مه‌سروڕ بارزانى له‌بەردەم واقعی حکومەتێکی لێكترازاو

2924
0
بەشکردن:

سه‌رتیپ وه‌یسى كه‌ریم

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پارتیى دیموكراتى كوردستان وێنه‌یه‌كى گه‌وره‌ى بۆ مه‌سروڕ بارزانى وه‌كو سه‌رۆكى حكومه‌ت دروستكرد، کە به ‌سه‌رۆكایه‌تییەکەی حكومه‌تێكى به‌هێز دروستده‌كرێت و چاکسازی دەکات و سەرکەوتو دەبێت لە یەکخستنی دامەزراوەکانی حکومەتدا. بۆ ئەمە، پارتیی و مەسروڕ بارزانیی پشتئەستور بون بە ئارامبوونەوی دۆخی سیاسی لەنێوان حیزبەکانی ھەرێم و بوونی پارتی بە زۆرینەی پارلەمانیی و لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆن، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداد و رەوانەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ سەرکەوتنی لە حکومەتداری. بەڵام واقیعی حوکمڕانیی و دۆخی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و عێڕاق بارزانییان خستۆتە بەردەم دۆخێکی تاڵ.
لە پاڵ ئەم خاڵە بەھێزانە، ھاوشێوەی کابینەی پێشوو قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت حکومەتی خستە دۆخێکی خراپەوە، قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆناش هێندەی تر برینی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتی قوڵتر کرد. لەگەڵ ئەوانەشدا، كاتێك قه‌یرانێك دێته‌ پێشه‌وه‌، خاڵی گرینگی سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکاندا، پاراستنی یەکریزیی ھێزەکانە بۆ ئەوەی هەموان ملبدەنە بەر بەرپرسیارێتیی، بەڵام سه‌رۆكى حكومه‌ت نەک سەرکەوتوو نەبووە لە دروستکردنی ئەم یەکڕیزییە، بەڵکو ئەوەی لە پێشووشدا بنیاتنرابوو تێکیدا. ھۆکارەکەشی ئەوەیە مه‌سرور بارزانى ناتوانێت له‌ گرێى ده‌روونى رابردووی مامهڵەکردن ‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانى وه‌كو هاوسەرۆکی یەکێتیی لاهور شێخ جه‌نگى و سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانى ده‌ربچێت، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و كێشانه‌ دروستده‌بن كه‌ ئێستا تەواوی خەڵکی کوردستانی سەرقاڵکردوە.
كێشه‌ى مه‌سروڕ بارزانى ئه‌وه‌یه‌ ناتوانێت لاهور شێخ جه‌نگى وەک ھاوسەرۆکی یەکێتی بخوێنێته‌وه‌، وه‌كو ئه‌وكاته‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات، كه‌ ئه‌و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌ و لاهوریش سه‌رۆكى ده‌زگاى پاراستن و زانیارییه‌. رووداوى 16ی ئۆكتبه‌ریش لە یادەوەریی بارزانییدا لاناچێ، له‌كاتێكدا لاهور شێخ جه‌نگى ئێستا هاوسه‌رۆكى یه‌كێتییه‌ و كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ى گرینگى ئه‌و حزبه‌ى له‌به‌ر ده‌ستدایه‌.‌ ئەنجامی ئەمە وای کردووە مەسروڕ بارزانی لە چاوی سیاسەت و لێدوانەکانی لاھور شێخ جەنگی ھەندێ جاریش پەیجەکانی فەیسبووکەوە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی و سنووری پارێزگای سلێمانی بکات، کە ئەمەش لایەکی ھاوسەنگیی حکومەتی لێ تێكداوه‌.
له‌ لایه‌كى دیكه‌ مه‌سرور بارزانى و تیمه‌كه‌ى له‌ حكومه‌ت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌له‌پرووزەیان‌ بوو، هه‌موو كاره‌كانیشیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوو بەزوويی ئاسەواری ده‌سته‌ڵات و شوناشی حكومه‌ته‌كانى پێشووترى نێچیرڤانى بارزانى بسڕنەوە. بۆئه‌مه‌ش هه‌موو رێگایه‌كیان گرته‌به‌ر و تاوه‌كو ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یان به‌رده‌وامن. ئەمەش وای کردووە حکومەتەکە زیاتر ببێتە حکومەتێکی پۆلیسی تاكڕەو، چاودێری ھەموو كرده‌ و كارێك بکات، دەست لە ھەموو ووردەکارییەکی خوارەوە تا سەرەوە وەربدات. له‌ ماوه‌ى نۆ مانگى رابردووش زۆرترین وه‌ڵام و وه‌ڵامكارى له‌ دژى لایه‌نه‌كان و ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌ى خۆشى هه‌بووە.
مه‌سرور بارزانى ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت، وه‌زیره‌كانى یه‌كێتیى و گۆڕان هاوپه‌یمانى پارتى و حكومه‌تن، نه‌ك فەرمانبەری ئه‌و، ده‌كرێت رێبه‌ر ئه‌حمه‌دى وه‌زیرى ناوخۆ گوێڕایەلی ناوبراو بێت، به‌ڵام ناكرێت به‌و چاوه‌ سه‌یرى وه‌زیرێكى دیكه‌ى یه‌كێتیى و گۆڕان بكات كه‌ فەرمانبەری ئه‌ون چونکە واقیعی سیاسیی و هاوپەیمانێتیی لە هەرێمی کوردستاندا جۆرێکی ترە. هەروەها، وەزیرەکانی گۆڕان و یەکێتیی دەیانەوێت ئاژێندای حکومەتی هەرێم جێبەجێبکەن نەک هی مەسروڕ بارزانیی. ئەم بیرکردنەوەی سەرۆکی حکومەتە وای کردووە لەم ماوەیە دوو بەیاننامە بە ناوی حکومەت لەسەر کێشەی مسته‌فا سه‌لیمى و زینی وەرتێ دەربچێت بەبێ ئەوەی ھیچ راوێژ و بۆچوونێكى تیمی یەکێتیی وەربگرن.
ده‌بێ مه‌سروڕ بارزانى و تیمه‌كه‌ی له‌ خۆیان بپرسن ئەگەر ھاوسەرۆکی نوێی یەکێتی گرفتە بۆ دروستنەبوونی ئەو یەكڕیزییە لە حکومەت و کوردستان، ئەی بۆچى یەکێتی و ھاوسەرۆکەکەی تەباو کۆکن لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم؟ چونكه‌ دەبینین یه‌كێتیى و هێزه‌كانى دیكه ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیان هه‌بێت په‌نا بۆ نێچیرڤانى بارزانی ده‌به‌ن بۆ چارەسەرکردنی. ھۆکارەکەی ئەوەیە یەکێتی و پارتی لە ئاستی ستراتیجی کێشەیان نییە، بە ڵکو لە ئاستی مامەڵه‌ی کەسەکان کێشەکان دروستبوون،‌ بۆیە؛ ھەر ئەو سەرکردایەتییە نوێیە پشتیوانی ھەنگاو و بڕیارەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکەن لەسەر پرسەکانی پێكھێنانی حکومەتی نوێ لە بەغداد، لەگەڵ مه‌سرور بارزانیش رۆژانە بەیاننامە لە دژی یەك دەردەکەن.
گرینگە مه‌سرور بارزانی بزانێت کە لێپرسراوێتیی سەرۆکی حکومەت زۆر گەورترە بەراوردی به‌ لێپرسراوێتیی ئەوانی تر لە بارودۆخی کوردستان، بەتایبەت لە قەیران و ئاڵۆزی کە ئەوە ئەوە دەبێت یەكڕیزی دروستبکات لەناو حکومەتەکەی نەك سەرقاڵی ململانێکانی رابردووی بێت.

بەشکردن: