کەمال چۆمانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسڕور بارزانیی و هاوسەرۆکی یەکێتیی لاهور تاڵەبانی بە دو رونکردنەوەی جیاواز لەڕێی دەزگاکانی خۆیانەوە، رقی ئەستوریان بەرانبەر یەکتر هەڵڕشت. بەیاننامەکانی هەردو دەزگای پاراستنی پارتیی لەژێر ناوی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و دەزگای زانیاریی یەکێتیی لەژێر ناوی ئاژانسی زانیاریی هەرێمی کوردستان، قوڵایی دوژمنایەتیی ئەو دو دەزگایە بەرانبەر یەکتر و رقی بارزانیی و تاڵەبانیی رونتر نیشانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دا. ئەو دو بەیاننامەیە شکستی ئەو بانگەشەیە بۆشەیە کە نزیکەی دو دەیەیە لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بە ناوی یەکگرتنەوەی ئیدارەکانەوە داهات و دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی پێ دابەشی دو دەکەن. ئەو رێککەوتننامانەی کە لەنێوان جەلال تاڵەبانیی رەحمەتیی و مەسعود بارزانیی ئەنجامدرابون، پێدەچێت کۆتایییان هاتبێت. سەرکردایەتیی نوێی یەکێتیی، کە لە خودی لاهور تاڵەبانییدا خۆی مانیفێست کردوە، پێدەچێت چیتر ئەوەی قبوڵ نەبێت کە وەک هێزی دوەم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئەویش وەک کۆی سەرکردایەتیی یەکێتیی و پارتیی، هەڵبژاردن بۆ شەرعەتدانەوە بە حوکمڕانیی یەکێتیی و پارتیی دەبینێت و ئەنجامەکانی قبوڵ نین. تاڵەبانی دەیەوێت لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێبدرێت، یان کێشەی لەگەڵ قبوڵنەکردنی هەیە لەلایەن مەسعود بارزانیی و مەسڕوڕ بارزانیی و کوڕەکەیەوە. نە مەسعود بارزانیی پیرۆزبایی لێ کرد، نە مەسڕوڕ بارزانییش، بە پێچەوانەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانییەوە. بارزانی نایەوێت ئەو رۆڵە بە تاڵەبانیی بدات، تەنانەت مامەڵەشی لەگەڵ ناکات، ئەوەش یەکێکە لە کێشەکان لەنێوان ئەو دو کەسایەتییەدا. هەروەها، پارتیی دەیەوێت یەکێتیی وەک حیزبێک ببینێت کە بەشدارە لە حکومەتدا، بەڵام یەکێتیی دەیەوێت وەک هاوبەش قەرار دروستبکات و لاهور تاڵەبانی و سەرکردایەتیی نوێش هەمان رۆڵی جەلال تاڵەبانیی ببینن. بەکورتی پارتیی و بارزانی کۆتایییان بە قۆناغی تاڵەبانیی هێناوە، لاهور تاڵەبانیی و سەرکردایەتیی نوێش دەیانەوێت ئەو قۆناغەی کە جەلال تاڵەبانیی تێیدا غائیب بو کۆتایی پێبێت و یەکێتیی و سەرۆکایەتییەکەی هەمان رۆڵ ببیننەوە کە پێشتر بینیویانە.
ئەو رۆژانە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی دارایی دەڕوات بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی جموجۆڵە ئابوریی و بازرگانییەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە. ئەو قەیرانە دارایییە چاوەڕوانکراوەی لەپێش حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە دەکرێت لەگەڵ خۆشیدا گۆڕانکاریی سیاسیی و عەسکەرییش بێنێت. بەو پێیەی دەزگا دارایی و عەسکەریی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان یەکگرتو نین و دابەشبونەتە سەر دو زۆن و دو حیزبەوە، لە هەر گۆڕان و روداوێک لە کوردستاندا رودەدات دەزگا ئەمنیی و عەسکەرییەکانی یەکێتیی و پارتیی دەکەونە دۆخێکی تایبەتەوە. ئەو دو هێزە هەرگیز بەرانبەر دوژمنە دەرەکییەکان ئامادە نین، وەک لە کەوتنی شنگال بینیمان، بەڵام هەمیشە بەرانبەر یەکتر ئامادەن. لە هاتنی داعش و لە کاتی ریفراندۆم، بەتایبەتتریش لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، زیاتر دەرکەوت ئەو دو حیزبە و دەزگاکانیان ناتوانن لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتیمانییەکاندا بن و بەیەکەوە هەڵبکەن، هەربۆیە هەریەکەیان بە شکستی ئەویتر دڵخۆشە و لە پیلانێکە دژ بە نەیارەکەی. لە راستییشدا، هەر ئەوە چاوەڕێدەکرێت لە نەیارە سیاسییەکان کاتێک نەیارە سیاسییەکان دەبنە خاوەنی عەسکەر و پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی و دارایی و پەیوەندیی دەرەکیی جیاوا. ئەوکات، ئەگەری پێکدادانیش زۆرتر دەبێت، هەرچەندە لە حکومەتێکیشدا هاوبەش بن. هاوبەشیی ئەوان لە حکومەتدا، ناچارییە و ستراتیژێکە بۆ هێشتنەوەی دۆخی هەنوکەیی و دابەشکاریی دەستەڵات و سەرچاوەکانی وزە، نەک پێکەوەکارکردن بۆ خزمەتکردنی خەڵک.
دو بەیاننامەکەی سەرۆکی حکومەت و هاوسەرۆکی یەکێتیی ئەو راستییەی ئاشکراتر کرد کە ئەو نیزامەی کە یەکێتیی و پارتیی لەدوای رێککەوتننامەی واشنتن و رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان لەسەری کوردستانی بەڕێوەبردوە، کۆتاییهاتوە. نە دابەشکردنی پۆست و داهات چیتر دادی یەکێتیی و پارتیی دەدات، نە گەڕانەوەش بۆ دو-ئیدارەیی. ئەو دو هێزە هیچ رێگایەکی دیکەیان لەبەردەم نەماوە جگە لە جێبەجێکردنی حوکمی قانون و چاکسازیی ریشەیی، ئەگەرنا یان بەرەو دۆخێکی مەترسییدارمان دەبەن تا رادەی پێکدادانی عەسکەریی، یان ئەوەتا خەڵک لە دەست بێدادیی و خراپەکاریی رادەپەڕێت.
ئەو دو دەزگایە هەردوکیان ئیدیعای ئەوە دەکەن بەرگریی لە خەڵک دەکەن و دژ بە کوشتن و گەندەڵیین. بەر لە هەرشتێک خەڵک دەبێت ئەوە بزانێت کە ململانێی ئەو دو هێزە ململانێی هەژمون و پشکی زیاتر و دەستەڵاتدارێتییە. هەردوکیان یەکتر بە خیانەت و کوشتن و گەندەڵیی تۆمەتباردەکەن، بەدڵنیایی لەوەیاندا هەردولا راست دەکەن. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین زیاتر بەیاننامەکان وردبکەینەوە:
کۆمەڵێک پرسیار و سەرنجی جدیی و پێویست سەردەردێنن:
ئەو پرسیار و سەرنجانەی کە پێویستە لاهور تاڵەبانیی و مەسڕور بارزانیی و ستافی یەکێتیی و پارتیی لە حکومەت وەڵامبدەنەوە:
– زانیاریی یەکێتیی دەڵێت کە کوڕێکی بنەماڵەی بارزانیی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل وەرگرتوە لە بەرانبەر بەخشینی کۆنتراکتێکی پەیوەست بە نەوتەوە بە کۆمپانیای رۆزنەفتی روسیی.
هەردو دەزگای پاراستنی پارتیی و زانیاریی یەکێتیی سەر بە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانن. بودجەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دابیندەکرێت و کارمەند و فەرمانبەرانیان لەلایەن حکومەتەوە موچە وەردەگرن. ئەرکێکی هەرە سەرەکیی ئەو دەزگایانە، رێگریکردن و دۆزینەوە و بەدادگاگەیاندنی تاوانی رێکخراوە. ئەو تاوانانەی لەژێر سێبەری ئەو دو دەزگایە ئەنجامدراون، تاوانی گەورە بونە کە ئیشی ئەو دەزگایانە بوە کە رێبگرن لە ئەنجامدانیان، وەک کوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و خیانەتکردن و وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن بەرپرسێکەوە بۆ بەخشینی کۆنتراکتی نەوت بە کۆمپانیایەکی روسیی. ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. دەزگای بلومبێرگ ئەوەی ئاشکراکرد کە رۆزنەفت ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە دەزگایەکی راوێژکاریی بۆ بردنەوەی کۆنتراکتەکە، بەڵام نەیتوانیبو ئەوە ئاشکرا بکات کە کێ لەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە بەرتیلی وەرگرتوە. پرسیارەکە ئەوەیە، لەناو ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا سێ کەسی یەکێتیی هەن: جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی، وەزیری پلاندانان د. دارا و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامانج رەحیم. پارتی تەنها دو ئەندامی هەن، گۆڕانیش ئەندامێک. بۆچی ئەو پرسە نەدراوەتە ئەو سێ کەسانە و بەدواداچونی بۆ بکەن؟ هەروەها، خۆ سەرۆکی پارلەمان رێواز فایەق یەکێتییە، بۆچی ئەو وەک سەرۆکی پارلەمان لە تاوانێکی وا گەورە ئاگادارنەکراوەتەوە؟ ئەی ئەگەر ئەوانە بەدواداچونیان بۆ پرسەکە نەکردوە، بۆچی سەرۆکایەتیی یەکێتیی لێپرسینەوە لە ستافەکەی لەناو حکومەت نەکردوە لە بەرانبەر بێدەنگبونیان لە بەرانبەر تاوانێکی وا؟ یان دەزگای زانیاریی ئەو تاوانە رێکخراوەی ئاشکراکردوە پێشتر بەڵام خەریکی مامەڵە بوە لەگەڵ دەزگای پاراستن بۆیە ئاشکراینەکردوە و نەیداوەتە ستافی حکومەت و پارلەمان؟ یەکێتی ئەگەر دەیەوێت دژایەتیی گەندەڵیی بکات، با بتوانێت کاندیدێک بۆ دەستەی نەزاھە دابنێت کە بەرکەوتەی خۆیەتی و لە وێوە شەڕی گەندەڵیی بەکردار نەک بەگوتار بکات.
یەکێتیی تەنها خۆی دەگەوجێنێت ئەگەر پێیوابێت بەوەی ئیدیعای ئەوە بکات شەڕی گەندەڵیی دەکات وەک هێزێکی دژە-گەندەڵیی تەماشادەکرێت.
دەزگای زانیاریی یەکێتیی و پاراستنی پارتیی، مەسڕور بارزانیی و لاهوڕ تاڵەبانیی بە کوشتنی دو رۆژنامەنوس تاوانبار دەکەن. ئەوان بەئاشکرایی ئەو دو بەرپرسە هەرە باڵایەی حکومەتیی و حیزبیی و ئەمنییەی هەرێمی کوردستان بە تیرۆر تۆمەتباردەکەن. ئەی ئیشی دەزگای داواکاریی گشتیی و پارلەمان و مافی مرۆڤ نییە لەو بانگەشانە بکۆڵنەوە؟
بەپێی بەیاننامەی دو دەزگای هەرە باڵای ئەمنیی کە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی پارلەمان و هەردو حیزبە سەرەکییەکە بەڕەسمیی و بە دەزگای نیشتیمانیی دەیانناسێنن، دەبێت قبوڵتان بێت ئەو دو دەزگایە دەزگای تیرۆریستین و مەسڕور بارزانیی و لاهوڕ تاڵەبانییش تیرۆریستن. ئەو دو بەیاننامە تۆمەتبارکردن نین، بەڵکو تاوانبارکردنن، دیارە ئەو دو دەزگایە زانیارییە نهێنییەکانیان تازە ئاشکرا دەکەن. کەواتە، کوا راستیی مەسەلەکان؟ ئەو دو بەیاننامە باسی تۆمەتبارکردن نین، بەڵکو راستەوخۆ ئەو دو بەرپرسە بە کوشتنی دو رۆژنامەنوس و کەسانی دیش تاوانبار دەکەن
- دەزگای زانیاریی دەڵێ کە سەرۆکی حکومەت حکومەتێکی فاشیل بەڕێوەدەبات، ئەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی و سەرکردایەتییەکەی بۆ قبوڵدەکات حیزبەکەی لە حکومەتێکی فاشیلدا بەشدار بێت؟ بۆچی ناکشێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت ناکات یان ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی راناگەیەنێت؟
- – دەزگای زانیاریی دەڵێت لاهور تاڵەبانیی دەمێکە ئەو پۆستەی بەجێهێشتوە. ئەی کێ شوێنەکەی پڕکردۆتەوە و بە کام میکانیزمدا رۆییشتوە؟ ئەگەر دەزگایەکی نیشتیمانییە چۆن دەکرێت سەرۆکایەتیی یەکێتیی کەسێک لە شوێنەکەی دابنێت؟
- دەزگای ئەنجومەنی ئاساییش زۆر بەناشیرینیی لەلایەن پارتییەوە بەکارهاتوە. ئەو دەزگایە چەندە دەیەوێت خۆی بە دەزگایەکی نیشتیمانیی نیشانبدات، بەڵام ناتوانێت لە قاوغی حیزب و بنەماڵە دەربچێت. ئەو دەزگایە لاهور تاڵەبانیی بە هەمو تاوانێک و ناشیرینیی و خیانەتێک تاوانبار دەکات، ئەی ئیشی ئەو دەزگایە چییە ئەگەر جێبەجێکردنی حوکمی قانون نەبێت بەسەر تاوانباری وا گەورە کە خۆیان بانگەشەی دەکەن؟ ئەی چۆن راوێژکاری ئەو دەزگایە قبوڵیبوە لاهوڕ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو دەزگایە بێت ئەگەر کەسێکی وا تاوانبارە؟
- پارتیی و دەزگای ئەنجومەنی ئاساییش پێیان وایە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تاوانی گەورەی خیانەت لە نیشتیمان لەلایەن لاهور تاڵەبانیی و گروپێکی دیکەی یەکێتییەوە ئەنجام دراوە. ئەگەر تاوانێکی وا گەورە لەلایەن لاهور تاڵەبانییەوە کراوە، بۆچی دەزگای هەڵبژاردنی هەرێم قبوڵی کرد لاهوڕ تاڵەبانیی ببێتە سەرۆکی یەکێتیی؟ ئەی بۆچی دەزگاکانی ئاساییش و دادوەریی هەوڵیان نەدا بیهێننە بەردەم دادگاکان؟ ئەی بۆچی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕەسمیی پیرۆزبایی ئەوەی لێ کرد کە بە هاوسەرۆکی یەکێتیی دانراوە؟
ئایا ئەوە بۆ ئەوە نییە کە چەمکی خیانەت وا ریسوا بکرێت هەمو خیانەتێک ئاسایی بێت و خیانەتەکانی رابردوش لەبیرببرێنەوە و گەندەڵیی و خراپەکاریی ئاسایی بێت؟
لە کۆتایی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان [پارتی] داوادەکات کە “کاتی ئەوەیە ئەو کەسانەی یاسا پێشێل دەکەن و دژی بەرژەوەندیی نیشتمان و هاووڵاتییان هەڵسوکەوت دەکەن ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.” منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی قانون بەسەر تاوانباراندا، ئەوە پرسێکی مەبدەئییە لای خەڵکی کوردستان. کەواتە، ئەو دو بەیاننامەی دو دەزگای هەواڵگریی دەبێت بەجدیی وەربگیرێن و خودی لاهوڕ تاڵەبانیی و مەسڕوڕ بارزانیی بهێنرێنە بەردەم دادگا. دو دەزگای رەسمیی -بەپێی ئەو قانونانەی لە پارلەمانەوە فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و پارتیی دایانڕشتون- هەرێمی کوردستان هەردوکیانی تاوانبار کردون بە تاوانی رێکخراو و تیرۆر و خیانەت. بانگەشەکانی ئەو دو دەزگایە پێویستە یەکلاییببنەوە تا ئێمەش لە داهاتودا نرخ بۆ بەیاننامە و کار و چالاکییەکانیان دابنێین. ئەگەر هیچ هەڵوێستێک لەلایەن حکومەت، پارلەمان و دەزگاکانی دادوەریی و مافی مرۆڤ و دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەو دو بەیاننامەیە نیشاننەدرا، ئەوا بەهایەک بۆ حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی نامێنێت و چاوەڕێش مەکەن خەڵک بەها بۆ ئەو دەزگایانە دابنێت و دەزگاکانی ئاساییش و ئەنجومەنی ئاساییش و پاراستن و زانیارییش هێندەی تر لای خەڵک ناشیرین دەبن کە یان بۆ بەرگریکردنن لە حیزب و بنەماڵە، یان بۆ دژایەتیکردنی ئەوانیدین بۆ بەرژەوەندیی حیزب و بنەماڵە.
ئەگەر ئەوانەش هیچیان نەکران، ئەوا جارێکی تر نانیشتیمانیبونی ئەو دەزگایانە رونتر دەبێتەوە و باشتر دەردەکەوێت ئەو دەزگایانە چ مەترسییەکن بەسەر ژیانی خەڵک و دیموکراسیی و حوکەمی قانونەوە. جێبەجێبون حوکمی قانون و بنەماکانی دیموکراسیی لە سیستەمێکدا کە دەزگاکانی ئاساییش و هەوالگریی و پێشمەرگە بەرژەوەندیی حیزب و بنەماڵەکان دەپارێزن، وەهمێکی گەورەیە.