ئەگەرەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و چین   

بەشکردن:

نیاز نەجمەدین

توسیدیس (Thucydides) مێژووناسێکی یۆنانییە و بە باوکی زانستی مێژوو دادەنرێت. زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوپێش دەنوسێت: 

“هەڵکشانی دەستەڵاتی ئەسینایییەکان و ترس لەلایەن سپارتایییەکانەوە جەنگی کرد بە حەتمی.”   

ئەم وتە بەناوبانگە وەک یەکێک لە یاساکانی رەوتی مێژوو سەیردەکرێت و لەناو مێژووناساندا بە “تەڵەی توسیدیدیس” ناسراوە. ئەگەر دەوڵەتێک (یان هێزێک) فەرمانڕەوا بێت و لە بەرامبەریدا دەستەڵاتی دەوڵەتێکی تر (هێزێکی تر) لە هەڵکشاندا بێت، ئەوا گیردەخۆن و جەنگ دەبێت بە حەتمی. 

لە چەند ساڵی رابردودا، دەستەڵاتی چینییەکان زۆر بەخێرایی لە گەشەدا بوو. “بازدانی گەورە بۆ پێشەوە” خەونی ماو زیدۆنگ بوو، کەچی لە نێوان 1958 بۆ 1962دا زیاتر لە 30 ملیۆن کەسی لە برسا کوشت. هێنانەدیی ئەم خەونە لەدوای مەرگی ماو بە دوو ساڵ دەستیپێکرد. لە 1978دا لە دە کەس کەسێک لەسەر هێڵی هەژاریی بوو (دوو دۆلار لە رۆژێکدا)، لە 2014دا تەنها لە 1%ی دانیشتوانی چین لەسەر هێڵی هەژاریی مانەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا، بە پێوەری کۆی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) چین لە 4%ی داهاتی جیهانی پێکدەهێنا. لە 2019دا ئەم رێژەیە گەیشتووە بە 16%. لە بەرامبەردا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 31%ی داهاتی جیهانیی بەرهەمدەهێنا، دابەزیوە بۆ 24%  لە هەمان ماوەدا. چەند سەدەیەک بوو چین دەنگی کز بووبوو، چین خەریکە قوڕگی دەکرێتەوە، دەنەڕێنێت و دەکەوینەوە ناو تەڵەی توسیدیس.   

وا بڕیار بوو بەهاکانی شارستانێتیی رۆژئاوا کلیلی گەشەکردن بن لە سەرتاسەری جیهاندا، کەچی مۆدێلی چینیی جیایە و گەشەش دەکات. بە وتەی مێژووناس نیاڵ فیرگەسن، لە پشتی خێرایی فڕینی ئەمجارەی چین دیموکراسیی نییە، بەڵکو سەرکردەیەک و حکومەتێکی کارا هەیە، تاکگەرایی (تاکخوازیی-ئیندیڤیجواڵیزم) سەنتەر نییە، بەڵکو هارمۆنێتی کۆمەڵایەتیی بایەخ پێدراوە، شەفافیەت پایەی دەوڵەتەکە نییە، بەڵکو شاردنەوە پشتی پێدەبەسترێت. بە رێژەیەکی کەم نەبێت چین ئامادە نییە پەیڕەوی مۆدێلی بازاڕی ئازادی ئەمریکیی بکات. ئەمانەش واتای لەقکردنی پێگەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان.

بەراورد بە ئێمەی کورد کە سەتحییانە دەدوێین و وزەی ئەوەمان نییە بە رەگی روداوەکاندا شۆڕبینەوە، نەریتی لێکۆڵینەوە لە رۆژئاوادا زۆر گەشەی کردووە. ئەوان بە تاقەت و بە سەبرن. گراهام ئەلیسۆن (Graham Alison)، کە پرۆفیسۆرە لە سکوڵی کەنەدیی لە ئەمریکا، لە قسەکەی توسیدیدیس دەکۆڵێتەوە. لە کۆتایی سەدەی پانزەوە تا کۆتایی سەدەی بیست شانزە کەیسی وەرچەرخانی دەستەڵات لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیی وەردەگرێت (کتێبێکی هەیە ئەگەر دەستت بکەوێت زۆر بەسودە، ناویناوە destined for war). ئەو بۆی دەرکەوتووە کە:

لە کۆی 16 کەیس، دوانزەیان لە تەڵەی توسیدیدیس دەرباز نەبون، بە شەڕ و کوشتار دەستەڵاتێک چۆتە شوێنی دەستەڵاتێکی تر.

هەواڵێکی ناخۆشە. لە 75%ی کەیسەکان بە جەنگ دەستەڵات گواستراوەتەوە. گراهام دەپرسێت ئایا ئەمریکا و چین دەتوانن لەم تەڵەیە رزگاریان بێت؟ ئەو بە ئەگەرێکی دەبینێت، پێشنیاری خستۆتە بەرچاو کە چۆن هاوکاریی یەکتر بن تا خۆیانی لێ لابدەن.  

تۆ تەماشابکە، دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەستەڵات لە چوارچێوەی ئەمریکادا چەند ئاسانە، بەڵام کە هاتە سەر ئەوەی بە ئاشتیی دەستەڵات تەسلیم بە چین بکات، ئەوا دەشێت وەک دوو عەشایەری ناوچەیەک بگاتە شەڕ و خوێنڕشتن، جیاوازییەکە ئەوەیە لەمەی دواییدا چەکی سوک بەکاردەبرێت. 

هێشتا ئەوە حەتمیی نییە کە دەستاودەستی دەستەڵاتی جیهانیی جەنگ بهێنێت، یان ئەمریکا و چین دەکەونە تەڵەی توسیدیدیسەوە. لە سامپڵەکەی گراهامدا، بە رێژەی لە 25% بەبێ جەنگ وەرچەرخانی دەستەڵات رویداوە. من لە داتاکەی وردبومەوە، تێبینییم کرد کە شەش لە کەیسەکان لە سەدەی بیستدا بووە، لەمەش سیانیان بەبێ جەنگ یەکلا بۆتەوە (لەوانە لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئەمریکا دەچێتە شوێنی بەریتانیا، لە 1990کانیش ئەڵمانیا شوێن بە بەریتانیا و فەڕەنسا چۆڵ دەکات و دەبێتە دەنگی یەکەم لە ئەوروپا). بەراوردی بکە بە سەدەکانی پێشوو، دەبینیت کە سەدەی بیستەم لەدوای 1945ەوە باشتر بووە و ئاواتەکەی توسیدیدیس هاتۆتەدی کاتێک گوتی “ئەم کتێبە بۆیە دەنوسم تا نەوەکانی داهاتوو لە هەڵەکانی ئێمەوە فێر ببن”. ئابوریی جیهانیی لەدوای 1940ەکانەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بەشێوەیەک دەشێت کەم تا زۆر جێی زۆرینە بکاتەوە. زیادبونی ژمارەی دەوڵەتان لە نزیکەی 65 دەوڵەتەوە بۆ زیاتر لە 200 دەوڵەت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە روبەری بازاڕی فراوانتر کردووە. هاوکات کۆی ئابوریی جیهان گەورەتر بووە، زیاتر لە 85 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەوە بێزارکەر و بگرە ترسناکە ئەم دەوڵەت لەو دەوڵەت زۆر زیاتری بەردەکەوێت، بەڵام مەرج نییە لە پاکتاوی حسابەکانی نێوانیاندا پەنا بۆ جەنگ بەرن.    

لە شیکارییشدا، نابێت پشت بە یەک پێوەر ببەستین. بە دیاریکراویی سەبارەت بە چین و ئەمریکا، نیال فیرگەسن راست دەکات کە لە زۆر شتدا ئەمریکا بە هەنگاوی گەورە لە پێشەوەیە (وەک لایەنی سەربازیی) و لە زۆر شتی تریشدا چین لە ناوەوە بێهێزە (وەک گەندەڵیی و سەرکوتکردن)، بۆیە مەرج نییە بیەوێت توشی شەڕی ئەمریکا ببێت. هاوکات لەم کاتەدا بزنسمانێکی وەک ترەمپ لەسەر حوکمە، کە بازرگانە زیاتر لەوەی شەڕکەربێت، هەرا دەنێتەوە تا ناچارببیت بە پارە رازیی بکەیت. ئابوری چین و ئەمریکاش تێکەڵاوبون و پشت بە یەکتر دەبەستن. چایمێریکا، واتە حوکمی چین و ئەمریکا بەسەر جیهاندا یەکێکە لە ئەگەرەکان. لە خراپترین کاتدا رەنگە جەنگی سارد لە بری گەرم بژاردەیەک بێت، وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت رویدا.  زیاتر لەمانەش، رۆژئاوا پێکەوە گەورەتر و باڵادەستترە لە چین و لە ئەمریکادا کورت نابێتەوە، بەهاکانیشی لە زۆر شتدا لە پێشترە لە بەهاکانی سیستمی حوکمڕانی چینیی.

جۆرج فرەیدمان پسپۆڕێکی ناسراوی بواری جیۆسیاسەتە، دەڵێت: گرنگ نییە تۆ حەزت لە جەنگ نییە، ئەو حەزی لە تۆیە. گەشەی تەکنۆلۆجیی، کە نهێنیی گەشەی ئابورییە، لە پرۆسەی خۆئامادەکردن بۆ جەنگدا رویداوە. پارچەکانی سمارت فۆنەکەی دەستت (وەک جی پی ئێسەکەی، کامێراکەی و مایکرۆچیپەکەی) و ئەو ئینتەرنێتەی بەکاریدەهێنیت بۆ دڵخۆشکردنی تۆ دروستنەکراون، بەڵکو حکومەتەکان و دەزگاکانی سیخوڕییان بەرهەمیانهێناون و  مەبەستە سەرەکییەکە کۆکردنەوەی زانیاریی بووە لەسەر جوڵە و توانای دەوڵەتانی رکابەر. ئەگەر منداڵەکەت تەمەنی 10 ساڵ بێت، ئەوا بەختی هەیە تەواوی سەدەی بیستویەک ببینێت. بە تەمای بە لە 80-90%ی سەدەی بیستویەکدا تێپەڕێت و جەنگ نەبینێت؟ لە کوێی مێژووی مۆدێرندا شتی وا روویداوە؟ مەحاڵە.  

سەدەی بیستویەک بێ جەنگ نەبووە و پێناچێت بێ جەنگیش کۆتایی بێت، بەتایبەت کە هێشتا قەیرانەکان لێرەن و دەشێت درێژە بکێشن. بەڵام بە پێچەوانەی بزنسکاری عەرەب تەڵال ئەبو غەزالەوە، نە مەرجە ئەو جەنگە لەسەر ئاستی جیهانیی لە نێوان ئەمریکا و چین روبدات و نە مەرجیشە ساڵی داهاتوو بێت. 

بەشکردن: