ئاراس مەسیفی
حوکمڕانی پۆلیسی دەستەڵاتێکی پارانۆیایە، تەنها کار لەسەر ترساندنی و دەستەمۆکردنی هاووڵاتییان دەکات. هەمو هۆیەک و ئامرازێکی متمانە لەناودەبات. ئەمانە هەمان خەسڵەتەکانی کەسانی توشبو بە نەخۆشی پارانۆیایە، کە هەمیشە ترس و گومانیان لە دەوروبەر هەیە، هەمیشە پێیان وایە کە کەسانی دەوروبەر نیازی فێللێکرن و زیان پێگەیاندنیان هەیە، بێئەوەی هیچ بەڵگەیەکیشیان بۆ ئەوە هەبێت. ئەم دیاریدەیە یەکێکە لە خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان. کەسانی ئەمنی و هەواڵگری هەمیشە گومان لە خەڵک دەکەن و بەوردی چاویان لەسەر هەڵسوکەوت و وتەکان و کردەوکانیانە. بە مانایەکی تر، سروشتی کارەکەیان وا دەخوازێ، لە هەمو کەسێک و جولەیەک بە گومان بن و وەکو دوژمن و نەیار هەژماریان بکەن.
وڵاتانی دیموکراتی بە هۆی دامەزراوەکانی بەهێزی یاسادانان و دادوەریی و میدیایی، کاری دەزگا ئەمنی و هەوالگیریەکان سنوردار دەکەن. کاتێک سنوری دەستەڵاتە دیاریکراوەکانی خۆیان دەبەزێنن، میدیا و رای گشتی پێدەزانێت و لێپێچینەوەی یاسایی و سیاسی بەدوادێت. لەو وڵاتانەی کە دامەزراوەکانی تری دەوڵەت وەکو دامەزراوەی یاسادانان و دادوەریی و میدیایی بێهێزن، دەوڵەت و کۆی پرۆسەی سیاسی دەبنە بارمتەی بەرژەوندی ناوەندە هەواڵگیری و ئەمنییەکان. نمونەی ئەو وڵاتانەش زۆرن، دیاریترینیان پاکستان و تورکیان، کە تیایاندا بە ئاشکرا باس لە بونی دەوڵەتی قوڵ دەکرێت. لە وڵاتانە هىچ شتێک بێ رەزامەندی و پشتیوانی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئەمنییەکان سەرکەوتو نابێت، هەر کارێکی دەوڵەتیان بەدڵ نەبێت، هەوڵی تێکدانی دەدەن. لەو وڵاتانی کە دامەزراوەکانی تری دەوڵەت تەنها روکەشن، عەقڵی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەبێتە عەقڵ و لۆژیکی سیاسەتی فەرمی دەوڵەت. لە زانستی سیاسیی بەم وڵاتانە دەڵێن دەوڵەتی پۆلیسی، کە تیایدا هاووڵاتییان هەمیشە وەکو مەترسی یان تاوانبار لێیان دەروانرێت. نمونەی ئەم وڵاتانەش کۆریای باکور، رژێمەکانی پێشوی سەدام و قەذافی و ئێستای بەشار ئەسەد و عەبدولفەتاح سیسیین. کاتێک لۆژیک و عەقڵی هەواڵگیری و ئەمنی سیاسەتی فەرمی حوکمڕانی ئاراستە دەکات. ئەوکاتە هەمو دامەزراوەکانی تری دەوڵەت لە وەزیفە و ئەرکی راستەقینەیان بەتاڵ دەکرێنەوە، هیچ پەراوێزێک بۆ مافی هاووڵاتییبون نامێنێتەوە، هاووڵاتییان نەک تەنها لە هەمو مافێکی بنەڕەتی بێبەش دەکرێن، بەڵکو تەنها باسکردنی ئەو مافانەش، دەبێتە هۆکارێک بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێن کردن. بەمەش ترس جێگەی متمانە دەگرێتەوە.
حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بە هەندێک جیاوازی بچوک تا دروستبونی کابینەی نۆیەم زیاتر لە نمونەکانی پاکستان و تورکیا نزیکتر بو. دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی کاری ئەمنیی و هەواڵگریی خۆیان دەکرد و تەنها لە پرسە هەستیار و گرنگەکانی حزبی و حکومی خۆیان دەردەکەوتن. دوای دروستبونی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، رۆژ بە رۆژ هەژمونی عەقڵی هەواڵگریی و ئەمنیی جێگە بە عەقڵ و لۆژیکی مەدەنی و یاسایی و سیاسی لێژ دەکات، چونکە مەسرور بارزانی جگە لە خۆی کە پیاوێکی هەواڵگریی و ئەمنییە، پشتیشی بە ستافێک بەستوە، کە زیاتر لە کاری هەواڵگریی و ئەمنییەوە شارەزان بە هۆی نزیکایەتیی پشتریان لەگەڵ بارزانیی و هەوڵی دڵخۆشکردنیشی.
لای هەمو کەس ئاشکرایە، کە ئێستا هەرێمی کوردستان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆی کەوتۆتە قەیرانێکی راستەقینە. راستە روبەڕوبونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە ڕێککاریی خێرا و گونجاوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، کە حکومەت ڤایرۆسی کۆرۆنا بکاتە بەهانەیەک بۆ پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان و بێنرخکردنی دامەزراوەکان. بریار و کارەکانی حکومەت رۆژ بە رۆژ خەسڵەتی دەوڵەتی پۆلیسی وەردەگرن. دامەزراوەکانی یاسایی و دادوەری خەریکە بەتەواوی لەکاردەخرێن، دامەزراوە میدیایییەکان دەمێکە بەتەواوی کەوتونەتە دەست حزب و دەزگا ئەمنییەکان و هیچ قورسایی و سەنگ و متمانەیان لای هاووڵاتییان نەماوە. ئەمەش وادەکات ئەو بەشە متمانەی خەڵکیش بە حکومەت رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر بێت. رۆژنامەنوس و چاڵاکوان بەئاشکرا دەستگیردەکرێن، تەنها بە مەبەستی چاوترساندن و چاوسورکردنەوە و دەستەمۆکردنی هاووڵاتییان، ئەگەرنا دەچێتە عەقلی کێ کەسێکی وەکو هێمن مامەند یان زریان محەمەد بتوانن مەترسیی لە سەر حکومەت دروستبکەن؟
دەوڵەتی پۆلیسی تەنها کاتێک سەردەگرێت و دەتوانێت بەردەوام بێت کە دەستەڵات لە ناوخۆی یەکگرتو و ڕێکخراو بێت، سنورەکانی دیاریکراو بێت و بەروی دەرەوە کۆنترۆل کراوبێت، ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوە بە شێوەیەکی ڕەها بە دەست دەستەڵات بێت و ئابورییەکەشی تا رادەیەک بەهێز بێت، یان مەترسییەکانی دەرەوە زۆر لەوانە گەورەتر بن و خەڵک مەترسییەکەی دەرەوە بەخراپتر بزانن لە بەپۆلیسکردنی حکومڕانیی ناوخۆ، وەک ئێستای سوریا. دەستەڵات بۆ ئەوە دەبێت خاوەنی سەروەری نێودەوڵەتی بێت، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستتێوەردانی ناوخۆیی بکات و بە لایەنی کەمەوە چەند وڵاتێکی بەهێزی دۆست، بەهەر هۆیەکەوە بێت، پشتیوانی لێ بکەن.
هەرێمی کوردستان هیچ لەو مەرجانەی تێدا نییە، چونکە جگە لەوەی لە ناوخۆ یەکگرتو و ڕێکخراو نییە، تا ئێستاش بەشێکە لە دامەزراوەی دەستوریی و یاسایی دەوڵەتی عێراق، کە سەرەرای هەمو کەموکوڕتییەکانی ولاتێکی خاوەن سیستەمێکی مەدەنییە و دەستەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاودەست دەکرێت. هەرێم ناتوانێت سنورەکان بۆ هەمیشە لەسەر بەشەکانی تری عێراق دابخات، کۆنترۆلکردنی ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوە لە دەستی حکومەتی ناوەندییدان. هەرێمێکی پۆلیسی، ئەگەر کێشە ناوخۆیییەکانیشی بەلاوە بنێت، مەحاڵە بتوانێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەدەنیی بەردەوام بێت. جگە لەمانەش حوکمڕانی هەرێم، هەمیشە چاوی لە دەستی وڵاتانی هاوپەیمانانە، کە بۆ ئەوانیش ئاسان نابێت بتوانن پشتیوانی هەرێمێکی پۆلیسی بکەن لەدژی حکومەتێکی مەدەنیی ناوەندیی. خۆ ئەگەر خوانەخواستە، بەغدادیش بەرەو حوکمڕانیی پۆلیسی هەنگاوینا، ئەوە هەرێم دوبارە پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیری هاوپەیمانان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بەغداد پارێزگاری لێ بکەن. لەبەر ئەوە هەنگاوەکانی بەپۆلیسکردنی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان چارەنوسیان لە هەنگاوەکانی بەسەربەخۆییکردنی فرۆشتنی نەوت و ریفراندۆم باشتر نابێت. لەوانەیە بە هۆی قەیرانی کۆرۆنا تا ماوەیەک چاوپۆشی لێ بکرێت، بەڵام لە مەودای نزیکدا ڕوخان و لەناوچونی حوکمڕانی هەرێمیش دەکاتە شتێکی حەتمیی، جا پێش یان دوای لەناوچونی کۆرۆنا بێت.