تێنەگەییشتن لە ئەمریکا

579
0

چی دەبو ئەگەر ئەگەر بۆشی باوک خۆی تەلەفۆنی بۆ سەدام حوسێن بکردبوایە تا کوەیت داگیرنەکات؟ ئەی ئەگەر مەسعود بارزانی گوێی بۆ داواکانی ئەمریکا بگرتبوایە و ریفراندۆمی نەکردبوایە؟

سەدامی دیکتاتۆر گەمژانە نە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێدەگەییشت، و نە لە ئاگادارکردنەوە و هەڕەشەکانی ئەمریکاش. ئەو کاتانەی ئەمریکا هاوکاری دەکرد سەدام وا تێدەگەییشت کە ئەو هاوکارییانە بۆ لەخشتەبردنیەتی وەک هاوکارییەکانی سی.ئای.ئەی لە سەرەتاکانی شەڕی عێراق-ئێران، چ ئەوکاتانەی هەڕەشەی لێ دەکرد، بۆ نمونە تا کوێت داگیرنەکات، کە سەدام پێیوابو ئەو ئاگادارکردنەوانە بە مانای هەڕەشەکردنێکی وا نین کە وەڵامی ئەمریکای بەدوادابێت. تەنانەت سەدام لەوەش تێنەگەییشت کە ئەمریکا دەیەویست زانیاری تەواوەتی هەبێت دەربارە چەکی کۆمەڵکوژ. سەدام چەکەکانی لەناوبردبو، بەڵام تۆمارەکانی نەپاراستبو، هەروەها نەشیدەویست رایبگەیەنێت تا وەک چاوترساندن بەرانبەر ئیسرائیل و ئێران بەکاریانبێنێت.
سەدام توشی پارانۆیا و نەزەریەی موئامەرە بوبو، پێیوابو هەرشتێک ئەمریکا دەیکات ئامانجی تری لەپشتەوەیە سەرەڕای ئەوەی تیمەکەی ئاگاداری دەکردەوە کە شتەکان جدین. ئەو پارانۆیا و نەزەریەی موئامەرەیەشی زیاتر لا بو بە راستی کە بینی ئەمریکا لە ١٩٨٦ چەکی بە ئێران فرۆشتوە. لە ئەمریکا ئەوە بە سکانداڵی ئێران-گێیت بەناووبانگە. سەدام بە رادەیەک توشی پارانۆیا بوبو وای دەزانی خومەینی دروستکراوی ئەمریکایە.

سەدام زۆربەی کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان تۆماردەکرد. ئەمریکا زۆربەی تۆمارەکانی دەستبەسەرداگرت. رۆژنامەنوس و نوسەری ئەمریکیی ستیڤ کۆڵ بەدوای تۆمارەکان کەوت. بەشێک لە تۆمارەکان لە ٢٠١٠ بڵاوکرابونەوە بەڵام دواتر لابران. پێنتاگۆن تۆمارەکانی نەدایە ستیڤ کۆڵ، بەڵام ستیڤ کۆڵ لە دادگا شکاتی کرد و بەپێی یاسا پێنتاگۆن ناچارکرا تۆمارەکان ببەخشێ. لە کتێبێکدا کە بە ناوی Achilles Trap کە کۆدی پلانێکی ئەمریکایە بۆ کۆدێتاکردنە بەسەر سەدام حوسێندا، وردەکاری فەشەلی چوار سەرۆکی ئەمریکا پیشاندەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەدام حوسێن. بۆ نمونە، ئەگەر بۆشی باوک خۆی تەلەفۆنی بۆ سەدام حوسێن بکردبوایە و هەڕەشەکانی ئەمریکای بگەیەندبوایە، ئەوا سەدام کوەیتی داگیرنەدەکرد بەڵام کاتێک بۆش ویستی تەلەفۆن بکا، هێزەکانی عێراق گەییشتبونە ناو شاری کوێت.

لە ٢٠٠٣ سەدام پێیوابو ئەمریکا عێراق هەر داگیردەکات و مەسەلەی لەناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژ تەنها بەهانەیە چونکە پێیوابو سی.ئای.ئێی باش دەزانێ کە چەکەکانی لەناوبردون، بەڵام ئەمریکا نەیدەزانی عێراق چەکەکانی لەناوبردون یا نا.

لە کاتی لێپرسینەوە لە سەدام لە زینداندا، سەدام دەپرسێ: <ئەگەر نەتاندەویست بچمە ناو [کوێت]، بۆچی پێتان نەگوتم؟.>
ئاپریل گاسپە، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لە عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەدام پەیامەکەی گەیاند، بەڵام سەدام لە پەیامە دیپلماسییەکە تێنەگەییشت.

ئەمریکا لە کۆدێتاکەی ١٩٥٢ بەسەر محەمەد موسەدەقدا لە ئێران تا پشتیوانیی بێئەندازەی ئەمڕۆ لە ئیسرائیل، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شکست دەهێنێ. شەڕی عێراق بە یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی ئەمریکا دادەنرێ کە عێراقی وێرانکرد و لەولاشەوە عێراقی لەسەر نانێکی گەرم تەسلیمی ئێران کرد.

لە دانیشتنێکدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا لە هۆتێل دیڤان رۆژانی پێش ریفراندۆم، جێگری وەزیر روی لە من و دو هاوڕێی دیکەی رۆژنامەنوس کرد، پرسیاریکرد: <<بە چ زمانێک بە مەسعود بارزانی بڵێم کە ئێمە جدین لەوەی کە دژی ریفراندۆمین؟ کاتێک دەڵێم ئێمە، واتا کۆی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش.>> منیش گوتم، هەر بەو زمانە، زۆر بەڕاشکاوی دەبێ پێی بڵێیت چونکە مەسعود بارزانی وا تێدەگات هەڵوێستی ئێوە و ئەمریکا هەڵوێستی دیپلۆماسییە و دواتر ئەمری واقیع قبوڵ دەکەن.

مەسعود بارزانی بە هەمان شێوە لە ٢٠١٧ لە هەڕەشەکانی ئەمریکا نەگەییشت سەبارەت بە ریفراندۆم کە وای دەزانی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی دەگۆڕێن دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، واتا ویستیان ئەمری واقیع بەسەر ئەمریکادا بسەپێنن.

ئەو تێنەگەییشتنانە لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەروەها نەبونی روئیایەکی باشی ئەمریکی بۆ ناوچەکە، شکست دوای شکستی توشی گەلانی ناوچەکە کردوە. هەم ئەمریکای توشی شکست کردوە، هەمو سەرکردەکانی گەلانی ناوچەکەش وڵاتەکانیان توش شەڕ و هەژاری و ماڵوێرانی کردوە. واتا بەرپرسیارێتییەکە هاوبەشە؛ هەم ئەمریکا بەرپرسیارە هەمیش سەرکردەکانی گەلانی ناوچەکە.

لە سیاسەتدا، تێگەیشتن لە خۆت و لە ویست و ئامانجەکانی هاوپەیمان و نەیارەکانت، وا دەکات توشی هەڵەی گەورە نەبی جا وەک دەوڵەت یا وەک سەرکردەیەک کە پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەنگاوبنێیت.

تێبینی: من کتێبەکەی ستیڤ کۆڵم نەخوێندۆتەوە، تەنها چەند چاوپێکەوتن و چەندبابەتەکێکم خوێندۆتەوە، سەرنجەکان لەسەر کتێبەکە مانای خوێندنەوەیەک نییە بۆ کتێبەکە تەنها بۆ دەوڵەمەندکردنی سەرنجەکانە بەگشتی.

بەشکردن: