ئایا جیهانێکی نائاسایشتر بەڕێوەیە؟

بەشکردن:

نیگار نادر

هەموو زاناو بیرمەندانی جیهان دەزانن، زۆر گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەن، بەڵام گۆڕانکاری هەرە بنەڕەتی، کۆنترۆڵکردن و درزبردن ئاسایشی مرۆڤە، کە هاوشێوەی کاپیتالیزمێک بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی دادامەزرێت، بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی تەندروستی مرۆڤ، لە ژیانی داهاتوویدا، لەوانەشە جێگۆڕکێی یاساکانی دژە-تیرۆر بێت، بە یاسای دژە-ڤایرۆس یان داڕشتنەوەیان پێکەوە، لەناو چوارچێوەیەکی نوێدا. 

سڕکردنی شارستانیەت، تێکشکاندنی پایەکانی سیستەمی تەندروستیی جیهانی، سەرهەڵدانی تراومایەکی جیهانی، بە مەبەستی زەندەقچوون و هەترەشبردنی توانا و ورەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەڵپەساردنی جومگەكانی ئابووری، ئاین، سیاسەت، داخستنی سنوورەکان، لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنان. 

لەگەڵ ئەوەشدا كە لە مێژوودا ئەو لە یەکترگرتنەوە و گواستنەوە خێرا و نامۆیە بەزەبرترین و بە بەهێزترین داچڵەكان و شۆکی جیهانیی دەژمێردرێت، کە مرۆڤایەتی دووچاری بووە ئەزموونی دەکا، ئەمەش بە مانای گواستنەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، لە ئاسیاوە بۆ ئەمەریکا.

ئاستی بەرزبوونەوەی خێرای ژمارەی تووشبوان زۆر سەرسورهێنەرە، چونکە بەدرێژایی مێژوو، هیچ یەک لە قەیرانەکان، کارەساتە سروشتییەكان، پەتا و جەنگە جیهانییەكان، هێندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ترسناك نەبووە و، هێزی ئەوەی نەبووە، تا تەواوی جیهان پێکەوە و لە یەک کاتدا سست بکا و ڕایبوەستێنیت، یا ئاوا شۆکی بکات. 

 هەرچەندە حاڵیحازر زۆر سەختە بتوانرێ پێناسەیەک یان لەیبڵێکی سیاسی، ئابووری، زانستی و تەکنۆلۆژی، لە باهۆزی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بدرێ، سەبارەت بە سروشتی پەیدابوون و دەستكردی و بڵاوبوونەوەی، بەڵام گریمانەکان زۆرن، چونکە تا ئێستاش لە هەندێک شوێنی وڵاتە جیاوازەكانی جیهان دا نیشانەکانی لە یەكتر ناچن.

بۆنموونە هەتا ئێستاش لە هەندێک وڵات و کەمپی ئاوارەکاندا ئەو پەتایە سەریهەڵنەداوە، یان بەو شێوە کوشندەیە دەرنەکەوتووە، سەرەڕای قەرەباڵغی و نەبوونی سیستەمی تەندروستی و پاک و خاوێنی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڤایرۆسە لە هەر دەوڵەتێک، پێش کۆنترۆڵكردنی، کۆمەڵێک یاسا و رێسای بۆ دەركراوە و باری لەناکاوی بۆ راگەیەنراوە.

گریمانە و شرۆڤە زۆرن، هەر بیرمەند و سکۆلار و زانایەکی ئەو جیهانە بگری، جۆرێك گریمانە و لێكدانەوە و توێژینەوەی جیاوازیان هەیە، کە دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا لێی پەشیمان ببنەوە، یا رایەكی پێچەوانە دەربڕن، چونکە هەر گریمانەیەک وەک سروشتی گۆڕانکاری لە ڤایرۆسەکە شیمانەو ئەنجامەکانیش دێنە گۆڕین. هەروەها لەگەڵ پەخشكردنی ملیۆنەها هەواڵی جیاواز لەسەر کۆرۆنا، شەپۆڵێکی گەورە و گشتگیری زانیاری چەواشەکەر و ناڕاست و نازانستی ئاراستەکراو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەكان بەرزدەبێتەوە. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تا ئێستا  جیهان بەرامبەری دەستەپاچەیە و ڕوون نییە، لەمەودوا پۆست-کۆرۆنا، چ سیستەمێک بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت؟ ئایا لێبرالیزم دەکەوێ؟ ئایا بەجیهانیبوون سست یان  چڕدەبێتەوە؟ ئایا دیموکراسی دەتوێتەوە و دیكتاتۆری جێگەی دەگرێتەوە؟ ئەوانە كۆمەڵێ پرسیار و گریمانەن، كە هەمیشە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ڕەنگە لەمەودوا تاقیگە زانستییەکان بكەونە كێبڕكێ لە گرتنەدەستی جڵەوی  سەروەری دەستەڵاتی جیهان، یان کۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەبەرهەمهێنەری ئۆلگۆریتمی هۆشی دەستکرد، سیستەمێکی ئابووری نوێ بسەپێنن، یان کاپیتالیزمێکی ئاسایش و چاودێری چڕتر جێگیر بكرێ.

هەڵبەتە دەمێکە زاناو بیرمەند و سکۆلارانی ئەو جیهانە، پێشبینی ئەو ڕووداوانەیان کردوە، لەوانەش نووسەری کەنەدی خاتوو نوامی کلاین، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا* (شۆککردنی باوەڕ)، باسی لەو قەیرانانە کردوە، کە دەستەڵات دروستیان دەکات، بۆ چەسپاندنی سیستەمێکی نوێ، یان چۆن دەستەڵات چوارچێوە بە سیستەمێک وەردەگرێت، لە ئەنجامی قەیرانەکاندا .

هەروەها *پرۆفیسۆر یاڤاڵ نوح هەراری، ئاماژە بەوەدەدات، كە چۆن مرۆڤ لە داهاتوودا لە کۆرۆنا ترسناکتر ئەزموون دەکات، هەروەها دەڵێت: سوپاکانی ئێستا، وەک سوپایەکی ئیمپڕیاڵی دەبینم، کە بەم نزیکانە، کۆلۆنیایەکی داتایی دادەمەزرێنن. پێویست ناکات، سەرباز بنێردرێتە وڵاتێک، لە كاتێكدا ئەگەر هەموو داتای وڵاتەکەت لەبەردەستدا بێت. 

 هەروەها لە گۆشەنیگایەکی تری زانیاری بەخشدا ، کە چەندین فیلمی سینەمایی بەناوبانگی جیهانین، کۆی ئەو پێداویستی و ئامادەکارییەی بۆ شێوازی ژیانکردن و کەرەنتین پێشبینیکراوە، کە بە هۆی هێرشی ڤایرۆسیەوە ڕوودەدەن، بەڵام لە تایتڵ و ناوەرۆکی ناڕووندا.

  ئەو بابەتانە هەموو پێشبینیکراون، بەڵام ئەوەی لە شۆکی کۆرۆنادا تا ئێستا ڕوون نییە، بریتییە لەوەی: ئایا گۆڵەکە لە سەدەی بیستوویەکەمدا بە مەبەستی چییە؟ مرۆڤایەتی بەرەو چ چارەنووس و ئاقارێك دەبات، لەوانەشە ببێتە هۆی قازانجی ترلیۆنان دۆلاری تەکنەلۆژیای زانیاریی -ئینفۆ-تێکنۆلۆجیی-، لە سیلیکۆن ڤاڵی و چین، یان سەرهەڵدانی بازرگانییەکی نوێی دڵنیای تەندروستی و دەرمان، یان مەترسی لێکەوتنەوەی سیستەمێکی ئاڵۆزی تەندروستی بێت بۆ مرۆڤ! یان راگەیاندنی هەسارەیەکی دیكەی ئاسایشتر بێ لەسەر زەوی بۆ ژیان؟

حاڵیحازر لەگەڵ ئەوەی، هەموو مرۆڤایەتی کەوتۆتە ناو بازنەی شۆکێكی ڕیشەیی گشتگیر ، ئەوەی ئەو ڤایرۆسەش، لە قەیران و پەتایەکانی تر جیادەکاتەوە، پێکانی خاڵی هەرە سەرەکی ئاسایشی مرۆڤە ، تا بەتیژترین و تەمومژاویترین كورت ماوە، بیپێكی و بیكاتە مەرگەساتێكی كتوپڕ و تراژیدی، پاشان تەرمەکەشی بەنهێنی بنێژرێ! 

ئەو ترسە، بە شێوەیەک کاریگەری، لەسەر باری دەروونی تاكەكان داناوە، کە تەواو سیستەمی بەرگری مرۆڤ دادەبەزێنیت، هەروەها مرۆڤ چرکە-بە-چرکە، چۆنیەتی مەرگی کوشندەهێنەری ئەو ڤایرۆسە، لە شاشەی سمارتفۆن و تیڤییەکان دەبینێت.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە چین، هەموو کۆمپانیاکانی سۆپەر ئینفۆتەکنەلۆژی، هەماهەنگییان لەگەڵ دەوڵەتدا کرد، بە مەبەستی چارەسەرو بەرگری. لیستی ئەو کۆمپانیایەش پێکهاتبوون؛ لە رۆبۆتی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا، درۆنە گوێزەرەوەکان، بۆ گواستنەوەی نموونەی خوێن بۆ تاقیگەکان.

کۆمپانیاکانی تیلیکۆمیونیکەیشن، لە ڕێگەی کورتەنامە و، کۆکرنەوەی زانیاری تەندروستی، ئەلپەی کۆدی تەندروستییان دابەزاند و بەیاسا سەپێنرا، بەهۆی دابەزاندنی کۆدێکی سێ ڕەنگی لە ڕێگەی سمارتفۆنەکانەوە، بەمەبەستی پشکنینی پلەی گەرمی کەسەکان .

 هەروەها کۆمپانیای کوانجی، کە تایبەتمەندە لە بواری دروستکردنی هۆشی دەستکرد، توانی پشکنینەکانی لەناو كڵاوێكەوە ئەنجامبدات کە لەلایەن تیمی پارێزگاریکردن و پۆلیسی دیجیتاڵیەوە لەسەر دەکرا، لەو رێگەیەوە دەتوانرا، پلەی گەرمی کەسانی بەرامبەر بخوێنرێتەوە، لە ماوەی چەند چرکەیەكدا، کەسە توشبووەکان بناسرێنەوە.

کۆمپانیای سەنسی تایم، توانی لە ڕێگەی کامێرا و شاشەکانیەوە، لە وێستگەی شەمەندەفەر و شوێنە قەرەباڵغەکان، وێنەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکات، کە ماسک و دەستکێشیان لە دەستدا نییە و ڕێنمایییە تەندروستییەکان ڕەچاوناکەن تا سزا بدرێن. هەروەها کۆمپانیای خواریزمی زیرەکی دەستکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتدا، دەتوانێ بە هۆی تەلەفۆنە زیرەکەکانەوە دەستنیشانی شوێن و ڕێچکەهەڵگرتنی ملیۆنان کەس بکات کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن بە مەبەستی بەرگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەوەی جیگای سەرنجە، ئینفۆتەکنۆلۆژی، وەک ئیمپراتۆریەتێک خۆی دەناسێنیت لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە چینەوە دەبینین و جڵەوی بەرگریکردنی باڵا، لە دەستی ئەودا نیشاندەدرێت و، لە چەند فۆرمی جیاوازدا دەچێتە ناو تایبەتمەندییەكانی ئاسایش و چاودێرکردنی کەسیی تاكەكانی كۆمەڵ بە یاسا و بەبێ رەزامەندی کەسەکان. لێرەدا دەتوانین بڵیین، ئەوەش نیشانەیەکە، لە نیشانەكانی سەرهەڵدانی، فۆرمیکی نوێ، لە پێشێلکردنی ئازادی و ئاسایشی كەسی تاكەكان. 

هەموو ئاماژەکان نیشانەن بۆ ئەوەی سیستەمی ئاسایشی جیهانی دەکەوێتە نێوان ئاڵنگاری گەورە بە دەرکردنی یاسا و چرکردنەوەی چاودێری. بۆ نموونە چۆن ئیسرائیل بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کاری بە یاسای دژە-تیرۆرکرد بۆ بەرگریکردن لە کۆرۆنا. دواتریش جۆرەها تەکنیکی نوێ بهێنرێتە بازاڕ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و دژە-ڤایرۆس ،بەڵام سەڕەڕای ئەو گێژاوە نائاسایی و نائاساییشییەی ئەمڕۆ جیهانی تۆقاندووە، دەبێ بپرسین، زلهێزەکان بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو، کە تەکەنۆلۆژیا تێیدا گەیشتۆتە ترۆپک، جگە لە دەستەڵاتداری گۆی زەوی توانیویانە وێستگە گەردونییەکانیش بخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە، ئاخۆ چۆنە نەیاتوانیوە، پێشبینی هێرشێکی ڤایرۆسی کوشندە و گشتگیری لەو شێوەیە بکەن؟ یاخود چۆن سیستەمێکی بەرگری  ئاسایش و ئاشکراکردنیان ئامادە نەکردوە؟

لە داهاتوودا ،پێدەچێ سوپا بایۆلۆژییە بە-ماسک-داپۆشراوەکانی کە کۆرۆنا نیشانی جیهانیدا، لەوانەیە ببنە جۆرێک لە جێگرەوەی سوپا سەربازییەکان، وێستگەی بەرگری هێرشە ئەتۆمییەکان، بکرێتە بەشێک لە وێستگەی تاقیگە بایۆلۆژییەکان، هەروەها رێبەدی دەکرێ، کۆی ئەو رۆبۆت و ئامێر و کەلووپەلە خۆپارێزییانەی، لە سەردەمی بەرگری لە کۆرۆنادا بەکارهێنران، دەکرێ دواتریش، پەلبهاوێژێنە ناو چەندین بازرگانی و پیشەسازی قازانجبەخشی تر، هاوشێوەی پیشەسازی زامنکردنی ئاسایش و، پیشەسازی دژە-تیرۆر، بودجەی گەورەی، ئەو جیهانەیان بۆ تەرخانبکرێ.

هەموو زاناو بیرمەندانی جیهان دەزانن، زۆر گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەن، بەڵام گۆڕانکاری هەرە بنەڕەتی، کۆنترۆڵکردن و درزبردن ئاسایشی مرۆڤە، کە هاوشێوەی کاپیتالیزمێک بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی دادامەزرێت، بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی تەندروستی مرۆڤ، لە ژیانی داهاتوویدا، لەوانەشە جێگۆڕکێی یاساکانی دژە-تیرۆر بێت، بە یاسای دژە-ڤایرۆس یان داڕشتنەوەیان پێکەوە، لەناو چوارچێوەیەکی نوێدا. 

ژێدەرەکان

 

1_https://www.cdc.gov/globalhealth/healthprotection/ghs/about.html

2_https://www.theguardian.com/us-news/2017/jul/06/naomi-klein-how-power-profits-from-disaster

3_https://www.schneier.com/blog/archives/2020/03/privacy_vs_surv.html

4_https://searchsecurity.techtarget.com/resources/Security-Industry-Market-Trends-Predictions-and-Forecasts

5-https://www.ft.com/content/19d90308-6858-11ea-a3c9-1fe6fedcca7 

 

بەشکردن: