنتیی وادەردەكەوێت ئاماژە بە بەشی كۆتایی خۆرئاوای بازاڕەكە بكات كە تیایدا ئاژەڵە كێوییەكان هەڵدەگیرێن و  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپاش زەویی لەباریان بۆ ئەنفلۆنزا تازەكان بەرهەمهێناوە، بەم دوایییانە H5N2 (ڤایرۆسی ئەنفلۆزای لاوەكیی 2) و H5Nx (ئەنفلۆزای پەلەوەر)، و بریكارە فرەنەتەوەیی و نیۆكۆڵۆنیالیستەكانیان بوونەتە پاڵنەری دەركەوتن و سەرهەڵدانی ئیبۆلا لە ئەفریقای خۆرئاوا و زیكا لە بەڕازیل.

دكتۆر یه‌حیا مه‌كی عه‌بدول موئمن، سه‌رۆكی به‌شی ڤایرۆس و شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ له‌ په‌یمانگای فه‌ره‌نسای سه‌ر به‌ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆیی كلود برنارد له‌ شاری لیۆن لە چاوپێکەوتنێکی لە کەناڵی جزیرە نێت ئەنجامدراوە، دەڵێت “ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید-19) بۆته‌ په‌تایه‌كی جیهانیی و ته‌نها مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ یاخود به‌رگری له‌شیان لاوازه‌”.

یه‌حیا مه‌كی كه‌ له ‌هه‌مانكاتدا راوێژكاری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ‌(who) یه‌ داوا ده‌كات “مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا گه‌وره‌ نه‌كرێت، چونكه‌ هه‌زاران كه‌س به‌ بێ به‌كارهێنانی چاره‌سه‌رو ته‌نها به‌هۆی به‌رگری له‌شی خۆیانه‌وه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌ و پێشبینیش ده‌كات به‌مزوزانه‌ پێكوته‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رهه‌م بهێندریت و دڵنیایش ده‌دات تاكو ئێستا هیچ بازدانێكیی جینی له‌ پێكهاته‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ رووی نه‌داوه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كات پێویسته‌ وریا بین كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ندێ چارسه‌ر و ده‌رمان و خواردن ده‌كرێت كه‌ وه‌كو چاره‌سه‌ری كۆرۆنا به‌كار دێت زۆربه‌یان كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستی دروست ده‌كه‌ن”.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ كه‌ نه‌حۆشییه‌كی گوازراوه‌یه‌، كه‌سێكی توش بوو ده‌توانێت له‌ تا دووری یه‌ك مه‌تر كه‌سانی دیكه‌ توش بكات، هه‌روه‌ك كه‌سی توش بوو هیچ نیشانه‌یه‌كی له‌سه‌ر ده‌رناكه‌وێت له‌سه‌رتادا به‌م پێیه‌ش قورسه‌ بتوانین كه‌سانی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ جیا بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌و پسپۆره‌ له‌باره‌ى چۆنیتى كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ دوو تیۆر ده‌خاته‌روو، یه‌كه‌میان : یان بازدانێكی جینی له‌ ڤایرۆسه‌كه‌دا روو ده‌دات و كه‌مێك ئه‌سته‌م ئه‌بێت كه‌ پێكوته‌و چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌تا بازدان رووبدات هیزو توندییه‌كه‌ی زیاتر ده‌كات، به‌ خێرایی ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت، وه‌كو نه‌خۆشی ئایدز تاكو ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌رمان و پێكوته‌كاندا خۆی گونجاندووه‌.

دووه‌میان: ئه‌ویه‌ كه‌ ئێمه‌ ئومیدمانه‌ وابێته‌، ئه‌م ڤایرۆسه‌ ده‌كرێت هه‌ندێ له‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ده‌ستبدات و به‌مه‌ش‌ بێهێز ده‌بێت و شیده‌بێته‌وه‌ و به‌رگری له‌ش ده‌توانێت دژی بوه‌ستێته‌وه‌ و له‌ناویبه‌رێت، تاكو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ پێكهاته‌ جینییه‌كه‌یدا رووینه‌داوه‌ “سه‌نته‌ری ئه‌وروپایی بۆ توێژنه‌وه‌ ڤایرۆسییه‌كان ئه‌وه‌یان ته‌ئكید كردۆته‌وه‌” ئه‌مه‌ش كارێكی باشه‌ و ئومێده‌وارین به‌ر له‌ گه‌یشتنمان به‌ وه‌رزی پایز پێكوته‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و بكه‌وێته‌ ده‌رمانخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌.

ۆنگ نانشان، گەورە ڕاوێژكاری تەندروستی حكومەتی چین ڕایده‌گه‌ێنێت، ئەگەر ئەو وڵاتانەی ئێستا ڤایرۆسەكەیان تێدا تۆماردەكرێت هاوشێوەی چین ڕێكارە تەندروستییەكان جێبەجێبكەن، ئەوا ڤایرۆسەكە لە دوو مانگی داهاتوودا كۆتایدێت.

زۆنگ نانشان، كە پێشتر لەكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی سارس لە چین سەرپەرشتی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكەی ده‌شڵێت “تا دێت ئاستی هەوكردنی سییەكان و نیشانە تەندروستییەكانی دیكە لەو كەسانەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكدەبنەوە كەمدەكات.”

 

حاڵەتەکان لە جیهان و هەرێمی کوردستان

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بە شێوەیەکی خێرا لە گۆڕان دایە لە جیهاندا. تاوه‌كو ئێستا به‌ نزیكه‌یى 150 هه‌زار كه‌س تووشى ئه‌و ڤایرۆسه‌ بوون و ژماره‌ى مردوانیش له‌ 100 وڵاتى جیهان نزیكبۆته‌وه‌ له‌ 6 هه‌زار كه‌س.

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام  تۆمارکردنی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌. به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم کۆی گشتی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌:

ژماره‌ى توشبووان : ٢٨ حاڵه‌ت

ژمارەی چاکبووەکان: ١

ژمارەی مردووەکان: ١

ژمارەی حاڵەتەکان لە ئێستادا: ٢٦

ژمارەی پشکنینەکان لە هەرێمی کوردستان 

 ژمارەی پشکنینی نموونەی وەرگیراو

۱٠٦۹

کۆی گشتی پشکنینی نموونەی وەرگیراو

ئەنجامی پشکنینەکان

٢٨

ژمارەی حاڵەتی ئەرێنی

١٠٤١

ژمارەی حاڵەتی نەرێنی

٠

ژمارەی نموونەی ژێر پشکنین

٢٨

 

شه‌رى كۆمپانیا جهانییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ى فاكسینى كۆرۆنا 

كۆمپانیاكانی ده‌رمان پێشبڕكێیانه‌، ده‌رمانێك یاخود ڤاكسینێك دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كاتی ده‌وێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی پێگەی “شپیگڵ”ی ئەڵمانی، كلیمنس وندتنەر-ی پزیشكی ئەڵمانی، چارەسەری چەندین حاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنای لەو وڵاتە كردووە، بەرلەوەی ڤایرۆسەكە بەو ناوەوە بناسرێت.

لەگەڵ ئەوەی ئێستا حاڵەتەكانی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەڵمانیا ڕوو لە هەڵكشانە، وندتنەر دەڵێت: “ئێستا كاتی ئەوەیە چارەسەرەكە بەكاربهێندرێت.”

چارەسەرەكە نوێ نییە و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا دۆزرایەوە، كە دەتوانێت بەربگرێت بە نەخۆشییە گوازراوەكان، بۆیە پزیشكە ئەڵمانییەكان چاویان لەسەر ئەوەیە پەرە بەو ڤاكسینە بدەن، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لەچارەسەركردنی تووشبوویەكی ئەمریكی بەڤایرۆسی كۆرۆنا.

ستیڤان شمیدیل، یەكێك لەپزیشكە ئەڵمانییەكان، كە بەشدارە لەهەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك دژ بە كۆرۆنا دەڵێت: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا تاقیكردنەوەكە ئەنجامدەدرێت.

بەم پێیە ئێستا زانا و پزیشكەكان ئەمریكا، چین، ئەڵمانیا و ئیسرائیل دوو شەڕ دەكەن، یەكەمیان شەڕی كات و دووەمیان دۆزینەوە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، چونكە دەیانەوێت بەكەمترین كات قەرەبووی ئەو قوربانیانە بكەنەوە، كە بەهۆی ڤایرۆكەوە لە جیهاندا كەوتووەتەوە.

هیدرۆكسی كلۆرۆكین، ناوی ئەو دژە ڤایرۆسەیە، كە زاناكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی “سارس” بەكاریانهێنا، بۆیە ئێستا چاویان لەوەیە پەرە بەدژە ڤایرۆسەكە بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆڤید 19.

لەئەڵمانیاش پزیشكەكانی نەخۆشخانەی “شاریتە” كار لەسەر چارەسەرێك دەكەن بۆ هەوكردنی پەنكریاس، كە پێیانوایە ئەو چارەسەرە دەكرێت بەسود بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام دەیانەوێت زیاتر جەخت لەسەر كاركردنی چارەسەرەكە بۆ سییەكانی مرۆڤ بكەنەوە، چونكە ئەو شوێنە هەستیارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێرشی بۆدەبات سییەكانە.

لەئەمریكا و لەزانكۆی نیبراسكاش تاقیكردنەوەكان ئەنجامی دڵخۆشكەری هەبووە، ئەویش دوای بەكارهێنانی چارەسەری “remdesivir” باری تەندروستی یەكێك لەو سێ كەسەی تووشی كۆرۆنا بوون بەرەو چاكبوونەوە چووە.

به‌رپرسێكی ئه‌مریكی كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ درمه‌كان له‌ كۆنگرێس به‌ زه‌ واشنگتۆن تایمز-ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ئاینده‌دا به‌ ناچاری ئه‌بێت چاره‌سه‌ره‌كه‌ بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كاریگه‌رییه‌ك جێهێڵێت.

دكتۆر ئه‌نتۆنی فۆسی به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگای نیشتمانی هه‌ستیاریی و نه‌خۆشییه‌ درمه‌كان و لیژنه‌ی چاودێری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ گۆڤاره‌كه‌ی وت: “ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ چاره‌سه‌ر یان ڤاكسینه‌كه‌ هه‌یه‌ و نامانه‌وێت به‌كاریبهێنین”.

له‌ به‌رامبه‌ردا زانایان ئه‌و ده‌رمانه‌یان بنیاتناوه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID-19) به‌كارده‌هێنرێت كه‌ ئه‌ویش ده‌رمانی دژه‌ ڤایرۆسی (Remdesivir) كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا ده‌رمانێكه‌ دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا و دواتریش بۆ ڤایرۆسی مێرس و سارس به‌كارهاتووه‌ دوای ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی پێدرا.

به‌پێی زه‌ نیویۆرك تایمز هه‌فته‌ی پێشوو ده‌رمانی دژه‌ ڤایرۆسی (Remdesivir) بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ڤایرۆس له‌ ویلایه‌تی واشنگتۆن – سیاتل به‌كارهێنراوه‌ و كه‌ڵكیشیان لێوه‌رگرتووه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ئه‌م ده‌رمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ نابێت ئه‌وانه‌ی فشاری خۆێنیان به‌رزه‌، بۆیان به‌كاربێت.

تیمۆسی شیهان، ڤایرۆسلۆجی ئه‌مریكی كه‌ له‌زانكۆی نۆرس كارۆلینا، توێژنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌رمان هه‌یه‌، به‌ رۆژنامه‌ی بزنس سێنده‌ر ده‌ڵێت:”وه‌ك چاره‌سه‌ر، ده‌شێت چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات كه‌ خراپ تووش نه‌بوون یاخود به‌سوكی ڤایرۆسی كرۆنا-یان گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌توندی تووشبوون زه‌حمه‌ته‌ (Remdesivir) چاره‌سه‌ریان بكات، بۆیه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ زوو ده‌خرێته‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستییه‌وه‌ به‌م چاره‌سه‌ره‌ چاكده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام پاش گه‌شه‌پێدانی ئه‌م ده‌رمانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا، ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا سه‌ركه‌وتوو ئه‌بێت یان شكست ده‌هێنێت، كه‌س ناتوانێت گره‌نتی ئه‌وه‌ بكات تا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی كه‌ كراون ده‌رنه‌چن”

به‌پێی راپۆرتێكی گاردیان-ی چاپی ئه‌مریكا كه‌ دوێنێ 12ـی ئادار بڵاوبووەوە، كۆمپانیای بایۆته‌كنۆلۆژی گێلیه‌د-ی ئه‌مریكی، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی مه‌یدانی ئه‌نجامداوه‌ له‌سه‌ر ده‌رمانی (Remdesivir)، ئه‌ویش دوای گه‌شه‌پێدانی كه‌ تایبه‌ت بێت بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ڤایرۆس نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی ئیبۆلا-یه‌. ده‌شڵێت: “ده‌شێت له‌مانگی داهاتوو به‌كاربهێنرێت. كه‌ به‌پێی گاردیان ئه‌مه‌ خێراترین كاته‌ بۆ خستنه‌ بازاڕی ئه‌و ده‌رمانه‌”.

گاردیان له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه‌ نزیكه‌ی 300 تاقیكردنه‌وه‌ی جیاجیای ده‌رمان له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ كراوه‌، له‌نێویاندا تائێستا (Remdesivir) پاش گه‌شه‌پێدانی باشترینیانه‌ و ئه‌گه‌رێكی مه‌عقولی به‌په‌له‌یه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ تا شه‌ش مانگی داهاتوو كه‌ ڤاكسینی (mRNA-1273) دژی كۆرۆنا ڤایرۆس ئاماده‌ ده‌بێت.

ڕیتشارد هاریت سەرۆکی هاوپەیمانی CEPI : “ماوەی بیست ساڵە کار لەگـەڵ ڤایرۆس دەکەم دوور لەسۆز و گەورەکردن ، حەقیقەت ئەوەیە لە ژیانمان ڤایرۆسی بەمجۆرە مەترسیدارمان نەبینیوە”.

تۆڕی هەواڵی میرەر-ی بریتانی بڵاویکردەوە، زانا بریتانییەکان نزیکبونەتەوە لە تەواوکردنی ئەو ڤاکسینەی کە بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر مشک تاقیکراوەتەوە.

تیمی توێژەرانی ناوەندی هەوکردن و بەرگری لەش لە لەندەن کە د.رۆبین شاتۆک رابەڕایەتی دەکات، گەشبینی خۆیان لەوە پیشانداوە کە پێكوتەکە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ ئامادەدەبێت.

د.پاول مککای توێژەری پلە باڵا لە تیمەکەی رۆبین شاتوک سەبارەت بە ڤاکسینەکە دەڵێت” ئەنجامی ئەو پێکوتەیەم تەواوکرد کە مانگێک لەمەوبەر لەسەر مشکێکی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیمکردەوە، ئەنجامەکانی زۆر زۆر باش بون”.

تیمەکە لە ئێستادا لەگەڵ تیمێكی هاوکاریان لە پاریس، سەرقاڵی تاقیکردنەوەن لەسەر چەند مەیمونێکی توشبو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کێبرکێی ناوەندەکانی توێژینەوەی وڵاتانی جیهان بۆدۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پەتای کۆڤید-19 بەردەوامە، هەفتەی رابردو فیدراسیۆنی تەندروستی تورکیا چارەسەری کۆرۆنای راگەیاند و دەڵێت” لە ماوەی سێ چرکەدا کاریگەری دروستدەکات”.

بەگوێرەی رونکردنەوەکەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تەندروستی تورکیا، چارەسەرەکەی ئەوان جیاواز لە چارەسەرەکانی دیکە لەرێگەی دژە بەکتریا(Antibiotics) و دژەڤایرۆسەوە (Antiviral)نیە، بەڵکو بە تەکنیکێکی نوێ و لەرێگەی تیشکی سەرو بنەوشەیی(Ultraviolet) ڤایرۆس و بەکتریاکان لەناو دەبات”، بەڵام تا ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکی دیکەیان لەو بارەیەوە نەداوە.

مانگی رابردوش گروپێک زانای هیندی لە ئوسترالیا رایانگەیاند، لە دۆزینەوەی دەرمانێکی پێکوتە بۆ ڤایرۆسەکە نزیکبونەتەوە.

تیمەکە لەلایەن د. ئێس ئێس ڤاسانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ماوەی هەفەتەیەکە بەچڕی سەرقاڵی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەن لە ڤایرۆسەکە، ئەوەش دوای ئەوەی لە رابردودا لەبەرگرتنەوەی کۆپیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا-یان راگەیاند، کە یەکەم وەشانی ڤایرۆسەکەیە کە لەدەرەوەی وهان گەشەی کردبێت و بە” ئومێدێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر” ناوی دەبەن.

لە ئێستادا پزیشكانى وڵاتى به‌ریتانیا داوای ٢٤ کەسیان کردووە بۆ ئەوەی توشی کۆرۆنایان بکەن و دواتر چاودێری تەندورستیان بکەن و چەند دەرزییەکیان لەسەر تاقیبکەنەوە .

ئەوکەسانەی بەشدار دەبن لەگەڵ ئەوەی بڕی پێنج هەزار دۆلاریان پێدەدەرێت بە دوو دەرزی لاوازکەری ڤایرۆسەکە دەکوترێن و دواتر چاودێری باری تەندروستییان دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بدۆزنەوە .

بەشکردن: