کەمال چۆمانی
ئیدارەی خۆجێیی، بەتایبەتتریش سێکتەری تەندروستیی سلێمانیی، لە پرسی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە بەراورد بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە، سەرکەوتوتر بوە. تەنانەت حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پلانەکانیدا، ستراتیژی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی گرتۆتەبەر. بۆ ئەمە، ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی تا رادەیەک پرۆفێشناڵانە کاریکرد، بە پێچەوانەی حکومەتی هەرێمەوە. تا رادەیەکیش، هەر زو، کە زانیان حکومەتی هەرێم بێ پلانە، تاقیگەیەکیان دانا، متمانەی خێرخوازانیان بەدەستهێنا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک. ئەو متمانەیە دروستنەدەبو ئەگەر ئیدارەکە راستگۆ نەبوایە لە راگەیاندنی کەیسەکان. هەروەها، ئیدارەکە تەنها جێبەجێکردنی پلانەکانیان گرتە ئەستۆ، پلان و رێککاریی و ئامۆژگارییەکانیان لە کەسانی پرۆفێشناڵی تەندروستیی وەرگرت. هەر بۆیەشە هەمو چاوەکان کەوتنە سەر سلێمانیی چونکە ئەوان رونتر و بەپلانتر بون.
بۆ نمونە، حکومەتی هەرێم دژی ئەوە بو پشکنینەکان بنێردرێنە بەغداد، دەشیانەویست قەیرانەکە بشارنەوە و زۆربەی کەیسەکان رانەگەیەنن، بەڵام ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی ئەوەیان رەتکردەوە. لە راگەیاندنی ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواوەتییش، ئەوە تەنها بڕیاری مەسڕوڕ بارزانیی و وەزیری ناوخۆ بو، دەشیانەویست ٧٢ سەعات بێت، تەنانەت پارێزگاری سلێمانیی هەڤاڵ ئەبوبەکر و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانییش ئاگادار نەبون. بەڵام دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بو بە ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواو. ئەوە بڕیارە لەناکاوەی مەسڕوڕ بارزانی -کە لەڕێی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەدەوە راگەیەنرا- کە هەموانی توشی شۆک و پانیک کرد، بێ خوێندنەوە نەبوە. ئەو خەونی حکومەتێکی سێنتراڵی توندی هەیە نەک حکومەتێک کە دەستەڵاتەکان بداتە پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان. ئەوە قبوڵکراو نییە لای مەسروڕ بارزانیی شارێک یان قەزایەک بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت بڕیاربدات نەخۆشخانە بکاتەوە یان خوێندنگەیەک یان کتێبخانەیەکی گشتیی. ئەو بێ راوێژ کارەکان ئەنجامدەدات چونکە بڕوای بە تاکڕەویی هەیە، وەزیرەکانی پارتییش ئەمەیان پێخۆشە چونکە خۆیان لە هەر بەرپرسیارێتییەک دەدزنەوە، ئەمەش بۆ وەزیرەکان ئاسانترە نەک بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. هەم لەناو حیزبەکەی، هەم لە پیشە هەواڵگرییەکەیدا تاکڕەوییەکەی وێنەیەکی گەورەی لەناو حیزبەکەی پێبەخشیوە. تا رادەیەکی باشیش سەرکەوتو بوە لەوەی تاکڕەوییەکەی بە “دەوڵەتداریی” بە ئەندام و لایەنگرانی بفرۆشێتەوە. ئەو نازانێت ئەمە لەناو حکومەتێکی هاوپەیمانیی سەرکەوتو نابێت. لەوانەیە حیزبەکان یان هەندێک لە وەزیرەکان تا ماوەیەک یان لە هەندێ باردا و ئە و تاکڕەوییە قبوڵبکەن، بەڵام تا کۆتایی وا بەردەوام نابێت چونکە حیزبەکان لەژێر فشاری لایەنگرانیانن و دەیانەوێت حکومڕانییەکی جیاوازتر ببینن لێیان. حکومەت هێزی دیکەشی تێدا هەن. لە پارلەمان ئۆپۆزسیۆنیش هەیە. خەڵک چاودێرێکی وردە. میدیاش بەوردی هەنگاوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.
مەسروڕ بارزانی بە رادەیەک دژایەتیی لامەرکەزیەتە تەنانەت لەڕێی گوتەبێژی حکومەتەوە رایگەیاند کە “هیچ كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی پارە بە ناوی هاوكاری رێگەپێدراو نییە و بۆ هیچ كەسێك یان لایەنێک نییە كەمپەین رابگەیێنێت.” هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە بارزانی دەیەوێت هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی پارە و یارمەتییدانی هەژاران یەکبخات، بەڵام لە بنەرەتدا ئەوە ترسە لەوەی خەڵک پشت بە خۆی ببەستێت و رێکخراو و گروپە کۆمەڵایەتییە خێرخوازەکان ببنە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتیی. بارزانی بەو بڕیارەی رێ لەو خێرخواز و کەسایەتییانە دەگرێت کە دەیانەوێت لەڕێی جڤاک و شار و گوند و شارۆچکەکەی خۆیانەوە، یان لەڕێی حکومەتە خۆجێییەکەی خۆیانەوە پارە کۆبکەنەوە چونکە دەیەوێت هەموان بۆ ئەو بگەڕێنەوە. بارزانی پشتی بە کام بنەمای قانونیی بەستوە بۆ رێگریکردن لە کۆکردنەوەی پارە بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لەو قەیرانە قولەدا کە توشی هەرێمی کوردستان و دونیا بوە؟
چەند خاڵێک لەو بڕیاری ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواو هەڵدەهێنجم:
– وەک زۆر خەڵکی هەرێمی کوردستان، بڕوایەکی تەواوم بە بەخشینی زیاتری دەستەڵات هەیە بە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان -لامەرکەزیەت-. ئەوەی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی کردی، سەلماندنی ئەو راستییە بو کە ویستی سەرۆکی حکومەت مەسروڕ بارزانیی بۆ زیاتر بەسێنتراڵکردنی حکومەتی هەرێم و کوشتنی لامەرکەزیەت مەترسیدارن، شکستخواردون و پێویستە رێیان لێ بگیرێت. بارزانی نایەوێت خەڵک ئەو راستییانەی بۆ دەربکەوێت کە ئیدارە خۆجێییەکان زۆر گرنگن. ئەوەش عەیبەیەک نییە، تەنانەت لە ئەمریکاش ویلایەتەکان مشوری خۆیان خوارد کاتێک بینیان ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ وەک پێویست نەبو لە سەرەتادا.
– ئیدارە خۆجێییەکان دەتوانن متمانەی زیاتر لەنێوان خۆیان و هاووڵاتییان دروستبکەن، هەربۆیە زۆر بەزویی خێرخوازان دەستوبردیان کرد لە کردنەوەی نەخۆشخانەیەک، بەتایبەت کە بینییان کادیرانی تەندروستیی بەڕاستیی خۆیان ماندودەکەن بێگوێدانە ئەو لاوازییانەی لە حکومەتدا هەن. لە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە و تاقیگەیەک، ئەوەی ون بو حیزب بو، بە کۆی رەنگەکانیەوە، ئەوەی هەبو و دەرکەوت خەڵکی خێرخواز و پرۆفێشناڵ بو. -بەڵێ، من دەزانم و پێشتریش زۆر رەخنەمان لەو سیستەمە گرتوە، بەڵام ئەو سەرنجانە باسی ئەوەن کە چۆن حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی مامەڵەی کردوە بەپێی ئەوەی لەبەر دەستدا بوە-.
– پێویستە ئیدارە خۆجێییەکان دەستەڵاتەکانیان زیاتر بکرێت، لە بواری داراییشەوە دەستەڵاتەکانیان فراوانبکرێت، بە رادەیەک خۆیان مشوری زۆر شت بخۆن و نەگەڕێنەوە لای حکومەت. ئیدارە خۆجێییەکان بکەونە کێبڕكێ لە ململانێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر. بۆ نمونە، ئەگەر سەرۆک وەزیران لە حیزبی ئەلف بێ، دەکرێ ئیدارەی شاری رانیە لەلایەن حیزبی بی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوەببرێ کە ئۆپۆزسیۆن لەوێ باشتر خزمەتدەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەگەر حکومەت بگرێتە دەست، دەتوانێت باشتر بێت. ئەمە دەرفەتیشە بۆ ئۆپۆزسیۆن و حیزبەکانی دی کە ئەسپی خۆیان تاوبدەن لە حوکمڕانیی. ململانێکان روێکی تر وەردەگرن و دەبنە ململانێ لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی باشتر. بۆ نمونە، پارێزگاری لەندەن لە حیزبی کرێکارانە، بەڵام حکومەت هی پارتی پارێزگارانە.
– نامەوێت ئەو برینە قوڵتر بکەم کە یەکێتیی و پارتیی و خەڵکی تریش خستویانەتە نێوان سلێمانیی و هەولێر. بەڵام پێموایە مەسڕور بارزانی بۆیە بڕیاری ٤٨ سەعات قەدەغەی سەپاند تا ئەو ئیدارەدانە باشترەی حکومەتی خۆجێیی سلێمانیی لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەدەستیهێناوە بە بەراورد بە حکومەتی هەرێم، بیانکاتە هی حکومەت و لەمەودوا ئیدارەی سلێمانیی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆک سنوردارتر دەکرێن لە گرتنەبەری هەر رێککارییەک کە جیاواز بن لە هی حکومەتی هەرێم، یان پێش یان پاشی حکومەتی هەرێم بن.
– ویستی تاکڕەویی مەسروڕ بارزانی لەو بڕیارەدا بەڕونی دیارە. دژایەتیشی لەگەڵ لامەرکەزیەت و بەخشینی دەستەڵاکەکان بە حکومەتە خۆجێییەکان شتێکی رونە. دەبێت مەسروڕ بارزانی و حکومەتی هەرێم و سەرجەم حیزب و لایەنەکان لەوە تێبگەن خەڵکی پێنجوێن و ئامێدی و دهۆک و هەڵەبجە دەیانەوێت زیاتر بەشدارییان هەبێت لە بڕیارەکانی تایبەت بە شار و شارۆچکەکانیان. قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆناش باشتر دەریخست کە حکومەتی سێنتراڵی توند هەمیشە شکستخواردوە.