بکوژی نەناسراوی ناسراو؛ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی تاریکی نەوەدەکان

کەمال چۆمانی

ئەوان سێ برا و خوشکێک بون. لە کۆیە دەژیان. ماڵیان لەپشت بەنزینخانەی کۆنی کۆیە بو. هیچ کاتێک سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسیی نەبون. لە پۆلی سێیەمی ناوەندییەوە لایدابو بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان. ئەو فلوتژەن بو، هەروەها شمشاڵیشی لێدەدا. دۆخی دارایییان خراپ بو. خەونەکانی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر لە سەرەتای نەوەدەکان شکۆفەیان دەکرد. هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد ناوبانگی زانیبو و موچەیەکی مانگانەی بۆ بڕیبویەوە بە هۆی رەوشی خراپی دارایییان. نەریمان دەیەویست لەڕێی فلوتەکەیەوە هەم ژانەکانی کورد لەپێش نەوەدەکان بژەنێ، هەمو ئاوازی ئازادی و وەکیەکی لە دوای راپەڕین. دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، ئەو هەولێری بەجێنەهێشت چونکە هیچ پەیوەندیی بە هیچ حیزبێکەوە نەبو تا مەترسی لەسەر ژیانی خۆی هەستپێبکا. ئەو تەنها لای خوێندکارەکان ئاشکرای کردبو کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد موچەیەکی پێ بەخشیوە. بەڵام نەیزانی رۆژانی دوای ٣١ی ئاب بە تۆمەتی یەکێتیبون رۆژانی دوای ٣١ی ئاب لەلایەن پارتییەوە دەستگیردەکرێ و دواتر بێسەروشوێن دەکرێ. نە مەریوان سەدایەکی ما و نە فلوتەکەی. دایک و باوکی بە تاسەی دیداری نەریمان سەریان نایەوە. من دەمەوێ بە هەمان ئاوازی فلوتەکەی مەریوان ژانی بێسەروشوێنکردنی مەریوان و نزیکەی پێنجسەد کەسی دیکەی بێگوناهیش لێرەدا لەگەڵ ئێوە پارڤە بکەم تا بۆ هەمیشە نەریمان و ئەوانیدیشمان لە یادەوەریی بمێنێتەوە و هەوڵی بەجێگەیاندنی دادگەریی بۆ بکوژانی بێسەروشوێنکراوانی ساڵانی نەوەدەکان بەهێز بکرێن.

کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ ڕۆژنامەنووسێکی ئەسۆشیەیتد پرێس پرسیاری لە مەسعود بارزانی کرد کە ئایا سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق دۆست یان دوژمنیەتی، بارزانی وەڵامی دایەوە و گوتی: “ئەو دوژمنی ئێمە بو، بەڵام ناتوانم بڵێم چیتر دوژمنی ئێمەیە”. ڕووداوەکانی دواتر، دوابەدوای ئەم “هاوڕێیەتی”یە <<نوێ>>یە لەگەڵ سەدام حوسێن، کاریگەرییەکانی ئەو هاوڕێیەتییە نوێ و کۆنە، زەبرێکی بێئەندازەی جەستەیی و دەروونییان لە گەلی کورد لە عێراقدا، تراومایەک بۆ هەمیشە لە نەستی گەلی کورددا دەمێنێتەوە.

مێژووی دوای ساڵی ١٩٩٦ی هەرێمی کوردستانی عێراق، تراومایەکی کارەساتبارانەی هێنایە نەستی گشتیی خەڵکەوە. روداوەکانی شەڕی ناوخۆ کە لە ١٩٩٤ەوە دەستیانپێکردبو، وێرانکاری و دابەشبونێکی گەورەی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدوای خۆیدا هێنابو. دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، کوردستان پێی نایە قۆناغێکی تاریکتر لەو تاریکییەی رۆژانی شەڕی ناوخۆ دەستیپێکردبو.

 بۆ ساتێک بیهێنە بەرچاوت کە هەرگیز باوکت نەبینیوە. کاتێک ئەو دەستگیرکراوە کە تۆ تەنها خەونێکی جوان بوویت لە سکی دایکت، منداڵێکی لەدایک نەبوبویت. لەگەڵ تێپەڕبونی ساڵەکاندا، هەموو ساتێکی گرنگی ژیانت، هەموو ساڵوەگەرێکی ڕۆژی لەدایکبوونت بەبێ ئەوەی باوکت لە تەنیشتتەوە بێت، یادت کردوەتەوە. هەرگیز چیرۆکی ڕاستەقینەت بۆ نەگێڕدرایەوە کە باوکت لە کوێیە. پاشان دەست دەکەیت بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دایکت وەک چۆن زۆرجار لە کاتی یاریکردندا منداڵەکان داوای چارەنووسی باوکت دەکەن. لە کۆڵان منداڵان توڕەت دەکەن کاتێک پرسیاری باوکت لێ دەکەن، چونکە تۆ وەڵامێکت پێ نییە و دایکت یا برا و خوشکەکانت نازانن چ وەڵامێکت بدەنەوە. ئایا خەم و ئازار و تراوماکانیان بگوازنەوە بۆت یاخود لە هەناوی خۆیاندا بیمرێنن؟ دوای چەند ساڵێک، لەگەڵ گەورەبونتدا، نامەیەکی سارد کە بڕە پارەیەکی کەمی لەگەڵدایە، ئاگادارت دەکاتەوە کە باوکت نەماوە؛ ئەو پێگەی ڕێزلێگیراوی “شەهید”ی بەدەستهێناوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارلەمانی کوردستان پیرۆزبایی <<شەهید>>بونی دەکەن.

وەک یەکێک لە رۆڵەکانی بێسەروشوێنکراوان لە خۆپیشاندانێکدا لافیتەیەکی هەڵگرتبو، پرسیاری کردبو: ئەگەر باوکم شەهیدە، ئەی کێ بکوژەکەیەتی؟

ئایا کاتی نییە بکوژی ئەو شەهیدانە بۆ گەل ئاشکرا بکرێ؟ ئەی ئەگەر بکوژەکان تاوانی جەنگیان ئەنجامدابێ و ٣٠ ساڵیش بێ وەک سەرکردەی نیشتیمانیی و دیموکراتیک نازمان بەسەردا بکەن؟

چیڕۆکی پڕتراژیدی و جەرگبڕ هەن. خەیاڵی ئەوە بکە، نا هەرگیز خەیاڵی مەکە، کە گەنجێکی ١٥ ساڵان بیت و بێگوناح لەلایەن گروپێک میلیشیای حیزبییەوە دەستگیربکرێیت، دواتر چەندان جار دەستدرێژی سێکسیت بکرێتە سەر. ئەو تراومایە لەگەڵ خۆت بۆ دو دەیە هەڵدەگریت، دواتر لە تاوی ئازاری دەرونیت وێلی دونیا دەبیت تا بتوانیت ئەگەر عەدالەتیش بەدەستنەهێنیت، بەڵکو ئەو تاوانە ئاشکرا بکەیت و بیدەیتە رای گشتیی.

بەڵێ، من باسی چیڕۆکی ئەژین عەبدوڵا دەکەم. یەكێك لەو پێشمەرگانەی یەكێتی كە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە دەستگیركراوە دوای 21 ساڵ تێپەڕبون بەسەر دەستگیركردنەكەی چیرۆكێكی هەژێنەری خۆی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: <<21 ساڵە نهێنیيەك لە دڵم دايه هيچ شەوێك نايەڵێت بە ئیسراحەت سەربكەمە سەر سەرین و بخەوم. 21 ساڵە ژیانی لێ تاڵ كردوم و نەمتوانیوە دەریببڕم لەبەر شەخسیەت و ئابڕوی خۆم، تا بە كەم لەناو كۆمەڵگاكەم سەیر نەكرێم و بەڵام لەوە زیاتر خۆم بۆ راناگیرێتت و تەحەمول ناكەم.>>

نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گەورەیی تاوانەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەمکردەوە. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تاوانێکە لە تاوانەکانی شەڕ. بارزانی ئەو پرسەی وەکو پرسێک وێنە کرد کە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی یەکلایی بکرێتەوە، دواتر لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان قسەی لەسەر دەکرێت. بەڵام ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ خێزانەکان هەرگیز ڕوی نەدا. دەبوو بارزانی هاوکاری خێزانەکانی بکردایە بۆ بەدواداچوونی ڕێکاری یاسایی، چونکە دەکرێت ئەو کردەوانە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار بکرێن. پرسی بێسەروشوێنکردن و کوشتنی زیندانییانی سیاسیی ناتوانرێت بە سادەیی لەنێوان دو لایەنی ڕکابەردا یەکلایی بکرێنەوە. تاوانەکانی جەنگ ئەو تاوانانەن کە لێخۆشبون نایانگرێتەوە. ئەگەر تاوانەکان ئەنجامدراون، زۆر گرنگە کە ئێمە لێیانەوە فێربین و دڵنیا بین لەوەی دادپەروەری جێبەجێدەکرێ بەسەر تاوانباراندا، هیچ دادگایەک ناتوانێت لە تاوانبارانی جەنگ خۆش بێ، هیچ حکومەتێک و پارلەمانێک ناتوانێت لەجیاتی قوربانییان بڕیار بدات. خۆ ئەگەر داماننا بڕیارێکیش لەو بارەیەوە درا، دەبێ کەسوکار و خۆشەویستانی ئەو کەسانە بەشێک بن لە گفتوگۆکان نەک بکوژان خۆیان گفتوگۆ بکەن لەبارەی کوژراوان.

لە کایەی کەلتوریی ئیسلامیی و کوردیدا، شەهیدبوون پێگەیەکی بەرچاو و بێهاوتای هەیە. بکوژانی شەهیدێک بکوژەکانیان دەکاتە دوژمنی هەمیشەیی. زۆر دڵتەزێنە کە بکوژانی بێسەروشوێنانی ساڵانی نەوەدەکان داگیرکەرێکی بیانی یان نەیارێکی دوور نییە، بەڵکو دەزگایەکی بەدناوی ئاساییش یا پێشمەرگەی حیزبەکانە. بەشەهیدناساندنی بێسەروشوێنکراوانی شەڕی ناوخۆ توندوتیژترین جۆری توندوتیژی سیاسییە کە بەرانبەر قوربانییان سەپێنراوە -من لە دەرفەتی تردا ئەگەر کرا بەوردتر لەو توندوتیژییە سیاسییە دەدوێم-.

شەڕی ناوخۆ

لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ٢٠٠٣ نزیکەی پێنج سەد ڕۆح لەنێو تەپوتۆزی و گێژەڵوکەی گێژاوی شەڕی پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکان ون بوون، ژمارەیەکی تریش دوای شەڕەکە بێسەروشوێنکران. لە کاتێکدا هەندێکیان بە شێوەیەکی کارەساتبار لە بەرەکانی شەڕدا دەستگیرکران و دواتر خرانە زیندانەوە و دواتر بێسەروشوێنکران یان هەرزو گوللەباران کران، بەشێکیان لە زیندانەکاندا دەستبەسەر و لەناوچوون. بەشێکیان هیچ پەیوەندییان بە شەڕ و ململانێی یەکێتی و پارتییەوە نەبو، ئەوەندە بەس بو راپۆرتیان لێ درا بو، یان کەسوکارەکەیان لە حیزبی نەیار بون، ئەوەندە بەس بو دەستگیربکرێن و بخرێنە زیندان و بەخوێنساردی بکوژرێن. من وەک منداڵێک کە لەناو شەڕدا گەورە بووم، هەرگیز ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێت کە پێنج پێشمەرگەی یەکێتی لە زێدی خۆم چۆمان دەستگیرکران و دواتر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کوژران و تەرمەکانیان لەپشتی پیکابێکەوە بەناو بازاڕی چۆماندا بۆ دەربەند بەڕێکران. ئەم چیرۆکە شەخسییە چیرۆکی زۆر کەسی وەک منە کە لە نێو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆی ساڵانی نەوەدەکان و شەڕی بەناو براکان خراپترین و سەختترین رۆژەکانیان بەڕێ کرد.

ئەو ململانێ و شەڕ و خوێنڕشتنەی لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ هەرێمەکەی وێران کرد، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی لە ململانێیەکی تاڵدا سەدانیان لە یەکتر کوشت، دەیان هەزاریان ئاوارە و دەربەدەر کرد. لە دەرەوەی قوربانییە ڕاستەوخۆکانی ئەم شەڕە، دیارنەمانی نزیکەی پێنج سەد کەسی تریشی بەدوای خۆیدا هێنا کە زۆربەیان هیچ پەیوەستبونێکیان بە شەڕەکەوە نەبو.

هەروەها، کۆمەڵکوژی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ لە ھەولێر ئەو تاوانەیە کە بەرامبەر بە ئەندامان و لایەنگر و کادێرانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجامدرا.

ئەو کۆمەڵکوژیە لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەرۆی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ لەسەر بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و بارەگای یەکێتی ژنانی ئازاد و نوسینگەی رۆژنامەی وڵات و نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا ئەنجامدرا، کە بەپێی هەندێک لە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان تیایدا زیاتر لە ٨٣ کەس بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران. پارتی ئێستاش ئامادە نییە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە ئاشکرا بکا کە کوژراوانی ئەو تاوانەی تێدا ناشت.

لە ١ی ئایاری ١٩٩٤، شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە نێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد. ململانێی سەرەکی دوای ساڵی ١٩٩١ لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بو، بەتایبەتی داهاتی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل. هەر حزبێک قەڵای ناوچەیی خۆی هەبوو، پارتی لە دهۆک و یەکێتی لە سلێمانی، دابەشبوونێک کە لە ناکۆکییەکانی شەستەکانەوە سەرچاوەی گرتوە، ناکۆکییەک زیاتر لەسەر دەسەڵاتدارێتی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، کەمتر لەسەر فیکر و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی کار.

سەرەڕای ئاگربەستێکی کورت لە ٢٩ی ئابی ١٩٩٤، گرژییەکان بە چارەسەرنەکراویی مانەوە. تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٤، ململانێکان دەستیان پێکردەوە و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا گەیشتە لوتکە و پارتی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی عێراق بو بە هاوپەیمان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەولێر. مەسعود بارزانی تەنها هەشت ساڵ دوای جینۆسایدکردنی گەلی کورد لەلایەن سەدام حوسێنەوە، دژ بە گەلی کورد هاوپەیمانێتیی لەگەڵ سەدام حوسێن بەست بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی هەولێر. دەبێ چ رقێک و دوژمنایەتییەکی قوڵ لەنێوان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیدا هەبوبێت وا لە مەسعود بارزانی بکا لەگەڵ تاڵەبانی رێکنەکەوێ بەڵام لەگەڵ جینۆسایدکاری گەلی کورد رێکبکەوێ؟

هەوڵی ناتەواو بۆ لێپرسینەوە

لە ساڵی ٢٠١٥دا کۆمەڵێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە لیژنەی مافی مرۆڤ دەستپێشخەریی داواکارییەکیان کرد کە ئامانج لێی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە بوو کە لە ماوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بێسەروشوێن بوون. ئەندامانی پەرلەمان بێهیوا بوون لە ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە تاریکانەی کە ئەم کەسانە لەناو زیندانەکاندا بەرەوڕووی کوشتن بوبونەوە، یان دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردن یان ڕفاندنیان لە ڕۆژە تاریکەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا لە سێدارە دراون. داواکارییەکە واژۆی ١٢ ئەندامی پەرلەمانی بەدەستهێنا و داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد کە کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی هەرێم بانگهێشت بکات بۆ دانیشتنێکی لێپرسینەوە لەناو پەرلەماندا. ئەمەش بەهۆی بانگەوازی پێشووی وەزیرەوە بوو کە لە ٦ی ئازاری ٢٠١٢ لە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، بۆ ئەوەی بێسەروشوێنەکان وەک “شەهید” دەستنیشان بکات.

فەرمانەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەڕوونی و ئاشکرا دەڵێ: “سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی پێویست دەکات بڕیارێک لەلایەن پارلەمانی کوردستان دەربچێت بە دانانی سەرجەم بێسەروشوێنەکان بە شەهید و کەسوکارەکانیان هەمو مافێکی شەهیدانە وەربگرن.

بۆ سەرکردایەتی حکومەتی هەرێم، ئەمە کۆتاییهێنانی روداوێکی کارەساتبار بو. بەڵام بۆ ئەو خێزانانەی کە زیانیان بەرکەوتوە و رۆڵەکانیان لەسێدارەدراون و یان لەژێر ئازاردا کوژراون، دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی تری کارەساتبارتر و تراومایی بوو، کە زیاتر خوێی بە برینەکانیاندا کرد. ئەم خێزانانە دەنگیان نەبیسترا، گرنگیی بە خۆپیشاندانەکانیان نەدرا، لەناو کۆریدۆرەکانی پەرلەماندا تەنها چەند ئەندام پارلەمانێک جورئەتیان کرد باس لە بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ بکەن، دەزگای یاسادانان بێتوانا بو لەوەی بەدوای عەدالەتدا بۆ کوژراوان و لەسێدارەدراوان بگەڕێت. هاوکات بەهۆی نەبوونی سەربەخۆیی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، سیستەمی دادوەرییش هەرگیز هەوڵێکی نەدا.

لە نێو ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانەی کە قسەم لەگەڵ کردوون، هیوایەک کە هەرگیز نامرێ ئەوەیە کە رۆژێک دێ ئەو عەدالەتی گواستنەوەیە دەچەسپێنرێ. ئەوان خواستی ئەوەیان هەیە کە لە کۆتاییدا دۆسیەکەیان بەرز بکەنەوە بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی. ئەگەر رۆژێک بێت دەستپێشخەرییەکی وا بکرێ، بێوێنە دەبێت، پێشەنگێک دەبێت لە جۆری خۆیدا و وەک هەنگاوێکی سەرەتایی دەبێت. هەرچەندە جەلال تاڵەبانی کۆچی دوایی کردوە، بەڵام مەسعوود بارزانی لە ژیاندا ماوەتەوە وەک یەکێک لە کەسە بەرپرسەکانی ئەو شەڕە. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی پێشمەرگە، کەسایەتییە بەدناوەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، هێشتا پۆستەکانیان لەناو میلیشیاکانی پارتی و یەکێتیدا هەن یان بەردەوامن لە هەڵگرتنی ڕۆڵ لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و مەکتەبی سیاسی و دەزگاکانی دیدا.

پەرلەمانی کوردستان هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان نەکرا چونکە ناچار دەبوو وەڵامی ئەو داوایە بداتەوە.

کاتی ئەوە هاتووە کە دادپەروەری بەڕێوەبچێت، یان لانیکەم گفتوگۆکانی تایبەت بە دادپەروەری ڕوو بدەن.

لە کاتی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٣، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی قسەیان بۆ میللەت کرد، خۆیان لە هەر هەڵسوکەوتێکی خراپ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا بەدوور گرت بە وێنەکردنی وەک ڕووداوێک کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان ڕوویداوە. بەڵام بەڵگە مێژووییەکان پێچەوانەی ئەم گێڕانەوەیەن. -زۆر گەڕام بۆ دۆزینەوەی وتەکانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە پارلەمان، بەداخەوە نەمدۆزیەوە. ئەگەر ئێوەی خوێنەرانی بەڕێز ئەو ڤیدیۆیانەتان لایە، تکایە بۆم بنێرن لەڕێی فەیسبوک یا تویتەرەکەم، یا لەوێوە نامەم بۆ بنێرە ئیمەیڵەکەمت بۆ دەنێرم-

بۆ نمونە “نامەکانی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا، ١٩٩٠ – ٢٠٠٩” وەک کتێبێکی دیکۆمێنتاریی بەرچاو لە نووسینی سەڵاح ڕەشید دەکرێ هاوکاریمان بکا بۆ تێگەییشتن لە زۆر شت. نامەکان بە دەست و خەتی خۆیان رێدەگرن لەوەی تاوانبارانی شەڕ وەک فریشتە خۆیان بناسێنن. ئەم کتێبە بەگشتی پێکهاتووە لە ١٨٢ نامەی دەستنوسی تایبەت و نهێنی کە لە نێوان سێ سیاسەتمەدارە دیارەکەی کورددا لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٩ ئاڵوگۆڕ کراون، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە کتێبێکی قەبارە گەورەی ٧٠٩ لاپەڕەدا چاپ کراوە و ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزانەی کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی عێراقیان لە قاڵب داوە، هەم سەرکەوتن و هەم شکستەکانی لەخۆدەگرێت.

لەناو ئەم نامانەدا دیارە ئەوەی کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بونە بە پلەی یەک. ئەو کتێبەی سەڵاح رەشید، لەگەڵ دەیان دۆکیومێنت و شاهیدانی زیندو، دەتوانن پێمان بڵێن کە کێن تاوانبارەکانی شەڕی ناوخۆ کە بڕیاری شەڕ و ئاشتییان بە دەست بوە.

ساڵانی نەوەدەکان دەبوایە پڕشنگدارترین مێژوی کورد بوایە، بەڵام بەداخەوە مێژوویەکی تاریکە کە بە لەدەستدانی ژیانی نزیکەی ١٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە هەردوو لا و دیارنەمانی نزیکەی ٥٠٠ کەسی بێتاوان کۆتایی هات، ئەمە جگە لە تراوماکانی کە بۆ نەوەکانی داهاتوش دەمێنێتەوە، هەروەها زیانە ئابوری، سیاسی، کەلتوری و جڤاکییەکان.

بە گوتەی یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکان، بێسەروشوێنکراوەکان لە کەیسی جیاجیا پێکدێت: 118 لە یەکێتی، 82 لە پارتی، 67 هاوپەیمانی ئایئێنسی-هەندێک سەرچاوە دەڵێن زیاترن-، 11 ئیسلامی و چەندانی تر. بەڵام لە دەرەوەی ئەم ژمارانە، دەیانی دی بێسەروشوێن بون کە چیڕۆکەکانیان هەرگیز نەنوسرانەوە. بەداخەوە تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە کە کۆی بێسەروشوێنکراوان دیاری بکات، ئەمەش بەشێکی بۆ کەمتەرخەمیی ئێمە وەک کۆمەڵگا و بەشێکی سەرەکیشی بۆ پارلەمان دەگەڕێتەوە، باسی حکومەت و یەکێتی و پارتی ناکەم کە خۆیان تاوانەکەیان ئەنجامداوە.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، کە چەندین لایەنی وەک مافی ژیان، قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان، مافی ئازادی و ئاسایش و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەخۆدەگرێت. ئامرازە جیهانییەکانی وەک ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕێگریکردن لەو جۆرە کردەوە نائینسانییانە، هەروەها دڵنیابون لەوەی تاوانباران سزا دەدرێن و قوربانییەکان و خێزانەکانیان قەرەبو وەردەگرن و چارەنوسیشیان دیاری دەکرێ.

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەرکرد کە تێیدا باس لە کردەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەکات کە تاکەکان بە نهێنی لەلایەن دەوڵەت یان ڕێکخراوێکی سیاسییەوە دەڕفێنرێن یان زیندانی دەکرێن، دواتر ڕەتکردنەوەی دانپێدانان بە هی کەسەکە چارەنووس و شوێنی خۆی، بە مەبەستی دانانی قوربانییەکە لە دەرەوەی پاراستنی یاسا. ڕێککەوتننامەکە دەوڵەتان پابەند دەکات کە ڕێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن و سزادانی کردەوەکانی دیارنەمانی زۆرەملێ لە دەسەڵاتی دادوەری خۆیاندا. کەسەکان خاوەن مافن بە زانینی ڕاستییەکان سەبارەت بە بارودۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و چارەنووسی کەسی ونبوو، هەروەها مافی قەرەبووکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی خێرا و دادپەروەرانە و گونجاو.

لە مادەی حەوتەمی ڕێککەوتننامەکەدا دەڵێت: “پراکتیزەکردنی بەربڵاو یان سیستماتیکی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت وەک لە یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکاندا پێناسە کراوە.”

سەرەڕای ئەوەش، مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی بە “تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی”ەوە هەیە. لیستی وردی ئەو کردەوانە دەخاتە ڕوو کە کاتێک وەک بەشێک لە هێرشێکی بەرفراوان یان سیستماتیکی ئاراستەی هەر دانیشتوویەکی مەدەنی دەکرێت، بە زانیاری لەسەر هێرشەکە، تاوانی دژی مرۆڤایەتی پێکدەهێنن. ئەم لیستە کردەوەکانی وەک کوشتن، قڕکردن، کۆیلەکردن، دیپۆرتکردنەوە، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردنە سەر، لەشفرۆشی زۆرەملێ، دووگیانی زۆرەملێ، نەزۆککردنی زۆرەملێ، گۆشەگیری، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئاپارتاید و کردەوەی نامرۆڤانەی دیکە لەخۆدەگرێت.

سەرەڕای ئەوەی تاوانەکان نزیکەی سێ دەیەیان بەسەرچوە، بەڵام کاریگەرییەکانیان لەگەڵمان دایە. ئەوانەی تاوانیان بەرانبەر ئەنجامدرا، ژیانیان لێ سەنرایەوە، بەڵام ژیان لە کەسوکار و خۆشەویستانیشیان تاڵ کرا. دادوەریی راگوزەر هەر دەبێ جێبەجێببێ، زو یا درەنگ. بەڵێ، بۆ ئەوەی رابردو بەجێبهێڵین و بتوانین بەیەکەوە بژین، دەبێ لێبوردەییمان هەبێ و لە یەکتر ببورین، بەڵام رابردویەک کە تاوانی جەنگی تێدا ئەنجامدراوە نابێ لەبیربکرێ چونکە لەبیرکردنی هەمیشە ئەگەری تاوانی هاوشێوەی بەدوادادێ. تێپەڕاندنی رابردوی وا ئەگەر عەدالەتی راگوزەریش بەتەواوی نەچەسپێ، لای کەم دەبێ هەندێک لە برینەکان ساڕێژ بکرێن، بەڵام ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردویەتی، کوشتنەوەی کوژراوانە.

بەشکردن: