کۆرۆنا تێرمێکی نوێی بایۆتیرۆریزم یا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسی؟

نیگار نادر

بایۆتیرۆریزم (Bioterrorism) بریتییە لە ئەنجامدانی هێرشی بایۆلۆژی، لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆس، یا پەتای کوشندە، یا ژەهر و بەکتریایەکان، بە مەبەستی نەخۆشکردن و کوشتن، لەلایەن دەوڵەتێک یان تیرۆریستان و دوژمن و نەیارانی هەر دەوڵەتێکەوە، بەرامبەر دەوڵەتیکی تر. هێرشەکان ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆسەکان، یان لەڕیگەی مرۆڤەوە و، مرۆڤ دەبێتە هەڵگریان و گوێزەرەوەیان، یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ئاوی خواردنەوە، هەوا، خواردەمەنی، کەلوپەل و دەرمانەوە بڵاودەکرێنەوە .

بایۆتیرۆریزم، بە جۆرو شێوازی جیاواز، هەروەها بە پلان و تاکتیکی جیاواز، ئاراستە و هێرشی پێ ئەنجامدەدرێت، هەر لەبەرئەوەشە، زیاتر بە ڤایرۆسی سیاسی دەناسرێت، بە مەبەستی زەبر وەشاندن لە سیستەمی ئابووری و سەرچاوەی مرۆیی و گۆڕینی باڵانسی هێز و هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها دەوڵەتان، ساڵانە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی بایۆبەرگری (biodefense)، بودجەی زۆر گەورە تەرخاندەکەن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینەکان، لەبەر سەختی هۆکاری دەستنیشانکردنیان و پێشگیری و بەرەنگاربوونەوەیان ، هەر لەبەئەوەشە، کە هێرشی ڤایرۆسی بە یەکێک لە سەرەکیترین هەڕەشە و مەترسییەکان دەژمێردرێت کە ئامانجی تێکدان و زەبروەشاندنە لە ئاسایشی نەتەوەیی هەر وڵاتێک لە جیهاندا.

 هێرشی بایۆتیرۆریزمی (ڤایرۆسی)، بە بەراورد لەگەڵ هێرشی تیرۆرستی چەکداری ، مینڕێژی و تەقینەوەی بۆمب، بە یەکێک لە خەتەرترین هەڕەشەكان دادەنرێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی تەندروستیان ، هەر بۆیە زۆربەی بیرمەندان و سکۆلارەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پێیانوایە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەگەری ڕوودانی ئەو هێرشە ڤایرۆسیە ، دە هێندە زیاترە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشە تیرۆریستیەکان، و قوربانی زۆر زیاتریشی لێدەکەوێتەوە، هەڕەشەیەکی مەترسیدارو شاردراوەشە بۆ سەر ئاسایشی مرۆفایەتی.

لەو سەردەمەدا، دەوڵەتان شانبەشانی کڕین و دروستکردنی چەک و بنیادنانی هێزی بەرگرییان، بەردەوامن لە توێژینەوە و دروستکردنی تاقیگەی تایبەت بە ستانداری جیهانی بەمەبەستی بەرگریکردن لە هێرشی ڤایرۆسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بایۆتیرۆریزم و چەکی بایۆلۆژی. لەتاقیگە بایۆلۆژیەکاندا، جۆرەها ئامێری سەردەمی و تەکنۆلۆژی بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی هەر هەوڵێک کە گومانبکرێ ئەگەری هێرشی ڤایرۆسی و بەکتریاییە، و دەبێتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانیان، هەروەها ساڵانە ڕاپۆرتی پێشبینیکردنی ئەگەری گوماناویترین هێرشی چەکی بایۆلۆژی، دەخەنە بەر دەستی ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتریش لایەنی پەیوەندیدار، بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستییەوە. 

لە مێژووی ڤایرۆسەکاندا پاش تاعوون و کولێرا و گرانەتا و سیل، کە مەزەندە دەکرێت بە سەدان هەزارو ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتبێت، لەساڵانی شەستەکاندا، ئایدز دیارترین ڤایرۆسە، کە مرۆڤایەتی تووشی ترس و هەژان کردبێت، دواتریش لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەنفلۆنزای باڵندەو بەرازو سارس و ئێبۆلا، لە شاشەی میدیاکانی جیهانەوە راگەیەنران ، بەڵام دواتر زۆر بەخێرایی، بەبێ ئەوەی زیانی گەورە بدەن چارەسەریان بۆ دۆزرایەوە و نەبوونە جێگای زەندەقچونێکی جیهانی ، بەڵام ئەمجارەیان ئەوەی لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە، پەیامێکی جیاوازتر بە جیهان دەدات، هاوتای جیاوازی سەردەمەکە، کە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیایە .

کۆرۆنای سەردەمی کۆڵoنیالیزمی تەکنۆلۆژیا, چرکە بە چرکە، لە جۆرەها سەرچاوەی میدیایی و سوشیال مێدیایییەوە، چەندین زانیاری دروستکراو و ئاراستەکراو و تەموومژاوی بڵاودەکەنەوە، کە سەدانبار خێرایییەکەی زیاتر و تیژترە لە خێرایی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، و جیهانی بەگشتی تووشی تۆقاندنێکی سەرسوڕهێنەر کردووە. ئەوەی ئەو ڤایرۆسە لەوانی تر جودای دەکاتەوە، ئەوەیە کە کۆی ئاسایشی دەروونی مرۆڤەکان، ئەو جیهانەی پێکەوە شێواندووە، پەیامێکی ترسناکی بۆ ژیانی داهاتوومان هەڵگرتووە، کە جارێ دروست ناتوانرێ دەستنیشانبکرێت ، چونکە وەک چۆن سروشتی ڤایرۆسەکە نادیارە و شێوەی خۆی دەگۆڕێ، بە هەمان شێوەش تا ئێستا پەیام و دەرهاویشتەکانی لە گۆڕان دایە. 

کۆرۆنا چ زەنگێکە؟

کۆڕۆنا زەنگێكی ئاگادارکردنەوەیە بۆئەوەی بزانین لێرە بەدواوە ئەو جیهانە چەندە مەترسیدارە، بۆئەوەی تێبگەین هەموو سیستەمی ئاسایشی جیهانیی، سیستەمی تەندروستیی جیهان ،سیستەمی بەرگریی دەوڵەتان، هەموو داهێنانە زانستییەکان، هەموو چارەسەرە پزیشکییەکان، دەرەقەتی ڤایرۆسێک نایەن کە بەچاو نابێنرێ. هەموو ئەو دژە ڤایرۆس و تاقیگەی پشکنین و چاودێرییانە ، سیستەمی پشکنینی سەر سنوورەکان، سیستەمی ناسا لە ئاسمان، ناتوانن بەرگری لەو ئیزرائیلە گچکەیە بکەن، کە سنورەکان ناناسێ، و هاوشێوەی تۆڕی ئینتەرنێت بە جیهاندا ڕەگدادەكوتێت و مرۆڤەكان پیکەوە گرێدەدات.

بەدرێژایی مێژووی هاتنی پەتا و ڤایرۆسەکان، گومان لەسەر پەیدابوون و دروستكردن و سروشتیبوونەکەیان هەبووە، هەندێکیان کە بە دروستکراو ناودەبرێن، بە مەبەستی قڕکردنی مرۆڤایەتی، وەک قڕکردنی نەژادی و دینی و سیاسی و ئابووری، لەنێوان دەستەڵاتدارە پانخوازەکانی ئەو جیهانەدا، سەریانهەڵداوە. بۆ نموونە ئایدز کە لە ئەفریقا سەریهەڵداوە، تا ئێستاش لەیبڵێکە بۆ مرۆڤە ڕەشپێستەکان، بەڵام تا ئێستا کۆڕۆنا زۆر ناڕوونە، ڕاستە لە چین سەریهەڵداوە، بەڵام سنووربەزاندنە تیژەکەی زۆر گوماناویترە.

لە ئێستادا دوای پیشەسازیی چەک دروستکردن و، پیشەسازی دەرمان دروستکردن، لە ترۆپکی پیشەسازییە قازانجبەخشەکانی جیهان دەژمیردرێن، لەبەرئەوە دوور نییە، چارەسەری کۆرۆناش بکەوێتە ناو ئەو بازنە سەرمایەدارییەی کە ئامانجی بێت قازانجێکی گەورەی لە داهاتوودا پێ گەرەنتی بکات، یان زەنگێک بێت بۆ پێکەوەبەستنی، تەندروستیی مرۆڤەکانی هەموو جیهان و دەستەمۆکردنیان، بە هەڕەشەیەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا لە داهاتوودا بە فۆرمێكی جیاوازتر.

هێرشی ئەو ڤایرۆسە )کۆرۆنا)، ئەوەندە کتوپڕە تائێستا هیچ لە زانا و فەیلەسوف و بیرمەند و سکۆلارەکانی جیهان، نەیانتوانیوە دیدی خۆیان بەزانستی و بەوردی لەسەر بوەشێنن، تەنها هەندێک مەزەندە هەن كە ئایا سەرهەڵدانی شەڕێکی بایۆلۆژیی نوێیە؟ یان ئەوەتا تاکتیکێکە بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ئیمپراتۆریەتی پیشەسازی و ئابووری ئەو جیهانە؟ یان تێکڕوخاندنی سیستەمی جیهانی و شکاندنی باڵانسی هێزە؟

 لە ئێستادا هەموو ئاماژەکانی کۆرۆنا پێمان دەڵێن، کە جیهان بەگشتی خراوەتە کەرەنتینەیەکەوە و لەنێوان دووڕیانێکدا قەتیس ماوە، ئەویش: بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان و توقاندێکی گشتگیری جیهانی و کوشتنی بەكۆمەڵی هەزارەها مرۆڤە، یان دۆزینەوەی دەرمانێكی چارەسەری دژە ڤایرۆسەكەیە و، بە مەبەستی قازانجێکی بازرگانی و ناساندنیەتی وەکو فریادڕەسێکی گشتگیر بۆ ئەو جیهانە و هاوشێوەی جەنگی دژە-تیرۆر پاش ١١ی سێپتەمبەر و سەرهەڵدانی داعش بە بیانووی پاراستنی سیستەمی ئاسایشی جیهان.

لە دووماهیدا بە دیدی من، لەو سەردەمە سەرمایەدارییەی نیولێبرالیزمدا بەتایبەت نیولێبرالیزمی ئابووری، کۆرۆنا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسیی نوێیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیا سەریهەڵداوە، لە سەرەتای یەکەمی ئەو سەدەیەوە، بە ئامانجی تۆقاندن و هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی تەندروستیمان. هەروەها چۆنیەتی خۆپاراستن و سەلامەت مانەوەمان، لەلایەن سیستەمێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت كە لە داهاتووشدا جیهان دەکاتە کۆلۆنییەکی تەندروستی هێدمەگرتوو ، جەنگێکی بایۆلۆژی نوێ دەبێت، هاوشێوەی جەنگی دژە-تیرۆر لە جیهانێکی بێ سیستەمدا، کە کولتوورە ڕەسەنەکان دەهاڕێت، و لە داهاتووشدا ئاسایشی مرۆڤایەتی بەو جۆرە هەڕەشانە دەشڵەژێنێت، و دەیانخاتە ژێر کۆنترۆڵ و رکێفی خۆیەوە.

 

ژێدەرەکان:

1_https://www.historyofvaccines.org/content/articles/biological-weapons-bioterrorism-and-vaccines

2_ https://www.thelancet.com/journals/laninf/article/PIIS1473-3099(18)30298-6/fulltext

3_ https://www.dhs.gov/biowatch-program

4_https://sphcm.med.unsw.edu.au/news/could-mers-coronavirus-be-bioterrorism-new-study-shows-why-could-be-one-explanations-paradoxes

5_https://www.teleforwarding.com/blog/technology-colonialism-a-summary/

 

بەشکردن: