کوردستان تایمز
حکومەتی سوریا توندتر لە جاران پێداگرە لەسەر ئەوەی کێشەیەکی سیاسیی لە وڵاتدا بە ناوی پرسی کورد نییە، بانگەشەکردنی ئەو هەڵوێستەش لەلایەن سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەدەوە نیشانەی هەوڵێکە بۆ بانگهێشتکردنی تورکیا بۆ رێککەوتنێك لەسەر لێدان لە پرۆژەی کوردی سوریا.
ئەسەد لە دوا دیمانەیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی روسیا٢٤ گوتی کە “شتێك نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە لە سوریا،” و زیاتر لەوەش گوتی کە “زۆربەیان لە تورکیاوە هاتوون وەك رەتکردنەوەی هاووڵاتیبوونیان لەو وڵاتە.”
لێدوانەکەشی دوای گرێبەستێكی نوێی روسیا و تورکیا هات لەسەر هێورکردنەوەی شەڕ لە پارێزگای ئیدلیب، بۆیە وەك هەوڵێكی ئەسەد دەکرێت ببینرێت بۆ کردنەوەی هەندێك لە گرێ دیپلۆماتییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، سەرباری ئەوەی جەنگی ناوخۆی سوریا نۆ ساڵە رووبارێك خوێنی درووستکردووە لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە و تا ئێستاش خوڕەی دێت.
رووداوەکانی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ئیدلیب و رێککەوتنەکەی تورکیا و روسیا دەریانخست هەبوونی راڕەوێکی دیپلۆماتی لەنێوان ئەنقەر و دیمەشق گرنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەندێك لە کێشەکانی نێوانیان لەژێر رەحمەتی سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتیندا. دوا هەڵوێستەکەی ئەسەدیش نیشانیدا ئەو داڵانە دیپلۆماتییە دەکرێت ریزە خشتەکانی بناغەکەی لەسەر لێدان لە پرۆژە سیاسییەکانی کورد هەڵبچنرێن، چونکە لە چاوپێکەوتنەکەدا راشکاوانە گوتی سوریا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، وەك ئاماژەیکیش بۆ ئەوەی ئیدلیب بۆ دیمەشق گرنگە گوتی دوای ئەوەی تورکیا دەست هەڵدەگرێت لە پشتیوانیکردنی ”تیرۆریستەکان“ لەو پارێزگایە.
هەوێنی ئەم هەوڵەی دیمەشق لەو بیردۆزە دایە کە دوژمنی دوژمنەکەم هاوڕێمە، فرۆشتنی بە تورکیاش لەم کاتەدا بۆ نزیکبوونەی لەسەر بنەمای لێدان لە بەرهەڵستکاری سیاسیی و چەکداریی هەردوولا، هەر وەك خۆی دەڵێت کێشە لەگەڵ کورد نییە بەڵکو ئەو گروپانە کێشەن کە داوای جوداخوازییان بەرزکردۆتەوە لە سەرەتای هەشتاکانەوە، واتە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەوادارەکانی، لە سوریا مانای پارتی یەکێتیی دیموکراتییە (پەیەدە).
ئەم میتۆدە دژ بە کورد لەنێوان تورکیا و سوریا پێشتر تاقیکراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ دیمەشق و ئەنقەرە رێککەوتننامەی ئەدەنەیان ئیمزا کرد بۆ کاری هاوبەشی هەواڵگری و سەربازی و سیاسی و دیپلۆماتی تا گورزی کەمەرشکێن لە بزووتنەوە کوردییەکان بوەشێنن لە هەردوولای سنووری نێوانیان، کورد گوتەنی “لەسەر خەت و بن خەت،” ئەو ناوچانەی لە سەر زاری ئەمڕۆی کوردان ناسراون بە باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی ئەدەنە هەردوو دەوڵەت دەتوانن بچنە خاکی یەکترەوە بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر بۆ لێدان لەو یاخیبووە ”تیرۆریستانەی“ بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانیان دەزانن، تا ئێستاش مۆسکۆ داوای پابەندبوون بەو رێککەوتنەوە دەکات و کرێملین بەئاشکرا پێداگرە لەسەر ئەوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەدەنە تورکیا رازیدەکات و کێشەکانی پەیوەند بە کوردەوە بۆ سوریاش چارەسەردەکات.
بانگهێشتەکەی ئێستای ئەسەد بۆ تورکیا دژ بە کورد نوێ نییە، بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری جەزائیر لە پایتەختی ئەو وڵاتە لە ٢٠١٦دا کۆبوونەوە لەسەر کارکردنی هاوبەش دژ بە کورد، کە رۆژنامەی ئەلوەتەنی فرانکۆفۆنی جەزائیری لە ٨ی نیسانی هەمان ساڵدا پوختەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد.
ئەو کۆبوونەوانەش بۆ کاری هاوبەشی مەزن و راستەوخۆ بێئەنجام بوون و هۆکارەکەشی گەشەسەندنە خوێناوییە لەدەستدەرچووەکانی جەنگی ناوخۆی سوریا بوو، کە تورکیا بەردەوام گڕیدەدا، ئەگینا حکومەتەکەی ئەسەد تەواو ئامادەی گفتوگۆ بوو وەك ئێستاش ئەسەد دەڵێت ئامادەیە. دیمەشق ئەوکاتە هیواخواز بوو پێشنیاری لێدان لە کورد بەیەکەوە وا لە دەوڵەتی تورکیا بکات ئاگری شەڕی هەوادارە بەرهەڵستکارە سورییەکانی دژ بە سوپاکەی ئەسەد لە هەندێك شوێن بکوژێنێتەوە.
جەزائیر لە یادگەی کوردەکاندا لە سەدەی رابردووەوە دەوڵەتێکی متمانەپێکراو نییە، چونکە رێککەوتنی ئێران و عێراق دژیان لە ١٩٧٥ هەر لە پایتەختەکەی ئەو وڵاتە ئیمزاکرا و کۆتاییهێنا بەو ئۆتۆنۆمییە فەرمییە چەند ساڵەیە کە بە سەرکردایەتیی مستەفا بارزانی دوای شەڕی سەخت و پاشان گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد لە ١٩٧٠ بەدەستهاتبوو. رێککەوتنی ئەدەنە بە جۆرێك دووبارەکردنەوەی ئەو رێککەوتنە بوو لە ئاستێكی تردا و ئەمجارەیان لەنێوان سوریا و تورکیا دژ بە کورد.
ئەسەد پێدەچێت وانەیەکی گرنگی جیۆسیاسی ئەو جۆرە رێککەوتنانەی بیرچووبێتەوە، کە چەندە بێمانان کاتێك کێشەکانی نێوان دوو دەوڵەت قوڵ رۆچوونەتە تەواوی جومگەکانیان و تەنیا دوژمنیایەتی لەسەر پێیەکانیان دەیانوەستێنێتەوە، هەر ئەو فاکتەرەش وایکرد رێککەوتنەکەی جەزائیر زۆری نەخایاند و لەبری لەناوبردنی بزووتنەوە کوردییەکانی ئێران و عێراق جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بەرپابوو وەك لێکەوتەی گۆرانکارییە ناوخۆیییەکانی هەردوو وڵات بوو.
سوریاش لە ٢٠١٢دا پەیمانی ئەدەنەی وەلانا و ناوچە کوردییەکانی چۆڵکرد تا سەرقاڵی شەڕی ئەو ئۆپۆزسیۆنە سورییە چەکدارە بێت کە تورکیا پشتیوانی لێ دەکرد.
تورکیا و سوریا رێککەوتنی ژێر-بە-ژێریان کردووە لەژێر رەحمەتی روسیا لەسەر لێدان لە پرۆژە سیاسییەکانی کورد لێرەو لەوێ لەو دوو ساڵەی رابردوودا، وەك لە عەفرین و سەری کانی و گرێ سپی بینران بەڵام زۆر ماوە کاری راستەوخۆی درێژمەودای هاوبەش بکەن وەك ئەسەد دەخوازێت، چونکە کێشەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە مێژووییە، سیاسییە، لەسەر خاك و ئاوە و تا ڕادەیەكیش مەزهەبییە، ئەو کێشانەش ستراتیژین لەکاتێكدا لێدان لە کورد لە ئێستادا تاکتیكە و کاتییە.
رێگەکردنەوە بۆ ئەوەی هێزە ناوخۆیییە کوردییەکان جڵەوی دەستەڵاتی هەرێمی خۆیان بگرنە دەست لەلایەن حکومەتەکەی ئەسەدەوە لە ٢٠١٢دا – گەرچی لەسەر داوای وڵاتانی هاوپەیمانیشی بووبێت وەك ئێران – دەرخەری ئەو راستییە روونەیە کە بابەتی کورد زێدە تاکتیکییە و لە فۆرمی ستراتیژی چەند دەیە لەمەوبەر دەرچووە، ئەو کاتەی ئەسەدی باوك پشتێنەی عەرەبی دەسپێکرد بۆ کاڵکردنەوەی ناسنامەی کورد لە سوریا و تورکیا زمانی کوردی قەدەغە کرد و عێراق جینۆسایدی ئەنجامدا و خومەینی جیهادی لە دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد راگەیاند.
ئەگەر تورکیا بێتە سەر خەت و وەڵامی ئەم بانگهێشتنامەیەی ئەسەد بداتەوە بۆ لێدانی زیاتر لە کوردەکانی سوریا، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکەی کورت مەودا و ئەنجامە درێژخایەنەکەشی کارەساتهێن بێت بۆ سەروەری خودی سوریا، چونکە تورکیا هەر جێگایەكی دەستخستبێت و ستراتیژی بووبێت لە ناوچەکە شوێنپێی خۆی تێدا قایم کردووە و شوێنیش هەیە بەفەرمی داگیریکردووە، لە رووی مێژووییەوە ئەمە لە ناوچەی لیوا ئەسکەندەرۆنی پارێزگای هاتای دیارە تا دەگاتە ئەو پەلهاوێشتنەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچەکانی رۆژئاوی کوردستان و لیبیا لەم چەند ساڵ و مانگەی رابردوودا.
ئەو دواین جوڵەیەی دیمەشق دژ بە کورد لە کاتێكیشدایە هەوڵی چڕ دەدرێت دانوستان لەنێوان کورد و رژێم ئەنجامبدرێت، بۆیە دەکرێت هەوڵێكی ئەسەد بێت بۆ فشار خستنە سەر کورد تا نەرمی بنوێنن لە داواکانیان لە کاتی گفتوگۆکاندا، کە کۆمەڵێك دەوڵەت سەرقاڵین و بەجدی دەیانەوێت بەرهەمدار بن، بەتایبەتی میسر، کە بەدرێژایی مێژووی کۆماریی خۆی پشتیوانی لە گفتوگۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دەکرێت دیمەشق باوەش لەو فشارانەش نەکات چونکە لایەنە کوردییەکان زویر بوون لەو جۆرە لێدوانانە و بێزارن لەو فۆرمە لە گورگانە ترسێنەی ئەسەد جار-بە-جار بەکاریدەهێنێت، کە وێناچێت هاوکێشەکان بە قازانجی دیمەشق بگۆڕێت، بە پێچەوانەوە لە تەك کوردەکان پریستیژ (سومعەی) دەوڵەتی سوریی و سەرۆکەکەی بەو رەفتارانە لەکەدار بووە.
لەلایەکی دیکەوە رێگەنەدان بەو نیمچە ئۆتۆنۆمییەی کورد هەیەتی و داواکردنی رادەستکردنی ناوچەکایان بەر لە هێرشە سەربازییەکانی تورکیا پێشتر دەریخست بۆ هێزە کوردییەکان کە سوریا یەکەم دەوڵەتە لە دنیادا بەشێك لە گەلی خۆی بە داگیرکردنی لەلایەن دەوڵەتێکی دیکەوە دەترسێنێت، بێباکیشە ئەگەر ئەو ناوچانە لە دەستی دوژمنی دوژمنەکەیدا بن.
پێگەی کوردیش لەناوخۆدا لەرزۆکە، هەرچەندە بە روالەت بەهێز دەردەکەوێت بەهۆی هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەمریکا و روسیا بەجیا لە هەندێك لەو ناوچانەی تا ئێستا لە هەڕەشەی هێرشی تورکیا پارێزراون، هۆکارێکی دیکە کە پێگەیان بەهێز نیشان دەدات ئەو سەرچاوە سروشتییانەیە کە لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتن.
هێزە کوردییەکان یەکدەگرن لە گوتاردا لە کاتی قەیراندا بەڵام لە گۆڕەپانی گۆڕانکارییەکاندا ئەو شێوە دروشم هاویشتنانە جگە لە دەربڕینی توڕەییی پێکەوە بەرامبەر بە قەدەرێکی سەپێنراو شتێکی ئەوتۆی بەرجەستەکراویان درووستنەکردووە، لەبەر ئەوەشە ئەو دروشمدارییە پتەوبوونێکی پان-کوردیی بۆ یەکڕیزی سەربازی و سیاسی نەهێنایە ئاراوە لە کاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
کاردانەوەی لایەنە کوردییەکان لە سوریا لە بەرامبەر گوتەکانی ئەم دوایییانەی ئەسەدیش لە هەمان بازنەدا خولایەوە، بە یەك دەنگ دژی وەستانەوە بەڵام زوو کەوتنەوە رەخنەگرتن لە یەکدی چونکە هەر یەکەیان هێزێکی لە خۆی گەورەتر پێگە سیاسییەکەی دیاریدەکات، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە وای کردووە کورد وەك پێهاتەیەكی ئەتنیکی لە قەوارەیەکی لاوازدا بمێنێتەوە، پاشان بەهۆی رەگداکوتانی کێشە ناوخۆیییەکان لە ئەنجامی دابەشبوونی مێژوویی چاواڕوانناکرێت بەئاسانی و بەخێرایی وەك پێکهاتە لەو چوارچێوە دەقگرتووە بۆ دۆخێکی باشتر بێتە دەرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نابەرابەری هێز و ئابوریی و ژمارەی دانیشتوان، هەروەها جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان کە ناوچەی سەختی شاخاویی نین تا بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردیی بتوانێت سەرئێشەیەکی گەورە بێت بۆ دەوڵەت وەک باکور و باشور و رۆژهەڵاتی کوردسان.
سیاسەتی ئەم سەدەیە دەریخستووە دانوستان باشترە لە کاردانەوەی پڕ لە دروشمی توند، کە لە رۆژهەڵاتی ناویندا ئاسان لەدەستدەردەچێت و خێرا خوێنڕشتنی لێدەکەوێتەوە بەهۆی جیاوازییە زەقەکانەوە، بۆیە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق لەوانەیە هێشتا بژاردەیەکی باش بێت بۆ کورد تا لە کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا دووریبخەنەوە، بەرپرسە کوردەکانیش لە سوریا تا ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و بێگومان بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان گرنگن و هەمەجۆرن، لەنێوان قامیشلۆ و دیمەشق فڕۆکەخانە هەیە، نەوت و غاز بەرهەمدەهێنرێن، کڕینی دانەوێڵەی جوتیاران هەیە، شەڕکردنی جیهادییەکان دەکرێت و کۆمەڵێك ئاڵوگۆری دیکە بەئاشکرا و بەنهێنی بەناو ترافیکی کورد و رژێمدا رۆژ و شەو دێن و دەچن.
هەرچەندە زۆر بە دڵی کوردیش نییە بەڵام زۆربەی رێگاکان تا ئێستا دەچنەوە دیمەشق، چونکە راستییە تاڵەکە ئەوەیە هیچ گارەنتییەکی نێودەوڵەتی نییە بۆ پشتیوانیکردن لە بزاوتە سیاسییە کوردییەکان لە سوریا و ئەوەی تا نوکەش بینراوە –لە دەرەوەی شەڕی دژ بە داعش- بێدەنگی و بێلایەنی و خۆدزینەوەی بەرپرسانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە لە کاتی توندترین پەلامارەکانی تورکیا ئەنجامیداون بەدرێژایی ئەو جەنگە ناوخۆیییەی تا ئێستا تەپڵی نەوەستانی لە لێدان بەردەوامە. دوێنێ سیناتۆری ئەمریکیی لینزێی گراهام لە تویتێکدا گوتی کە “شەڕی داعش بەردەوامدەبێت. لە بەرژەوەندیی ئاساییشی نیشتیمانیی ئێمە کە بەردەوامیی بدەین بە هاوبەشیی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە هاوکاریی لەناوبردنی داعشیان کرد.” سەرەڕای ئەوەی ئەو جۆرە پشتیوانییانە لە ئەمریکا بەردەوامن، بەڵام هێشتاش پشتیوانیی ئەمریکا لە پشتیوانیی عەسکەرییەوە نەبۆتە پشتیوانییەکی سیاسیی.