پێکدادان و هاوپەیمانێتیی نوێ لە راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق

بەشکردن:

یاسین تەها
پاش مشتومڕێكی زۆری سیاسی لە کۆتاییدا سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح مەرسومی راسپاردنی دایە دەست پارێزگاری پێشووتری نەجەف عەدنان زورفی، كە سەرباری ئەوەی ناوێكی نامۆ نییە، كەچی هەرایەكی گەورەی لەناو شیعەكان دروست كردووە و كورد و سوننەكانیشی خستە حاڵەتی سەرسوڕمان و چاوەڕوانیكردنەوە.
هەرچەندە دەستوری عێراق كورسی سەرۆك وەزیرانی سپاردووە بە”گەورەترین كوتلە”، بەڵام بەكردەیی دانانی سەرۆك وەزیران لە عێراق لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشوتر ئیبراهیم جەعفەرییەوە (2005) پرۆسەیەكی ناوخۆیی ماڵی شیعەیە، هەمیشە پاش رێككەوتنی ئەوان، كورد و سوننە بانگكراون بۆسەر سفرەكە و بەش و پشكیان دیاریكراوە بۆ جوانكردن و رازاندنەوەی كارەكە لە چوارچێوەی دیموكراسیەتی تەوافوقی كە لە عێراقدا كراوە بە پەردە بۆ سپیكردنەوەی بەش بەشێنە “المحاصصة”. ئەم هاوكێشە واقیعییە تەنانەت بردنەوەی لیستی ئەیاد عەلاوی لە (2010) نەیتوانی تێكیبدات و سەرۆكایەتیی وەزیران هەر بە پرۆسەیەكی شیعی مایەوە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی تشرینی (2019) پەتەكانی یاریكردن لەمشتی هێزە تەقلیدییەكانی شیعەدا شل بوون و سەرەنجام لە 17 ئازاردا گەییشتە راسپاردنی عەدنان زورفی كە لای “ڕاسترەوە شیعەكان” بەوە تۆمەتبارە ئەمەریكایی-مەشرەبە و لەگەڵ “بەرەی موقاوەمە”ی ئێرانیدا كێشەی زۆری هەیە.
هەرچەند زورفی بژاردەیەكی نوێ نییە و یەكێكە لەبژاردە بەردەستەكانی ناو سندوقی پرۆسەی سیاسی، پێشتر لە حیزبی دەعوە بووە، پسپۆرییەكەی شەرعزانییە لە كوفە، سێ جار پۆستی پارێزگاری نەجەفی وەرگرتووە لەدوای 2003، لە وەزارەتی ناوخۆ كاریكردووە، تۆمەتباری گەورەیە بەگەندەڵی لە سەردەمی كاركردنی لە نەجەف و چالاكە مەدەنییەكانی شارەكە لەدوای مالیكی بە دووەم گەندەڵترین كەسی عێراقی دادەنێن، بەڵام جیاواز لە سەركردە و كادرەكانی تری پێشووی دەعوە كە ژیانی تاراوگەیان لە سەیدە زەینەبی دیمەشق و ئۆردوگاكانی ئێران و زیارەتگاكانی قوم و مەشهەد بەسەربردووە، ئەم لە رەفحای سعودیە (1991 _ 1994) و لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا (1994_2003) ژیاوەو سەرباری رەگەزنامەی ئەمەریكیی، خێزان و منداڵەکانیشی هەر لە ویلایەتی مەشیگان دەژین و ئەمەش خاڵێكی زەفی جیاوازییە.
ئەو لایەنانەی پشتیوانی لە زورفی دەكەن بە پلەی یەكەم بریتین لە هاوپەیمانێتی نەسری سەرۆک وەزیرانی پێشو حەیدەر عەبادی، حیكمەی عمار حەكیم، سائیرونی موقتەدا سەدر و سەرۆك كۆماریش چانسی پێ بەخشیوە كە دیارە پێی رازیی. ئەوانەشی دژایەتی راسپاردنیان راگەیاندووە بەئاشكرا هەندێ لایەنی ناو هاوپەیمانێتی فەتح و باڵە ئێرانییە چەكدارییەكانی حەشدن لەچەشنی عەسایب، لەگەڵ نوری مالیكی هێشتا لە هاوكێشەی شیعیدا ژمارەیەكی قورسە. ئەم پەرتەوازەییەش لەسەر زورفی گەورەیی قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی شیعەكان دەردەخات كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی 2018وە بەردەوامە و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەشدا قووڵتربوویەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی سەدرییەكان سواری شەپۆلەكەی بوون و عەبادی چووە پاڵی و هێزەكانی حەشد وەك سەركوتكار و نەیاری دەركەوتن.
نزیكترین نمونە بۆ تێگەشتن لە عەدنان زورفی رەنگە حەیدەر عەبادی بێت، هەردووكیان سەرەڕای باكگراوەندە مەزهەبی و حیزبییەكانیان لە باڵی “ئەفەندی”یەكانی شیعەن، هەردووكیان لە رۆژئاوا بوون، لە یەك هاوپەیمانێتیدا كاردەكەن، وا باوە كە میلیشیاوی نین، بەڵام زورفی، پێگەی حیزبی و لێوەشاوەیی رەنگە هێندەی عەبادی نەبێت كە لە ویلایەتی خۆیدا (2014_ 2018) ئێران و ئەمەریكا و ناوخۆی شیعە و سوننەكانیشی كردە پشتیوانی خۆی بۆ شەڕی داعش و لە سەختترین قەیرانی داراییدا حكومەتەكەی پەڕاندەوە و خۆی كرد بە خاوەنی سەركەوتن بەسەر داعش. ئێستا ئەگەرێكی زۆر هەیە كە عەبادی ببێتە هاوكاری زورفی بەو پێیەی لە یەك هاوپەیمانێتیین و وەكو دەرفەتێك سەیری بكات بۆ ئەوەی پێكەوە درێژە بە پرۆژەكانی نەسر بدەن كە خاوەن ئەزموونێكی بەردەستی تاقیكراوەی ویلایەتی عەبادییە.
راسپاردنی زورفی ناكۆكە لەگەڵ میتۆدە تەقلیدی و كلاسیكییەكانی راسپاردنی سەرۆك وەزیران، بەوپێیەی بەڕوونی خاوەنی كوتلەی گەورەترین نییە لە پەرلەمان، بەڵام لە سەردەمی كۆرۆنا و مەترسییە ئابووری و دارایییەكانی سەر عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە و پاش شكستهێنانی عەلاوی و كۆتاییهاتنی تەمەنە یاسایییە درێژكراوەكانی حكومەتی كاربەڕێكەری عەبدولمەهدی (2 ئازاری 2020)، مەحاڵ نییە لایەنەكان ناچاربن متمانەی پێ ببەخشن بەتایبەت ئەگەر كەڵك لە ئەزموونی محەمەد عەلاوی وەرگرێت لە دانوستان و كۆكردنەوەی زۆرترین كۆدەنگی لەناو لیستە پەرلەمانییەكان بەر لە پێشكەشكردنی كابینەكەی لە ماوەی 30 رۆژدا.
عەدنان زورفی سەر بە نەوەی دووەمی سیاسییەكانی شیعەیە كە خاوەن كاریزماتیكی مەزهەب و بنەماڵە و میلیشیای چەكدار نین، راسپاردنیشی ناكاتە مسۆگەربوونی سەركەوتنی، بەڵام پرۆسەكە لە خودی خۆیدا هەڵگری ریسك و گۆڕانكارییە چونكە بەر لە ئەمەش لە عێراقی دوای 2003 بۆ یەكەمجار سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، كاندیدێكی راسپێردراویش محەمەد تۆفیق عەلاوی ئەركی خۆی پێ تەواو نەكرا و پۆزشی هێنایەوە، بەردەوامبوونی ئەم هەنگاوە نوێیانەش وەك جاران نامۆ نەماونەتەوە.
سەبارەت بەكورد هێشتا ئاسۆی پەیوەندی زورفی و لایەنە كوردییەكان پرسیار و نیشانەی زۆری لەسەرە، بەتایبەت ئەگەر زورفی بچێتەوە سەر میتۆدی سەردەمی عەبادی كە پڕە لە گرێی ریفراندۆم و مەسەلەی بەشە بودجە و سنورداركردنی دەستەڵاتی سیاسی هەرێم و گێڕانەوەی بۆ چوارچێوەی فیدرالیزم كە بەپێی شیكاری بەغداد هەرێم سەر بە ناوەندە و وەك ئێستا نیمچە-سەربەخۆ نییە بەتایبەت لە كەرتی وزە، بەڵام بەو پێیەی زورفی لەسەر ئەمەریکییەكان ماڵە، گرەو لەسەر ئەوەیە ئەوان نێوانگر بن و وەك سەردەمی عەبادی رایەڵەی هاوبەش بدۆزنەوە، ئەمە ئەگەر جارێكیتر هەولێر لەگەڵ ناڕازییەكانی شیعە بەرەیەكی دژ بە زورفی دروستنەكات و رێگاكانی گەییشتن بە لێكتێگەییشتن دانەخرێن. لە لایەكی ترەوە ئاماژەكان دەریدەخەن پەیوەندی زورفی و سەرۆك كۆمار زۆر باش بن، بەڵام لە ئەزموونی عەلاوییەوە دەركەوت كلیلی هەڵوێستی كوردی لە هەولێر دانراوە، بەڵام ئەوە هەیە كە ئەگەر لایەنە كوردییەكان بڕیاریان دا پۆزەتیڤانە مامەڵە لەگەڵ زورفی بكەن ئەوە ئەمەریكییەكان و سەرۆكایەتیی كۆماریش دەتوانن رۆڵ لەو نێوانەدا ببینن.
لایەنێكی شاراوەی كاندیدكردنی زورفی پاڵپشتی سەدرییەكانن كە لەدوای كوژرانی ئەبو مەهدی و قاسمی سولێمانییەوە پانتایییەكی گەورەی بۆشایی شەقامی شیعەیان پڕ كردۆتەوە. ئەوان جگە لە لیستی پەرلەمانی و میلیشیای چەكداری، خاوەن جەماورێكی بەربڵاوی شیعەن و باوەڕ وەهایە پاڵپشتی تەواو لە زورفی بكەن، ئەگەر باڵە سەربازییەكانی شیعە سوور بن لەسەر دژایەتیكردنی زورفی و رەتكردنەوەی، ئەوە جارێكیتر سەدر و بلۆكە شیعە ركابەرەكەی كە بەشێكیان لەبن عەبای هیڵی سەدرییەوە دەرچوون (عەسایب و نوجەبا) بەرامبەر یەكتر خۆیان دەبیننەوە و دەچنە ناو قەیرانێكی نوێوە، ئەمە لەكاتێكدا كە ئێران گرفتاری پەتای كۆرۆنا و ئازاری ئابووری و لەدەستدانی قاسم سولەیمانییە كە ئاوازی بۆ ناكۆكییە شیعییەكانی عێراق دادەنا و نەیدەهێشت هیچ كات دەنگی نەشازی گەورە دەر بكات.

بەشکردن:
یاسین تەها