چەمکی ئازادی لە دنیابینیی کەجەکەدا

بەشکردن:

سیڤان سەعید

دەڵێن گالالیۆ گوتویەتی هیچ کەسێک نییە کە بتوانێ شتێک فێری کەسێکی دیکە بکات، بەڵکو تەنها هاوکارییکەسەکە دەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەوەی کە لە هەناوی دایە. لە ماهییەتدا، ئازادیش بەهایەکە کە هیچ کەسێک ناتوانێ بەتەواوی خاوەنداریی لێبکات. کەس ناتوانێ بیبەخشێتە کەسێک یان گروپێک. بەڵکە تەنیا هاوکاریی کەسەکان دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەو میقدارە سنووردارە ئازادییەی کە لە هەناویان دایە. کەجەکە لەو راستییە باش تێگەیشتووە کە تەواوی هێزی دنیا بخەیتە کار بۆ ئازادکردنی کۆیلەیەک، ئەگەر نەتوانیت لەو پنتەی ناو هەناویەوە دەستپێبکەی بۆ ئازادبوون، رەنجەکەت بەخەسار دەچێ. بۆیە لە فەرهەنگی کەجەکەدا چەمکی ئازادی مانایەکی جودای هەیە لەوەی کە زۆربەمان تێیگەیشتووین. کاتێک ئەحمەدی موفتیزادە لە زیندان دەردەکەوێت؛ هاوڕێکانی دەڵێن ئازاد بووە. کاک ئەحمەد بە زمانە شیرینەکەی خۆی پێیان دەڵێ؛ مەیەژن ئازادبوگە، بێژن مەرەخسبوگە لە زیندان. موفتیزادە دەڵێ؛ (تەواو قودرەت عاڵەم بکەفێتە کار بۆ زیندانکردنی کەسێکی ئازاد، ناتوانن زەڕڕەیەک لە ئیرادەی ئازادی کەمۆکەن). ئەم جۆرە لە ئازادیی شتێکی ناوەکییە. لە هەناوی مرۆڤەکان دایە. پەیوەندی بە شوێن و جەستەوە نییە. زۆر جاران ئۆجالان لە زیندانەوە بە هاوڕێ و خەباتکارانی بزاوتی ڕزگارییخوازیی کوردستان دەڵێ (بڕۆن خۆتان ئازاد بکەن، خەمی منتان نەبێ). بەم پێوەرەی ئازادی کە لە هزری خەباتکارانی کەجەکەدا هەیە، ئەو دەیان هەزار خەباتکارەی کە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران و وڵاتەکانی دیکەیشدا هەن، تەنها بە لاشە دەستگیرکراون، ئەگینا بە رۆح و ئیرادە ئازادن. لە هەمان کاتیشدا ئەو ملیۆنان کوردەی کە لە ئەنجامی (ترس یان تەماح) تەسلیمی ویست و ئیرادەی داگیرکەران بوون و وابەستە بە جۆرێک لە ژیانی کۆیلەیەتی مۆدێرن بوون؛ ئەگەر چی بە رواڵەت ئازاد بن و بتوانن بە تەیارە گەشتی وڵاتانیش بکەن، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەوانە ئازاد نین.

لە فەلسەفەی کەجەکەدا، ئەگەر کەسێک بیەوێ بگاتە پلەی ئازادبوون، دەبێ بتوانێ بەسەر سێ جۆر لە ترسدا زاڵ ببێ. یاخود دەکرێ بڵێین دەبێ لە ململانێی ژیاندا سێ دۆخی سروشتیی و زۆر بەهێز لە ژیانی خۆیدا ببەزێنێ. یەکەم دەبێ ئەوکەسە ترسی نان پەیداکردن لە خۆیدا ببەزێنی. پێویستە خەمی نان و خواردن و ئیسراحەتی مادیی و ژیانی ئاسایی نەمێنێت. ئەمە مانای ئەوە نییە کە نەژی و نان نەخوات. مانای تەمبەڵیی و وازهێنان لە کار و پەیداکردنی مەعیشەتیش نییەبەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەک ترسی لە نان و ئیسراحەت هەبێ. نابێت لە پێناویاندا هیچ تەنازولێک بکات. دووەم دەبێ غەریزەی زایەندی بەتەواوی لە خۆیدا کۆنترۆڵ و هاوسەنگ بکات. ئەمەش مانای رەبەنی و دەست لە زایەند (سێکس)بەردانی تەواو نییە؛ بەڵکو مانای ئەوەیە کە بەهۆی زایەندوە بە هیچ شێوەیەک هیچ تەنازولێک لە خەبات و هەوڵدان بۆ ژیانی ئازاد نەکات. مانای ئەوەیە نەبێتە کۆیلەی ئەو جۆرە لە ژیان کە بازاڕی سەرمایەداری رەواجی پێداوە و بە ناوی ئازادییەوە نیشانی خەڵک دراوە. ئەگەر چی هەزاران کوڕ و کچی گەریلا هەر بەکردوەو و بەراستیی مەسەلەی زایەندییان وەلاناوە، بەڵام ئەوە رەوشێکی تایبەتە و تەنها ئەو کەسانەن کە خۆیان وەقفی ئەو بزاوتە ئازادییخوازە کردووە. کۆی گشتیی خەڵک و زۆرینەی خەباتکارانی ناو سیستەمی کەجەکە پەیڕەوی لە ژیانی ئاسایی و هاوسەرداریی و هاوژینی دەکەن. بەڵام ئەو کەسانەی کە دەتوانن بگەنە پلەی ئازادبوون، ئیدی زایەند و سێکس لەلایان بە هیچ جۆرێک نابێتە رێگر لە بەردەوامییان لەسەر رێگەی ئازادی. سێیەم و لە هەموویان گرنگتر، ترس لە مردن. کەسانێک کە دەخوازن ئازاد بن، دەبێ مردنیان تاقیکردبێتەوە و سیحر و ترسی مردنیان بەتاڵکردبێتەوە. هەرکەس لە مردن بترسێت ناتوانێت رێبواری ڕێگەی حەقیقەت و ئازادی بێت. ئەم بۆچوونە زۆر دژە لەگەڵ تێگەیشتنە ئایینییەکەدا کە بە حساب مردن دەبێتە مایەی تەسلیمبوونی مرۆڤ بە حەقیقەت. تەنانەت هەندێ شرۆڤەی ئایینی وشەی یەقین بەرامبەر وشەی مردن دادەنێن. لە راستیداترس لە مردن مرۆڤ وێڵ و گومرا دەکات. دەیکاتە کۆیلە. کەسێک لە مردن نەترسێ دەتوانێ بەرەو ئازادبوون بروات.

لە قۆناغێکی دیکەدا، کەسانێک کە ئازادبوون یان لەسەر رێگەی ئازادیی بەردەوامبوون؛ ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بتوانن ئەو ماتەوزەیەی ئازادیی کە لە هەناوی خەڵکدا هەیە، هۆشیاری بکەنەوە و وەک خۆیان خەڵکی سەر رێگا بخەن بۆ ئازادبوونئەو جۆرە لە ئازادیی کە لە هزری کەجەکەدا هەیە، بە رواڵەت و بە پێوەری باو ئازادیی نییە. چونکە پڕە لە بەرپرسیاریی و هەوڵدان، پڕە لە شەونخونیی و وردەکاریی. بۆیە پێناسەیەکی ئازادیی لەو هزری کەجەکەدا یەکسانە بە بەرپرسیارێتی. کەسانی بەرپرسیار ئازادن. ئەم جۆرە لە ئازادیی راستەوراست دژی فەوزا و بێ سیستەمیی بێ پێوەرییەلە راستیدا کەسێک ئەگەر خەمی نان و سێکس و مردنی نەبێ، ئیدی هیچی دیکە نامێنێ شەڕی بۆ بکات جگە لە بەهایەکی مرۆیی مەزن کە ئازادییە. جارێکی دیکەیش دەخوازم ئەوە بڵێم کە لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ، کەجەکە تەنیا یەک ئامانجی هەبووە کە بریتیە لە تەواوی وجود و کەینونەی ئەو بزاوتە؛ ئەویش ئازادییە. کەجەکە بروای وایە، کاتێ مرۆڤ ئازادبوو، ئیدی دەتوانێ جارەنوسی خۆی دیاری بکات. دەتوانێ شێوازی ژیانی خۆی هەڵبژێرێ. ئەوی کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا دەیبینین شێوازێکە لە ژیان کە بۆمان دیارییکراوە؛ بەسەرماندا سەپێنراوە، لەلامان شیرینکراوە، ناچارکراوین بەدوایدا رابکەین. کەچی زۆرجار ئەو جۆرە لە ژیانی ناچاریی و زەلیلیی و پڕ لە درۆیەمان بە ناوی ئازادییەوە پێ دەفرۆشنەوە.

کەجەکە لەتەک چەمکی ئازادییدا و بۆ شکڵگرتن و پێگەیاندنی ئازادیی، چەمکی بەرخۆدان پێشدەخات. کەسێک بیەوێت ئازاد ببێ و لە مردن و نان و زایەند نەترسێ، ئیدی ژیانی یەکپارچە دەبێتە بەرخۆدان. دەستەواژەی (بەرخۆدان ژیانە) راست گوزارشتە لەو دۆخەی کە مرۆڤێکی ئازاد تێیدا دەژی. ئیدی ژیانی هەمووی بۆتە بەرخۆدان. لەم نێوەندەدا، ناوی ساکینە جانسز بەرجەستەی یەکانگیربوونی چەمکی ئازادیی و بەرخۆدان دەکات. لە زینداندا بەرخۆدانێکی وەها بەرجەستە دەکا، کە جەللادەکان دڵنیا دەکاتەوە کە ئەو کەسەی لە راستیدا ئازادە ساکینەیە نەک جەللادەکان. ئەوەیشی کە زیندان و کۆیلە و بێئیرادەیە جەللادەکانن نەک ساکینە.

لە مەیدانی پراکتیکدا، دیسان مەسەلەکە بەو رەهایییە نییە کە بتوانرێت کەسێک یان کۆمەڵێک خەڵک بەتەواوی خۆیان داببڕن لەو دنیایەی کە کۆیلەیی و زەلیلی بە نرخی ئازادیی بە خەڵک فرۆشتووە. بەڵام هیوا و ئومێدی ئازادبوون هەمیشە لە فەرهەنگی ئەو بزاوتەدا هەبووە. وەک چەندین جاری دیکەیش نوسراوە، تاکە ئامانجی نەگۆڕی کەجەکە لە یەکەم رۆژەوە تا ئەمڕۆ  تەنیا بریتی بووە لە ئازادی. ئەوەش بۆتە مایەی سەرڕێگاخستنی ئەو تەڤگەرەی کە بڕیاریداوە ئەو پنتەی ئازادی لە هەناوی خەڵکدا بدۆزێتەوە و ئاشنایان بکات بە ئازادیی.

بەشکردن:
سیڤان سەعید