ئێستا هەلە بۆ فێربونی خوێندنی سەرهێڵ

کەسێک سەیری مۆبایل و کۆمپوتەر ئەکات

مێتۆدەکانی فێرکردن فراوان و بەگشتی قسەی زۆر هەڵدەگرن و شارەزایانی بوارەکەش پێیان وایە، کە ئەگەر باسی تەکنۆلۆجیاش بکرێ لەگەڵی، دەبێ بزانین لە چ چوارچێوەیەکی فیکریدا قسەی لەسەر ئەکەین.[1] ئەگەر ئاگادارنەبین، تەنها ئەنجامدان دەمانکاتە چالاکێکی بێمێشک و تەنها بیرکردنەوەش بێکردارمان دەکات.[1] بەم کورتە پێشەکییە ئاسانترە کە بتوانم قسە لەسەر لایەنە ئاسانەکەی بکەم ئەویش پێداویستی بوونی خوێندنی سەرهێڵە -ئۆنلاین- بۆ کۆمەڵگا پێشکەوتوو و دواکەوتوەکانیش. 

مەبەست لە خوێندنی سەرهێڵ چییە؟

بە پێناسایەکی کورت بریتیە لە جێگرتنەوەی چونە پۆل یان موحازەرەیەکی زانکۆ بەوەی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە قوتابی یان فێرخواز هەمان زانست وەربگرێ کە لە مامۆستایەکی وەردەگرێ بێئەوەی ڕووبەڕوو یەکتر ببینن. گرنگە ئاوا پێناسەی بکەین چونکە لە سەردەمی پێش پەتایەکی وەک کۆرۆنادا خوێندنی سەرهێڵ زیاتر بریتی بوو لە MOOC یان ئەو کۆرسانەی کە زۆرجار بەخۆڕایی و کراوە بوون بۆ هەموو کەسێک کە بتوانێ سودیان لێ وەرگرێت. هەروا ئەو کۆرسانەش کە بۆ بەهێزکردن یان فێرکردنی بوارێکی تایبەت بەکاردێن و بەکاردەهاتن. لێرەدا مەبەست لە جێگرتنەوەی خوێندنی ناو هۆڵێلکە بە فێربوونی سەرهێڵ کە پێداویستی پەتایەکی وەک کۆرۆنا هێناویەتیە کایەوە. بەمەش کۆتایی نایەت، شارەزایان دەڵێن دەبێ نزیک ٨٠٪ی فێرکردنەکە سەرهێڵ بێت ئەنجا بە “سەرهێڵ” دادەنرێت (بڕوانە خشتەکە بە ئینگلیزی).[3] 

خشتەی جیاکردنەوەی فێربوون سەرهێڵ

لە ڕوە تەکنیکییەکەیەوە گرنگە لەلام شتێکی تر بنوسم لەو تێگەیشتنەی لای زۆر کەس دروستبوە. خوێندنی سەرهێڵ بریتی نییە لە گوێگرتن لە مامۆستاکە لە پرۆگرامی زووم یان ڤیدیۆیەکی سەر یوتیوب. بەڵێ دەکرێ ئەوە بەشێکی سەرەکی فێرکردنەکە بێ، ئەوە خوێندنی تەقلیدی هەندێ وڵاتە وا دەکات مامۆستا چەقی فێربوون بێت. دەنا لە مێتۆدێکی وەک مۆنتەسۆریدا، منداڵ سەرچاوەی فێربوونە و مامۆستا تەنها هانی حەزە زیندوەکانی منداڵ دەدات بۆ فێربوون، کە بوارێکی یەکجار فراوانە و مەبەست ئەمە نییە. بەڵکوو مەبەست ئەوەی کە تەکنۆلۆجیا بۆ ئەوە بەکاربهێنرێ، بۆ نمونە مامۆستایەک یان مامۆستایەکی زانکۆ سەختە بتوانێ حەزی فێربوونی فێرخوازێک تێر بکات، لە کاتێکدا هەبوونی زۆربەی هەرەزۆری زانیاری مرۆڤ دەکرێ لەم تۆڕە فراوانەی ئینتەرنێتدا نەک تێنوێتیی حەزەکەی بشكێنێ، بەڵکوو بیگەیەنێتە ئاستێک کە هیچ مامۆستایەک نەتوانێت بیریشی لێ بکاتەوە. لەمەشدا سیستمە جیاوازەکانی فێربوونی سەرهێڵ Learning Management Systems ئەو ڕۆڵە گرنگە دەبینن کە لە وڵاتانی ئێمە و هەتا وڵاتە پێشکەوتوەکان خۆشیان نوێیە و پەتایەکی وەک کۆرۆنا وای کردوە بەم گەرمییە بکەوینە باسکردنی.

کاردانەوەکان

لەبەر ئەوەی بابەتەکە بە کوردی دەنوسم ناچارم باسی دۆخی هەرێمێکی بچووکی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم دەنا قسەکردن لەسەر بوارەکە یەکجار فراوانتر و ئاسانترە. لەو ڕوەشەوە ناچارین هێما بۆ ئەوە بکەین کە ڕوون نییە ئایا خوێندنی باڵا لە سەرەتای مانگی ئایار -ئەگەر رێککارییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەڵنەگیرێن- بەڕاستی دەست بە خوێندنی سەرهێڵ دەکەن؟ وڵاتە جیاوازەکان جیاواز ڕووبەڕووی قەیرانەکە بوونەتەوە. بۆ نمونە زۆربەی هەرە زۆری زانکۆکانی بەریتانیا خوێندنیان گواستەوە سەرهێڵ لە کاتێکی یەکجار کەمدا. زانکۆی لیدس یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە لە نزیکەوە ئاگادارم کارەکان چۆن گوازرانەوە و وانەکان چۆن ئامادە دەکرێن. هەروا قوتابخانە ئاسایییەکانی بەریتانیاش بە هەمان شێوە کە هەتا قوتابخانە سەرەتایییەکانی بەریتانیا گوازراونەتەوە سەرهێڵ و قوتابی پۆلی سێی سەرەتایی لەگەڵ مامۆستاکەی ڕۆژانە خەریکە. ئەمە لە ئاست قوتابخانەیەکی سادە نەوەک قوتابخانە ئاست بەرزەکان یان قوتابخانە تایبەتەکان کە بەدڵنیایییەوە توانای زیاتریان هەیە. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی بەریتانی خۆشی لیستی کۆمەڵێک ماڵپەڕی کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە قوتابییان بەردەوام بن لە فێربوون. قوتابخانە هەرە نایابەکانی دنیا کە جێگای پەروەردەکردنی سەرۆک وەزیران و شازادەکانی بەریتانیان وەک ئیتن کۆلێج، کۆرسی خۆڕاییشیان ڕاگەیاندوە بۆ قوتابخانە ناوەندییەکانی تر. ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو تاقیکردنەوەکانی GCSE با بڵێین پۆلی ٩ و هەروا A-Levelیش واتە پۆلی ١٢ ئەنجام نادرێن بەڵام خوێندن بەردەوامە لە سەرهێڵ.

لە وڵاتێکی زەبەلاحی وەک چیندا کە دەگوترێ ٢٧٠ ملیۆن خوێندکاری هەیە و نزیک ٢٠ ملیۆن مامۆستا و کادری زانکۆی هەیە [4] گواستنەوە سەرهێڵ کارێکی ئاسان نییە. هۆکارەکەی تریش ئەوەیە کە چین وڵاتێکی تاک-حیزبی فەرمانڕەوایە و زۆربەی هەرە زۆری بڕیارەکان ناوەندییە و دەبێ لەسەرەوە بڕیارەکە بدرێ تا خوارەوە بتوانن جێبەجێی بکەن. بۆیە شارەزایان دەڵێن کە زۆر ڕێگای جیاواز بەکارهاتوون تا زانکۆ و قوتابخانەکانی چین بەردەەوام بن لە خوێندن لەو جێگایانەی کە هاتووچۆ تێیاندا وەستاوە بۆ ڕێگری لە پەتاکە. لەوانەش پەخشی تەلەفزیۆن و ڕێگای تری جیاواز هەموو لەژێر بانگەشەی فراوانی وەزارەتی خوێندنی چین بە ناوی “پۆل داخراوە بەڵام وانە بەردەوامە” هەڵمەتەکەی بەرەو ئەوە دەچێت کە زەبەلاحەکانی بواری تەکنۆلۆجیا وەک ئەلیبابا و چەندینی تر هاریکار بن لەوەی کە گەورەترین گواستنەوە بۆ سەرهێڵ لە چیندا ئەنجامبدرێ. 

چی ڕێگرە ١٠٠٪ سەرهێڵ بین؟

بە بڕوای من هەبوونی ئینتەرنێت کێشە سەرەکییەکە نییە. وەک کەسێک کە لە ٢٠٠٠ەکان و سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی تەلەفۆنی لە سیمکارتە گرانەکانی ئاسیا و هەروەها سەنتەرەکانی تەلەفۆن ئاگادارم کەوا ئەمە نابێتە کێشەی گەورە، واتە کەمینەیەک دەبن کێشەی بەردەوامیان دەبێت. بەڵام هەموو دەتوانن لە کاتی جیاوازدا دەستیان بگات ئینتەرنێت و بە ئامێری هەرزانیش. دیسان ساڵانێکی زۆرە لەسەر ئەوە دەنوسم کە ئامێری کۆمپیوتەری یەکجار هەرزان هەیە و بگرە هەرزانییەکەی وای کردوە ئێمەی کورد کەمتر بەکاریانبهێنین. کەوابێ نە هێڵی ئینتەرنێت نە ئامێری کۆمپیوتەریش بە بڕوای من ڕێگر نابن، سروشتی کۆمەڵگای کوردیش کە خەڵکانێکی زۆر ئامادەن هاریکاری یەکتر ببن، چ دراوسێ چ خزمایەتی و بوونی پەیوەەندی قایمی خێزان و گەڕەک ئەم ئاستەنگە کەمتردەکاتەوە یان نایهێڵیت.

دیسان بە بۆچوونی من، کە بەداخەوە داتا یان راپرسییەکم ئەنجامنەداوە تا پشتی پێ ببەستم، گەورەترین ڕێگر بریتییە لە توانای مامۆستا و کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا. بۆ نمونە لە هەوڵێکی بچووکی بەندەدا بۆ ئەوەی دەستی دامەزراوەیەک بگرم کە خوێندن بگوازنەوە سەرهێڵ، بینیم کێشەکە لە نەبوونی چارسەری گونجاودا نییە (نەرمەکاڵا یان سۆفتوێر مەبەستمە)، بەڵکوو لە نەبوونی توانای مامۆستایاندایە کە ناتوانن ئەوەی پێویستە بۆ خۆڕاهێنان لە بەکارهێنانی سەرچاوە دیجیتاڵیەکاندا ئەنجامیبدەن تا بتوانن پێش قوتابییان و خوێندکاران بکەون. دەنا دڵنیام لەوەی لە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایییەوە تا پۆلی ١٢ی ئامادەیی، هەلەکە یەکجار گەورەیە و ئەوان دەتوانن ئەو سەرچاوە دیجیتاڵییانەی پێویستە بۆ خوێندنی سەرهێڵ هەموو بە ئەوپەڕی تواناوە بەکاربهێنن. هەرچی زانکۆکانە دەبێ پێشەنگ بن لەمەدا، وەک ساڵانی پێشووش هانمان داون بەتایبەتی کاتێک یەکەمجار کۆرسە بەخۆڕایییەکانی زانکۆ گەورەکانی دنیا لە ٢٠١٣دا دەرکەوتن، ئێستاش ئامادەین چاوساغییان بکەین و دەستیان بگرین.

لە کۆتاییدا، توێژینەوە هەن دەربارەی کوالیتی فێربوونی سەرهێڵ و ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە فێربوونی سەرهێڵ وەک دەر[ەوەی]هێڵ سەرکەوتوە.[2] هەندێک لە بوارە تایبەتەکانی وەک تەکنۆلۆجیای زانیاری خۆی دەبێ سەرهێڵ باشتر بێت. هەندێ بواری تریش بۆخۆی گوازراوەتەوە سەرهێڵ وەک ڕۆژنامەگەری و زۆر بواری تریش کە پێش ئەوەی ببنە پێداویستی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی تەواوی تەکنۆلۆجیایی زانیاری خۆیدا گوازراونەتەوە سەرهێڵ. هەروا دەتوانین بەئاسانی بڵێین ١٠٠٪ی بوارەکانی فێربوون لانی کەم ١٠٪یان ئێستا کارەکان دەبێ سەرهێڵ ئەنجامبدرێن. بۆ نمونە خودی وەرگرتنی خوێندکار لە هەرێمێکی وا بچکۆلەدا ئێستا سەرهێڵە (زانکۆلاین). کەوابێ جگە لە ویستێکی بەهێزی سیاسی و کەمێ گەنجبوونەوەی مامۆستایان یبەڕێز چی ڕێگرە لەوەی خوێندن بەردەوام بێ لە کاتێدا پۆلەکان داخراون؟

[1] Anderson, Terry, ed. The theory and practice of online learning. Athabasca University Press, 2008.[2] Broadbent, Jaclyn. “Comparing online and blended learner’s self-regulated learning strategies and academic performance.” The Internet and Higher Education 33 (2017): 24-32.

[3] Allen, I. Elaine, and Jeff Seaman. Changing course: Ten years of tracking online education in the United States. Sloan Consortium. PO Box 1238, Newburyport, MA 01950, 2013.

[4] Zhou, Longjun, et al. “‘School’s Out, But Class’ On’, The Largest Online Education in the World Today: Taking China’s Practical Exploration During The COVID-19 Epidemic Prevention and Control As an Example.” But Class’ On’, The Largest Online Education in the World Today: Taking China’s Practical Exploration During The COVID-19 Epidemic Prevention and Control As an Example (March 15, 2020)(2020).

 

بەشکردن: