شەڕێکی دیکەی تورکیا دژ بە رۆژئاڤای کوردستان

بەشکردن:

کوردستان تایمز

جەنگێكی نوێ خەریکە بەرۆکی رۆژئاڤای کوردستان دەگرێت لەلایەن تورکیاوە و چەکی ئەو جەنگە نوێیەش وزەیە، کە ئەو هەرێمە کوردییە لە سوریا بە هەندێك جۆری دەوڵەمەندە و هەندێكی دیکەی لە چەند شوێنێکدا لە چنگ دەرهێنراوە، وەك ئاو، کە نەبوونی لە سەردەمی کۆرۆنادا لە چەندین چەكی سەربازیی کوشندەترە.

سەرەتای دەستپێکردنی ئەم شەڕە لە کۆتایی شوباتی ٢٠٢٠دا دەرکەوت، ئەو کاتەی تورکیا ئاوی لە پارێزگای حەسەکە بڕی بە وەستاندنی کار لە وێستگەی ئاوی عەلوك، کە لەژێر دەستی سوپاکەی و هێزە چەکدارە ئیسلامیستە توندڕەوەکانی هەواداریدایە. لەو کاتەوە تا ئێستا شەش جاری دیکە ئاوی بڕیوە و چەندین رۆژی خایاندووە.

وێستگەی عەلوك بە نزیکەی 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی سەری کانیێ و لە تشرینی یەکەمی ساڵی پاردا تورکیا لە دووەمین هێرشی مەزنی سەربازی  بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان دەستیبەسەرداگرت.

وێستگەی عەلوك بە بۆردوومانی سوپای تورکیا لە کاتی هێرشەکەدا پێکرا بەڵام بەتەواوەتی لەکارنەکەوت،  هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتیش لە ئەنقەرەی نەپرسییەوە، هەرچەندە لێدان لە سەرچاوەی ژیانی دانیشتووانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا تاوانی جەنگە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

دوای ئەوەی هێرشەکەی تورکیا بە کەوتنی سەری کانیێ کۆتایی هات و ئەنقەرە دواتر قایلبوو بە داوای روسیا بۆ ناردنی شارەزایانی روسیی بۆ چاککردنەوەی ئەوەی تێکچوو بوو لە وێستگەی عەلوك، ئیدی بە بیری کەسدا نەدەهات بەرپرسە سەربازییەکانی حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان دواتر جگە لە فڕۆکە و تانك و لەشکرە جیهادییەکانیان ئاویش وەك چەکێكی گرنگ دژ بە رۆژئاڤا بەکاربهێنێنن، بەتایبەتی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

بەرپرسانی پارتەکانی رۆژئاڤا دەنگیان بڵند کردۆتەوە و دەڵێن یەکێك لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمەکەدا بڕیبنی ئاوە، جگە لە ناردنی نەخۆشانی هەڵگری ڤایرۆسەکە لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی لە سەری کانیێ (راس ئەلعەین) و گرێ سپی (تل ئەبیەز) و عەفرین.

سەربازانی تورك و چەکدارە ئیسلامیستە هەوادارەکانیان لە 24 ی شوباتدا کارمەندانی وێستگەی عەلوکیان دەرکرد و فەرمانگەکەیان داخست، ئەوەش ئاوی لە سەرانسەری حەسەکەدا بڕی، ئەو پارێزگایەی بەر لە جەنگی سوریا دانیشتووانی 1.5 ملیۆن کەس بوو، زۆرینەیان کورد.

لە کاتی جەنگی ناوخۆشدا حەسەکە بووەتە پەناگەی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی و هەندێك بەرپرسی دەزگای هاوکارییە مرۆیییە نێودوڵەتییەکان مەزەندە دەکەن ئێستا حەسەکە شوێنی نزیکەی 1.8 ملیۆن کەس بێت، هەرچەندە رژێمی سوریا ئەو ژمارەیە رەتدەکاتەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئیدارەی رۆژئاڤا کەمبکاتەوە.

ئەو کارمەندانەی تورکیا لە وێستگەی عەلوك دەریکردن فەرمانبەری وەزارەتی ئاودێریی حکومەتی دیمەشق بوون و بە پێی رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و روسیا رێگەیان پێدرابوو کاری تێدا بکەن لە تشرینی دووەمی ساڵی پار دوای کەوتنی سەری کانیێ بۆ چنگی تورکیا و میلیشیا سورییەکانی. تیمێکی روسی شارەزای ئاودێری و بەنداویش بۆ چاککردنەوەی ئەو بەشانەی لەکاتی هێرشە سەربازییەکی تورکیادا لە کار کەوتبوون، لە وێستگەکەدا ناو بە ناو کاریان دەکرد.

بڕینی ئاوەکە تەواوی باکوری رۆژهەڵاتی سوریای بە هەموو هێزەکانەوە شڵەژان جگە لە تورکیا و هەوادارەکانی، بۆیە  کورد بەپەلە کەوتە بانگەوازکردن و داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی تا دەستوەردان بکرێت و فشاربخرێتە سەر تورکیا ئاوەکە بەرداتەوە بۆ دانیشتووانی حەسەکە.

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش خێرا چەندین تانکەریان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دابینکرد بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر بەشێك لە دانیشتووانە ناوخۆیییەکە، کە گەڕەك بە گەڕەك و ماڵ بە ماڵ و جلیکانە بە جلیکانە دابەشدەکرا.

حکومەتی سوریا بە هەمانشێوە هەستی بە بەرکەوتنەکانی ئەو ئاو بڕینە کرد لەو ناوچانەی لەژێر دەستیدایە لە دەوروبەری حەسەکە، بەڵام سەرەتا بێدەنگیی هەڵبژارد و لەژێرەوە نزا و نیگەرانییەکانی خێرا گەیاندە فەرماندارە رووسەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

مۆسکۆ راستەوخۆ کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە و رێککەوتنێك -دەگوترێت کراوە- لە سەرەتای مانگی ئادار بۆ ئەو فەرمانبەرە سورییانە و شارەزا رووسەکان تا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ئاو بدرێتەوە بە حەسەکە، بەڵام کاتی ویست پەیمانەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت روون نییە ئەو رێککەوتنە تا چەند چەسپاوە.

ئەو رۆژەی شاندێكی حکومەتی سوری و روسی بەرەو وێستگەی عەلوك رۆیشتن لەسەر بنەمای رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەنقەرە بۆمبێکی دەستکردی نوێ چێندراو پیایاندا تەقییەوە و  قوربانی لەناو هێزە روسی و سورییەکەدا لێکەوتەوە، کە ئاماژەیەکی توند بوو بۆ ئەوەی رێککەوتنەکەی ئەنقەرە و مۆسکۆ لەسەر زەمین لەلایەن گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیاوە لە سەر رێگای ویستگەی عەلوك تەگەری تێدەخرا و لەگەڵیدا نەبوون، بێگومان ئەگەر بە فەرمانی ئەنقەرە ئەوەیان نەکردبێت بۆ ئەوەی کێشە بۆ ئەو هێزانە بنێنەوە و هێرشەکە دەستەڵاتی پتەوی ئەنقەرە بەسەر ناوچەکەوە دووپاتبکاتەوە.

چەکدارەکانی سەر بە تورکیا پەیامیان نارد و داوایان لە بەڕێوبەرێتیی رۆژئاڤا کرد کارەبایان بۆ دابینبکات و ئەوانیش لە بەرامبەردا ئاوی حەسەکە بەردەنەوە، کە دەریخست فۆرمێکی نوێ لە شەڕ و ئاشتی لە شکڵگرتندایە لەو هەرێمەی سوریا.

هاوسەرۆکی دەستەی ئاوی حەسەکە سۆزدار ئەحمەد گوتی کە ئەوان داواکەیان جێبەجێکردووە، بەڵام چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە بەڵێنەکەیان پاشگەز بوونەتەوە و بەردەوام بوون لە بڕینی ئاو لە دانیشتووانەکە سەرباری چەندین هەوڵ بۆ دانوستان و گەیشتنە رێککەوتنێك.

بەرپرسێكی کورد لە حەسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان تایمزی گوت “کێشەی دواکەوتنی ئەو رێککەوتنەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو دەستی بەرپرسانی رژێمی سوریاشی تێدا بووە، چونکە لەلایەکەوە بە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان راگەیاندبوو ئەوان دەتوانن کارەبایان بۆ دابینبکەن و لەلایەکی دیکەشەوە بە ئیدارەی رۆژئاڤایان گوتووە دەبێت دان بەخۆدا بگرن و چاوەڕوانی بڕیاری دیمەشق و مۆسکۆ بن بەر لە ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێك.”

ئەو هەوڵەی بەرپرسانی حکومەتی سوری دەکرێت بۆ ئەوە بووبێت رۆڵی دانوستکار بگێڕن و رێککەوتنێك گەر بکرێت بە فیلتەری دیمەشقدا بڕوات، تا پێگەی خۆیان لە تەك کورد و ئەو گروپانە تۆکمە نیشانبدەن، وەك هەنگاوێكیش بۆ ئەوەی تورکیا بە شایستەی ئەوەیان بزانێت لە داهاتوودا، گەر پێویست بکات، دەستەڵاتی حکومەتی سوری لەو ناوچانە بەکاربهێنێت بۆ دژایەتی یان دانوستان لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاڤادا.

رژێمی سوریا سەرەتا کیشەی بڕینی ئاوی ئەرێنی دەبینی لە روانگەی ئەوەی شەهامەتی دەوەڵەتداریی بۆ بەرپرسانی دیمەشق لەو هەرێمەی دەگەڕێتەوە ئەگەر نێوەندگیری بکەن، چونکە  کورد و تورکیا و هێزە نێودەوڵەتییەکان رۆڵێکی کەمیان بۆ هێشتوونەتەوە لەو ناوچەیەدا و وەك هێزێکی جدی تەماشایان ناکەن.

چەند رۆژ دواتر کە دەرکەوت شانسی ئەو جۆرە نێوەندگیرییە و خەیاڵ پڵاوییە نییە بۆ دیمەشق و تەنیا روسیایە کە تورکیا گوێی بۆ دەگرێت، حکومەتی سوریا ئەو بابەتەی بردە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و و وەزارەتی دەرەوە  وەك تاوانی جەنگ دژی مەدەنییەکانی حەسەکە ناساندی.

بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان وەك چەکی فشار تاوانی جەنگە بەڵام تورکیا بەئاسانی لەم تۆمەتە خۆی قوتار کردووە، چونکە ئەنقەرە پەنجەی تۆمەت بۆ گروپەکە چەکدارەکانی خۆی درێژ دەکات، بە بەهانەی ئەوەی توانای تەواو کۆنتڕۆڵکردنی هەموویانی نییە، هەر وەك چۆن لە عەفرین نەتەوە یەکگرتووەکان گروپە چەکدارەکان بەفەرمی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات بەڵام تا ئێستا تەنانەت پەنجە توتەی تۆمەتی بۆ یەك سەربازی تورکی رانەکێشاوە.

روسیا کە لایەنی سەرەکییە لە سەوداکردنی سەر ئەم بابەتە مەترسیدارەی شەڕی ئاوی تورکیا لە دژی رۆژئاڤا کەچی لە لێدوانی فەرمی خۆی دورگرتووە، لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت بەرپابوونی هەر کێشەیەك لەو ناوچانەدا کە رۆڵ دەداتە روسیا لەبەرامبەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کۆشکی کرێملین گرنگی جیۆسیاسی هەبێت، چونکە دۆزینەوەی چارەسەری ئەگەر کاتیش بێت لە رێگای گفتوگۆوە لەگەڵ ئەنقەرە پێگەی مۆسکۆ بەهێزتر دەکات وەك نێوەندگرێکی قورس و گرانی نێوان هەرسێ گۆشەی ئەنقەرە و دیمەشق و قامیشلۆ.

مەزنتربوونی هەژمونی کرێملین لە رۆژئاڤا تا چەند مەترسییە دیار نییە، چونکە روسیا بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا دەکرێت سەرەتا رێگر نەبێت لە ئەگەری بەرپابوونی جەنگێکی وزە لەلایەن تورکیاوە لە ئاستێكی باڵاتر و بەرفراوانتر لەوەی لە حەسەکە بینرا، هەر وەك چۆن روسیا سەرەتا بێدەنگ بوو هەرچەندە پارێزگاکە بۆ یەك هەفتە بەبێ ئاوییەوە دەیناڵاند.

ئەوەی بینرا لە کاتی لەکارخستنی وێستگەی عەلوكدا  شەڵەژانێکی بێپێشینە بوو لە حەسەکە، کە پشتڕاستی کردەوە ئاو، وەك وزەیەکی سەرچاوەی سروشتی، چەکێکی گرنگە و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی دەستبەجێییە بەبێ ئەوەی تورکیا یەك فیشەك بتەقێنێت.

ئەگەر ئەم بابەتەی وێستگەی عەلوك بۆ تورکیا بچێتە سەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی خۆی کەڕ بکات لە ئاست ئەم پێشێلکارییەی کە دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە دژ بە خەڵكی رۆژئاڤا، دوور نییە ئەردۆگان شەڕی وزە بکاتە ستراتیژ لە رێگای ئیسلامیستە هەوادارەکانییەوە.

ناکرێت ئەم ئەگەرە مەترسیدارە بیری لێنەکرێتەوە لەکاتێکدا تورکیا  لە رێگای گروپە جیهادییەکانی وەك نورەدین زەنکی بە چەکی کیمیاوی لە کوردانی شێخ مەقسودی دەوەشاند لە حەلەب و دەگوترێت لە دوا هێرشیشدا چەکی قەدەغەکراوی لە سەری کانیێ بەکارهێناوە.

بەکارهێنانی ئاو وەك فشار بە درووستکردنی بەنداو لە لایەن تورکیاوە بەکارهێنراوە لە باکوری کوردستانیشدا، نەك تەنیا بۆ نەهێشتنی پەناگەی هەر هێزێك کە پابەند بێت بە خەباتی چەکدارییەوە لەناو سەوزەڵانی سروشتدا، بەڵكو بۆ سڕینەوەی ناسنامە و مێژووی ئەو شوێنانەی کوردی تێدا دەژین و نەهێشتنی دەرفەتی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسیش بەکاریهێناوە، وەك درووستکردنی بەنداو لەسەر شاری دێرینی حەسەن کەیف لە پارێزگای باتمان، کە سەرباری هەموو ناڕەزایەتییەکان ژێر ئاو خرا و  بەرد و پایە و نەقش و دیرۆکی دێرینی ئەو شارەی پێ فڕێدرایە قوڵایی رووباری دیجلەوە.

شەڕی وزە لەلایەن تورکیاوە لە رۆژئاڤا ئەنجامی سامناکی دەبێت، چونکە ئەو شەڕە وەك شمشێری دوو سەرە وایە و جگە لەوەی فشارێکە بە بەرگریی سەربازیی ناتوانرێت وەڵامی بدرێتەوە، لە هەمانکاتدا گورزێكە ئەنقەرە بۆ لێدان لە،پرۆژەی خۆسەریی دیموکراتیک لە رۆژهەڵات و باکوری سوریا دەکرێت بەکاریبهێنێت، چونکە بێ ئاوی  تەنیا کینەی رای گشتی لە بەرامبەر ئیدارەکەدا زیاد دەکات سەرباری چەندین جار دووپاتکردنەوەی ئەو راستییەی کە تورکیا ئەنجامیداوە، چونکە دانیشتووانەکە هەمیشە چاویان لە دەستەڵاتە ئەڵتەرناتیڤ بدۆزێتەوە و ئەوەش مافی خۆیانە.

راستە تورکیا رۆژئاڤای کردۆتە تاقیگەی وەڵامدانەوەی فشارە ناوخۆییەکانی بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ تێرکردنی دەماری توندڕەویی ناسیۆنالیستی زۆرینەری دەنگدەری تورك، بەڵام بەکارهێنانی ئاو لەم ساتە هەستیارەدا لە وێستگەی عەلوك نیشانیدا دوور نییە لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا بنکە سەرەکییەکانی وزە بکاتە ئامانج ئەگەر تەواو شەڕی ئاوی بۆ نەکرێت لەژێر فشاری جیهانیدا.

ئەگەر لە دەوری ئاویش بخوازێت گورزی توندی شەڕی وزە بوەشێنێت ئەوە بەنداوی تشرین لە پارێزگای حەلەب و بەنداوی تەبقە لە پارێزگای رەققە لە پاڵ دەستیدان و دوور نییە ببنە ئامانج، بۆیە بیرکردنەوە لە پاراستنیان و ناساندنی ئەگەری ئەو جۆرە هێرشانە لە ئێستاوە وەك تاوانی جەنگ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا کارێكی بێئەنجام نابێت.

بەشکردن: