نەوشیروان حوسێن سەعید
هەڵهاتنی خۆری کورد
حەڤدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣، کەرکوک ڕزگارکرا. لەو ڕۆژەدا، دە هەزار (١٠،٠٠٠) پێشمەرگە چونە ناو شارەکەوە. پێشتر، لە ڕۆژی ١ی ئاداری ٢٠٠٣، پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدابوو کە ڕێگە بە تێپەڕبونی فیرقەی چواری سوپای ئەمریکا لە خاکی تورکیاوە نەدات بۆ کردنەوەی بەرەی دووەمی جەنگ دژی سوپای عێراق لە باکورەوە. ئەمە هەلێکی لەباری بۆ کورد ڕەخساند تا بەباشی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و دڵسۆزیی خۆیشی بۆ ئەمریکا پیشانبدات.
دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس، هەر زوو کورد توانی دەستەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئەمنی خۆی لە کەرکوکدا جێگیر بکات. ئەوەش لە لایەکەوە بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی سەربازی ئەمریکی لە شارەکە و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ڕێکخراویی و ئەزموونی پێیشتری حکومڕانییەوە بوو لە هەرێمی کوردستان. بەو جۆرە، پاش دەیان ساڵ لە شەوەزەنگی سیاسەتی تەعریب و تەرحیل و تەبعیس، ئیتر خۆری کورد لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە کەرکوک هەڵهات.
لەساڵی ٢٠٠٥دا، یەکەمین هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا. لە کۆی ٤١ کورسی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لیستی برایەتی توانی بە بەدەستهێنانی ٢٦ کورسی، زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک مسۆگەربکات. تورکمانەکان ٩ کورسی و عەرەب ٦ کورسییان بەدەستهێنا.
سەرەڕای جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کە دەبوایە هەتا ٣١ی دیسەمبەری ٢٠٠٧دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرایە و چارەنووسی کەرکوک یەکلایی بکرایەتەوە، بەڵام تا ٢٠١٧ەش کورد هێشتا هەر دەستەڵاتداری یەکەمی شارەکە بوو. زۆرینەی پۆستە باڵا سیاسی و ئەمنییەکان بە دەست کوردەوە بون.
غروری کورد
ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت. لەگەڵ کەوتنی موسڵدا، سوپای عێراق لە کەرکوکیش پاشەکشەی کرد و بۆشایییەکی ئەمنیی گەورەی لە دوای خۆی بەجێهێشت. هەر زوو پێشمەرگە ئەو بۆشایییەی پڕکردەوە. کەرکوک و بیرە نەوتەکانی کەوتنە بەر دەستی کورد. پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەسەرداگرتنی کەرکوک، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانێکی ئەو شارەی کرد و ڕایگەیاند کە پیشمەرگە هەرگیز لە کەرکوک ناکشێتەوە.
دەرکەوتنی داعش و کەوتنی موسڵ، نەخشەی سیاسی لە کەرکوکدا گۆڕی و پێگەی کوردی بەهێزتر کرد. بە جۆرێک کە بارزانی پێیوابوو کە ئیدی واقیعێکی نوێ دروست بووە و دەبێت هەموو لایەک ئەو واقیعە نوێیە قەبوڵ بکەن.
لە درێژەی جەختکردنەوە لەسەر سەپاندنی ئەو واقیعە نوێیە، ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٤، مەسعود بارزانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، کە لەگەڵ ویلیام هێگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەنجامیدا، وتی ‘ئێستا ماددەی 140 جێبەجێكراوە، چیتر قسەی لەسەر ناكەین.’ ڕایشیگەیاند کە ’10 ساڵ سەبرمان گرت بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بەپێی ماددەی 140 چارەسەر بكات، بەڵام بێسوود بوو.’
دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ‘الحیاة’ی لەندەنی، بارزانی ڕایگەیاند کە ‘سنورە نوێکان لە ناوچەکەدا بە خوێن دەکێشرێن.’ ئەو لێدوانانەی بارزانی، ئاماژەیەکی ڕوون بوون بەوەی کە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، چی دیکە باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک نەبوو لە ڕێگای گفتوگۆ و هێزی لۆجیکەوە، بەڵکو دەیویست بە لۆجیکی هێز، کێشەی کەرکوک یەکلایکاتەوە. ئەوەش دوبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی حیزبی بەعس بوو، کە دەیویست لە ڕێگەی هێز و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیعەوە، حاڵەتی جوگرافی و دیموگرافی لە کەرکوک بگۆڕێت.
بۆ زیاتر سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع، وردە وردە هەنگاوی عەمەلی زیاتر نرا. بۆ نموونە، ڕۆژی ٢٨/٣/٢٠١٧ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە سەرۆکایەتیی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت و بە ئامادەبوونی ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنەکە وغیابی ئەندامە تورکمان و عەرەبەکانی، بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێمی کوردستانی لەسەر هەموو دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگاکە، دەرکرد.
ئەو بڕيارە بە لای کوردەوە بڕیارێکی نەتەوەیی و مێژوویی بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بڕیارە تاکلایەنە، ڕەچاونەکردنی حاڵەتی تایبەتی کەرکوک بوو کە بە گوێرەی مادەی ١٤٠ی دەستور، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد. هەربۆیە بڕیارەکە بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ناڕەزایی و هێنانە کایەی دۆخێکی ئاڵۆزی ناپێویست لە نێوان کورد و تورکمان و عەرەب لەو کاتەدا.
سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع و پشتگوێخستنی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا، گەیشتە لوتکە. سەرەڕای ناکۆکی نێوخۆی ماڵی کورد لە لایەک و سەرەڕای دروستبوونی جۆرێک لە کۆڕایی دژی ڕیفراندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و لەسەر ئاستی عێراقیش، کەچی کورد تاکلایەنانە ڕیفراندۆمی لە کەرکوک ئەنجامدا.
کاربەدەستانی کورد پێیانوابوو کە بەهۆی شەڕی داعشەوە، ئیتر ئەمریکا و زلهێزەکان ئەگەر پشتگیری ڕیفراندۆمیش نەکەن، لانی کەم دژایەتی ناکەن. بەڵام ئەوە هەڵە خوێندنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان بوو. ئەو بڕیارە تاکلایەنەی ڕیفراندۆم، بووە هۆی کۆکردنەوەی هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران و تورکیا و بەغداد لە سەنگەرێکدا دژی کورد. ئەوەش سەرەتای ئاوابونی خۆری کورد بوو لە کەرکوک.
ئاوابوونی خۆری کورد
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوکاری ئێران و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، هێرشیانکردە سەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد. ڕیفراندۆم هەلێکی زێرینی بەخشیە بەغداد تا دوای ١٤ ساڵ، کەرکوک بە تەواوەتی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمنی وعەسکەری خۆیەوە. بەو هۆیەوە، دەیان هەزار هاوڵاتی شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی دوز وداقوق ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و ئاوارەبوون. دیمەنەکە لە دیمەنی کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ دەچوو.
بەهۆی ئەو ڕوداوانەوە، زەبرێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابوری بەر هەرێمی کوردستان کەوت. هەرێمی کوردستان چی دیکە دەستەڵاتی بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکوکدا نەما. پۆستی پارێزگار و سەرۆکی پارێزگای بە وەکالەت لە دەستدا، بەشێک لە ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، شارەکەیان جێهێشت. ئەوە جگە لە لەدەستدانی ٥١٪ی ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی و قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و یەکتر تۆمەتبارکردن بە خیانەت و فرۆشتنی ‘کەرکوک و خانەقین’ لە لایەک و ‘مەخمور و شەنگال’ لە لایەکی دیکە. سەرباری ئەو زەبرە گەورەیە، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ڕازیبوون بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم.
کورد چی بکات؟
دەکرێت سەردەمی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٧، بە سەردەمی زێڕینی کورد ناوببرێت لە کەرکوک. لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا، کورد هەژموونی سیاسی و ئەمنی و سەربازیشی بەسەر کەرکوکدا هەبوو. بەڵام لەو ماوەیەدا، زۆر هەلی گرنگی لەدەستدا. بۆ نموونە، دەکرا کورد سود لە باڵادەستیی خۆی لە کەرکوک وەرگرێت و بە پشتبەستنیش بەو چارەسەر و پێشنیارانەی کە هەریەکە لە یۆنامی و گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و هەندێک سەنتەری توێژینەوە و توێژەری دیکە دەیانخستەڕوو، لانی کەم کۆتایی بە کێشەی حکومڕانی بهێنایە لە شارەکە.
بەڵام لە جیاتی ئەوە، پارتی و یەکێتی ئەزموونی ناشیرینی حیزبایەتی و گەندەڵی و ململانێی نێوخۆی خۆیانیان گواستەوە بۆ کەرکوکیش. لە زۆر وێستگەدا نەک حسابیان بۆ عەرەب و تورکمان نەدەکرد وەکو دوو پێکهاتەی سەرەکی پارێزگای کەرکوک، بەڵکو بە تەواوەتی لایەنە کوردییەکانی تریشیان پشتگوێدەخست.
ئەمە جگە لە فەرامۆشکردنی ئەو ڕاستییەی کە کەرکوک تەنها کێشەیەکی ناوخۆی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە نییە و هەریەکە لە بەغداد و ئێران و تورکیا و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر کێشەی کەرکوک. دەبوا کورد بیزانیایە کە ناکرێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە.
ئێستا ئیدی کورد نە هەژموونی عەسکەری ماوە و نە ئەمنی. ڕۆژی ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠یش بنکەی سەربازی کەی وەن لە کەرکوک لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کرا. بە مانایەکی دیکە، ئەو هێزەی کە چەند جارێک ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینی لە نیوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی، ئەویش نەما.
بەڵام هێشتا کورد گەورەترین پێکهاتەی کەرکوکە و پەراوێزخستنی ئاسان نییە. هەرچەندە لە داهاتودا ڕەنگە ئەو پێگەیەش لەدەستبدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەختی خۆی بە سودوەرگرتن لە بایکۆتی بەشێکی بەرچاو لە عەرەبی سونە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥، لیستی برایەتی کورد توانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستبهێنێت. زەحمەتە جارێکی دیکە کورد بتوانێت زۆرینەیەکی لەو شیوەیە مسۆگەرکات، بەتایبەتی کە لە لایەکەوە رێژەی لەداییکبون لە ناو عەرەبدا زیاترە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی لەدەستدانی هەژموونی ئەمنییەوە، وەکو جاران بواری تەزویر نابێت.
وەکو ئاشکرایە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠یش زۆر زەحمەتە، ئەگەر ئەستەم نەبێت. بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، دەکرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین چارەسەر بۆ پرسی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکانی تر بریتییە لە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد. کێشەی کەرکوک تەنها کێشەیەکی دەستوری و قانونی نییە، کێشەیەکی بە سیاسیکراویشە، بۆیە بێ گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی، کێشە قانونییەکەش چارەسەر نابێ.
کەواتە، گرنگە لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق. لەبەرئەوەی لە ڕابردووشدا، بەغداد و هەرێم نەیانتوانیووە چارەنوسی کەرکوک یەکلابکەنەوە، بۆیە بێ بونی ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتنە چارەسەی کۆتایی سەختە. ئێستا ئیتر هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. دوای ١٧ ساڵ، کورد خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم. ئێستا ئیتر کات لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بۆیە هەتا زووتر هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدرێت، باشترە.