٤٨ سەعات قەدەغە؛ مەترسیدارترین بڕیار

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

رۆژانی داهاتو دەریدەخەن کە بڕیاری لەناکاوی داخستنی نانەواخانە و دوکان و مارکێتەکان، هەڵەترین بڕیاری کاربەدەستانی حکومەت بو لە کۆی ئەو بڕیار و رێککارییانەی گیراونەتەوەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

کاردانەوەکانی هاووڵاتییان زۆر سروشتی و چاوەڕوانکراو بون. ئەمە لە هەر وڵاتێکی تریش بوایە، هەمان کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێدەکەوتەوە. ئەو قسانە بێمانان کە دەڵێن هاووڵاتییانی کورد بەهۆی تایبەتمەندی کەلتورییەوە، کاردانەوەی ناسروشتی دەنوێنن، چونکە مرۆڤ لە روی بایلۆژی و دەرونییەوە هەمو شتێک لە پێناو مانەوەی خۆی دەکات. کاتێک تۆ دەیخەیتە دڵەڕاوکێ نەمانی نان و خواردن، ئەو هەمو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بەشی پێویست لە نان و خواردن بەدەستبخات. ئەوەی سروشتی نییە، نەبونی توانای درککردن بە ئاکامەکانی بڕیارێکی وایە لەلایەن بڕیاربەدەستانی حکومەت. ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی گشتییەوە هەیە، دەبێت خوێندنەوە بۆ ئەنجام و ئاکامەکانی لە چەندین روانگە و رەهەندەوە بۆ بکرێت، چونکە لێکەوتەکانی راستەوخۆن بۆ سەر ژیانی گشتیی.

مەترسیی بڕیارەکە لە کوێیە؟

ئەو بڕیارە وای کرد کە زۆرترین کەس لە یەک کاتدا برۆنەوە دەرەوە و بەکۆمەڵ کۆببنەوە. مەترسیی ئاکامەکانی ئەم بڕیارە ئەوەیە؛ ئەگەر پێشتر لە سەد کەس تەنها یەک کەس هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩) بو بێت، ئەوا ئێستا بە هۆی شەوی رابردوەوە رێژەکەی بۆ لایەنی کەم دەقات بەرز بۆتەوە. بە پێی بۆچونی پسپۆران هەرکەسێک لە دۆخی ئاسایی تا ١٥ کەسی تر توشی فایرۆسی کۆرۆنا دەکات. ئەوەی دوێنی شەو رویدا دۆخی سەرو ئاسایی بو، چونکە خەلک لە دۆخی ئاسایی زیاتر بەریەککەوتنیان هەبو، کەواتە رێژەی گواستنەوەکەش زیاترە. ئاکامەکانی ئەو بڕیارە لە دو هەفتەی داهاتو دەردەکەون، چونکە بەپێی ئەزمونی پسپۆڕان نیشانەکانی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای ١٠ تا ١٤ رۆژ لەسەر کەسەکە دەردەکەون. بیهێننە بەرچاوی خۆتان، ئەگەر لە رۆژانی داهاتو خوا نەکردی خۆشەویسترین کەستان نەخۆش کەوت. کاتێک دەچنە نەخۆشخانە دەبینن، بۆ هەر جێگایەکی چارەسەریی نەخۆش زیاتر لە پێنج نەخۆش لەوێن و چاوەڕێی چارەسەرن. لێرەدا دەبێت کادرانی نەخۆسخانەکان بڕیار بدەن، جێگە بەتاڵەکە بۆ کێ دەبێت و کێش ناتوانرێنت چارەسەری چڕ وەربگرێت، لەبەر ئەوەی جێگەی بەتاڵ و کادری پێویست نییە. ئەمە نەک تەنها کادیرانی تەندروستنی دەخاتە ژێر بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و دۆخێکی دەرونیی شپرزە، بەڵکو کەس و کاری نەخۆشە چارەسەرنەکراوەکانیش دەخاتە دۆخێکی ئەوەندە سەخت، کە ئاکامەکانی نازانرێت چی و چۆن دەبێت. ئەو یەکێکە لەو سیناریۆیە مەترسیدارانەی کە لە زۆربەی وڵاتان ئامادەکاری راستەقینەی بۆ کراوە و دەکرێت. لە ئەڵمانیا بۆ نمونە لە هەر نەخۆشخانەیەک لیژنەیەک لە دکتۆرانی پسپۆر دروستکراوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەولەویەتی چارەسەریی بۆ نەخۆشەکان بدەن. بڕیارەکەش لەسەر بنەمای ئەوە دەدرێت کە کام نەخۆش ئەگەرەکانی چاکبونەوەی لە وانی تر زیاتر بێت، ئەولەویەتی چارەسەر بۆ ئەو بێت. لە هەرێمی کوردستان ئەمە لە بەر دو هۆکار سەرناگرێت، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دکتۆرەکان پێشینەی نەخۆشەکانیان لە لا نییە تا بڕیاری دروستی لە سەر بدەن، کە کێ ئەگەری چاکبونەوەی زیاترە، بەڵکو بڕیارەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی کێ لای کام بەرپرس و کام حزب دەستی دەڕوا یان چەکی بەدەستە، کە ئەوەش وادەکات مەترسیەکە رەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسیش وەربگرێت.    

حکومەت بۆ ناتوانێت درک بە ئاکامەکانی بڕیارەکانی بکات؟ 

نەبونی توانای حکومەت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی بڕیارەکان بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنمەوە. یەکەم، نەبونی هیچ ناوەندێک یان پەىمانگایەکی تۆژینەوەی پسپۆر کە لەسەر بنەمای زانیاری و داتای دروست و ئەزمونی وڵاتان راوێژی دروست بداتە بڕیاربەدەستان. دوەم، بێتوانایی راوێژکارانی حکومی لە درککردن و تێگەیشتن لە قوڵی و رەهەندەکانی ئاکامەکانی بڕیارەکان. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە زۆربەی راوێژکارەکانی حکومەت لە سەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت دامەزراون، نەک لەسەر بنەمای پسپۆریی بوارەکانی خۆیان. ئەگەر لە کارەکەیان دەربکرێن، لەوانەیە زۆربەیان نەتوانن لە هیچ شوێن و بوارێک کار بدۆزنەوە، چونکە جگە لە پێداهەڵدانی بەرپرسان و حزبایەتی هیچی تر نازانن. 

سێیەم، لەدەستدانی هەستی هاوسۆزی یاخۆد هاوهەستکردنە لای بڕیاربەدەستانی حکومەت. هاوهەستکردن، کە لە زاراوەی ئینگلیزی (empathy) وەرمگرتوە بە مانای ئەوە دێت، کە کەسێک لە دۆخێکی دیاریکراو توانای ئەوەی هەبێت، خۆی بخاتە شوێنی کەسێکی تر و و بەپێی هەڵومەرج و پێدراوەکانی ئەو کەسە هەمانی هەستەکانی ئەو هەست پێبکات. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە بڕیاربەدەستانی حکومەت خۆیان لە شاروچکە و گرد و گوندە سەردەمییەکان قایمکردوە و هیچ پەیوەندیی و تێکەڵاویان لەگەڵ هاووڵاتییانی ئاسایی و خەمەکانیان نەماوە. ئەوان کە خۆیان هیچ کێشەیەکی ماددییان نییە و هەمو پێداویستی خواردن و ژیانیان لە رێگەی خزمەتکارەکانیان بۆ دێتە ماڵەوە، بێگومان ناتوانن هەست بە ترس و  نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان بکەن. ئەگەر ئەو کەسانەی کە بڕیارەکەیان داوە، کەمترین توانای هاوهەستکردنیان هەبوایە، دەبوایە ئاکامەکانیان لەبەر چاوان بوایە، چونکە ئەم کاردانەوەیە سروشتیترین خەسڵەتی مرۆڤە، کاتێک هەست دەکات خواردن و ژیانی لە مەترسییە.      

 

بەشکردن: