شۆڕشی ڤایرۆسەکان

بەشکردن:

گۆران رەسوڵ 

 

یەک

پێچەوانەی ئەو هەڵپەیەی مرۆڤ کە بۆ گۆڕانکاریی و بۆ داپڵۆسین و کۆنترۆڵکردنی هەموو گەردوون هەیەتی، ڤایرۆسەکان بە ئارامییەکی زۆر و بەشاراوەیییەوە جەستەی مرۆڤ دەتەنن و ئەو هێز و دەستەڵاتە چاوچنۆکییەکەی مرۆڤ دەخەنە بەردەم پرسیار و گومان. بە جۆرێک کە ڤایرۆسەکان نەک هەر دەبنە مەترسی بۆ سەر گیانی کۆمەڵێک کەس، بەڵکو لە زۆر باردا گرفت و کۆسپی گەورە بۆ کەرتی ئابووری و پەروەردە و لایەنەکانی تر لە جیهاندا دروستدەکەن. بەدرێژایی مێژووی کاپیتالیزم، سەرمایەدارەکان و سیستەمە کاپیتالیزمە سیاسییەکان مرۆڤ، ئایین، زانست و هەر شتێک لە گەردووندا هەیە خستوویانەتە خزمەتی خۆیان و بە بەردەوام سەدان شێوازی جیاوازی کۆیلایەتیی و کۆنتڕۆڵکردنیان هێناوەتە کایەوە. کاپیتالیزم لەپێناو دەستکەوتەکانی خۆی، فۆڕم و ماهیەتی هەموو شتێکی گۆڕی، بە جۆرێک تەنانەت جووڵەی و ماوەی بەرهەمهێنا و دروستبوونی هەموو بەرهەمێکی سروشتیی و دەستکردیشی خستە ناو ماکینەی خێرایییەوە. دروستکردنی خواردنی خێرا، خێرا گۆڕینی شێوازی ژیان، پێشبڕکێکردن لە خێرا خستنەبازاڕی کەلوپەل و ئامێرەکان، ڕێژەی زۆر و خێرا بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشک و تەماتە و تەنانەت ئاوی دڵۆپێندراو. ئەمە جگە لە قوتوونانی هەموو جۆرە سەوزە و میوە و گیانەوەرێک. هەر بۆیە دەبێ لە وەها سەردەمێکدا چاوەڕێی مەرگی خێرا و ڤایرۆسی خێراش بیبن. چۆن سەرمایەدارەکان خێرا لە ڕێگەی وزە و ژیانی خەڵک، لەسەر دابڕینی سروشت و پڕکردنەوەی زەریاکان خێرا بوونە خاوەن سامان و داهاتی سەدان بیلیۆنی، ڤایرۆسێکی خێرا و بزاوتیش دەبێتە خاوەنی جیهان و کۆنتڕۆڵی هەموو بازاڕ و بۆرسە جیهانییەکان دەکات. ئینسان هەرچەندە پێشبکەوێت یان هەوڵی کۆنترۆڵکردن و قۆزتنەوەی سەرچاوەکان بکەوێت، ناتوانێت شەڕی سروشت بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە هەر مرۆڤ بە گشتیی و بە شێوەیەکی تر دەبێتەوە بە قوربانیی. 

دوو

لە ژێر دروشمی بەجیهانییبوون “Globalization”دا، سەرمایەداریی بە شێوەیەکی تر دەستی بەسەر ئابووریی و ئاساییش و هەموو سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤدا گرت، ئەمەش بۆ ئەوەی جیهان ببێتە گوندێکی بچووک و سەرمایەدارەکان ئاسانتر و خێراتر کۆنتڕۆڵی بکەن. بەڵام کاتێک ململانێی گەورە و چاوچنۆکانە لەناو سەرمایەدارەکان و بازرگانەکان دەگاتە ئاستی ئەوەی کە هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران و سروشت نەمینێتەوە و لە ڕێگەی سیاسەتی وڵاتانەوە ئەم جەنگ و ململانێیە تۆخ بکرێنەوە، ئەم هەسارە دەکەوێتە بەردەم سەدان هەڕەشەی گەورە و قەیران و وێرانکاریی. یوڤال نۆح هەراری، پڕۆفیسۆر و مێژووناس، لە کۆربەندی ئابووریی جیهانیی ٢٠٢٠ لە داڤۆس لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە لە داهاتوودا شۆرشی ڕۆبۆتەکان بە جۆرێک بێت کە مرۆڤ هاک بکات و هەموو ئاکتێکی مرۆڤ بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕۆبۆتەکان، هێزی هەموو گۆڕانکارییەکان لە شوێنێکدا لە دەستی مرۆڤ دەردەهێندرێت و دەکەوێت دەست ڕۆبۆتەکان کە ڕەنگە ئاڕاستەی گۆرانکاریی و ئامانجەکان پێچەوانە ببنەوە. ئەمەش پێشبینی جۆرێکی تری بەجیهانیبوونە لە ڕێگەی ڕۆبۆتەکانەوە، کە دەکرێت بڵێین بە ڕۆبۆتبوون “Robotization” و هەموو سیستەمەکانی بەڕێوەبردن ببن بە بەشێک لە “Robotic Globalization”. بەڵام بەر لە شۆڕشی ڕۆبۆت و ئامێرە پڕ دوگمە و شاشەدارەکان، ڤایرۆسەکان پەیامێکی تریان بۆ مرۆڤ و گڵوبالیزمییەکەی کاپیتالیستەکان نارد، کە زۆر بەئاسانیی لە رێگەی ڤایرۆسێکەوە ئەم گوندە لێکدراوە دووبارە بەهای بۆ بگەڕێتەوە و چی تر لە ڕێگەی بەگڵوبالیزمبونیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و بەجهیانیبوونی هەموو سێکەتەرەکانی ترەوە خوێنی مرۆڤ نەکرێتە کاڵا، سروشت و هەموو پێکهێنەرەکانی نەخرێنە ناو قوتوو و نەبن بە خواردنی خێرا. هەر بۆیە بەر لەوەی مرۆڤ ڕووبەڕووی جەنگی ڕۆبۆتەکان ببێتەوە، شۆرشی ڤایرۆسەکان بە مرۆڤ دەڵێن کە ئەم بە جیهانیبوونە دەبێت ببێتەوە بە دوو لەت و “جیهان” نەبێتە کۆیلەی “بوون”. 

سێ

شۆرشی ڤایرۆسەکان هەر وەستانێکی کاتیی و شەپۆلێکی تاعون و مردن نییە، بەڵکو جیهان هەر وەک دوای ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ پێدەنێتە قۆناغێکی ترەوە. لەمەودوا وڵاتان و هەموو سیستەمەکانیان ناچاردەبن بەراوردی خۆیان لەسەر بنەمای پێش کۆڤید-١٩ و دوای کۆڤید-١٩ بکەن. ڕەنگە دوای کۆڤید-١٩ بۆ هەر سیستەمێکی بەڕێوەبردنی تەندروستیی یان ئابووریی بژاردەی جۆراوجۆر هەبن، بەڵام لەمەودوا ڤایرۆسەکان نێچیرێکی ئاسان نابن و هەر وەک فراوانبوون هێز و باڵادەستی مرۆڤ ئەوانیش بە فۆڕمی نوێ و بە باڵادەستییەوە نمایشی خۆیان دەکەن. بە جۆرێک لە داهاتوودا ڤایرۆسەکان و ڕۆبۆتەکان لە یەک کاتدا دەبەن بە یەک بەرە دژی مرۆڤ. کۆڤید-١٩ جارێکی تر ئەوەی بۆ سەلماندینەوە کە دەستەڵات و هێزی کاریگەر پەیوەندی بە بچووکی و گەورەیی قەبارە نییە، ڤایرۆسێکی ئێجگار بچووک جیهان لە جووڵە ڕادەگرێت و دەیخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ و جیاوازەوە. هەر بۆیە شۆڕشی ڤایرۆسەکان لە سەدەی بیست و یەکدا، شۆڕشی دروستکردنی چەندان پرسیارن دەربارەی داهاتووی مرۆڤ کە لە شوێنکدا مرۆڤ دەخاتەوە ناو قاوغەکەی خۆیەوە و لە وەهمی سەنتەربوونی لەم گەردوونەدا ڕایدەچڵەکێنێت. 

 

بەشکردن: