ئیش کە رووی ئێستە سەرەولێژە

بەشکردن:

ئیحسان وەڵزی

ماوە ماوە لەو هەرێمەی خۆماندا و سەبارەت بە پرسی گرنگ و چارەنووسساز گوێمان لەوە دەبێت، کە لەنێوان خراپ و خراپتردا خراپەکەمان هەڵبژارد. هەرکاتیش مرۆڤ ناچار بوو لەنێوان خراپ و خراپتردا یەکێکیان هەڵبژێرێت و بژاردەی دیکەی لەبەردەمدا نەبن، ئەوا بە ئەگەری زۆر گرفتێکی گەورەی لە شوێنێکی هەستیارتردا هەیە. ئاشکرایە کە لە سەردەمی قەیرانەکاندا دۆخی نۆرماتیڤ و سەقامگیری بەڕێوەچوونی کۆمەڵگا، کە تێیدا رێکخستنی کۆمەڵایەتی بەگوێرەی کۆمەڵێک بەها و نۆڕمی پەسەندکراو لەلایەن زۆرینە -یان توێژی بڕیاربەدەست لە کۆمەڵگا نادیموکراتەکاندا– بەڕێوەدەچێت، دەشلەژێت و تێکدەچێت. لەو ساتانەدا یاسا و رێسای کاتیی بەگوێرەی فاکت و ئەگەرە بەردەستەکان بڕیارەکان دەدرێن و کردە کۆمەڵایەتییەکان بەرێوەدەچن.

ئەوەی ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و لە هەرێمەکەی خۆشماندا روودەدات، دۆخێکی نزیک لەوەی دووەمیانە. دۆخێکە سات بە سات و لەبەر رۆشنایی فاکتەکانی ئەو سات و رۆژە، بڕیارەکان دەدرێن و کەس نازانێت، هەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکە چی روودەدات. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەگوێرەی وڵات و تواناکانیان جیاوازییەکی زۆر لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە لەناکاوەدا هەیە. چونکە مەودای دەستەڵات و مامەڵەی وڵاتان بە گوێرەی سیستەمە سیاسی، ئابووری و کارگێڕییەکان لە یەک جیاوازن.

هەرێمی کوردستان ئەگەر لەڕووی سەرمایەی مرۆیی و سرووشتییەوە هەبوو بێت، لەڕووی ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی و سەرمایەی ئابوورییەوە هێندە دارا نییە. لە کاتێکدا بە چەندین هۆکاری جیاواز، بەجێ و نابەجێ، چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوەدایە.

با دوو نموونەی نزیک لە خۆم وەرگرین:

هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە کە ساڵانێکە لە ئەڵمانیا دەژیت و بە قەولی کوردانی بەریتانیا بزنسێکی چکۆڵانەی هەیە، دوێنێ لە پۆستێکی فەیسبووکدا، بە کوردی، نووسیویەتی کە نۆرەی هاتووە بۆ داواکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەوڵەت لەوێ بۆ خاوەنکاری پڕۆژەی بچووک تەرخانیکردووە (لە 9 تا 15 هەزار یورۆ). بێگومان کاتێک رووی ئەم گوتەیە لە خەڵکی هەرێمە، لەوانەیە ئەگەر ئێرەییپێردنیش نەبێت، لانی کەم چاوەڕوانییەکی بەم ئاڕاستەیە لای ئەم خەڵکەش لە دەستەڵاتدارانی هەرێم دروستببێت. بەبێ ئەوەی رەچاوی کۆنتێکستە ئابووریی و کارگێڕییەکان بکرێت. دەبوایە ئەم هاووڵاتییە کوردەی ئەوروپا لە پۆستەکەیدا بیشینیوسیایە، لە کاتی ئاساییدا مانگانە چەند باج دەداتە ئەو دەوڵەتەی وا لە کاتی تەنگانەدا فریای دەکەوێت. ئاشکراشە کە پەیوەندیی نێوان باجدان و بنەمای هاووڵاتیبوون دەمێکە جێی باس وخواسی شارازایانە و وا پێدەچێت، ئیدی پێویستی بە سەلماندن نەبێت.

ئەم پۆستەی فەیسبووک دیاردەیەکی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووی بیرهێنامەوە کە دەیانگوت، خەڵک لە ئەوروپا پارە لە دیوار دەردەکات. بەڵام کەس نەیدەگوت کێ وای کردووە، ئەم پارەیە بچێتە نێو دیوارەکەوە و کێش مافی هەیە دەریکات.

دوێنێش وەک عادەتی رۆژانی سەردەمی کۆڕۆنا دەستم دایە تەلەفونەکەم و تەلەفونی ئاشنایەکی بازرگانم کرد، لە چاکوچۆنی نەبووینەوە دەستکرا بە گلەیی و گازاندە لە قەدەغەی هاتووچۆ و وەستانی کار و کاسبی. گوایە کۆڕۆنا هێندە مەترسیدار نییە و بەڵام بەمەبەست خەڵکی لە ماڵ دەهێڵرێنەوە، بێئەوەی ئەو، خۆی گوتەنی ئەو دوو ملیۆن کەسەی، ژیانی لەسەر کاری رۆژانە بەندە، لەبەرچاو بگیرێن. نایشارمەوە، لە هەندێک لە گلەیییەکانی لەگەڵیدا هاوڕا بووم، بەڵام یەکسەریش خەیاڵم بۆ ئەوەچوو، بۆچی لای ئێمەش ئێستا وەک زۆرێک لە وڵاتان دەوڵەت لەباریدا نییە، بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، هاوکاری ئەم جۆرە کەسانە بکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە خەریکە بڵێم، ئەوە دەوڵەتە چاوی لە خەڵکانێکە، هاوکاری بکەن. پێش هەموو شتێک خودی ئاشنایەکەم هاتەوە بەرچاو، وەک نموونەی هەزارانی دیکە، کە سەرەڕای کاری بازرگانییەکەی، موچەخۆری دەوڵەتیشە. ئەوەی کە چۆن و بۆچی بۆتە مووچەخۆر، لە کاتێکدا بازرگانییەکی مامناوەندی هەیە پرسێکی فرە-رەهەندە. هەم ویستوویانە بیکەنە مووچەخۆر و هەم خۆیشی ویستوویەتی. لێرەشەوە بەو ئەنجامە دەگەین، کە ئەوە بەتەنیا دەستەڵاتداران نین لەم بێدەرەتانییە بەرپرسن، بەڵکو دەستەڵاتبەسەرداکراوانیش رۆڵێکیان تێیدا هەیە، یان بە شێوەیەکی دیکە بڵێین ئەوە مۆدێلی دەستەڵات و پەیوەندییەکەیەتی، دەستەڵات، بە -لانی کەم- هەردووە جەمسەرەکەیەوە. لەسەر ئەندازەی رۆڵی هەر کامێکیان، دەکرێت بەگوێرەی جیاوازیی دیدگاکانمان بۆچوونی جیاوازیشمان هەبن.

بۆیە، بە ئیجازەی شوکری فەزلی:

ئیش کە رووی ئێستە سەرەولێژە بڵێ بزانین چی لێدەکەی

فکری وردی گەرەکە و ئەتۆش هەروا پینەی دەکەی

بەشکردن: