رێواز فایەق پێیگوتین پارلەمان بێنرخە

بەشکردن:

کەمال چۆمانی

ئیعتیرافێکی زۆر جوانە کە سەرۆک پارلەمان رێواز فایەق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئێنئاڕتی دەڵێت پارلەمان کۆش ببێتەوە هیچی پێ ناکرێت و “تەنها خۆعەڕزکردن” دەبێت، بەڵام راستگۆیی بێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی، مانابەخش نابێت. 

بەخێرایی هەندێک لە وتەکانی خانمی سەرۆکی پارلەمان هەڵدەسەنگێین کە چۆن پۆستەکەی خۆیی و دامەزراوەی پارلەمانی خستە ژێر پرسیارەوە. 

رێواز خان دەڵێ کە پارلەمان ناتوانێت قانون دەربکات چونکە حکومەت توانای جێبەجێکردنی نییە. لە راستییدا، نە رێواز خان و نە ئەندامانی پارلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەمەڕ پرسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دانەنیشتون و گفتوگۆی ئەو پرسەیان نەکردوە تا ئێمە بزانین ئەگەر پارلەمانی کوردستان کۆمەڵێک قانون دەربکات ئەوا حکومەت جێبەجێیان دەکات یاخود نا. هیچ پارلەمانێک کە کەمێک نرخ بۆ خۆی دابنێت تەواوی دەستەڵاتەکان ناداتە حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانێکی وەک ئەوەی توشی هەرێمی کوردستان بوە. حکومەت لەوانەیە زیاتر حیزب و کۆمپانیاکانی بەلاوە گرنگ بێت، وەک زۆر لە حکومەتی دیکەی دونیاش، ئەوە پارلەمانە دەبێت هەنگاو بنێت و حکومەت ناچاربکات باڵانسێک لەنێوان خەڵک و کۆمپانیاکان و بودجەکەی خۆی دابنێت.  

 پارلەمان دەبێ بەدواداچون بۆ ئەوە بکات بۆچی حکومەت توانای جێبەجێکردنی بڕیار و قانونەکانی نییە و ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکانی خەڵک و نوێنەرانیان بێت. هۆکارەکان رونن؛ گەندەڵیی و شکستی کابینەی نوێی لە پرسی چاکسازیی و رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و جێبەجێکردنی پەیمانەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، حکومەت نەیتوانیوە حکومڕانیی باش پێشکەشبکات، حکومەت نەیتوانیوە بەسەر چەتەکانی نەوتدا زاڵ ببێت، حکومەت ناشیەوێت ئەمانە بکات چونکە هەردو هێزی حوکمڕانی سەرەکیی، لەپشتی ئەو تاڵانکارییەن. گۆڕانیش کە بەشدارە لە حکومەتدا، دەیەوێت جێپێی خۆی لە پارچە کێکەدا قاییم بکات. لێرەدا ئەرکی پارلەمان دێتەپێشەوە کە پێویستە حکومەت ناچاربکات لای کەم بەشێک لە داواکانی پارلەمان جێبەجێبکات. بەڵام، بۆ نمونە، لە پرسی قەیرانی دارایی ئێستا و ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارلەمان هیچ قسەیەکی نییە تا حکومەت حیسابی بۆ بکات یان فەرامۆشی بکات.

پارلەمان کە ئەمڕۆ کۆش ببێتەوە هیچی بۆ ناکرێت، تەنها هۆکار ئەوە نییە کە حکومەت گوێناگرێ و توانای نییە، بەڵکو پارلەمان لە دامەزراندنیەوە، نەک هەر لەو خولەیدا، بەڵکو لە خولەکانی تریشدا، دەزگایەکی سەرکەوتو نەبوە و هەمیشە قوڕمیشکراوی حیزبەکان بوە. بەڵام ئەو خولەی پارلەمانی کوردستان لاوازترین پارلەمانە لە مێژوی پارلەمانی کوردستاندا. رێواز خان جورئەتی نەکرد بەڕونیی ئەوە رونبکاتەوە کە پارتیی دیموکراتیی کوردستان زۆرینەیە، لە سەرۆکایەتیی پارلەمانیش جێگر و سکرتێر هەردوکیان پارتیین. پارتی بەتەنهاش دەتوانێت زۆرینەی پارلەمانیی دروستبکات. هەربۆیە، هەرشتێک بە ویستی خودی سەرۆکی حکومەت نەبێت، پارلەمانی کوردستان ناتوانێت و جورئەت ناکات دەستی بۆ ببات. 

رێواز خان دەڵێ کە غەدری لێ دەکرێت کاتێک رەخنەی لێ دەگیرێت. ئەوە جێی داخە چونکە رێواز خان وەک پارلەمان ئەرکەکەی جێبەجێناکا، راستییەکانیش دەزانێت و دانیشیان پێدا دەنێت، کەچی بەرپرسیارێتیی هەڵناگرێت. ملدانە بەر بەرپرسیارێتیی لە کاتی قەیراندا لە سەرکردە لێهاتوەکان چاوەڕێدەکرێت، بەڵام کەسێک بزانێت ناتوانێت لە ئاست بەرپرسیارێتییەکان بێت، خۆشی دان بەو راستییەدا بنێت، کەچی بەردەوامییش بدات بە پۆستەکەی، بەڕاستی کارەساتە.

ئەو رێکارانەی حکومەت گرتونەتیە بەر بۆ روبەڕوبەنوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، قوەتی قانونییان نییە. بەڵام رێواز خان ئیعتیراف بەو رێکارانە دەکات و دەستەڵاتی راگەیاندنی دۆخی طەوارییش دەدات حکومەت. یەکێک لە رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن و رای گشتی و میدیا لە قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم هەبونی دەستەڵاتی راگەیاندنی دۆخی طەواری بو، بەتایبەت لە کاتێکدا کە پارلەمان نەتوانێت کۆببێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە هیچ رێگرییەک لەبەردەم پارلەماندا نییە بۆ کۆنەبونەوە، کەچی رێواز خان دان بەوەدا دەنێت کە پارلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە، واتا بەناڕاستەوخۆیی دەستەڵات دەدات حکومەت بۆ راگەیاندنی بارودۆخی لەناکاو. هەر بۆیەشە حکومەت رێکارەکانی توندترکردون بە رادەیەک لەسەر پۆستێکی فەیسبوک هەفتەیەک رۆژنامەنوسێک لە زیندان دایە.

حکومەت و پارلەمان تەنها خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دەشارنەوە کە کۆنابنەوە و حکومەت لەڕێی تێلیکۆنفرەنسەوە کۆبونەوەکانی رێکدەخات. ئەی بۆچی هێزەکانی ئاساییش و پۆلیس بڵاوبونەتەوە کە ئەوان زیاتریش کۆنتاکتیان لەگەڵ خەڵک هەیە؟ سەرۆکایەتیی حکومەت دەتوانێت تێستی کۆرۆنا بۆ تەواوی ستافەکەی بکا و کە بۆی دەرکەوت کەسیان هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین، کۆبونەوەکان بکەن و بە جێبەجێکردنی هەندێ رێکاری خۆپاراستن. هەندێک ماڵباتی کوردستانی عێڕاق کە شەوان کۆدەبنەوە، لە دۆخی کۆرۆناش، چی وایان لە کۆی ژمارەی ئەندامانی کابینەی حکومەت کەمتر نییە. بە کورتیی، هیچ پێویست ناکات حکومەت کۆنەبێتەوە، یان پارلەمان کۆنەبێتەوە. دەکرێت دەستوانە و ماسک ببەستن، هەروەهاکورسییەکانیان مەتر و نیوێک لە یەکتر دور بێت. یان دەکرێت لیژنەکان کۆببنەوە. بەهانەی هەبونی ئەو رێککارانە خۆدزینەوەیە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی.

کە سەرۆکی پارلەمان دەڵێت کە دەستلەکارکێشانەوەی هیچ لە مەوزوعەکە ناگۆڕێت. کۆبونەوەش ناکات چونکە پارلەمان هیچی لەدەستنایەت و حکومەتیش بڕیارەکان جێبەجێناکات. سەرەتا، دەبێت ئەوە بزانین کە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پارلەمان زۆر شت دەگۆڕێت، بەتایبەت کەلتورێک دەگۆڕێت کە کەلتوری هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی و بەهیچ تەماشاکردنی بەرپرسیارێتییە. دەستلەکارکێشەی سەرۆکی پارلەمان لە بەرانبەر ناکارایی پارلەمان و بێنرخکردنی پارلەمان لەلایەن حکومەت و بێباکیی حکومەت لە بەرانبەر وڵاتییان و کاروباری وڵاتدا خاڵی وەرچەرخان دەبێت لە مێژوی پارلەمانی کوردستان و حوکمڕانیی کوردستان و سیاسەتمەدارانیدا. ئەوە وا دەکات خەڵک هەڵوێستێکی جدیی و رادیکاڵ لە بەرانبەر بێباکیی حکومەت نیشانبدات. ئەگەر رێواز خان بیەوێت یەک شت بکات و مێژویەک بۆ خۆیی و گەلەکەی تۆماربکات، ئەوا دەستلەکارکێشانەوەیەتی کە زۆر شت دەگۆڕێت.  

بەڵام پێدەچێت رێواز خان ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵنەگرێت، هەربۆیە گوتی کە کۆبونەوەی پارلەمان تەنها خۆعەرزکردنە، کە بە بڕوای من ئەوە سوککردنی پارلەمانە چونکە ئەگەر سەرۆک پارلەمان پێیوابێت کۆبونەوەی نوێنەرانی گەل خۆعەرزکردنە، چۆن چاوەڕێبکەین کە حکومەت نرخ بۆ پارلەمان و ئەندام پارلەمانان دابنیت.

پارلەمان خۆی لە بەرپرسیارێتیی شاردۆتەوە، ئەگەرنا دەیتوانی ئەو قەیرانی داراییی و ڤایرۆسە وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ فشارکردنە سەر حکومەت. بۆ نمونە، رێواز خان راست ناکات کە دەڵێت دەستەڵاتەکانی دەستەڵاتی بچوکن. ئەو دەتوانێت داوا لە لیژنەی نەوت و گاز یان نەزاهە بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو ملیار دۆلارەی کە لە بانقێکی لوبنانە، یان ئەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەی کە بە ئەگەرێکی زۆر گەندەڵییەکی گەورەی تێدا کراوە و رۆزنەفت داویەتە کۆمپانیایەکی راوێژکاریی بۆ بردنەوەی چەند کۆنتراکتێکی نەوتی کوردستان. لەوەش زیاتر، رێواز خان وەک سەرۆکی پارلەمان دەیتوانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تەحقیقیی تایبەت بکات لەو مەسەلانە. ئەگەر رێواز خان ئەوانەی بکردبوایە، ئەوا خەڵکی کوردستان متمانەی بە پارلەمان تا رادەیەک دروستدەبو، فشاریشیان لە حکومەت دەکرد بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان. حکومەتیش لەژێر فشارك خەڵک و میدیا و پارلەماندا، بەدڵنیایی هەڵوێستەکانی جیاواز دەبون لەو هەڵوێستە بێباکانەیەی ئێستای. 

سەرۆک پارلەمانێک و پارلەمانێک ئاگاداری داهاتی نەوت و گاز نەبن، قانونەکانیان جێبەجێنەکرێن، لە قەیراندا پرسیارن پێنەکرێت، توانای لێپرسینەوەی ئەو کەسانەیان نەبێت دایانناون بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکان، نەتوانن ئەو قانونانە دەربکەون کە خەڵک پێویستییەتی، لە بەرانبەر حکومەت و سەرۆکایەتیی حکومەتدا بچوک و بێدەستەڵات بن، خۆشیان هەمو ئەو راستییانە بزانن و ئیعیترافیش بکەن بەڵام بەرپرسیارێتیی هەڵنەگرن، بۆ ئەوە باشن قفڵێک لە دەرگاکەی پارلەمان بدەن و بودجەکەی بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بەکاربێت.

رێواز خان زۆر بەڕونی پێیگوتین پارلەمان زۆر بێنرخە، بەڵام لە راستییدا پارلەمان زۆر بەنرخە، بەڵام حکومەت و پارلەمان و هێزە حوکمڕانەکان پێکەوە کار لەسەر بێنرخکردنی پارلەمان دەکەن. بەداخەوە ئەو لێدوانانەشی تەنها خزمەت بە حکومەت دەکات بۆ کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی جڤاک و میدیا. ئەو بە خەڵکی گوت ئەوەتا سەرۆکی پارلەمان هیچی پێناکرێت، تۆی هاووڵاتیی چۆن دەتوانیت هێزی فشار بیت لەسەر حکومەت.

بەشکردن: