ئاساییکردنەوەی جینۆساید لە تاوانێکی تاقانەوە بۆ تاوانێکی ئاسایی

د. ئاوارە حسێن

سی و شەش ساڵ بەسەر  هەریەک لە جینۆسایدەکانی هەڵەبجە و ئەنفال-دا تێدەپەڕێت، حەڤدە ساڵە ئەنفال و چواردە ساڵە هەڵەبجە بەگوێرەی ماددەی یانزەی پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقی بە جینۆساید ناسێندراون، بەڵام پاش ئەوە ماوە درێژە نە قوربانیی و زیانلێکەوتووەکان قەرەبووکراونەتەوە، نە کەیسی جینۆسایدەکانیش بە یاسا لە کوردستان، عێراق و ئاستی نێودەوڵەتیش ناسێندراون، سەرەڕای ئەوانەش لانی کەم هۆشیارییەکی گشتییش دەربارەی تاوانەکە دروست نەبووە. لەم ساڵیادەدا بە دەرفەتی دەزانم لە ڕەهەندێکی ترەوە لەبارەی جینۆسایدی کوردەوە بدوێم، ئەویش ئاساییکردنەوەی جینۆسایدە لە تاوانێکی تاقانەوە بۆ تاوانێکی ئاسایی، لە تاوانی تاوانەکانەوە بۆ تاوانێکی سادە، لە تاوانێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ تاوانێکی ناوخۆیی، لە گەورەترین و لوتکەی تاوانەکانەوە بۆ بچوکترین و نزمترین لیستی تاوانەکان.

لە ئاسایی کردنەوەی جینۆساید-دا مەبەستمان لە ئاساییکردنەوەی ئەو جینۆسایدانەیە کە لەدژی کورد ئەنجامدراون و ئەنجامدەدرێن. لەوانەیە پرسیارێک سەریهەڵدابێت و بێ وەڵام مابێتەوە بۆچی تا ئێستا جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا دانیپێدانەنراوە؟ بۆچی جینۆسایدکردنەوەی کورد لە قۆناغی مێژوویی و شێواز و جوگرافیای جیاوازدا بەردەوامە؟ لەوانەیە باشترین وەڵامێک ئەوەبێت ئەوەیە کە تا ئێستا ئەوانەی بڕیاریی یاسایی، دادوەریی، جێبەجێکردن و سیاسی کوردستانیان بەدەستەوەیە بەشێوازێک کاریان بۆ کەیسی جینۆساید نەکردووە کە تاوانەکە پێش ئەوەی تاوانێک بوبێت تاوانێک بێت دژ بە گروپێکی نەتەوەیی و ڕەگەزیی، تاوانێکە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی، هەوڵیان نەداوە کورد وەک نەتەوە و ڕەگەزێکی جینۆسایدکراو ببێت بە بینراو و ئازاری جینۆسایدەکەی نەگەشتووەتە ویژدانی مرۆڤایەتیی.

ئاسایینەکردنەوە، بیرهێنانەوە و لەبیرنەکردنی جینۆساید گەر بۆ گرپەکانی تر کە بە یەکێک یان هەریەک لە شێوازەکانی جینۆساید جینۆسایدکراون، جارێک گرنگ بێت ئەوا بۆ کورد وەک گروپێکی نەتەوەیی و ڕەگەزیی زۆر کاتیش ئاینیی جینۆسایدکراو گرنگییەکی ژیانیی هەیە. گەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستکەوێت کە چۆن دەتوانین جینۆسایدی کورد لەبیر نەکەین؟ ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابینەوە و بۆ جارێکیش بێت ئەو باوەڕەمان لادروست بووبێت کە نابێت هیچ تاوانێک بەراورد بکەین بە جینۆساید.

جینۆساید تاوانێکی ئاسایی و ناوخۆیی نییە، بەڵکو تاوانی تاوانەکان و نێودەوڵەتییە، ئەنجامدەرانی جینۆسایدیش هیچ لێبوردنێک نایگرێتەوە و هیچ لایەن، دەوڵەت، یاسا و دادگایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەریی ئەوەیان نییە بیانبەخش، بەڵکو دەبێت یان دادگاییان بکەن یان ڕادەستیی دەسەڵاتی دادوەریی تایبەتمەندیان بکەن بۆ دادگایکردن. کەوابوو بۆ ئەوەی بتوانین جینۆساید لە بیر نەکەین یەکەمین هەنگاو پێویستە ئەنجامدەران، تۆمەتباران و ئەوانەی بە ڕێگایەک لە ئەنجامدانییەوە تێوەگلاون نەک نەبەخشرێن بەڵکو دادگایی کردنیان چۆن ئەرکێکی یاساییە، ئاوەهاش بکرێتەوە بە ئەرکێکی یاسایی.

لە ساڵی (٢٠٠٧)وە دادگای باڵای تاوانکاریی عێڕاق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (٤٢٣) کەس دەرکردووە کە ڕۆڵیان هەبووە لە جینۆسایدی کورد-دا و (٢٥٨)یان کوردن، بەڵام نەک دەستگیرنەکراون تا ڕوبەڕوی دادپەروەریی بکرێنەوە، بەڵکو ژیانێکی ئارام و گونجاویان لەلایەن بڕیار بەدەستانی هەرێمەوە بۆ دابینکراوە. ئەم هەڵوێست و هەنگاوە لە مێژویی هیچ گروپێکی جینۆسایدکراودا بە بنەما نەگیراوە و کورد لەمەدا تاقانەیە.

لەلایەکی ترەوە نەبوونی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دانپێدانان بە جینۆساید ڕێگرییەکی ترە. دەرچواندنی یاسایەک کە کەسانێک تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامدا بەو یاسایە دادگایی بکرێن نەک یاسایی ئاسایی سزادان و تاوانکاریی، یاساییەک ئاساییکردنەوە، ڕەوایدان و پاساوهێنانەوە بۆ جینۆسایدکردنی کورد لە سەدەی ڕابردوو ئێستاش بە نوسین، زارەکیی، وێنە و هەر ڕێگایەکی تری گەیاندن بە تاوان ئەژماربکات، یاسایەک کە هیچ تاوانێک یەکسان، هاوتا و بەراورد نەکات بە جینۆساید، یاساک دانبنێت بەو جینۆسایدانەی کە لەدژی کورد ئەنجامدراون، هاوشێوەی ئەو پەنجا دەوڵەتەی کە بە یاسا دانیان بە جینۆسایدەکانی ئەرمەنییەکان، جولەکەکان و ڕوانداییەکاندا، ناوە. دەرچواندنی ئەم یاسایە بە تایبەتمەندی یاسای نیشتیمانیی ئەو دەوڵەتانە لە کوردستان و عێراقدا، وا دەکات لەسەر ئاستی گشتی بیری لێبکرێتەوە و جۆرێک لە پەروەردە و هۆشیاریی لەبیرنەچوونەوە و ئاسایی نەبوونەوە دروست بکات. نەبوونی یاساکە وایکردووە نەک لەسەر ئاستیی گشتیی هاووڵاتیانی ئاسایی، بەڵکو لەسەر ئاستێکی باڵاش تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و جینۆسایدی دژ بە کورد بە تاوانی ئاسایی و ناوخۆیی هاوتابکرێن و تەنانەت بچوکتریش بکرێنەوە و پاساو ڕەوایی بە جینۆسایدەکان بدەن. بە دەگمەن لە تاوانەکانی تورکیادا دژ بە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی و زەمینیی سەرکۆنەی تاوانەکان کرابێت، مەگەر ئەوەی سەرکۆنەکە بەستراوەتەوە بە پاساوێکەوە کە هەبوونی هێزەکانی لایەنێکی ترە لەو دەڤەرانەدا بۆیە سڤیلەکان بە ئامانجکراون. چەندین جار بە ئاگاییەوە هەبوونی هێزە فیدراڵییەکان لە کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان بە داگیرکەر ناودەبەن، بەڵام بۆ تەنها جارێک بە دەوڵەتی تورک نەوتراوە داگیرکەر گەرچی لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتییەوە داگیرکەرن و چەندین تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە.

لێرەدا دەرفەت نییە بە درێژیی لەبارەی ئاسایکردنەوەی جینۆساید لای ناوەندەکانی بڕیاری هەرێمی کوردستانەوە بدوێین، بەڵام بۆ سەلماندنی وتارەکەمان دوو نمونەیەکی دیار بە گرنگ دەبینم لەسەریان بوەستم، دوو نمونە لە دوو لایەنەوە کە هەرگیز نەدەبوو ئەو بەراوردە بکەن:

یەکەمیان: پەیامێکی مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ماوەی (١٢) ساڵیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، کە لە (٢٥/١/٢٠٢٣)دا بڵاوی کردووەتەوە، دەربارەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی کە بڕیارەکە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی (٢٠٠) ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پارتی لە پەیامە (٢٠٩) وشەییەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “دادگای باڵای فیدراڵی جێگەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورة)ی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە”. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا بڕینی (٢٠٠) ملیار دینار بەراورد دەکرێت بە تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو، کە زیانەکانی هەرگیز بە پارە ناخەمڵێنرێت؟ گەر بشخەمڵێنرێت وەک حکومەتی هەرێم خەمڵاندوویەتی بە نوسراوی ژمارە (٩٨٠) لە (٦/٨/٢٠١٣) بریتییە لە (٣٨٤٦٩٨٣٠٢٦٠٠) دۆلاری ئەمریکی.

دووەم: عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لە ڕێگای تەلەفونەوە لە (٤/٤/٢٠٢٤) میوانە بۆ قسەکردن لەسەر ناکۆکییەکانی خۆی و موحەمەد حاجی مەحمودی برای کە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە لە درێژەی قسەکانیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “دوو مانگ و نیو چواردەوری خانووەکەی دراوە لە گوندی گوڵەخانە و کە باڵندە و ئاژەڵی تێدایە ئەوەی ئەوان کردیان عەلی حەسەن مەجید-یش هەر ئەوە دەکات”. ئایا گرتنی چواردەوری خانوویەک کە باڵندە و ئاژەڵی تێدایە یەکساندەکرێت بەو تاوانانەی کە عەلی حەسەن مەجید ئەنجامیدا؟

ئەو دوو هاوتاکردنە گەر بە مەبەستیش نەبووبێت و تەنها نەزانیی و بەسەردا تێپەڕین بوبێت، ئەوا هەرگیز نابێت دووبارە ببنەوە، گوازرشتی لەم جۆرە گەر هاووڵاتییەکی ئاساییش بیکات هەر زۆر نائاساییە، چجای ئەوەی سەرۆکی پارتێکی گەورەی کوردستان و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە سەرۆکی لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنە. عەلی حەسەن مەجید بە بڕیاری ژمارە (١٦٠)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و بە واژووی سەددام حسین لە (٢٩/٣/١٩٨٧)دا کراوە بە سەرۆکی نوسینگەی ڕێکخستنی باکوور (کوردستان) و عەلی حەسەن مەجیدیش بە بڕیاری ژمارە (٤٠٠٨) کە لە حەوت خاڵ پێکهاتووە و لە (٢٠/٦/١٩٨٧)دا دەریکردووە پرۆسەیەکی تری جینۆسایدکردنی کورد دەستپێدەکات.

دروستکردنی هۆشیارییەک کە ئاساییکردنەوەی جینۆساید بە تاوان ئەژماربکات، و یاسایەک کە هیچ تاوانێک یەکسان نەکات بە جینۆساید، و هیچ ئەنجامدەری تاوانێکی ئاسایی و ناوخۆیی هاوتا نەکات بە جینۆسایدکار، گرنگ و ژیانییە. یاساکە یاسایەک بێت پەیامێکی ڕوون لە خۆبگرێت کە جینۆساید بەراورد ناکرێت و پارێزەری کەرامەتی ژیانی هەموو تاکەکان بێت بە تایبەتی کەرامەتی ئەوانەی کە ئەزمونی جینۆسایدیان کردووە، ڕێگری بکات لە بڵاوکردنەوەی ڕق کە سوتەمەنییە بۆ بەردەوامیدان بە تاوان، یاساکە یاسایەک بێت کە ئەو بنەمایە بپارێزێت کە هەموو مرۆڤێک شایەنی ڕێز و پاراستنە لە ئازارەکانی جینۆساید و دڵنیاکردنەوەی بەرپرسیارێتییە بۆ ئەوانەی کە پاساو بۆ جینۆساید دەهێننەوە یان هەوڵی بچوککردنەوەی تاوانەکە دەدەن، یاسایەک بێت  کە تێگەیشتنێکی گشتیی دروست بکات و هزریی گشتیی و سیاسیی نوخبەکان ئازادبکات، ئازادکردنێک هەبوونی مەترسییەک لەسەر بەرژوەندی تایبەتیی، خانەوادەیی و حیزبیی وایان لێنەکات بە ڕقەوە کاردانەوەیەکی هەڵەی یاسایی-مێژووی تۆماربکەن، چونکە بەدەستهێنانی ڕزگاریی سیاسیی پێویستی بەوەیە هزر و دونیابینیت ڕزگاربووبێت.

ناسینەوەی جینۆسایدی تەنها وەک جینۆساید بەراوردنەکردنی بە هیچی تر پێویستە لەپێش هەموانەوە هەوڵی سەرەکی دەسەڵاتی یاسادانان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتبن کە خۆیان بە ئاڵا هەڵگری نەتەوەیی و ساڕێژەکەری برینە گەورەکەی جینۆسایدی کورد دەزانن.

تێگەشتن لەوەی کە جینۆساید هەر جینۆسایدە، هەوڵدانی تەواو بۆ بە یاسا دانپێدانانی بۆ ئەوەیە جینۆساید دووبارە نەبێتەوە، ژیانێکی شایستە، ئارام و باشتر پاش جینۆساید فەراهەمبکرێت، ژیانێک کە تەنها شیاوی ئەوانە بێت کە جینۆسایدکراون و ئەزمونی ئازاری جینۆسایدیان کردووە و بە برینی قووڵی جینۆسایدەوە دەناسرێنەوە، ژیانێک کە بۆ هەمیشە ڕزگاریان بکات و پارێزبەندییان بۆ دروستبکات لە جینۆسایدکردنەوە، ئازار، تراوما، هەژاریی، ژیانێک گەرەنتی پاراستنی بوون، مافەکان و شکۆیان بکات.

بەشکردن: