حکومەتی هەرێم سیستەمی نوێی موچە جێبەجێدەکات

تایبەت بە کوردستان تایمز

هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌م قه‌یرانێكى دیكه‌ی قوڵی دارایی دایە به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و قه‌یرانى كۆڕۆناوە کە هەردوکیان کاریگەرییان لەسەر تەواوی دونیا دروستکردوە. ئەگەر نرخی نەوت لە سێ مانگی داهاتودا بەرزنەبێتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنترۆڵ نەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیفلاسبون نزیکدەبێتەوە.

هەرچەندە حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاندبو کە جارێکی تر دەستکاریی موچە ناکەنەوە و کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی موچە بە دەستکەوتێکی گەورەی سەرۆکی حکومەت مەسڕوڕ بارزانی دانرا، بەڵام له‌ مانگى داهاتودا دوباره‌ ده‌ستكارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كاتەوە بەڵام لەبری ناوهێنانی بە پاشەکەوتی موچە، میکانیزمێکی دیکەیان بڕیار لێ داوە کە لە پاشکەوتی موچە مەترسیدارترە.

له‌ كۆبونه‌وه‌ى دوێنێى ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنه‌یه‌ك بە سەرۆکایەتیی مەسڕوڕ بارزانیی و قوباد تاڵەبانی جێگری پێكهێنرا به‌ مه‌به‌ستى دووباره‌ دانانى سیسته‌مێكى نوێى موچه‌ و ده‌ستكاریكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران. به‌پێى به‌ دواداچوونه‌كانى كوردستان تایمز، به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێى دۆخى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستانى له‌دوای دابەزینی نرخى نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ى داهاتى ناوخۆ و قه‌یرانى بڵاوبوونه‌وى ڤایرۆسى كۆرۆنا شیکردۆتەوە. له‌و كۆبوونه‌وه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕیار له‌سه‌ر دۆخى دارایى و ئابوورى هه‌رێم دراوه‌. هەرچەندە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکارییەکانی رانەگەیاندوە، بەڵام لە خاڵێکدا دەڵێت “لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بڕیاردرا دارایی گشتیی هەرێم بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەكان رێكبخرێتەوە.” سەرەڕای ئەوەی لەو خاڵەدا حکومەتی هەرێم زۆر رون نییە، بەتایبەت دیار نییە کە چۆن دەکرێ خەرجییە گشتییەکان کەمکرێنەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، بەڵام دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە زۆر لە خەرجییە گشتییەکان کە لە خزمەتی هاووڵاتییانە، لە وێنەی ئیمتیازاتەکانی فەرمانبەران و بودجە بۆ خزمەتی گشتیی، کەمبکرێتەوە.

حکومەتی هەرێم زانیارییەکان لە خەڵک دەشێرێتەوە. به‌پێى زانیارییه‌كانى كوردستان تایمز، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێیدا، لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى به‌ سه‌رۆكایه‌تى خودى سه‌رۆكى حكومه‌ت دروستكردوه‌، له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌میدا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ جێبه‌جێكردنى یاسایى چاكسازى (چاكسازی له ‌خانه‌نشینی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) كه‌ له‌ 16ى كانونى دووه‌مى 2020 پا‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ندیكرد. هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى یاساى چاكسازى پیویست بوو له ‌ماوه‌ى پێنج مانگدا دواى ئه‌وه‌ى یاساكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى وه‌قائعى كوردستان بڵاوده‌كرێتەوە‌ بچێته‌ بوار جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌هۆى هاتنه‌پێشه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌، حكومه‌ت له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى بارگرانیى دارایى و زیاتركردنى داهاته‌كانى، قانونەکە له‌ ماوه‌ى مانگێك بۆ دوو مانگى دیكه‌ ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێكردن. كوردستان تایمز زانیویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ ده‌ستكاریكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌نا بۆ ماده‌ى 10ى یاسای چاكسازیى ده‌بات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران. به‌مه‌ش سه‌رجه‌م ده‌رماڵه‌كان كه‌ ده‌كاته‌ له‌ سه‌دا 54ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت، واتا زۆرینه‌ى زۆرى فه‌رمانبه‌ران ته‌نها موچه‌ى بنه‌ڕه‌تى و ده‌رماڵه‌ى بڕوانامه‌ و هاوسه‌رگیرى وه‌رده‌گرن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پلانیانداناوە لەبری ٣٠ رۆژ هەر ٣٥ رۆژ جارێک موچە بدەن. جارێکی تر دەستکاری موچە دەکرێتەوە، بەڵام ئەم جارە له‌ژێر ناوی پاشەکەوت نییە و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌ باشترین بژارده‌ داناوه‌ به‌ناچارى جێبه‌جێیده‌كات. هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى كوردستان تایمز، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ به‌هۆى نزمبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ به‌غدادیش ئەو به‌ته‌واوى 454 ملیار دیناره‌ى كه‌ مانگانه‌ ده‌ینارد رابگرێت، له‌ حاڵه‌تى ناردنیشى هێشتا حكومه‌تى هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و 890 میلیار دابینبكات كه‌ بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ مانگێكدا پێویسته‌.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانی کوردستان تایمز حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م مانگه‌دا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌كو مانگه‌كانى رابردوو دابه‌شده‌كات، به‌ڵام له‌ مانگى داهاتوو به‌پێى سیسته‌مى نوێ ده‌بێت ئه‌ویش به‌ خه‌رجكردنى ته‌نها موچه‌ى بنه‌ڕه‌تى و ده‌رماڵه‌ى بڕوانامه‌ و هاوسه‌رگیرى، ئه‌و دابه‌شكردنى موچه‌ش 35 رۆژ جارێك ده‌بێت.  له‌گه‌ڵ بڕینى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران حكومه‌ت هه‌رێمى كوردستان به‌ جێبه‌جێكردنى ماده‌ و بڕگه‌كانى یاسایى چاكسازى به‌شێك له‌ داهاتى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و میكانیزمێكیش بۆ پێدانى موچه‌ى خانه‌نشینى مه‌ده‌نى و شارستانى داده‌رێژێت. وا بڕیاریشە له‌ مانگى داهاتوه‌وه‌ موچه‌ى پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌كان وه‌زیر و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى به‌پێى ئه‌و سیسته‌مه‌ى له‌ یاسایى چاكسازیدا هاتووه‌ دابه‌شده‌كرێت و به‌شێك له‌ موچه‌كانیان ده‌بڕدرێت.

را و پێشنیازی کوردستان تایمز

راستییەکی تاڵ هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دۆخی دارایی هەردوکیان دەکەوێتە قۆناغێکی پڕ مەترسییەوە. ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی سێ مانگدا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکرێت و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی ئابوریی و بازرگانیی و پیشەسازیی بمێنێتەوە، ئەوا هیچ چاوەڕێناکرێت کە نرخی نەوت بەرزبێتەوە کە تاکە هیوا و رێگای باشبونی دارایی عێڕاق و هەرێمی کوردستانە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی ئەم جارە زۆر مەترسیدارتر دەبن لەسەر هەرێمی کوردستان چونکە؛ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی خۆی لە قەیرانی دارایی دایە و پێناچێ پشتیوانیی هەرێم و بەغداد بکەن، بەتایبەتتریش کە مەترسیی تیرۆر نەماوە، بەغداد خۆی لە قەیرانێکی قوڵی دارایی و سیاسیی دایە، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان توشی داتەپینێکی گەورە دەبن نەک هەر بە هۆی بێموچەیی خەڵکەوە، بەڵکو بە هۆی ئەوەی قەیرانی دارایی وڵاتانی دراوسێشی گرتۆتەوە و زۆربەی ئاوارەکانی گەڕاونەتەوە کە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیان لە کاتی قەیرانی دارایی لە سەردەمی شەڕی داعش راگرتبو. ئەوە جگە لەوەی بەناو چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر حوکمڕانیی هەرێم نەکردوە و گەندەڵیی و خراپ ئیدارەدان هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەکردوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە:

یەکەم: بەر لە هەرشتێک، حکومەتی هەرێم دەبێت بزانێت تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە بەتەنها زەحمەتە. تاکە رێگای گونجاو بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی داهاتوی دارایی، کارکردنە لەگەڵ بەغداد زۆر بەوردیی. ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێش بۆ کارکردنی پێکەوەیی بە راسپاردنی عەدنان زورفیی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێم، بەتایبەتتریش پارتیی دیموکراتیی کوردستان، دەبێت واز لە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هاوپەیمانێتیی فەتح و حەشدی شەعبیی بێنن کە هیچ چارەسەرییەکیان بۆ پڕۆسەی ساسیی عێراق پێ نییە و کێشەیەکیشن بۆ پشتیوانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ئەمریکا بەتایبەتیی بۆ عێراق. عەدنان زورفی ئێستا پێویستی بە هێزە کوردییەکانە. پێویستە حکومەتی هەرێم و هێزە کوردییەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەتەواوی پشتیوانیی زورفیی بکەن بە مەرجێک زورفییش شاییستە دارایییەکانی حکومەتی هەرێم بدات و کێشەکان لەگەڵیدا چارەسەر ببن. پێویستە هێزە کوردییەکان واز لە داوا حیزبییەکانیان بێنن لە بەرانبەر جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەنەوە، لەپێش هەمشیانەوە روبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە دارایییەی کە روبەڕوی هەردولا بۆتەوە و لە داهاتو چڕتر دەبێتەوە.

دوەم: زۆر بەشەفافیی پلانەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان پارڤە بکا/بەشداریی پێ بکات تا خەڵکی هەرێمی کوردستان هەم خۆیان بۆ قەیران ئامادەبکەن، هەروەها لەگەڵ سەندیکا و یەکێتییەکان ئەو پڕۆژە و بابەتانە گفتوگۆبکات تا لێکتێگەییشتنێک دروستببێت. پێویستە حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بەرانبەر ئەو راستییە تاڵانەی کە روبەڕوی هەرێمی کوردستان بونەتەوە، نەک هەوڵبدات لەڕێی تێلیکۆنفڕەنسەوە ترسی زیاتر بڵاوبکاتەوە.

سێیەم: هەر بڕیارێک کە حکومەت پەیوەست بە قانونی چاکسازییەوە بیدات، دەبێت لەگەڵ پارلەماندا گفتوگۆی بکات و هەمو بڕیارەکان دەبێت لەڕێی پارلەمانەوە پەسەندبکرێن. نابێت هیچ دەستکارییەکی قانونەکە بکرێت کە بە زەرەری فەرمانبەرانە. دەکرێت بڕیارەکان پەیوەست نەکرێن بەو قانونەوە، بەتایبەت لە پرسی دەرماڵەکانەوە.

چوارەم: ئەو باج و رسوماتانەی لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەکان لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستانیان زیادکردوە و سەپاندوە، پێویستە لاببرێن یان بە رێژەیەکی وا کەمبکرێنەوە کە لەگەڵ توانای دارایییان بگونجێت.

پێنجەم: پێویستە حکومەتی هەرێم باج لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکان زیاتر بکات، بەتایبەت لەسەر کۆمپانیا حیزبییەکانیان. ئەو پشتیوانییە دارایییەی کە دەدرێتە حیزبەکان و رێکخراو و میدیاکانیان، پێویستە بخرێتە خزمەتی خمزەتگوزارییە گشتییەکانەوە.

کوردستان تایمز دەیەوێت حکومەتی هەرێم ئاگاداربکاتەوە ئەگەر حکومەت پرسەکان لە خزمەتی هاووڵاتییان و فەرمانبەران چارەسەر نەکات و کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە ئاراستەی لێکتێگەییشتنی تەواوەتیی نەبات، ئەوا لە سێ مانگی داهاتودا روبەڕوی قەیرانێکی قوڵتری دارایی دەبێتەوە. لەو کاتدا، خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانن ناڕەزایەتییەکانیان بەرانبەر سیستەمی سیاسیی هەڵبگرن چونکە کۆی ئەو کێشە دارایییانەی روبەڕوی هەرێم بونەتەوە و دەبنەوە، بە هۆی خراپیی ئیدارەدان و گەندەڵییەوەن. شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دو هۆکار ناڕەزایەتییەکانیان کۆتایی پێ هێناون، یەکەم، شکستی ناڕەزایەتییەکانی رابردویان بە هۆی شکستی ئۆپۆزسیۆن و سەرکوتکاریی دەستەڵاتەوە، دوەم، کابینەی نوێ پەیمانی گەورەی بە خەڵک داون. لە سێ مانگی داهاتودا ئەو دو هۆکارە هیچ مانایەکیان نامێنێت.

 

بەشکردن: