ئەرکی کێیە نەخۆشخانە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکات؟

بەشکردن:

میرە جاسم بەکر

فەزای دنیای ئێمە لە بەرانبەر ئەو روداو و پرسانەی لە کۆمەڵگەدا رودەدەن، وەک هەر کۆمەڵگایەکی دی، تایبەتمەندیی خۆی هەیە. کاردانەوە و دونیابینیی بۆ روداوەکان زۆرجار سەرنڕاکێش و زۆرجاریش کۆمی-تراجیکن. نزیکبوونەوە لە بابەتەکان، کێشەکان، و چارەسەرییەکان، زۆرکات، وابەستەکە دەکەین بە ئەرکی تاکەوە. زۆر کەس تاک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە بەرپرسیارێتیی خۆی و پێیوایە تاک سەنتەری چارەسەرکردنی کێشەکانە و شوێنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەگرێتەوە. لە لایەکی ترەوە حیزب و دەزگا سێبەرەکانیان، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کارگەلێک کە شوێن پێی خۆیان و مانەوەیان مسۆگەر دەکات و گرنگی و بوونی دامەزراوە ڕادەماڵن. واتە، ئەرکی دەوڵەت لەلایەن تاک و حیزبەوە دەگیرێتەبەر کە ئەو ئەرکانە لە دنیای مۆدێرندا ئەرکی دامەزراوەکانە کە دابینیبکەن، نە تاک و نە حیزب نابێت پەیوەست بکرێن بەو پرسانەوە.

سیستەمە سیاسییەکان لە دنیادا نەریت دروستدەکەن. نەریتەکان تاکەکان ئاراستەدەکەن و دەیانکەنە خاوەنی کۆمەڵێک بیری جیاواز. بە هەمان شێوە، سیستەمە سیاسییەکان ئەرکی دەوڵەت بەرانبەری تاک و تاکیش بەرانبەر بە دەوڵەت بەرهەمدەهێینن. بە تێپەڕبوونی کات و پیادەکردنی کۆمەڵێک نەریتی تایبەت، کە سیستەمە سیاسییەکە بەرهەمێنەرێتی، تاکەکانیش خودەگرن بە نەریتەکانەوە. ئیدی دامەزراوەکان ڕێچکەی ئەو نەریتانە دەگرن کە سیستەمە سیاسییەکە خولقێنەرێتی. واتە، پێگەی دامەزراوەکان نەریتەکان دایدەڕێژن. ئیدی، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتیە لەوەی کە ئەو سیستەمە سیاسییە چ نەریتێک بەرهەمدە‌هێنێت و دەوڵەت دەکاتە خاوەنی چ جۆرە دامەزراوەیەک، لە ئەنجامدا. ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا جێی مەترسییە، بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک نەریتە لەلایەن دەستەڵاتدارێتیی سیاسییەوە کە لە بەرانبەر بەرپرسیارێتییەکان هەڵدێت و هاووڵاتییان دەخاتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە بەرپرسیارێتیی خودی دەوڵەت و حکومەتن، وەک دروستکردنی بەنەریتکردنی دروستکردنی نەخۆشخانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە و پارەبەخشین بە حکومەت بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

لێرەدا، پێدەچێ، کۆرۆناڤایرۆس و چەند ڕووداوێکی تر هەلێکی دروستکردبێت بۆ تێگەیشتن لەو نەریتانەی کە سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرهەمیهێناون. سیستەمە سیاسییەکە دروستکراوی دەستی حیزبە دەستەڵاتدارەکانر. پێم باش بوو، دوو لەو نەریتانە گەنگەشە بکەم. یەکەم، هەروەک ئامەژەی پێدراوە، بریتییە لە دروستکردنی بەرپرسیارێتییەکی هەمیشەیی تاک بەرانبەری بە دەوڵەت، کە کۆمەڵێک بەرپرسیارییەتین هی تاک نین. بۆ نموونە، لەم ڕۆژانە، دەبینین کە لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، و هەولێر نەخۆشخانە دروستدەکرێن لەلاین سەرمایەدارانەوە، نەک هەر ئەوانەش، پارێزگاری سلێمانی دەڵی ‌‌ئەژماری بانکیان کردووەتەوە بۆ پارە بەخشین.

