کێشەکانی بەراوردکاری

ئاراس مەسیفی

بەراوردکاری یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ، کە بە مەبەستی هەلسەنگاندنی نێوانی دیاریدەکان، بژاردەکان، بابەتەکان هتد دەیکات. زانایانی نویرۆلۆژی و دەرونی گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەشی بریاریدانی مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی (instinctive)، واتە زگمانگى بە شێویەکی لا شعوری ئەم کارە ئەنجامدەدات بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە هەڵسەنگادن و بریاردان. مێشکی مرۆڤ ئەم کارە لە رێگەی تاوتوێکردنی هەمو زانیاری و ئەزمونە بەردەستەکانی ناو مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی لا شعوری بۆ هەڵسەنگاندن و بریاردان لەسەر دیاریدەکان، بژاردەکان، بابەتەکان هتد ئەنجام دەدەت. جا تا زانیاری و ئەزمونە بەردەستەکانی ناو مێشکمان زۆرتر و دەوڵەمەندتر بن، هەڵسەنگاندن و بریاردانمان لەسەر شتەکان هاوسەنگتر دەبێت. چەندەش زانیاریەکانمان کەمتر بن،هەڵسەنگاندەکانمان ناهاوسەنگتر دەبن. کێشەکە، بەڵام، لێرە دایە، کە هیچ مرۆڤێک زانیاری و ئەزمونی تەواوی لەسەر هەمو بابەتەکان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان دەیانەوێت لە رێگەی بەراوردکاریی روکەشانە هەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی بابەتەکان و دیاریدەکان بکەن و بریاریان لە بارەیەوە بدەن. ئەمە خەسڵەتێکی گەردونیی مرۆڤ، تایبەت نییە بە هیچ کەلتورێکی دیاریکراو. 

ئەمە کاتێک دەبێتە کێشە بۆ مرۆڤایەتی، کاتێک مرۆڤ بێ هیچ هەوڵێکی وەدەستهێنانی زانیاری پیویست دەربارەی بابەتێک، تەنها بە پشتبەستن بە چەند زانیارییەکی ناتەواو و لە رێگەی هەستەوە، بەتایبەتتریش لە ئەمڕؤدا کە زانیارییەکان وەک تیشکی خۆر بەخێرایی لەڕێی سۆشیەڵ میدیاوە بە دونیادا بڵاودەبنەوە، بریار لەسەر بابەتی گشتیی دەدەن. لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکان رەوتە پۆپۆلیستیە ئایدۆلۆژی و ئایینییەکان لە کۆنەوە تا ئێستاش کاریان لە سەر ئەو خەسڵەتە زگماکیی مرۆڤ کردوە و  دەکەن، چونکە کاتێک مرۆڤ بەهۆی سنورداری زانیارییەکانیان بریارەکانیان دەدەنە دەست هەستەکانیان، توانای ئەوەیان نامێنێت، هەمو رەنگەکانی نێوان رەش و سپی ببینن و بەمەش دەبنە نێچیرێکی ئاسانی رەوتە پۆپۆلیستییەکان و لە دژی یەکتر هاندەدرێن. بەشێکی بنەڕەتی ئەو هەمو جیاکاری و دوژمنکارییە چینایەتی، رەگەزی و ئاینی و سیاسی و هتد. دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خەسڵەتە زگماکییەی مرۆڤایەتییەوە.    

دیوێکی تری بەراوردکاری لەسەر ئاستی تاک دەکرێت هۆکارەکەی خۆبەکەمزانین یان خۆگەورەبینین بینین بێت، کە رەگی هەردوگیان بۆ کێشەی گرێی دەرونی دەگەڕێتەوە. بەشێکی مرۆڤەکان هەمیشە ئارەزوی ئەوە دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای خۆیان یان کەلتورەکانیان و بەکەم دانانی ئەوانی تر، دیاریدەیەک یان بابەتێکی باشی خۆیان لەگەڵ دیاریدەیێک یان بابەتێکی خراپی کەسانی تر بەراورد بکەن، بێگومان پێچەوانەکەشی بە هەمان شێوە راستە، کاتێک کەسێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای کەسیی خۆی خەسڵەتێکی باشی ئەوانی تر لەگەڵ خەسەڵەتێکی خراپی ناو کەلتوری خۆی بەراورد دەکات، تەنها بە مەستی خۆبەزۆرزانین لەسەر حیسانی بەکەمبینینی هاوکەلتورەکانی خۆی. 

رۆژانە لە سەر دیواری هاورێیانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەرەکان چەندین بەراوردکاری لەنێوان ئێرە و ئەوێ، ئەم شار و ئەو شاری کوردستان، کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، کوردستان و ئەمریکا، کوردستان و وڵاتانی ئەفریقیا، هتد دەبینین، کە تەنها مەبەست لێیان بە باش پىشاندانی لایەنێک و بە خراپ هەڵسەنگاندنی لایەنێکی ترە. ئیتر هەر کەس و بەبێ زانیاری و ئەزمونی بەردەستی خۆی و گرێ دەرونییەکانی پەسەند یان دژایەتییان دەکات. 

نوێترین نمونەش ئەو بەراوردکارییەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ترە لە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوی پەتای کۆرۆنا. راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە کارمەند و کادیرە ماندونەناسەکانی کەرتی تەندروستی هەرێم شەونوخونییەکی زۆر دەکەن بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوڵاتییان. لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە جێگەی دەستیان دیارە پەیوەست بە روبەڕوبەنوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەکی ئەوە ناگەیێنێت،کە هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی تر باشتر یان خراپتر هەڵسوکەوتی کردوە. کاتێک تۆ بەراوردکاری لەنێوان رێککارەکانی وڵاتێکی تر لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان دەکەیت، ئەوە دەبێت زانیاری تەواوت لەسەر پێکهاتەی  کەلتوری و کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی هتد هەردو وڵات هەبێت و بەراوردکارییەکەت هەمو دیو و رەهەندەکانی پەیوەست بەو کێشەیە یان پرسە بگرێتەوە، ئەگەر نا بەراوردکارییەکەت تەنها ئەکتێکی پۆپۆلیستییانەیەی سیاسییە یان بە مەبەستی خۆهەڵکێشانە لەسەر حیسابی ئەوانی تر. 

بۆ چی دەبێت پێمانوابێت وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی تری ئەم جیهانە ئەقڵیان بەمە ناشکێت، هاووڵاتییانی خۆیان بە ۆمەڵ کەرەنتێن بکەن وەکو ئەوەی هەرێمی کوردستان کردویەتی و پێویستە بێن راوێژ لە هەرێمی کوردستان وەرگرن؟ بیرت لەوە کردۆتەوە، کە تەنها یەک کۆمپانیای مامناوەندی ئەورپی یان ئەمریکی بودجەی ساڵانەی هێندەی بودجەی هەمو هەرێمی کوردستانە؟ دەزانی لە زۆبەی وڵاتان داخستنی کارگەکان لە دەستی حکومەت نییە و لە کاتی داخستنی دەبێت حکومەت قەرەبویان بکاتەوە؟ بیرت بۆ ئەوە چوە، کە لە وڵاتێکی دیموکراتی ئاسان نییە بۆ دەستەڵاتداران، هاووڵاتییانی خۆیان بەکۆمەڵ بخەنە کونجی ماڵەکانیان بێ رەزامەندی جەماوەری پێشوەختە؟ درکت بەمە کردوە کە لە وڵاتێکی دیموکراتی پێش دەرکردنی هەر بڕیارێک دەبێت زەمینەی جەماوەری لەسەر بنەمای زانیاریی دروست و پاساوی باوەرپێهێنەر بۆ ساز بکرێت؟ چەند پەیمانگا و کۆمپانیای لێکۆڵینەوە و راوێژکاری پسپۆری نەخۆشییەکان و دەرمان لە هەرێم هەن کە رۆژانە راوێژ و زانیاری دروست بدەنە دەستەڵاتدارانی هەرێم؟ ڕەچاوەی ئەو راستییەت کردوە لە وڵاتێک کە یاسا تیایدا سەرەوەو بێت، هەمو تاکێک بۆی هەیە دەستەڵاتدار و بەرپرسان بداتە دادگا، ئەگەر بەهۆی بریارێکی ئەوان لەسەر بنەمای زانیاریی ناتەواو زیانی بەر بەرژەوەندی کەوتبێت؟ بەراوردکاریت لەنێوان سیستەمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر کردوە کە چەند دکتۆر و پەرستیار بۆ چەند هاووڵاتی بەردەستە؟ چەند جێگەی بەتاڵ بۆ چارەسەری چڕی هەر نەخۆشێک بەردەستە؟ ئەم بەراوردکارییانە بۆ باش پىشاندان و خراپ پێشاندانی لایەنێک نییە لەسەر حیسابی لایەنێکی تر، چونکە هەمو وڵاتێک تایبەتمەندی و هەلومەرجی خۆی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایانە بریاردەدات، بەڵکو تەنها رونکردنەوەی زیاترە، کە ناکرێت بەراوردکاری نێوان دو شت بکرێت، ئەگەر هەمو رەهەند و دیوەکانی تریان رەچاو نەکرێت. ئەم راستییەش نەک تەنها بۆ رێککارەکان روبەروبونەوی پەتای کۆرۆنا، بەڵکو بۆ بەراوردکارییەکانی تری نێوان بابەتەکانی تریش هەر دروستە.

 

بەشکردن: