نوسینی بێرتراند ڕەسڵ
وەرگێڕانی لائق حەمە
– بەشی ٢ لە ٥ *
لە سەرەتای شارستانییەتەوە هەتا شۆڕشی پیشەسازی، پیاوێک دەیتوانی، وەک یاسایەک، بە خۆهیلاککردنێکی زۆر کەمێ زیاتر لەوەی پێویستە بۆ ژیانی خۆیی و خێزانەکەی دابینیبکات، هەرچەندە خێزانەکەشی لانی کەم وەک ئەم هیلاک دەبوو، و مناڵەکانیش هەر ئەوەندەی تەمەنیان بگەشتایەتە تەمەنی ئیشکردن ئەوانیش هیلاکی خۆیان دەخستە سەر ئەوەی ئەم. ئەو کەمە زیادەی کەوا دەمایەوە لە پێداویستییە ڕووتەکانی خۆیان بەجێنەئەهێڵرا بۆ ئەو کەسانەی بەرهەمیان هێنابوو، بەڵکوو دەدرا بە جەنگاوەران و پیاوانی دینی. لە کاتی قاتوقڕیدا هیچ زیادەیەک نەبوو، بۆیە جەنگاوەران و پیاوانی دینیی هێشتا هەر وەک کاتەکانی تر داهاتیان هەبوو، ئەوەش ئەنجامەکەی ئەوە بوو کەوا کرێکارێکی زۆر لە برساندا دەمرد. سیستەمەکە بەردەوام بوو لە ڕووسیا هەتا ساڵی ١٩١٧، و هێشتا لە ڕۆژهەڵات هەر بەردەوامە، لە ئینگلتەرا، سەرباری شۆڕشی پیشەسازی، بەتەواوی هێزیەوە مابووە بەدرێژایی جەنگەکانی ناپلیۆن، هەتا سەد ساڵ پێش ئێستا، کاتێک پۆلێکی تازەی خاوەن کارگەکان توانیان دەستەڵات بگرنە دەست. لە ئەمریکا، سیستەمەکە بەهۆی شۆڕشەوە کۆتایی هات، جگە لە باشووری نەبێ، کە تێیدا بەردەوام بوو هەتا سەردەمی جەنگی ناوخۆ. سیستەمێک کە ئەوەندە درێژەی خایاندبێ و ئا بەم زوانە کۆتایی هاتبێ سروشتییە کەوا ئاسەواری لەسەر فیکر و بۆچوونی پیاوان جێهێشتبێت. زۆربەی ئەوە پشتگوێ دەخەین کە ویستی ئیشکردن سەرچاوەکەی ئا ئەم سیستەمەیە، و وەک خەڵکێکی پێش پیشەسازی نەگونجێنراوە بۆ دونیای مۆدێرن. تەکنیکی مۆدێرن وای کردوە بتوانرێ ڕابواردن، هەڵبەت بەسنورەوە، تەنها بریتی نەبێ لە مافی پۆلێکی کەمی خەڵک، بەڵکوو ببێتە مافێک کە بڵاوببێتەوە بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا. ڕەوشتی ئیشکردن بریتییە لە ڕەوشتی کۆیلە، دونیای مۆدێرنیش هیچ پێویستی بە کۆیلە نیە.
تەکنیکی مۆدێرن وای کردوە بتوانرێ ڕابواردن، هەڵبەت بەسنورەوە، تەنها بریتی نەبێ لە مافی پۆلێکی کەمی خەڵک، بەڵکو ببێتە مافێک کە بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە. ڕەوشتی ئیشکردن بریتییە لە ڕەوشتی کۆیلە، دونیای مۆدێرنیش هیچ پێویستی بە کۆیلە نییە.
ڕوونە کەوا، لە کۆمەڵگا سەرەتایییەکاندا، لەناو جووتیاراندا، گەر وازیان لێ بهێنرێ، ئەو بەشە زیادەیەی بەرهەمیان دەهێنا نەیاندەدا بە پیاوانی دین و جەنگاوەران، بەڵکو یان کەمتریان بەرهەمدەهێنا تا بکاتە ئەوەی پێویستییانە، یان زیاتریان سەرفدەکرد تا بیخۆن. یەکەمجار هێزێک ناچاریکردن زیاتریش بەرهەمبهێنن و بەرهەمەکەشیان نەبینن. هەنگاو بە هەنگاو ئیتر، وایان لێکرا کە زۆرێکیان بخرێتە مێشکیان کە ڕەوشتێک قەبوڵ بکەن بەپێی ئەوە کرا بە ئەرکی ئەوان کە ئیشی زۆر بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئیشەکەی ئەوان ببێتە مایەی ئەوەی کەسانێکی تر بەتاڵ بن. بە دروستکردنی ئەم ڕەوشتەش بڕی زۆرلێکردنەکە کەمتر کرایەوە، و بەوەش خەرجیی دەوڵەت کەمتر کرایەوە. تا ئەمڕۆ لەسەدا ٩٩ی خەڵکانی ئیشکەری بەریتانی بەجددی ئەحەپەسێن ئەگەر بێتوو پێشنیار بکرێ کەوا شا (١) هەق نییە داهاتی لە داهاتی کەسێکی ئیشکەر زیاتر بێت. هێنانە بوونی مەسەلەی ئەرک/واجب، لەڕووی مێژوویییەوە، بوە بە ئامرازێک کە بەکارهێنراوە لەلایەن ئەوانەی دەستەڵاتیان بەدەستە بۆ ئەوەی وا لە خەڵکانی تر بکەن کە بۆ سوودی خاوەنەکانیان ئیش بکەن نەک بۆ سوودی خۆیان. تەبیعی دەستەڵات بەدەستەکان ئەم ڕاستییە دەشارنەوە لە خۆیان بەوەی کە باوەڕ بکەن کە گوایە مەسڵەحەتی ئەمان کتومت هەمان مەسڵەحەتی گەورەی مرۆڤایەتییە. هەندێ جاریش ئەمە ڕاستە، خاوەن کۆیلە ئەسینایییەکان بۆ نمونە، بەشێک لە کاتی ڕابواردنی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان کردبوو کە شتێک زیاد بکەن بۆ شارستانییەت کە مەحاڵ دەبوو لەناو سیستەمێکی تەنها ئابووریدا ئەوە بکرایە. ڕابواردن شتێکی بنچینەیییە بۆ شارستانییەت، و لە سەردەمە کۆنەکاندا تەنها ڕێگایەک بۆ ڕابواردنی کