مەدیحە سۆفی
دواجار زانست بڕیاردەدات
بە پێی ئەو توێژینەوە و ئەگەرانەی لە ماوەی ڕابووردوودا لەلایەن ناوەند و سەنتەری توێژینەوە و بەدواداچووندا کراون، پسپۆر و شارەزاکانی جیهانی لەمەڕ ئەوە کۆك بوون، کە تەنها هەڕەشە لە ڕیزبەندی یەکەمدا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە بریتییە لە تێکچوونی ژینگە و شێواندنی ئیکۆسیستەمی زیندەوەری سەر گۆی زەوی، بەتایبەتیش لەناوچوونی فرەزیندەوەر، کە بە گەورەترین هەڕەشەی سەر ئەو سیستەمە دادەنرێ کە هاوسەنگی نێوان زیندەگی زیندەوەر و ژینگەکەی لە سروشتدا ڕاگرتووە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید١٩ و تەشەنەکردنی بەو شێوە ترسناك و بەربڵاوە، بووە ئەو هەڕەشە هەنوکەیییەی سروشت، کە مرۆڤی بەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەوە دەستەوەستان کرد. تاقیقە و ناوەندەکانی مایکرۆبایۆلۆژی و دەرمانسازی خستە بەرامبەر ئاڵنگاریەکی بێوێنە لە مێژودا کە بەئاسانی و بەپەلە نەتوانن ئەم هەڕەشەیەی سروشت ڕابگرن.
سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە:
- یەکەم نەخۆشی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، لە ٨ ی دیسەمبەردا لە وڵاتی چێن لە شاری
ووهان تۆمارکرا.
- لە ٣١ ی دیسەمبەری ٢٠١٩ دا، ئەم نەخۆشییە بەفەڕمی لە ڕێکخراوی تەندروستی
نێودەوڵەتیدا، وەکو ( درم ) ڕاگەیەنرا.
- لە ١ ی جانیوەری ٢٠٢٠ دا، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کێوی لە شاری
ووهان لە چین داخراوە.
- لە ٧ی جانیوەری ٢٠٢٠ دا، ئەم فایرۆسە جودا کرایەوە و سیفات و بۆماوەکانی دیاری
کران، لە دونیادا وەکو ڤایرۆسێکی نوێ بە ناوی کۆڤید-١٩ تۆمارکرا.
- لە ١٣ی جانیوەری ٢٠٢٠ دا، یەکەم حاڵەتی ئەم نەخۆشییە، لە دەرەوەی چیندا تۆمارکرا.
گیاندارە کێوییەکان، ئەو گیاندارانەن کە دوور لە نیشتەجێبوونی مرۆڤ، لە ئارایەکی فراوان و بەبێ خاوەن و کۆت و بەند ئازاد دەژین، ئیکۆسیستەمی تایبەتی خۆیان هەیە و هەر جۆرە و بە پێی هەڵکردنی لەگەڵ ئەو کەشوهەوا و خۆراكە و ئەو جوگرافیایە، ژینگەی خۆی دەدۆزێتەوە، لەوانە ئاسکی کێوی، بەرازی کێوی، شەمشەمەکوێرە، پشیلەی کێوی، جرج، پێنگولین و زۆر جۆری تر.
پێشتر شارەزایانی بواری مایکرۆبایۆلۆژی و ڤیرۆلۆژی، گەیشتبوونە ئەو ڕاستییەی کە پێنگولین -جۆرە گیاندارێکی شیردەری پولەکەدارە- بە خانەخوێی پۆلە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەلمێنراوە، پێنگولین گیاندارێکی کێوییە، بەڵام لە وڵاتی چیندا ئەو گیاندارە و زۆربەی گیاندارە کێوییەکانی دیکەش، ڕاودەکرێن و لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵدا کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت، جگە لەوەی بە قاجاغیش ئاودیو دەکرێن و وەکو خۆراکیش بەکاردەهێندرێت.
پاش توێژینەوە و بەدواداچوون، دەرکەوتووە کە ئەو ڤایرۆسەی پێنگۆلینی وەکو خانەخوێی خۆی بەکارهێناوە، زۆر لەو ڤایرۆسە دەچێت کە هۆکاری ئەم درمە نوێیەیە، یەکێك لە سیفاتەکانی ڤایرۆسیش ئەوەیە، کە توانای گۆڕینی ناوەکی هەیە، واتە بەردەوام لە موتاتسیۆنە، پاش دیاریکردنی بۆماوەکانی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و ئەو ڤایرۆسەی لە گیانداری پەنگۆلیندا هەیە، دەرکەوت کە بە ڕێژەی ٩٩٪ ی هاوشێوەی یەکترن.
توێژینەوەکانی ئەم بوارە، لە ساڵی ٢٠٠٨وە، هۆشداری ئەوەیان داوە کە بە ڕێژەی ٧٢٪ ی هەموو ئەو نەخۆشییانەی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، لە ئاژەڵی کێوییەوە سەرچاوە دەگرن، واتە ئەو مامەڵەکردنەی خەڵکی چین لەگەڵ ئاژەڵی کێویدا دەیکەن، بە ڕاوکردن و کڕین و فرۆشتنی لە بازاڕی ئاژەڵ و پاشتر خواردنی، ڕۆڵی سەرەکی، لە گوازتنەوەی ئەو ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ، دەبینێ.
زاناکانی بواری ڤیرۆلۆژی و مایکرۆبایۆلۆژی، دەمێکە ئەوەیان سەلماندووە، کە پێنگولین هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، بەڵام سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بریتییە لە گروپی گیانداری شەمشەمەکوێرە، کە نزیکەی ٣٢٠٠ جۆری فایرۆسی کۆڕۆنای تێدا سەلمێنراوە، فایرۆسی ئیبولا، تایفۆئید، سارس و هەنتا هەندێك لەو نمونانەن کە سەرچاوەکانیان گیاندارە کیوییەکانن. لە ساڵی ١٩٦٠–٢٠٠٤ نزیکەی ٣٣٥ جۆری نەخۆشی لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، کە سەرچاوەکانیان بریتی بووە لەو ڤایرۆسانەی لە ئاژەڵەوە گوازراونەتەوە بۆ مرۆڤ [Philip Bethge, Gefahr aus der Höhle, Der Spiegel, S.106].
لێرەدا، بابەتە زانستییەکە وەکو (پەتا و درم) تایبەتمەندێتیی بواری پزیشکی و توێژینەوەی دەرمانسازییە، بەڵام دەبێ ئێمە لەو روانگەیەوە بچینە نێو باسکردنی ئەم پەتایەوە، کە چڵێسی و چاوچنۆکی و دەستەڵاتدارێتی مرۆڤ دەگرێتەوە، بێئاگا لەوەی کاتێ سروشت بەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژییەی لێی دەکرێ، دەبێتە داکۆکیکەری خۆی و سروشت زۆر لە دەستەڵات و چڵێسیی و چاوچنۆکیی مرۆڤ بەهێزترە. سروشت هێزێکی نەبینراو و کاریگەرە، هیچ کونجێکی دڵنیایی نەهێشتووەتەوە کە دەستەڵاتە ئابوورییەکان خۆیانی تێدا بشارنەوە. هەڕەشەی سروشت، تەنها هێز بوو توانی شورای بۆرسە داڕوخێنێ، دەرگای فابریکەکان دابخات، گۆڕەپانی فرۆکەخانەکان بێدەنگ بکات، هێڵی ئاسنین و هاتووچۆ سست بکات. یەکەم جارە کۆمپانیاکان ناچاری ڕوخسەت بکات بۆ کرێکارەکانیان، ئێستا دەرفەت دەرفەتی زانستە، زانستێك پشت و پەنای ڕاستی بێت بەبێ مەیلی بۆ قازانجی تیمێك، لایەنێك، دەسەڵاتێك، بانکێك یا بەرژەوەندییەكی سەرمایەداری، لەسەر ئاستی جیهاندا متمانە کردن بە هەوڵی گشتی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی، چ بانکی نێودەوڵەتی، مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ تەندروستی، ئەوەندە سست و کەم بوونەتەوە، کە زلهێزەکانی جیهانی ڕوبەڕووی یەکتر کردووەتەوە. لە ئێستادا ئەمریکا بڕوای بە ڕاپۆڕتەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تەندروستی نییە و هۆشداری دەدات، گوایە چین بەرتیلی، بەرامبەر شاردنەوەی هەندێ ڕاستی لە بارەی نەخۆشیەکەوە، وەرگرتووە.
زانستی پاکژ دەستەڵاتێکی سپیە، زانست ئەو دەروازە ئارامەیە، کە ماندووبوون و سەرقاڵی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکانی، لە پێناوی کۆ و گشتە، نەك لەپێناوی کۆمپانیایەك یا حەزێکی سەرپێیی. ڕاوکردنی ئاژەڵی کیوی و بە قاچاغ فرۆشتنی، واتە قڕکردنی فرەزیندەوەر، واتە شێواندنی ئیکۆسیستەمی ئەو زیندەوەرە و دەستبردن بۆ حەرەمی ژینگەکەیان، لە کاتێکدا خودا ئەو ئاژەڵەی بۆ سیستەمێکی تایبەتی بێ خاوەنداری دروستکردووە.
پێنگۆلین، ئاژەڵێکی کێوییە و لە گروپی شەمشەمەکوێرەوە ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە، ئەگەر مرۆڤ حەرەمەکەی داگیرنەکات، ئەو ڤایرۆسە ناگاتە نێو لەشی مرۆڤ، بە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە، سروشت هاتە دەنگ و هەڕەشە دەکات، بەوەی باجی بەزینی حەرەمی سروشت قوڕسە، ڕاستە سیاسەت و ئابووری دوو پایەی تێهەڵکێشن، هەمیشەش سنووری مرۆڤایەتی دەبەزێنن، وەلێ ئەم دوو جەمسەرە ساردە بۆ هەمیشە براوە نابن، لە ئێستادا بەرامبەر هەڕەشەی سروشت وا چۆك دادەدەن، ئەو سروشتەی لە توانای مرۆڤایەتی زۆر بەهێزترە ئەگەر بێتە دەنگ، ئێستا هەموو دەرگاکان داخراون، دەرگای زانست نەبێ، کە دەمێکە لە پێناوی پاراستنی سروشت و ئیکۆسیستەمی زیندەوەر و ژینگەکەیان، لە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتیدان نەك تەنها چەمکێکی باڵادەست.
کاتێ زانست بەو هەموو توێژینەوانەی، هۆشیاری دەدا، کە تاڵانکردن و وێرانکردنی ژینگە و دەستبردن بۆ بڤەکانی سروشت تاوانن، وەلێ بەرژەوەندی ئابووری ڕێگر بوو لەوەی، ئەو هۆشداریە ببێتە جێ سەرنجی ئەو دەستەڵاتدارانەی، ئەمڕۆ بە ناچاری و لەسەر قسەی زانست، لەودیوی دەرگای ماڵەوەدا خۆیان حەشارداوە.