لێکەوتە ئابورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا: خۆتان بۆ قەیرانێکی دیکەی دارایی ئامادەبکەن

بەشکردن:

سورێن جەمال محەمەد

“چومە جەهەنەم و هاتمەوە،” ئاماژەیە بۆ ناخۆشترین ئازار و باردۆخێک کاتێک مرۆڤ یان وڵاتێک بە دۆخی گراندا  تێپەڕدەبن.  بۆنمونە، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، ئەوروپا بە دۆخێکی قورسدا تێپەڕی، زیاتر لە ٢٠ ملێون مرۆڤ کوژران. چەندان ملیۆنی دیکەش بریندار و ئاوارە بوون. هەروەها،  دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی  وڵاتانی بەرکەوتوی ئەو دوو جەنگە بە ڕادەیەکی زۆر لە وێرانەیەکی تەواو دەچوو. دیارە کاریگەریی و لێکەوتە ئابورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواو گەورە و کاریگەرن و ئابوریی جیهان  بە شێوەیەکی گشتی لاواز و سسست  دەکات. قەیرانی ئابوری و دارایی لە زۆر وڵاتدا دروستدەکات . بەدڵنیاییش کاریگەریی و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئابورییەکەی بە تایبەتی، زۆر زیاتر و کاریگەرترن، بە ڕادەیەک کە هەرێم دەباتە جەهەنەم و دیاریش نییە هەرێم چۆن دەتوانێت جارێکی تر لەو جەهەنەمە دەربازی ببێتەوە. 

دیارە هەمووی چەند مانگێکە دۆخی ئابوری هەرێـم  بازێکی داوە، و پاشەکەوتی موچە نەماوە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەتەواوی موچەی هەر ١٢ مانگی ساڵی ٢٠١٩ بدات. ئیشکردن لە هەندێک پرۆژەدا دەستیپێکردۆتەوە. بەڵام، دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری و لێکەوتە ئابوری و تەندروستییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، و دروستکردنی لەمپەر و کێشە  بۆ ناردنی پارەکەی بەغداد، مانگانە وەک لە مانگی پێشودا بینیمان، کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ، ئەوەندەی تر دۆخی ئەم “ئابورییە داڕزیوە”ی  هەرێمی کوردستان، داڕزاوترو  خراپتر دەکات. 

وەزیری دارایی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ئابوریی جیهان و ئەم “ئابورییە داڕزیوە “ی ئێمەش بەدەر نییە لەو کاریگەرییانە. 

بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەتایبەتی لە وڵاتانی  چین، ئێران، ئیتالیا و وڵاتە پیشەسازییەکانی  دیکەی ئەوروپادا، کار و چالاکییە کانی کۆمپانیا گەورە پیشەسازییەکانی  سنوردار و سست کردووە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر نەوت لە بازارەکانی جیهاندا بۆ بەکارهێنان زیاد بێت و کڕیارەکانی نرخی جارانی پێ نەدەن، یا نەیکڕن. هەروەها لە دوای ئەوەی  ڕوسیا و سعودیە نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت، و سعودیە بڕی هەنارەدەی بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکاتەوە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی پێشتری ئۆپێک+روسیا،  ڕاستەوخۆ  نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هاڕەی کرد، تەنها لە یەک شەودا % ٣٠ بەهاکەی لەدەستدا.

وەک دەزانین  ئابوریی هەرێمی کوردستان ئابورییەکی نەوتییە، واتە لەسەدا %٩٠ بودجە و داهاتەکەی لە نەوتەو دەستدەکەوێت، ئەمە بۆ عێراقیش راستە کە ئابوریی هەرێم راستەوخۆش پەیوەستە بە باشیی دۆخی ئابوریی عێراقەوە. هەر دۆلارێک لە  دابەزینی نرخی نەوت، هەنگاوێک هەرێم لە قەیرانی دارایی نزیکتر دەکاتەوە و ئەگەری پاشەکەوتی موچە زیاتر زیندوو دەکاتەوە. هەروەک چۆن، لە ساڵی ٢٠١٦ کاتێک نرخی نەوت بۆ نزیکەی ٢٠ دۆلار دابەزیی، راستەوخۆ حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی موچەی سەپاند بەسەر فەرمانبەرانیدا. 

دیارە هەرێمی کوردستان سێ سەرچاوە سەرەکی داهاتی هەیە بۆ دابینکردنی موچە، ئەوانش ئەو نەوتەی هەناردەی دەکات ، بڕی ٤٥٢ ملیار دینار کە مانگانە بەغدا بۆی دەنێرێت و ئەو بڕەی کە لە داهاتی ناوخۆ دەستیدەکەوێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەی چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری دەکاتە سەر ئەم سێ سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان؟  

یەکەم : هەناردەی نەوت: لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا نرخی نەوت زیاتر لە سەدا ٣٠ نرخەکەی خۆی لەدەستداوە. ئێستا بەرمیلێک نەوتی برێنت لە دەوربەری ٢٩ دۆلار دایە. پێشبینش دەکرێت زیاتر لەم نرخەی داببەزێت.  لە ئێستادا، حکومەتی هەرێم  رۆژانە چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت هەنارە دەکات. لە پێشودا، کاتێک نرخی نەوت شەست بۆ حەفتا دۆلار بو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە باشترین دۆخدا نزیکەی ٣٠٠ ملێون دۆلار بۆ وەزارەتی  دارایی دەنارد بۆ دابەشکردنی موچە. باقیەکەی تری بۆ  قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و دانەوەی  قەرزەکانی پێشو کە حکومەتی  هەرێم کردونی. هەرەوەها بڕێکی دیاریکراویشی بۆ خستنەوەکاری هەندێک لە پڕۆژەکان تەرخان کرابو. بەڵام، لە ئێستادا، کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمترە لە ٣٠ دۆلار، و نەوتی هەرێم بە هەشت دۆلار کەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت، واتە لە دەوروبەری ٢٠ دۆلاردا. لەو ٢٠ دۆلارەش، رەنگە زیاتر لە ١٠ دۆلاری بۆ قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەنارەدەکردنی بڕوات. بۆیە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی دەکاتە  هەشت بۆ دە دۆلار. دیارە لەم حاڵەتەشدا، ئەو ٣٠٠ ملێون دۆلار دادەبەزێت بۆ نیوە، ئەمەش حکومەت توشی گرفتی گەورە دەکات لەوەی نەتوانێت موچە لە کاتی خۆیدا جێبەجێبکات.

دووەم: پارەکەی بەغداد: لە دوو مانگی رابردوو، ناردنی بڕی ٤٥٢ ملیار دینارەکەی بەغداد، کێشە و لەمپەری زۆری  بۆ دروستکراوە. لە هەردوو مانگی پێشودا، سەرباری دواکەوتنی زیاتر لە ١٠ رۆژ، بە هاتنە سەرخەتی خودی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارەکە نێردراوە. لەگەل ئەوەشدا، ئێستا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتە ئابورییەکانی ڤاریرۆسی کۆرۆناوە، داهاتی عێراق بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە، ئەمەش فشارێکی گەورە لەسەر حکومەتی عێراق دروستدەکات، کە رەنگە بۆ ئەمساڵ تەنها بتوانیت موچە دابینبکات. ئەگەر ئەم حکومەتی کاربەرێکەڕەش کیشە بۆ ناردنی دروستنەکات لەم مانگەدا، ئەوا بەدڵنیایییەوە، دیارکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ، کە عەدنان زورفییە، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابوری و سیاسی ئێستای عێراق،  لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رەنگە چی دیکە نەتوانێت ئەو بڕەیە بۆ هەرێم بنێرێت بەبێ رێککەوتنێکی بەهێز و متمانەپێبو لەلایەن هەردولاوە. لە ئەگەری رێککەوتنێکی نوێ، ئەو دۆخی ئێستای ئێراق ڕەچاو دەکرێت، لە باشتریندا ئەگەردا، ئەوا پشکی هەرێم لەم بڕەی ئێستا کەمتر دەبێت. هەربۆیە، زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەتایبەتییش سەرۆک وەزیرانی راسپێدراوی نوێ، بگەنە رێککەوتنێکی نوێ و پێکەوە کاربکەن بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانێکی قوڵی دارای کە لە چەند مانگی داهاتودا روبەڕوی حکومەتی هەرێم و عێراق دەبێتەوە.

سێیەم: داهاتی ناوخۆ؛ سست بوون و ڕاگرتنی جموجۆڵە بازرگانییەکانی دەرەوازە سنورییەکان، هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ نیوە زیاتر دادەبەزێنێت. سەرباری ئەوەی بە هەزاران وڵاتی و کاسبکار بێکارن و زۆربەی کۆمپانیەکانی کەرتی تایبەت کارەکانیان راگرتوە، داهاتی ناوخۆ ناتوانریت وەک پێشو کۆبکرێتەوە. ئەگەر پێش دابەزینی نرخی نەوت و ئەو بڕیارانە کە حکومەتی هەرێم دەریکردوون بۆ رێگەگرتن لە بڵابونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داهاتی ناوخۆ  ٣٠٠ ملیار دنیار بووبێت مانگانە، ئەوا دڵنیایییەوە، ئەو هۆکارانەی سەرەوە ئەم بڕە دادەبەزێت بۆ نزیکەی ١٠٠ ملیار دنیار.  

هەموو ئەمان پێمان دەلێن کە هەرێمی کوردستان پێدەنێتە نێو قەیرانێکی قوڵی دارایییەوە، دیسان پرسی پاشەکەوت و دواکەوتنی موچە زیندوتر و بە‌هێزتر دەبێت. قەیرانی دارایی ئەمجارەی حکومەت جیاواز دەبیت لە قەیرانەکەی ٢٠١٤، و لە هەندێک ڕووەوە قورستر دەبیت بۆ وڵاتییانی هەرێمی کوردستان چونکە ئەگەر بە هۆی شەڕی داعشەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پشتیوانیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردبێت، ئەوا ئێستا ئەو شەڕە کۆتاییپێهاتوە. هەروەها، وڵاتانی جیهان خۆیان توشی کێشەیەکی دارایی بونەتەوە و ئەگەری هەیە کێشەکەیان ببێتە قەیران کە ئەوەش وا دەکات پشتیوانییکردنی هەرێمی کوردستان و بەغداد مەحاڵ بێت.

بەشکردن: