ئاراس مەسیفی
تەنها شتێک کە پێویستە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، دروستکردنی لێژنەیەکی پەرلەمانییە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئایا، مستەفا سەلیمی هاتوە بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر هاتوە، بە پێی یاسا دەبوایە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ ئەگەر پێشێلی یاسا کارپێکراوەکان کراوە، ئاسایشی پێنجوێن، بە بریاری کێ، رێککارە یاسایییەکانی نەگرتۆتە بەر؟ ئەوەش دەبێت لە رێگەی دادگاکانەوە لێپرسینەوە بکرێت. بۆ ئەمە ناکرێت؟ لەبەر ئەوەی فەلسەفەی کوردایەتیی نرخ بۆ قانون دانانێت، ئەوانەشی نوێنەرایەتیی ئەو فەلسەفەیە دەکەن، هەمیشە بنپێخستنی قانونیان کردۆتە بنەما بۆ مانەوە و پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان.
هەواڵی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و کاردانەوەکان دوبارە پیشانی داینەوە، کە گوتاری رۆشنبیری و میدیایی کوردی چەندە پۆپۆلیستیانە و بێهێزە لە روی پاساوی عەقڵانی و بابەتییەوە.
کەیسی مستەفا سەلیمی، ناکرێت تەنها وەکو کەیسێکی نەتەوەیی و حزبی لە رێگەی گوتاری نەتەوەیی و حزبییەوە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بۆ بکرێت، بەڵکو پێش هەمو شتێک کەیسێکی سیاسی و مرۆییە، کە پێویستە لە روانگەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانی نێوان وڵاتان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. مافەکانی مرۆڤیش مافی گەردونین و لە رێگەی پەیماننامە و یاسا نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان رێکخراون. پرسەکانی رادەستکردنەوە یاخود پێدانی مافی پەنابەریش بە هەمان شێوە لە رێگەی یاسا نیشتیمانی و دوقۆڵییەکانی نێوان دو وڵات رێکدەخرێن.
ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە قەوارەیەکی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، دەبێت پێش هەمو شتێک پرسیاری ئەوە بکەین، کە ئایا عێراق ئیمزای پابەندبونی بە برگەکانی پەیماننامەی جنێڤ پەیوەست بە بەخشینی مافی پەنابەری سیاسیی کردوە؟ ئەگەر وایە، لە چوارچێوەی چ یاسایەکی نیشتیمانی ڕێکیخستوە؟ ئەگەر ڕێکخراوە، یاسایەکە چۆنە و مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەری چین و کێ لە چ دۆخێکدا دەتوانێت داوای بکات؟ دوای ساخکردنەوەی ئەم پرسیارانە دەتوانیت بەئاسانی هەڵسەنگاندنێکی هاوسەنگ و بابەتییانە بۆ کەیسی مستەفا سەلیمی بکەین و لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵوێستی خۆمان دیاریبکەین. لە عێراق یاسای ژمارە ٥١، ساڵی ١٩٧١ کە تا ئێستاش کارپێکراوە، پێدانی مافی پەنابەری سیاسی و مرۆیی رێکخستوە. کەواتە یاسای عێراقی گەرەنتی پێدانی مافی پەنابەری سیاسی یان ئینسانی کردوە. ئەگەر دڵنییاین کە مستەفا سەلیمی داوای مافی پەنابەری کردوە، ئەوە پێش هەمو شتێک دەبێت داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانە بکەین، کە یاسایان پێشێل کردوە و داواکەی سەلیمیان نەگایندۆتە شوێنی مەبەست، جا دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم یاخود حکومەتی فیدراڵیە بن، کە یاساکە لە روی کارگێریەوە جێ بە جێ دەکەن. بە هۆی ئەوەی کە مستەفا سەلیمی پێشتر حوکمدراو بوە و لە زیندان رایکردوە، دەبێت دوبارە بگەڕێینەوە بۆ سەر بنەما یاسایییەکان. ئایا هیچ یاسایەکی پەیوەست بە رادەستکردنەوەی هەڵاتوان لە یاسا لە نێوان عێراق یاخود هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەیە؟ ئەگەر هەیە، چۆنە و چ کەسێک، کەیسێک و حالەتێک دەگرێتەوە؟ دەکرێت کەسێک لە وڵاتی خۆی حوکمی لەسێدارەدانی هەبێت، رادەستی بکەیتەوە؟ ئەگەر رادەسکردنەوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، کەواتە بۆ داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانە ناکەین؟ پەرڵەمان و حکومەت و دادگامان بۆ چییە؟
ئەگەر پێمان وایە، باسکردن لە رەهەندی یاسایی ئەم کەیسە، خۆ-لادانە لە کرۆکی بابەتەکە یاخود مانای سادەیی و تێنەگەیشتنە لە واقیعی هەرێم و عێراق، چونکە لە هەرێمی کورستان و عێراق یاسا و مافەکانی مرۆڤ هیچ بایەخێکیان نییە، لەوانەیە تا ئاستێک راست بکەین، بەڵام چار چییە؟ ئەی دەوڵەتداری و سیاسەتی هاوسێیەتی باش چۆن پەیڕەو دەکەیت؟ ئەی پێچەوانەکەی چۆن دەبێت؟ گریمان وڵاتییەکی غەیرە کوردی عێراقی، لە روانگەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم تاوانێک ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی لە دادگاکانی هەرێم حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، لە زیندان رادەکات و خۆی دەگەیێنێتە تورکیا، ئێران یان ئوردن. ئایا ئەو وڵاتانە بۆیان هەیە بە هۆی ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینی کەسەکە داڵدە بدەن و رادەستی هەرێمی کوردستانی نەکەنەوە؟ ئەوکاتە هەڵوێستمان چۆن دەبێت؟ جگە لە پاساوی یاسایی چ شتێکی تر هەیە، پشتی پێ ببەستین؟ ئەوکاتەش یاساکانی عێراق تەنها دەروازەن، کە هەرێم دەتوانێت لە رێگەیەوە دوای تاوانبارەکە بکاتەوە. لە پاڵ ئەوانەشدا، دەزانین ئێران دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکەیە و هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش لە بەرانبەریدا لاوازن، بۆیە ئەگەر قانونێک نەبێت بۆ پاراستنی ئەو پەنابەرە سیاسیی و کەسە هەڵاتوانە، ئەوا ئێران فشارەکانی زۆر ئاسانتر دەبن.
لە روی کردارییەوە ئەوە چۆنە؟ با وای دابنێن، ئاسایشی پێنجوێن مستەفا سەلیمی رادەست ناکاتەوە و رەوانەی ئاسایشی سلێمانی دەکات، لەوێش بۆ پۆلیسی سلێمانی، بۆ ئەوەی مستەفا سەلیمی داوای مافی پەنابەری پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. بە پێ یاسای کارپێکراو تەنها حکومەتی فیدراڵی بۆی هەیە، بریار لە پێدانی مافی پەنابەری بدات. کەواتە لەو حاڵەتەدا هەرێمی ناچاری ئەوە دەبو، کەیسی سەلیمی رەوانەی بەغداد بکات. ئەگەر بەهۆی هەستی کوردایەتی ئەوەی نەکردبا، ئەوا ئێران دەست بەجێ لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی داوای رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لە هەرێمی کوردستان دەکات. سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەتوانن بە ئێران بلێن رادەستی ناکەینەوە و ئەوەندەش حیساب بۆ کەسە ناکەین؟ پێتوایە ئەمە بکەن؟ لە کاتێکدا لە روە یاساییەوە تەنها بەغداد بەپرسە؟ با وای دابنین هەستی کوردایەتییان زۆر بەرزە و وادەکەن. لەو حالەتدا ئێران نوسینگەی حکەمەتی هەرێمی کورستان لە تاران دادەخات و لە رێگەی باڵوێزخانەی عێراق لە تاران داوای رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لە عێراق دەکات. حکومەتی عێراقیش داواکە پێشکەشی حکومەتی هەرێم دەکات. جا تۆ پێتوایە بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم چی دەبون؟ رادەستی ناکەنەوە و ئەوەندە حیساب بۆ بەغداش ناکەین؟ کێمان باوەڕ بەو قسەیە دەکەین؟ حکومەتی هەرێم لە کوێی توانای ئەمەی هەیە، ململانێی دو هێز بە یەکەوە بکات؟
کەواتە ئەسڵی کێشەکە لێرەدا نە خیانەتە و نە نیشتیمانپەروەرییە، بەڵکو تەنها نەبونی هۆشیاری یاسایی و دانەنانی نرخە بۆ هیچ یاسایەک و نەزانینی سەنگی یاسایی و هێزی خۆمان و بەرامبەرەکانمانە.
تەنها شتێک کە پێویستە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، دروستکردنی لێژنەیەکی پەرلەمانییە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئایا، مستەفا سەلیمی هاتوە بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر هاتوە، بە پێی یاسا دەبوایە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ ئەگەر پێشێلی یاسا کارپێکراوەکان کراوە، ئاسایشی پێنجوێن، بە بریاری کێ، رێککارە یاسایییەکانی نەگرتۆتە بەر؟ ئەوەش دەبێت لە رێگەی دادگاکانەوە لێپرسینەوە بکرێت. بۆ ئەمە ناکرێت؟ لەبەر ئەوەی فەلسەفەی کوردایەتیی نرخ بۆ قانون دانانێت، ئەوانەشی نوێنەرایەتیی ئەو فەلسەفەیە دەکەن، هەمیشە بنپێخستنی قانونیان کردۆتە بنەما بۆ مانەوە و پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان. کاتێک ئارەزوی بزواندنی هەستی نەتەوایەتی و زمانی هەڕەشەکردن، ئەوەندە حیساب بۆ کەس ناکەین، جێگەی عەقڵ و لۆژێک دەگرێتەوە، بێگومان یاسا ناتوانێت سەروەر بێت، بۆ ئەوەی بە ئارەزوی خۆیان شەرەفی نیشتیمانپەرەوری و تۆمەتی خیانەت دابەش بکەن و ئێمەش وەکو وەکو تۆپی دوگۆلی هەر جارەو بۆ لایەک هەڵبدەن.
هەر بۆیە، لیژنەیەکی پارلەمانیی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە، یان لیژنەی مافی مرۆڤی پارلەمان، دەبێ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەن لە چوارچێوەی قانونە کارپێکراوەکانی پەیوەست بە کەیسی پەنابەری لە عێڕاق. دەبێت ئەو کەموکورتییە قانونییانەش بدۆزنەوە کە هەرێمی کوردستان و عێڕاق پێویستییان بە پێشخستنی هەیە. لەوانەش گرنگتر، پێویستە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە و پاسەوانی سنور راهێنان و پەروەردە ببینن لە چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران تا هۆشیاریی ئەوەیان هەبێت کە چۆن لەگەڵ کەسێکی پەنابەر مامەڵەیەکی قانونیی بکەن و مافەکانی پارێزراو بن.