کۆرۆنا و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان

بەشکردن:

نەوشیروان حوسێن سەعید

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان چەندین ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر و بە جۆرێک لە جۆرەکان ‘باری لەناکاو’ ڕابگەیەنن بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە. بە گشتی، راگەیاندنی ‘باری لەناکاو’ پەیوەستە بە بوونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی.

لە کاتی بوونی باری لەناکاو، وڵاتان واز لە کارکردن بە یاسا ئاسایییەکان دێنن بەو بیانووەی کە وڵات بە قۆناغێکی تایبەت و ئیستیسنائیدا تێدەپەڕێت. لە ئێستادا ڕێوشوێنە توندەکانی دەوڵەتان بووەتە هۆی ئابڵوقەدانی ملیۆنان مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاکەکان تا ئەوپەڕی. بەهۆی کۆرۆناوە، دەستەڵات و کۆنترۆڵی حکومەتەکان لە هەڵکشانێکی سەیردایە و ئازادی تاکیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرە و بەرتەسکبوونەوە و داکشانی خێرا دەچێت.

درەنگ یان زوو، پەتای کۆرۆنا کۆتایی دێت، بەڵام ڕەنگە هەندێک لەو ڕێوشوێنە توندانەی کە ئێستا وڵاتان گرتویانەتەبەر، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بمێننەوە. بۆ نموونە، وەکو یوڤال نوح هەراری، نوسەر و مێژوونووس و فەیلەسوف، لە نووسینێکی بەناوبانگیدا بەناوی  ‘جیهان دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا’ ئاماژەی پێدا، ڕەنگە پەتای کۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی چاودێریکردندا. ئەوەش نەک تەنها لەبەرئەوەی بەکارهێنای ئامێرەکانی چاودێریکردن ئاسایی دەبێتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە تەنانەت گۆڕانکاری بەسەر جۆری چاودێرییکردنەکەشدا دێت.

ئەگەر جاران حکومەتەکان دەیانویست بزانن پەنجەی هاووڵاتییان کلیک لەسەر چی لینک و ماڵپەڕێک دەکات، ئەوا لەسەردەمی کۆرۆنادا ئیدی دەیانەوێ پلەی گەرمی پەنجە و بەرزی و نزمی فشاری خوێنیشیان بزانن. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر جاران تا سنوری جەستە، چاودێری هاووڵاتی کرابێت، ئێستا ئیتر بە بیانوی پاراستن لە کۆرۆنا، دەکرێت تەنانەت حکومەت بچێتە ناو جەستەشیانەوە وئاگاداری ژمارەی ترپەکانی دڵیان و دۆخی دەرونیشیان بێت. ئەمەش ئەوپەڕی مەترسی لەسەر تاکەکان دروستدەکات، بەتایبەتی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا.

نمونەکان زۆرن سەبارەت بە درێژەکێشان و درێژەپێدانی دۆخی باری لەناکاو، جا بە شێوەیەکی ڕاگەیەنراو و فەرمی بێ یان ڕانەگەیەنراو و نافەرمی. بۆ نموونە، لەدوای ڕوداوی ١١ی سێپتێمبەر، ئەمریکا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش کۆمەڵیک یاسای توندیان سەبارەت بە تیرۆر دەرکرد کە هەندێکیان تا ئەم ساتەش کاریان پێدەکرێت. حکومڕانی لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبییش هێشتا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەژێر کاریگەری یاساکانی سەردەمی کودەتا سەربازییەکاندایە کە چەندین ساڵ پێش ئێستا ڕویانداوە. حیزبی بەعسیش، سی و پێنج ساڵ عێراقی بەو جۆرە بەڕێوبرد.

حاڵەتی هەرێمی کوردستان لەمڕووەوە تا ڕادەیەک جیاوازە. لە هەرێمی کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە دەستەڵاتەکانی جێبەجێکرن و یاسادانان و دادوەری لە یەکتر جیانەکراونەتەوە. دەستەڵاتی حکومەت بە گشتی زۆر زیاتر بووە و پەرلەمان و دادگا هەمیشە لە خوار دەستەڵاتی جێبەجێکردن و زۆرجاریش وەکو پاشکۆی ئەو دەستەڵاتە دەرکەوتوون. بۆیە لەم ڕووەوە ڕەنگە حکومەتی هەرێم پێویستی بە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو نەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەر بۆ خۆی پێشتریش لە دۆخێکی ناسروشتی و جۆرێک لە باری ناکاوی ڕانەگەیەنراودا بوو.

ئەگەر بەهۆی کۆرۆناوە، چەپۆک و زەبر و زەنگی وڵاتە دیکتاتۆرەکان زیاتر بووبێت و ئازادیی تاک لە وڵاتە دیموکراسییەکان سنوردارکرابێت، ئەوا بۆ حکومەتی هەرێم ‘کۆرۆنا’ بیانوویەکی باش بووە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی کە زەقترینیان لە ئێستادا بریتییە لە دابەشکردنی موچە لە کاتی خۆی و مشورخواردنی ژیانی خەڵک.

ئەگەرچی سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان تا ئێستا زۆر باش ھێناوێتی، بەڵام بەتەنیا ئەوە بەس نییە. گرنگە لەگەڵ ئەوەدا، حکومەت بتوانێت ڕێگە لە کەوتنی بازاڕ بگرێت و موچە و بژێوی سەرجەم هاووڵاتییان دابینبکات. ئەگەر بۆ نموونە تا ساڵێکی دیکە کۆرۆنا بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئایا حکومەتی ھەرێم تا چەند ھەفتە و مانگی تر دەتوانێت بەم جۆرە خەڵک لە ماڵەوە بھێڵێتەوە؟ ئەی خەڵک تا چەند دەتوانن بەم شێوەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و واز لە کار و کاسبی بێنن؟

بەکورتی، ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەیەکی جدی و ڕاستەوخۆیە لەسەر تەندروستی و ژیانی مرۆڤ لە ماوەی کورت-مەودادا. لە ماوەی دور-مەوداش، ڕەنگە ببێتە بیانو بە دەست دەوڵەت و حکومەتەکانەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان. لە هەردوو بارەکەدا، جیهانی دوای کۆرۆنا جیهانێکی جیاواز دەبێت. لە کوردستانیش، حکومەتی هەرێم تا ئێستا کۆرۆنای کردۆتە بیانو بۆ خۆدزینەوە لە ئەرکەکانی، هەروەکو چۆن پێشتر ‘داعش’ی کردە بیانو.

 

بەشکردن: