مەترسییەکانی گوتاری تەندروستیی

بەشکردن:

ھیچ سیستمێکی سیاسیی ھێندەی نازیزم بە مەسەلەی تەندروستیی میلەت و تەندروستیی دەستەجەمعیی کۆمەڵگاوە گیرۆدە نەبوو. بەشێکی گرنگی ئایدیۆلۆژیای نازییەکان لەسەر بەھێزکردنی جەستە و پاکژڕاگرتنی خوێن و پاراستنی رەگەز دروستبووە. سیاسەتی تەندروستیی نازییەکان سیاسەتی ”باشترکردنی جیناتی“ میلەتی ئەڵمان و پاکژڕاگرتنی، و لەوێشەوە سیاسەتی بەرھەمھێنانی ئەڵمانێکی تەواو تەندروست و بەھێز و ھەمەتوانا بوو.

مەسەلەکە تەنھا بەرھەمھێنانی کەسایەتییەکی بەھێز و تەندروست نەبوو، بەڵکو بریتی بوو لە دروستکردنی میلەتێک کە لەڕوی جیناتەوە تەندروست و پاکژبێت. ژێرخانە ئایدیۆلۆژییەکەی ئەم سیاستە نازیزم بوو، کە ڕاسیزم لە ناویدا خاڵی سەرەکیی و بنەڕتیی بوو. لەو ١٠ ئامۆژگارییەدا کە نازییەکان بۆ کچان و ژنان نووسیبویان، ژمارەیەکی زۆریان پەیوەندیی بەو تێگەیشتنەی سەرەوە بۆ تەندروستیی ھەبوو. بەو وێنە ئایدیالییەوە کە نازیزم بۆ کەسی تەندروستی ھەبوو: ”ئەڵمانێکی خاوێن بە“، ”جەستەت بێگەرد ڕابگرە“، ”ڕۆحت و نەفست پاکژ بێت“، ”تەندروستیی پتشمەرجی جوانیی دەرەکییە“، ”کە شوتکرد بزانە ڕەگەزی ئەو کەسەی شوی پێدەکەی کێیە“. بێگومان داواش لە کچان و ئافرەتان دەکات: ”لەبیرتنەچێت کە تۆ ئەڵمانیت“.

ئەم گرنگیدانە بە پاکژیی رەگەزیی و بە جەستەی تەندروست بەشێکی بنەڕەتیی ئایدیۆلۆژیای نازیزمە. بۆ ئەم مەبەستەش نازییەکان چەندان کامپی گەورەیان بۆ گەنجان دەکردەوە و لە ناویدا مەشقی جەستەیی نمیچەسەربازیی و سەربازییان دەکرد. جەستەی بەھێز و تەندروست، جەستەی پاکژ، ھێمای بۆ نەتەوەیەکی ئەڵمانیی بەھێز و پاکژ دەکرد، کە نازییەکان باوەڕیان وا بوو پێویستە سەرکردایەتیی ھەموو مرۆڤایەتی بکات. خاڵێک کە نازییەکان بەبەردەوامی پێیان لەسەر دادەگرت، بەستنەوەی تەندروستیی دەستەجەمعیی کۆمەڵگایە بە بەختەوەرییەوە. میلەتی بەختەوەر میلەتێکی تەندروستە. وەکچۆن بەھێزیی جەستەیی و پاراستنی تەندروستی وەک سەرچاوەی ”بەختەوەریی خێزانیی“ و ”بەختەوەریی تاکەکەسیی“ وێنەدەکرد. بەم مانایە بەختەوەریی تاکەکەسیی و خێزانیی چیتر بەختەوەرییەکی شەخسیی و تاکەکەسیی نییە، پەیوەندیی بە ھەڵبژاردنی ئازاد و سەربەخۆیانەی تاکەکەس و خێزانەکانەوە نییە، بەڵکو شتێکە دەوڵەت دەستی تێدایە و دەوڵەتیش لێی بەرپرسیارە.

ھاندان بۆ وەرزشکردن و جوڵە و بەھێزبوون، پاراستنی ساخ و سەلامەتی جەستە، کە وەک ژێرخانی بەختەوەریی مامەڵەدەکران، بەشێک بوو لە سیاسەتی دەوڵەت خۆی. لە ھەندێک دۆخ و شوێندا خۆخەریکردنی دەوڵەت بەم مەسەلەیەوە بە رادەیەک بوو مۆڵەتی دەوامنەکردنی زیاتریان بەو کەسانە دەبەخشی گەر مۆڵەتەکەیان بۆ وەرزشکردن و جوڵە بەکاربھێنایە. بە کورتییەکەی لە دۆخی نازیزم و لەوێشەوە فاشیزمدا، سیاسەتی تەندروستیی، ھەم بەشێک بوو لە سیاسەتی دەوڵەت، ھەم تێکەڵ بوو بە گوتارێکی ڕاسیستیی کە پاکژڕاگرتنی خوێنی نەتەوە و خوێنی نەژاد بنەماکەی بوو.

ئەم گرنگیدانە بە تەندروستیی وەک بەشێک لە سیاسەتی گرنگیدان بە دۆخی گشتیی دانیشتوان، بەشێکە لە تەکنۆلۆژیا سەرەکیی و تازەکانی دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن. فوکۆ ئەم فۆڕمە لە دەستەڵات بە بیۆپاوەر، یان دەستەڵاتی بایۆلۆژیی ناودەبات، کە لە ڕێگایەوە دەوڵەت دەستدەخاتە ناو ژیانی ئەو دانیشتوانەی کە حوکمیدەکات. جیاوازیی نێوان ئەم ئاکارە تازەیەی دەوڵەتی مۆدێرن و دەوڵەتی نازیی و فاشیستیی، لەوە دایە؛ لە دەوڵەتی نازیدا، گوتارێکی ڕاسیستیی و تیۆرەیەکی نەژادپەرستانە لەسەر مەزنی نەژدایی ئارییانە، لە پشتی سیاسەتی تەندروستیی نازییەکانەوەیە. ئەمە وا دەکات چەمکی ”دانیشتوان“ لای نازییەکان، چەمکێکی تەواو نەژادیی و تەواو بایۆلۆژیی و تەندروستیی بێت، شوێنی ئەوانەی تێدا نەبێتەوە کە دەکەونە دەرەوەی نەژادیی ئاریی و دەرەوەی وێنەی نازیزم بۆ کەسی تەندروست. لە کاتێکدا فۆرمی ئامادەبوونەکەی لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا مەرج نییە فۆرمێکی راسیستانە بێت. لەم خاڵەش گرنگتر ئەو ڕەھەندەی فیکری نازیزم کە پەیوەستە بە ژیان و بەختەوەریی کەسە لاواز و بیمار و پەککەوتەکانی ناو کۆمەڵگاوە، ئەو ئارییانەی کە لاوازن و لەگەڵ وێنە ئایدیالییەکەی نازیزمدا بۆ نەژادی ئاریی نەدەگونجان. یان ئەوانەی کە ئاری نین وەک جو و قەرەج و ئەوانەش کە ھاوڕەگەزخواز و بێکارن و ئەوانەش کە بۆ نموونە پەرکەمیان ھەیە و یان نابینا و نابیسن، یان ئەوانەی کە جەستە و بونیادێکی لاوازیان ھەیە، ئەمانە و و زۆرانێکی تر بە شێوەیەکی تەواو ترسناکانە مامەڵەدەکران.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەم بەشەی کۆمەڵگا تا ئەو شوێنە دەڕوات کە کەسە لاواز و بیمارەکان، یان ئەوانەی کە نەخۆشیی دەرونییان ھەیە، یان کەمئەندامان، لە کەمپی تایبەتەدا کۆبکرێنەوە و لە کۆمەڵگا دایاندەبڕن و بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەناویاندەبەن. ھەندێکجار کەسەکان بخەسێندرێن بۆ ئەوەی نەوە نەخەنەوە، ژمارەی ئەوانەی لە سەردەمی نازییەکاندا خەسێنراون بە سەدان ھەزارە. یان کەسانێکی تر ناچاربکرێن خۆیان خۆیان بکوژن، یاخود بۆ کامپەکان ڕابگوێزرێن و لەوێدا لەلایەن نازییەکانەوە بکوژرێن.

لەم سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا ھەموو دەستتێوەردانێکی ڕاستەوخۆی دەوڵەت لە ژیانی گشتیی و ژیانی شەخسیی دانیشتوانەوە، بە مەبەستی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبێت ئەم ئەزموونە ترسناکەمان لەبیرنەباتەوە. ئەزموونی ئەوەی دەستەڵاتداران لە ڕێگای بەگژداچونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە، بەگژ ئازادییە سەرەتایییەکانی مرۆڤ و ماف و بەھا ئینساینیەکانیدا بچنەوە. خۆپاراستن ئەرکێکی سەرەکیی و گرنگە بۆ پاراستنی ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ، بەڵام ھۆشیاربوون بەرامبەر بە نیازەکانی زۆرێک لە حوکمڕانان ئەرکێکی گرنگی ترە کە نابێت لەبیربکرێت.

بەشکردن:
مەریوان وریا قانع