ئایا دیاردەی خۆبەکەمزانین دیاردەیەکی کەلتورییە؟ 

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

دیاریدەی خۆبەکەمزانین یان خۆبەگەورەترزانینی تاکەکان بەرامبەر یەکتر دیاردەیەکی بڵاوی ناو هەمو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتییە، کە لە ژیانی رۆژانەدا بە چەندین جۆر و شێوە خۆی دەنوێنێت. دەرونی مرۆڤ پێکهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزە و بونی گرێی جوراوجۆری دەرونی لای مرۆڤ شتێکی نائاسایی و شەرمهێنەر نییە، بەڵکو بەشێکی ئاسایی پێکهاتەی دەرونیی مرۆڤە. هەمو مرۆڤێک بە هۆکارەکانی پێکهاتەی بایۆلۆژی و جەستەیی، ژینگەی پەروەردەیی و روداوە کاریگەرەکانی ژیانی بەشی خۆی گرێ دەرونی بۆ دروستدەبێت. ئەمە کاتێک دەبێتە کێشە کە گرێکە بە هەر هۆکارێک بێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بەمەش نەک تەنها کەسەکە، بەڵکو کۆمەڵگەش گرفتار دەکات.

دەرونناسی نەمساوی ئەلفرێد ئادلەر بونی ئاڵۆزی گرێی دەرونی تەنها بە زیان بەخش نابینێت، بە بۆچونی ئەو گرێیی دەرونی دەتوانێت زۆر جار بۆ کەسەکە و کۆمەڵگەش بە سود بگەڕێتەوە. ئەو بۆچونی وایە، کە فەزڵی گەورەی بەشێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە مەزنەکانی مرۆڤایەتی بۆ کەسانی خاوەن کێشەی ئاڵۆزبونی گرێی دەرونی خۆبەکەمزانین دەگەڕێتەوە، چونکە کەسانی خاوەن ئەم کێشەیە هەمیشە لە ڕێگەی هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و دەستەڵات هەوڵی قەرەبوکردنەوەی هەستکردن بەبچوکینینی خۆیان دەدەنەوە. ئاڵۆزبونی گرێی دەرونی و هەستی خۆبەکەمزانین بەتەنها بەس نییە بۆ سەرکەوتن یانیش گەیشتن بە دەستەڵات، ئەگەر کەسەکە بەهرەیەکی سروشتی سەروئاسایی نەبێت. بە هەمان شێوە مەرجیش نییە کە هەمو کەسێکی سەرکەوتو یان دەستەڵاتدار، دەبێت کێشەی ئاڵۆزبونی گڕێی دەرونی هەبێت. 

دەرهاوێشتەکانی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی خۆیان لە لەدەستدانی هاوسەنگی لە تێگەیشن و هەڵسەنگاندنی خود و دەوروبەر بەرجەستە دەکەن و کاریگەری راستەخۆ لە سەر دەربرینی هەستی رۆژانەی کەسەکان دادەنێت. هەمو مرۆڤێکی ئاسایی بەشی خۆی پێویستی بە دەربرنی هەستە بنەڕەتییەکانی وەکو ترس، گومان، متمانە، خۆشەویستی و ڕق هەڵگرتن هتد هەیە، بەڵام کاتێک کەسێک کۆنترۆلی هاوسەنگی لە دەربڕینی هەستەکان لەدەستدەدات و هەمو شتێک بەڕەهایی یان نزیک لە رەهایی دەبینێت، ئەوە دەکرێت وەکو ئاماژەیەک بۆ بونی ئالۆزیی گرێ دەرونی بخوێنرێتەوە. ئەمانە دەکرێت لە ڕێگەی دەڕبرین و هەڵسوکەوتی رۆژانەیان بناسرێنەوە. بۆ نمونە هەوڵی زەقی سەرنجراکێشانی دەوروبەر، هەوڵی زەقی بەدەستهێنانی ئیعجابی دەوروبەر، متمانەبەخۆبونی یان بەخۆنەبونی لەرادەبەدەر لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کەسانی خاوەن ئەم کێشەیەن، کە لە زۆر حاڵەتدا سەردەکێشت بۆ نارسیزم. ئەوانەی دەتوانن لە ڕێگەی سەرکەوتنی کەسیی لە بوارەکانی ئابوری و زانستی، هونەری، فەرهەنگی و خوێندن و رۆشنبیری تۆمار بکەن، دەتوانن لەو ڕێگەیەوە تا ئاستێک قەرەبوی ناهاوسەنگی هەستەکانیان بکەنەوە. کێشەی زۆربەی ئەم کەسانە بەڵام ئەوەیە، کە هەمىشە پێویستیان بە سەکۆیەکە کە تیایدا خۆیان نمایش بکەن، سەرەنج راکێشان و ئیعجابی رادەبەدەری دەورەبەر رابکێشن. ئەمە ناودەنێن کۆمەڵەی یەکەم. کۆمەڵەی دوەم ئەو کەسانەن، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی گەیشتن و پەىڕەوکردنی راستەوخۆی دەستەڵات، قەرەبوی هەستەکانیان بدەنەوە. بە هۆی جیاوازی توانا و بەهرەی کەسەکان لەلایەک و پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە لایەکی تر، هەر کەسەو بە پێی ئاستێک دەچێتە ناو تۆری پەیوەندییەکانی دەستەڵات. رویداوە و رودەدا کە کەسێکی کۆمەڵەی یەکەم بە سودوەرگرتن لە سەرکەوتویی لە بوارەکەی خۆی، پێگەی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناو کایەکانی دەستەڵات. تۆری پەیوەندییەکانی دەستەڵات هەمو ئەو شوێنەنانە دەگرێتەوە کە دەستەڵات تیایدا پەىڕەودەکرێت، جا قوتابخانە، زانکو، فەرمانگەیەکی ئاسایی، حزب، کۆمپانیا، ڕێکخراو، پارلەمان یان مزگەوت بێت. خەسڵەتە دیارەکانی ئەو کەسانە ئەوەیە، کە هەمىشە گوێڕایەڵی و سەرنجی رەهای خوارەوەی خۆیان دەوێت و گوێڕایەڵی ڕەهای سەروی خۆیانن. ناتوانن هیچ هاوسەنگییەک لەنێوان هەستەکانی وەکو ترس و گومان و متمانە هتد رابگرن، هەمیشە لە ترس و گومانی بەردەوامدان بەرامبەر دەوروبەر، متمانە بە هیچ شتێک و کەسێک ناکەن. هەمیشە پشتراستکردنەوەی دەرووبەریان دەوێت. بەهای خۆیان لە بەهای دەستەڵات و پێگەکەیان وەردەگرن. بچوکترین دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ نماییشکردن و پشاندانی دەستەڵات. کاتێک ئەم کەسانە هەست بە مەترسی لەدەستانی سەرنجراکێشان و ئیعجابی دەوروبەر یاخود دەستەڵات دەکەن، دەکەونە دۆخی دڵەراوکێی بەردەوام، بەشێکی کەمیان گرفتاری کێشەی نامۆبونی کۆمەڵایەتی دەبن، بەڵام بەشە زۆرەکەیان گڕێی دەرونیەکانیان بەتەواوی ئاڵۆز دەبێت، بەو هۆیەش بە بچوکترین رەخنە و تێبینی بریندار دەبن و رقێکی قوڵ هەڵدەگرن، کە وەکو ژەهر دەرخواردی کۆمەڵگە و کایەی گشتیی دەدەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ کەلتور.

ئایا ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە کەلتورەوە هەیە؟

پێش ئەوەی بچینە سەر رۆڵی کەلتور، پیویستە ئاماژە بە بۆچونی زانایانی دەرونناسی بکەینەوە کە دروستبونی هەستی خۆبەکەمزانین پێش هەمو شتێک دەگەڕێننەوە بۆ گرێیە سەرەتایییەکانی سەردەمی منداڵیی، کە تێیدا منداڵ بەهۆی ئەوەی هەمیشە چاوی لە دەستی گەورەکانە، یارمەتی و پشتگیری بکەن،  هەستی خۆبەبچوک یان کەمبینینی بەرامبەر گەورەکان بۆ دروستدەبێت. ڵەبەر ئەمەش دامەزراوەی خێزان و دەوروبەری کۆمەڵایەتی وەکو یەکەم وێستگەی پەروەردەیی رۆڵی سەرەکی دەبینن لە خاوکردنەوەی یان زیاتر ئاڵۆزکردنی گرێ دەرونییەکان. وەکو پپێویستییەکی باسەکە بە تیشکخستنە سەر ڕوڵی کەلتور لە سەر پەروەردەی منداڵیەوە دەستپێدەکەین. 

بۆچونێکی باو  هەیە کە پێیوایە کەلتور لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی پەرەوەردەی منداڵ تا تەمەنی لاوێتی رۆلێکی ناوەندی دەگێرێت، چونکە هەمو هەڵسوکەتێک و رێنمایی پەیوەست بە سزا و پاداشت، رێپێدراو و قەدەغەکانەوە هتد بە ناوی کەلتورەوە پاساودەدرێت و رەوایەتییان پێدەدرێت. بەڵام ئەو بۆچونە تەنها کاتێک دروستە، کە تێگەیشتن و تێروانینمان بۆ کەلتور زۆر تەسک بێت و  کەلتور وەکو سیستەمێکی ئەوتۆنۆمی تەواو و گشتگیر و نەگۆڕ و بەروی کەلتورەکانی تردا داخراو پێناسە بکەین. لە ئێستادا هیچ کەلتورێکی داخراو بە روی دەرەوە نییە، واتە سیستەمە کەلتورییەکان هەمیشە لە گۆڕانکاریی بەردەوامن، بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری هەر کۆمەڵگەیەک، باوەڕ و رەگەز و ئامراز و کۆدەکانی خۆی دەگونجێنێتەوە، بەو هۆیەشەوە هەر کەلتورێک بۆ هەر بابەتێک دەکرێت لە یەک کات و شوێندا چەندین رێگەی جیاوازی پەروەردە و ڕێپیشاندان و چارەسەری هەبێت، دەکەوێتەوە سەر کەسەکان کام لە ڕێگەکان هەڵدەبژێرن.

لەو روانگەیەوە هیچ کەلتورێک هیچ دایک و باوکێک ناچار ناکات لە پێدانی سۆز و خۆشەویشتی، بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکوتکاری، سزا و پاداشت، هاندان و شکاندنەوە، پێزانین یان نەزانینی سەرکەوتنەکانی منداڵەکانیان، کەمتەرخەمی یان زیادەرۆیی بکەن، ئەوە زیاتر پەیوەستە بە باری دەرونی و ئاستی هۆشیاری دایک و باوک، نەک کەلتور خۆی. لە خوێندنگە و زانکۆکانیش بە هەمان شێوە، کەلتور هیچ مامۆستایەک ناچار ناکات، بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست توندوتێژ یان نەرم بێت لەگەڵ قوتابی و خوێندکار. هەڵسوکەوتی مامۆستاکە پێش هەموشتێک ڕەنگدانەوەی باری دەرونی و ئاستی هۆشیاری خۆیەتی، ئەگەر باری دەرونی مامۆستایەک خۆی هاوسەنگ بێت، ئەوە دەتوانێت سەرەرای کەموکورییەکانی سیستەمی پەرەوەردە و خوێندن، باشترین و هاوسەنگترین نمونە پێشکەش بە فێرخوازەکان بکات. رۆڵی کەلتور لە خۆیدا بۆ سەر دروستکردنی بنەماکانی کەسایەتی تاک مەرجدارە، بەو واتایەی ئەوەی رۆڵی گەورە دەگێرێت بەشێکی گوتاری کەلتورییە، کە ئەویش تەنها بەشێکە لە کەلتور نەک کەلتور هەموی. گوتارەکانی کەلتوری رۆلێکی سەرەکی دەبینن لە پێدان و دانانی بەها و مانا بە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و ئاكار و ڕەوشت و كردەوەکان. کاتێک تاکێک بە هۆکاری ناتەندروستی پەروەردەییی خێزانی و قوتابخانە گرێی دەرونی بڕوابەخۆبونی بەرەو ئاڵۆزبون دەچێت، دەکەوێتەوە سەر گوتارەکانی کەلتوری رۆژانە کە تا چەند گرێکان ئالۆزتر دەکەن یان خاویان دەکاتەوە.   

گوتاری کەلتوری خۆی لە گوتاری رۆژانەی کایەکانی ژیانی گشتی وێنەدەکات. بە هۆی گەیشتنیان بە زۆرترین کەس، لە ئێستادا کایەکانی سیاسی و رۆشنبیری و ئاینی گرنگترین کایەکانی بەرهەمهێنانی گوتاری کەلتورین لە هەرێمی کوردستان. هەر یەکێک لەو کایانە بە لۆژیک و پاڵنەری جیاواز تێگەیشتن و بینینی خۆیان بۆ پرسە کەلتورییەکان بەیان دەکەن و لە رێگەیەوە مانا و بەها دەبەخشنە ڕەفتار و  هەڵسوكەوت و ئاكار و ڕەوشت و كردەوەکانی تاک و کۆمەڵگە. لە سەکۆیەکانیان بە پێی هۆشیاری و تێگەیشتن و بەرژەوەندییەکانیان پێناسەی سەرکەوتن و شکست، باش و خراپ، ماف و ئەرک، بەسود و بێسود، پێشکەوتو و دواکەتو هتد بۆ تاک و گروپەکانی ناو کۆمەڵگە دەکەن. 

ئەگەر بۆ نمونە لە کایەی سیاسییەوە دەستپێبکەین، دەتوانین بە چەند نمونەیەکی زیندوی رۆژانە ئاماژە بە دەرکەوتەکانی ئەم دیاردەیە بکەین. کاتێک بەرپرسێکی سیاسی، جا لە بەرەی حوکمڕان بێت یان ئۆپۆزیسیۆن، کۆمەڵگە دابەشی سەر دو بەرەی رەهای قوربانی و جەللاد، باش و خراپ، گەندەڵ و پاک، نیشتیمانپەروەر و گێرەشێوێن هتد دابەشدەکات، ئەوە هەمان شت دەکات، کە مەلایەکی مزگەوتێک دەیکات، کاتێک کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەها بەسەر باش و خراپ، بەڕەوشت و  بەدڕەوشت، ئیماندار و کافر هتد. دابەشدەکات. کاتێک رۆشنبیرێکی کورد، بچوکترین روداوی رۆژ یان قسەی بەرپرسێک یان مەلایەک دەکاتە بەهانە، بۆ ئەوەی هەستی خۆبەکەمزانینی خۆی بەسەر کەلتور و کۆمەڵگەدا بەتاڵ بکاتەوە و مۆری دواکەوتویی بەسەر کەلتوری کوردییدا دەدات، ئەوە بێ هیچ گۆمانێک خاڵە لێکچوەکانی زیاترە لە خاڵە جیاوازەکانی لەگەڵ بەرپرس و مەلای ئاماژەپێدراو، بە لایەنی کەمەوە ئەوەی پەیوەندی بە هەستی خۆبەکەمزانینەوە هەیە. کاتێک گوتاری میدیای دەبێتە چەقی گواستنەوەی ئەم گوتارە ناهاوسەنگە، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئەوانیش نەک نەیانتوانیوە جیاوازبن لەوان، بەڵکو بونەتە تەواوکەرێکی ترسناکی ئەم گوتارە.

کاریگەری راستەخۆی ئەم گوتارە کاتێک پەلدەهاوێتە ناو کۆمەڵگە، کە تاک و گروپەکان دەکەونە  ژێر کاریگەرییەکانی ئەم لۆژیکە ناهاوسەنگە و لە ژیانی رۆژانەیان بە هەمان دوانەی ڕەهای باش و خراپ، مانا و بەهای ڕەها بە رەفتار و کردارەکانی خۆیان و دەوروبەر دەبەخشن. ئەنجامی ئەم لۆژیکەش بۆ سەر کەسانێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە، کە لە منداڵییەوە تۆوی لەدەستدانی هاوسەنگیی هەستەکانیان تێدا چێندراوە خۆی لە دەربڕینی هەستەکانی وەکو ترس و متمانە و خۆشەویستی و رقهەڵگرتن هتد بە شێوەیەکی ڕەها بەرجەستە دەکاتەوە. ئەمەش وێنەیەکی درۆیینەی شێواو سەبارەت بە خود و دەورەبەر و کۆی پرس و بابەتەکانی ژیانی گشتی بەرهەمدەهێنێت. هەر رەخنە و دیدێکی پێچەوانەی ئەم وێنە چەسپاوانە بەرەو روی سەخترین دژایەتی دەبێتەوە، کە لە جوێندان و سوکایەتی ێکردن و بریندارکردنی هەستەکان بەرامبەر یەکتر رەنگدەداتەوە. 

گوتاری هەستبزوێنی ناهاوسەنگ تەنها خۆی لەوە بەرجەستە ناکات کە مەترسی ئەوەی هەیە ببێتەوە هۆکارێکی بەهێزی بەرهەمهێنانەوە و، کاتێک کەسانێک لەناو دامەزراوەکانی خێزان و پەروەردە، بە هۆکاری گرێی دەرونی و ناهۆشیاری خۆیان و بەسودوەرگرتن لە پاساوەکانی ئەم گوتارە نەوەیەکی تری خاوەن گرێی دەرونیی ئاڵۆز پێدەگەیێننەوە، بەڵکو تێگەیشتنی تاک و کۆمەلگەش بۆ شوناسی کەلتوری دەشێوێنێت. نمونەی ئەمەش لە کاتی بەیەکگەیشتنی تاکێکی کۆمەڵگەی کوردییە بە تاکی کۆمڵگەیەکی تر. کەم نین ئەو کوردانەی لە دۆخی بەیەکگەیشتنی کەلتوری، هاوسەنگی خۆیان لەدەستدەدەن، بەوەی یان کەلتوری بەرامبەر بەتەواوی رەتدەکەنەوە، جا بەناوی نەتەوەپەرستی یان ئاینی بێت، یانیش لە کەلتوری خۆیان بەتەواوی هەڵدەگەرێنەوە، بە بەهانەی پێشکەوتنی خۆیان و دواکەوتویی کۆمەلگەی خۆیان. ئەمانەش بە هەمان شێوە لەژێر هەژمونی گوتاری کەلتوری ئاماژەپێکراودا، توانای هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی هاوسەنگ و عەقڵانییان لەدەستداوە. لێرەدا بە شێوەیەکی رون دەردەکەوێت، کە هۆکاری ئەم دیاردەیە کەلتور خۆی نییە، بەڵکو تەنها گوتارێکی دیاریکراوی کەلتورییە.

 کەلتور توانای ئەوەی هەیە لە رێگەی گوتارێکی هاوسەنگ و بابەتی نەک تەنها زۆرێک لە کێشەکان دەستنیشان بکات، بەڵکو زۆر جارىش چارەسەری گونجاو پێشنیار بکات. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، کە ئەگەر وایە بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە کە گوتارێکی هاوسەنگی کەلتوریی لە کایەکانی سیاسیی و رۆشنبیریی و ئاینیی پێشبخرێت؟ لە راستیدا، لە پاڵ گوتاری ناهاوسەنگی هەستبزوێنەر، گوتارێکی ئەقڵانی و بابەتییانە هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی هەستکردن بە بۆشایی گوتارێکی هاوسەنگ و بابەتی ئەوەیە کە گوتاری هاوسەنگ و بابەتی بە هۆی سروشتەکەیەوە هەڵپەی خۆنماییشکردنی پاڵەوانانە و دروستکردنی فەوزای میدیایی نییە. گوتاری هاوسەنگ هەمیشە تۆرێکی باشی خوێنەری خۆشی هەیە، بەڵام خوێنەراکانیش بە هەمان شێوە هیچ پێویستییەکیان بە فەوزا و نماییشی میدیای نییە.

بەشکردن: