چارەنوسی مستەفا کازمی لە سەردەمی قەیرانی کۆڕۆنا، ململانێی ئێران و ئەمریکا

بەشکردن:

یاسین تەها
هەفتەیەك لەپاش سەردانی نهێنیی فەرمانداری سوپای قودسی ئێرانیی ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەی قاسم سلێمانیی، بۆ بەغداد، عەدنان زورفی ناچاربوو پۆزش بهێنێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، یەك كاتژمێریش پاش ئەوە سەرۆك كۆمار بە ئامادەیی سەرۆكی زۆربەی لیستە سیاسییەكان، مستەفا كازمیی راسپارد بۆ حكومەتی نوێ. بەمەش بووە سێیەمین سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەپاش دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و یەكەم پێشینەی سیاسیی “عێراقی نوێ”.
عەدنان زورفی قۆناغی باشی بڕیبوو بۆ تەواوكردنی ئەركەكەی و چانسیشی زۆر خراپ نەبوو. بەرنامەیەكی كرداری و تۆكمەی پێشكەش كرد، لەناو پەرلەمانتارەكانی هاوكار و هاوپیشەیدا كەمپین و هاوسۆزیی باشی هەبوو. گفتی باشی بە لایەنە كوردییەكان دابوو. متمانەی ئەمەریكای هەبوو. لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی دیکەی كاریگەر گفتوگۆی كردبوو. هەوڵیشیدا پردی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دروستبكات. لە رێگەی تویتەریشەوە، داوای سوككردنی گەمارۆگانی لەسەر تارانی دەكرد بەپاساوی سەختی دۆخی كۆرۆنا، بەڵام ئێرانییەكان، بەتایبەتیش سوپای پاسداران سووربوون كارتی سوری بەروودا بەرز بكەنەوە، ئەم پەیامەش تەوەری سەرەكی دوا سەردانی ئیسماعیل قائانی بوو بۆ بەغداد لە زۆربەی ئەو دیدارانەی كە لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان سازیكردبوو.
هەرچەندە وا باوە ڤیتۆی ئێران لەسەر عەدنان زورفی پەیوەندی بە رەگەزنامە ئەمەریكییەكەی و پێگەی “مەدەنی”یانەی ناوبراوەوە هەیە لە نەخشەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەڵام رەتكردنەوەكە كەمتر لەسەر باكگراوەند و خودی كەسایەتی زورفی بووە تا ئەوەی لەسەر میكانیزمی پاڵاوتن و راسپاردنەكەی بووە كە لە دەرەوەی پرس و راوێژی ئێران بوو. ئەمەش لەدوای 2003 هیچ كات رووینەداوە و هەمیشە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرهەمی لێكتێگەییشتنی ناراستەوخۆی سێ كوچكەی واشنتۆن، تاران، نەجەف بووە، بەر لەوەی لە دوای تشرینی 2019 گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و مانگرتنی بۆ زیاد ببێت و ببێتە چوار جەمسەری سەرەكیی.
خاڵی هاوبەشی زۆر هەیە لەنێوان زورفی و كازمی، هەردووكیان لە نەوەی دووەمی سیاسییەكانی شیعەن، زیاتر پراگماتیستن تا ئەوەی ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیی بن. هەردووكیشیان لەسەر میتۆدی سیاسی سەرۆك وەزیرانی پێشوو حەیدەر عەبادی ئەژمار دەكرێن كە خۆی لە بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا و وڵاتانی كەنداو دەبینێتەوە، لەگەڵ پاراستنی تاڵەموو لەگەڵ تاران و دووركەوتنەوە لە بێزاركردن و بەرەنگاربوونەوەی ئێران و بەریەككەوتن لەگەڵ باڵەكانی. هەردووكیشیان وەك یەك لەلایەن گروپە چەكدارە وەلائییەكانی شیعەوە بێزراون و بە “نۆكەری”ی بۆ ئەمەریكا تۆمەتبارن، بەڵام هێندە هەیە بە دوورخستنەوەی زورفی، ئێرانییەكان بە رواڵەت خاڵی بردنەوەی خۆیان تۆماركرد، چونكە ئەگەرچی لە دڵەوە لە مستەفا كازمییش رازی نەبن، بەڵام لە پرۆسەكەدا بێئاگا و بێڕۆڵ نەبوون. لە ئێستاشدا ئێرانییەكان لە عێراقدا لە گەمەی كەسایەتییەكان تا رادەیەک هاتونەتە دەرەوە و زیاتر لە خەمی ئەنجام و هێڵە گشتییەكانی حكومەتی عێراق و گونجانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیان و مسۆگەركردنی مانەوەی حەشدی شەعبیدان وەك ژمارەیەكی بەهێز.
لە دەرەوەی خاڵە هاوبەشەكان، زورفی و كازمی لەوەدا جودان كە ئەمەی دووەم جۆرێك لە كۆدەنگی سیاسی لەسەرە، بەر لەوەی رابسپێردرێت سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەیاننامەی پێشوازیی بۆ دەركرد، كاتێكیش چوو بۆ كۆشكی كۆماری (کۆشکی سەلام) بۆ وەرگرتنی مەرسومی راسپاردنەكەی، رێبەرە كاریگەرەكانی شیعە و سوننەی لە چەشنی وەك عەممار حەكیم، هادی عامری، حەیدەر عەبادی، خەمیس خەنجەر، محەمەد حەلبوسی، فوئاد حسێن لەلایەن بارزانییەوە، لەگەڵ نوێنەرانی مالیكی و موقتەدا سەدر لە مەراسیمی راسپاردنەكەیدا ئامادە بوون. لەدوای راسپاردنیشی لەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە تەلەفۆن و بەیاننامەی پشتیوانی پێگەیشت. ئەمانەش لەلایەك پێكهاتنێكی پێشوەختە و بێپێشینەی سیاسی و دەستواڵاكردن و پشتیوانییەكی بەهێزی پێشوەختەیە بۆ كازمی.
بەڵام هەموو ئەو پاڵپشتییانەی كە كازمی هەیەتی ناكاتە مسۆگەربوونی متمانە وەرگرتن و سەركەوتنی لە ئەركەكەی چونكە هێشتا تارمایی و ترس لە هەبوونی سیناریۆی كوشتنی كات و سووتاندنی پاڵێوراو هەر لە ئارادایە لەلایەن هێزە دەستەڵاتدار و چەكدارەكانەوە لەپێناو مانەوەی حكومەتی عەبدولمەهدی كە بۆ زۆر لایەن سەردەمێكی زێڕینی باڵادەستی و ماشینەوەی دەستكەوتە، بەتایبەت پاش ئەوەی ناوبراو “بیدعەی یاسایی” غیابی ئارەزوومەندانەی داهێنا و خۆی لە بەرپرسیارێتی راستەوخۆ دەرباز كرد. جگە لەوەش هێشتا گروپە چەكدارە شیعەكانی لایەنگرانی ئێران بەگومان و ناڕەزایەتییەوە دەڕواننە مستەفا كازمی لەبەر سروشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا لەلایەك و لەبەر ئەوەشی سەرەتای ئەمساڵ بەفەرمی تۆمەتباریان كرد بە بەشداریی لەوانەی بە “سەركردەكانی سەركەوتن بەسەر داعش” بەناوبانگن؛ قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، هەروەها كازمی كاتێك بە هاورێیەتیی عەبادی چووەتە ڕیاز (2017) باوەشێكی گەرم و درێژی بە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیەدا كردووە كە ئاماژەیە بۆ قووڵی و دێرینی پەیوەندییەكانیان، لەپاش راسپاردنیشی هەندێ لە سعودییەكانی نزیك لە ناوەندی بڕیار كازمی ـ یان بە “دەرفەتی راستەقینە” ناوبرد.
چەند كاتژمێرێك لەپاش راسپاردنی، مستەفا كازمی گوتارێكی تاڕادەیەك سەرنجراكێش و كاریگەری میدیایی پێشكەشكرد، لەو وتارەدا ختوكەی هەستی عێراقییەكان و خۆپیشاندەرانی دا بە جەختكردنەوە لەسەر سەروەری و لێپێچینەوە لە بكوژان، هەروەها ناوی پێشمەرگەشی فەرامۆش نەكرد و بەرگریی لە كەرامەتی عێراقییەكانی كردە خەمی خۆی، بەڵام بە پێچەوانەی زورفی و محەمەد تۆفیق عەلاویشەوە، دیدگای كازمی بۆ ئابووری لە سەردەمی كۆرۆنادا هێشتا تەڵخ و ناڕونە بەتایبەت كە بودجەی عێراق 93% لەرێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دابیندەكرێت، نرخی نەوتی برێنتیش ئێستا لە 30 دۆلاردایە. ئەمە لە كاتێكدا كە عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی خۆی پێویستی بەنرخی 60 دۆلارە بەپێی ئامار و هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان، هێشتا ئەمەش نایگێڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی كە ساڵی پار كە “شۆڕشی تشرینی” بەدوای خۆیدا هێنا بە هۆی هەژاری و بێكاری و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووریی و گەندەڵیی و خراپبەکارهێنانی دەستەڵاتەوە.
بە هۆی ئەوەی لەدوای 2016 وە سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگریی عێڕاقی كردووە، مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو، دەرفەتی دەركەوتن و روونكردنەوەی بۆچوونەكانی نەبووە، وەك ئەوكاتەی لە دەزگا میدیایی و توێژینەوەكاندا كاریدەكرد، هەموو گرەوی ئەویش لەسەر پاڵپشتی لیستە سیاسییەكان و ستایشی ئەمەریكا و یونامی و بێدەنگیی ئێرانە بۆ ئەوەی بتوانێت كابینە چاوەڕوانكراوەكەی بگەیەنێتە كەناری ئارامی. لە حاڵەتی تێكچوونی ئەم هاوكێشەیەشدا، ئەوە هەمان چارەنووسی عەلاوی و زورفی چاوەڕوانی دەكات چونكە ئەمیش وەك ئەوان خاوەن كاریزماتیكی سیاسی یان گوتاری مەزهەبی یان كوتلەی سیاسی و هێزی چەكدار نییە، بۆ سەركەوتنیش چاوی لە دەست و مەرج و بەندوباوی پشتیوانەکانیەتی.

بەشکردن:
یاسین تەها