 لێرەدا، جێگەی دەستخۆشییە کە سەرمایەداران و هاووڵاتییان بیانەوێ هاوکاریی وڵاتەکەیان بکەن، هەروەک لە هەموو وڵاتان دەکرێت بەڵام دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ کۆرۆنا ئەرکی سەرمایەدار نییە، ئەرکی ‌حکومەتە. سیستەمەکە حکومەتێکی بەرهەمهێناوە کە پشتببەستێت بە بەخشینەکانی تاکەکەن و بیانکات بە نەریتێکی ئەخلاقیان. ‌نموونەیەکی دیاری تر، هەموو کات بە باسی نەخۆشخانەی هیوا دێتە پێشەوە، خەڵکی دەڵێن “تخوا باوەڕداران پارە بدەن بەو نەخۆشخانەیە باشتر نییە وەک لەوەی بچن بۆ سعودیە؟” لێرەدا، تاکەکان ناڵێن، ئەوە بۆ ‌حکومەت دەرمان و کەلوپەلی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابینناکات، راستەوخۆ بیریان بۆ ئەوە دەچێ کە ئەوە ئەرکی هاووڵاتییە کە هاوکاری و بەرپرسیارێتی ئەو جۆرە کارانە هەڵگرێت، کە وەک گوترا، ئەرکی ‌حکومەتن. 

هەروەها، کۆمەڵێک دامەزراوەی ‌حیزبی، یاخود نزیک لەوانەوە، هەڵدەستن بە هاوکاریکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکی ‌‌حکومەت لە پێناو بەردەوامیدان بە پێگەی خۆیان. دەبێت جێی پرسیاری جدی سەرەکی خەڵکی بێت کاتێک دەبینێت کە دەزگایەکی خێرخوازی هەرێم هاوکاری بنێرێت بۆ ئوستورالیا و ڕێکخراوێکی تر تەرمی کۆچبەران لە یۆنانەوە بێننەوە. کۆمیدییە بەشانازییەوە دەڵێن لەسەر بودجەی خۆیان ئەو کارەیان کردوە. ئەمە نەک حیزب و تاک بۆ دەکات بە جێگرەوەی دامەزراوە، بەڵکو هاووڵاتیش دەستەمۆ و ناچاری هاوکاری ئەوان دەکات. سیستەمە سیاسییەکە هاووڵاتی دەکاتە گێژاوێکەوە کە چیدی خۆی بۆ نادۆزرێتەوە. 

بەهۆی سیستەمی سیاسییەوە وڵات چۆڵدەکات یاخود لەنێو وڵاتدا دەربەدەر دەبێ، دوایش ئەو تۆوە لە بیریاندا دەچێنرێت، کە ئەوە سیاسییەکان و حیزبەکانن لە کاتە هەستیارەکاندا بە هانایانەوە دەچن. لەپای ئەمەشدا، کێبڕکێیەک دروستبووە لەنێوان دوو حیزبەکەدا بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتی، بەو مانایەی کە هەموو کات خەریکی کاری خێرخوازین. ئامانج لێی دروستکردنی ئەو نەریتەیە  کە ئەوە تاک و پارتی سیاسییە کە بە هانای هاووڵاتییانەوە دەچن وخەمیان دەخۆن، نەک حکومەت و دەوڵەت.

ئەم سیستەمە سیاسیە هەوەک ئەم نەریتانە بەرهەم دەهێنێت، قەیرانی بەردەوامی درێژخایەنش دەخولقێنێت و ژێرخانێکی لاوازی دامەزراوەیی بۆ وڵات دەهێنێتە ئاراوە. لەبەرامبەردا، پێگەی پارت بەردەوام بەهێزدەکات و ڕێگەیان پێدەدات ڕەگ داکووتنە هەموو دامەزراوە سیاسییەکان و قۆرخی ئابووری بکەن. پێگەی حکومەت لاواز دەکات بە ئەندازەیەک کە بەردەوام لە قەیراندا دەبێت. ئەوەی زەرەردمەندی یەکەمە لەم سیستەمەدا هاووڵاتییە. لەبەر ئەوە پێویستییەکی گرنگە کە هاووڵاتییان هۆشیار ببەنەوە لە لێکەوتەکانی ئەم سیستەمە. دەبێت لەو راستییە بگەن کە بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە بەخشین و هاوکاری ئەوان دیاردەیەکی، نەک ناتەندروستە، بگرە لە خزمەتی بەرژەوەندیی سیستەمی دو-حیزبییەکەدایە.

لەبەر ئەوەیە دەبێت بیرێکی رەخنەگرانە بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو نەریتانە بکرێتەوە. پێویستە هەژموونی نەریتی ئەو سیستەمە سیاسییە لاواز بکرێت و لە شوێندا بیری بەبەرپرسیارهەڵگرتنی بەرهەمهێنەرانی ئەو سیستەمە بێتە ئاراوە. لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان لە دوڕیانێکدایە: یا هێشتنەوەی ئەم سیستەمە کە بە بەخشین و دەرۆزەکردن بەڕێوەدەچێ، کە بەردەوام قەیرانی یەک-لە-دوای-یەک دەخوڵقێنێت، یاخود دەستپێکردنی ئەو هەنگاوانەی کە دەبنە گۆڕانی سیستەمەکە یا گۆڕان لە خودی سیستەمەکەدا.

 

بەشکردن: