سۆشیالیزم و کاپیتاڵیزمی کۆرۆنا

بەشکردن:

ئارام قادر کۆکۆیی

 ئێستا کە  پەتای کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، سەڕەڕای ئەو پەستانەی لەسەر هەموو سیستەمە تەندروستییەکان دروستیکردووە، هیچ سیستەمێک دەستەوەستان نەبووە لە هەوڵ و کۆش بۆکۆنترۆڵکردنی و چارەسەرکردنی تووشبوان. لە کوردستان لە بەر ڕۆشنایی ئەو هەوڵانەی لە میدیا جیهانییەکانەوە دەبیسترێت، باسوخواسی هەندێ لە نووسەران و ڕۆشنبیران لە سەر ئەوەیە ئایا چ سیستەمێکی حکومڕانی کارایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە تەندروستییە. لە نووسینەکان و گفتوگۆکانیشیاندا پشتگیرییەکی زۆر و لایەنگری و داکۆکیکردن بۆ ئەو دەوڵەتانەی سیستەمی حکومڕانییان لەسەر بیری سۆشیالیستە هەستیپێدەکرێت، و ئەوانەشی کە سیستەمەکەیان کاپیتاڵیستە ڕووبەڕووی سوککردن و ڕەخنەگرتن بوونەتەوە. ئەم لایەنگری و داکۆکیکردن لە حکومڕانی لەسەر بنەمای سۆشیالیزمە بەبێ شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی ورد تەنها بە هۆی سەرسامیانەوەیە بەو ڕاپۆرت و هەواڵ و نمونانەی کە لە میدیاکانەوە دەخرێنە ڕوو و نمونەکانیش:

  • چین کە حکومڕانی تێدا تاک-حیزبییە و حیزبەکەش پارتی کۆمیۆنیستی چینە، سیستەمەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات لەسەر بنەمای سۆشیاڵیزم بێت و ”سەرکەوتوو بووە” لە کۆنتڕوڵکردنی پەتاکەدا و بە پێی ئەو داتایانی حکومەتی چین بڵاویدەکاتەوە تا ڕادەیەک بە سەریدا زاڵبووە و ژمارەی تووشبوان لە چین بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بە بەراورد بە ئەمریکا.
  • ئەمریکا کە حکومڕانی تێدا لە سەر بیری کاپیتاڵیزمە، هەرچەندە ئەمریکا سەدان پرۆگرامی پاراستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەیە وەک سۆشیاڵ سیکیوریتی Social Security، و تا هەنوکە زۆرترین ژمارەی تووشبوو و رێژەیەکی زۆر گیانلەدەستان تێیدا تۆمار کراوە، و وا دەردەکەوێت حکومەت و دەستەڵادارانی ئەمریکی تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لە دەست دەرچوبێت وپێیان کۆنترۆل نەکرێت. 

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە:

  • تا هەنوکە گومان لەوە هەیە کە چین توانیبیتی ئەم پەتایە کۆنترۆڵ بکات، هەر لە سەرەتاشەوە حكومەتی چین کە ئازادی ڕادەربڕین و سەربەستی تێدا سنوردارە، هەوڵی پەردەپۆشکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەی دەدا و لەو ڕووەشەوە چەندان رۆژنامە نووس و دکتۆر ڕاپێچی دادگا و زیندانی کران. ئەو داتایانەی کە بڵاو دەکرێنەوە لە بارەی ژمارەی توشبوان و هۆکارەکانی مردن لە لایەن چینەوە داتایەکی باوەڕ پێکراو نین. جگە لەوەش بە گشتی تەواوی ئەو داتایانەی کە حکومەتی چین بڵاوی دەکاتەوە نیشانەی پرسیاری لەسەرە، چونکە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات وێنەیەکی جوانی حکومڕانییەکەی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، چونکە چین تۆمەتبارە بە مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ مەلەفەکانی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوایەتی و ئاینییەکان و مافی کرێکاران کە هەندیکیان نزیکەی ١٢ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار دەکەن، و تەنانەت پیسکردنی ژینگەش. 
  • لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  ڕۆژانە ئامارێکی زۆری نەخۆش و مردن بەم ڤایرۆسە بڵاودەکاتەوە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پەتاکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بەڵکو بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە تووشبوو لو هەواڵەکاندا پەیوەندی بە دوو فاکتەرەوە هەیە؛ یەکەم، Freedom of information act  واتە یاسای ئازادی خستنەڕووی زانیارییەکان لە ئەمریکا، ئەم یاسایە حکومەتی فیدڕالی پابەنددەکات بە خستنەڕووی تەواوی داتاکان بۆ بەرچاوی رای گشتی، بەم شێوەیە حکومەت ناچارە تەواوی ئەو داتا پزیشکییانە بەبی گۆڕانکاری بۆ بەرچاوڕوونی بڵاوبکاتەوە، دووەم، پشکنینی گشتی Aggressive Testing  هاووڵاتییەکی زۆری ئەو وڵاتە پشکنینیان بۆ دەکرێت، و ئەوانەی هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن نیشانەکانی پەتاکەیان تێدا دەرنەکوەتووە بە پۆزەتیڤ و تووشبوو هەژمار دەکرێن، ئەمەش هۆکاری ئەو ژمارە قەبەیەیە کە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە. دڵنیام ئەگەر لە کوردستانیش رێکارێکی وەها بگیرێتە بەر و ئامێری پشکنینی ڤایرۆسەکە دەستەبەر بکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە ئێستە بەردەستە.  

لە کۆتاییدائەوە ئەوە سیستەمی حکومڕانی سۆشیالیزمی نییە کە کارایە  لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە تەندروستییەکاندا، و ئەوش سیستەمی کاپیتاڵیزمی نییە کە دەستەوەستانە لە بەرامبەر ئەو قەیرانەدا. بەڵکو بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن و چارەسەرکردنی پەتاکە پەیوەندی بەو کەلتورەوە هەیە کە ئەم دوو سیستەمە خوڵقاندوویانە. لە سیستەمی سۆشیالیزمیدا حکومەت بەر بە هەندێ لە سەربەستی و جوڵەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەگرێت و لە جێ ئەوان بڕیاردەدات.  لە بەرامبەردا حکومەتێک کە لە سەر بنەمای بیری کاپیتاڵیزم حکومداری کۆمەڵگە دەکات لەو کۆمەڵگەیەدا تاکەکان سەربەخۆ و سەربەستن لە جوڵە و ئازادی ڕادەڕبرین، و هیچ بەربەست و یاسایەک نییە کە رێگر بێت لە قرتیسکردنی تاکەکان لە کونجی ماڵەوە لە بەر ئەوە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاترە لەو کۆمەڵگایانەدا،. 

مەبەستی من لەم نووسینە پیا هەڵدان نییە بە سیستەمێک کە لە سە بنەمای بیری کاپیتاڵیزمی بنیات نرابێت و بە دێوەزمەکردنی سیستەمی سۆشیالیزمی. بەڵکو بە کورتی دەمەوێت بڵێم نە سۆشیالیزم ئەو یۆتۆپیایەیە هەموان خەونی پێوەدەبینین نە کاپیتاڵیزمیش ئەو دیوە ڕوخینەرەیە کە دەیەوێت جیهانی ئەمڕۆ لە بەر بەرژەوەندی چینێكی کەمینە  لەناوببات.  

بەشکردن: