بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی بانکی لە لوبنان هەیە؟

بەشکردن:

ئارام قادر کۆکۆیی

میکانیزمی کارکردنی بانک بە شێوەیەکی سادە بریتییە لەوەی کە کاش لە من وەردەگرێت (پاشەکەوت)  و دەیدا بە قەرز بە یەکێکی دیکە بە سعرێکی فائیدەی زیاتر. بانک لەسەر ئەو بنەمایە ئەو بڕە پاشەکەوتەم لێوەردەگرێت کە من لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا داوای پاشەکەوتەکەمی لێناکەمەوە، یان  پێشبینی ئەوە ناکات من بەپەلە پاشەکەوتەکەم ڕاکێشمەوە لە هەژمارە بانکییەکەم. ئەمە لە دۆخێکی ئاساییدا. لە بەرامبەردا بانک بەڵێنی ئەوەم دەداتێ کە سەرمایەکەم، کە لە شێوەی کاشە و پاشەکەوتم کردووە یەکەم؛ بە پارێزراوی لە دەستێکی ئەمیندا دەمێنێتەوە و دەتوانم دواتر مامەڵەی پێوە بکەم. دووەم؛ ئەگەر بریار بدەم بۆ ماوەیەکی زیاتر بیهێڵمەوە لە هەژمارەکەمدا ئەوا بانک قەرەبووی لەدەستدانی ئەو قازانجەی لە کیسم دەچێت لە وەگەرخستنی ئەو پاشەکەوتەدا، بە شێوەی سوود لە داهاتوودا بداتەوە بە من. 

ئەو سەرمایەیەی بە شێوەی کاشە لە خەزێنەی بانکدا پێیدەوترێت سیولە، بانکەکان گەر بیانەوێت لە بازرگانییەکەیاندا سەرکەوتووبن و بمێننەوە، و ئەگەر حکومەت پابەندیان نەکات بە هێشتنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراو لەو کاشە، هەوڵی ئەوە دەدەن کەمترین رێژەی لە خەزێنەکانیاندا بمێنێتەوە و دەیخەنە گەڕ لە بواری جیاجیادا. 

بەڵام لە دۆخە ئابووری یان سیاسییە نالەبارەکاندا، هاووڵاتییان لە ترسی ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی هەوڵی ڕاکێشانی سەرمایەکانیان دەدەن، لەبەرئەوە بانکەکان توشی ئالەنگاری و هەندێ جاریش مایەپوچ بون دەبنەوە. چونکە؛ یەکەم، خەزێنەکانیان ئەوەندە کاشی تێدا نییە تا سەرمایەی تەواوی ئەو هاووڵاتییانە بدەنەوە کە هەژماری بانکیان هەیە لە بانکەکەدا. دووەم؛ بانک ناتوانێت لەو ماوە زەمەنییە کورتەدا کە دۆخەکە دەخوڵقێت قەرزدارەکانی ناچاربکات سەرمایەکەی بۆ بگەڕێننەوە، و بانکە کە دەکەوێتە قەیرانەوە. وەک ئەوە دۆخەی کە هەنوکە بانکەکانی لە لوبنانی تێکەوتووە. 

تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش، لوبنان ئالودەی دۆخێکی سیاسی نالەبار بووبوو. هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هاتبوونە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان لەدژی گەندەڵی و نوخبەیەکی سیاسی حوکمڕانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوو. ناسەقامگیریی سیاسی لە لوبنان هەم هاووڵاتی و هەم ئەو سەرمایەدارانەی کە سەرمایەیان لە لوبنان خستبووەگەڕ بەئاگاهێنایەوە لەو ریسکەی کە چاوەڕێیان دەکات، ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن، یان ئەگەر گۆڕانکاری لە پۆڵسی/سیاسەتی حکومەتی لوبناندا ڕووبدات لە کارکردنی لە گەڵ بانکەکان و ڕێکخستنەوەی کاری بانکەکان، لەبەرئەوە هەم هاووڵاتی و هەم سەرمایەدارەکانیش هەوڵی ڕاکێشانەوەی سەرمایەکانیان دا. دیاردەکە بە شێوەیەک بوو بە سەدان خەڵک لەبەردەم ئامێری راکێشانی ئەلکترۆنیی کاشی (ATM) بانکەکاندا بە رێز وەستابوون، و بانکیش لە ترسی نەمانی کاش لە خەزێننەکانیدا ناچار بوو تەنها ڕێگە بە ڕاکێشانی بڕێکی دیاریکراوی کاش بدات، و سەقفێک بۆ بڕی ئەو مامەڵانە دابنێت کە هاووڵاتی دەتوانێت لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بانکەوە ئەنجامی بدات. کار گەیشتە ئەوەی هەندێ بانک دەرگاکانیان دابخەن و بەمەش متمانەیان لە ناو هاووڵاتییان و بازرگانان دا کەمبوویەوە. بەم شێوەیە سەڕەڕای ئەوەی هاووڵاتییان ئیدی متمانەیان بە بانک نەما، سەرمایەیەکی زۆر لە لوبنان چووە دەرەوە و بەهای لیرەی لوبنانی دابەزی. 

لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە لوبنان ومەترسییەکانی لەسەر ژیان و دەرامەتی هاووڵاتییان، بە هاوتەریب لەگەڵ دابەزینی بەهایی لیرە، هاووڵاتییان پەستانێکی زیاتریان لە سەر بانکەکان دروستکردووە بەوەی بەردەوام لە هەوڵی راکێشانی پاشەکەوت و موچەکانیان و گۆرێنی دراوی وڵاتەکەیان بە دراوی بیانی دان و بەتایبەتیش دۆلار، بەو پێیەی دۆلار پارەیەکی متمانە پێکراوترە بەرامبەر دراوەکانی دی، بەم شێوەیە هەم نەختینەی دراوی بیانی لە بانکەکان ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات، هەم خەزێنەکانیش وا خەریکە بەتاڵ دەبن. 

گەردووبارە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی سیاسی لوبنان پێش کۆرۆنا، لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی و زیادبوونی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دژی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و نوخبە سیاسییەکە، یەکێک لە خاڵە چاکسازییە پێشنیارکراوەکان بریتی بوو لە زیادکردنی باج و رسومات لە سەر بانکەکان. هەندی لە بانکەکانیش بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر بارگرانی ریسکێکی وەهاوە زۆربەی سەرمایەکانیان لە شێوەی کاش هەناردەی دەرەوەی وڵات کرد، بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە دانی باج، بەهەشتێکی باجی کەیان( (Tax Heaven هەڵبژارد. 

بەهەشتی باجەکان (Tax Heaven)یەکێکە لەو فاکتەرە پاڵنەرانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوبنان هەژماری بانکی هەبێت، و داهاتی سامانە سروشتییە فرۆشراوەکانی ‘کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان داهاتێکی نایاسایییە’ تێیدا پاشەکەوت بکات. لایەنی کڕیاری سامانە سروشتییەکەی هەرێمیش بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگا نەبێتەوە، دەتوانێت بەئاسانی لە ڕێگەی ئەو ژمارەوە نرخی نەوتە کڕاوەکە بدات بە هەرێم. دووبارە بەو پێیەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەوەی لە دەرەوەی کۆمپانیای نەوتی سۆمۆی عێراقی دەفرۆشرێت نایاسایییە، هەرێم ناتوانێت بەسانایی لە ڕێی بانکە باوەڕ پێکراوە نێودەڵەتییەکانەوە مامەڵە بە داهاتەکەیەوە بکات.  هەر لە بە هەمان هۆکاریشە کە حکومەتی هەرێم سامانەکەی لە چاو نرخی بازاردا هەرزانتر دەفرۆشێت و ناشزانرێت رۆژانە چەندی هەراج فرۆش دەکات. ئەم داهاتە پێویستی بە سپیکردنەوە هەیە. تاکە شوینێکێش کە ئەو پارەیەی بۆ سپیدەکاتەوە ئەو بانک و کۆمپانیایانەن کە لە بەهەشتی باجەکاندا دامەزراون و کاردەکەن. لوبنانیش یەکێکە لەو وڵات و ناوچانەی کە یاساکانی هیچ ڕێگر و چاودێر نییە بەسەر کاری بانکەکان لە پێناو ڕاکێشانی سەرمایەیەکی زۆر بۆ فەراهەمکردنی کار بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی. ئەو بانک یان کۆمپانیایانەی لە بەهەشتی باجەکاندا کاردەکەن سەرمایەگوزاری یان پاشەکەوتکردن تێیاندا زۆر ریسکییە، بەڵام لە هەمان کاتدا یەکەم؛ سروشتی بزنسەکەت دەشارێتەوە و لە چاوی چاودێرە یاسایییە نێودەڵەتییەکان بەدووردەبیت، دووەم؛ هەر بازرگانییەک ریسکی بوو قازانجی زیاترە. بەڵام هەندێ جار قازانج سەری مایەکەی دەخوات.  

هەر لە سەرەتاوە کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لە گەڵ نەوتدا بریتی بووە لەوەی کە:

یەکەم: نایەوێت لەگەڵ بەغداد لە سەر کێشەی بودجەی هەرێم و فرۆشتنی نەوت ڕێکبکەوێت.

دووەم: کەسێکی بازرگانی هێناوە و مەلەفی نەوتی داوەتە دەست کە تەنها شارەزایە لە بواری دروستکردنی کۆمپانیای وەهمی (Shell Company)  لەو هەرێم و ناوچانەدا کە بە بەهەشتی باجەکان ناسراون. 

ئەگەر هێشتا سەر لەو لێکدانەوەی من دەرناکەی سەیری فیلمی (The Laundromat)  بکە. 

بەشکردن: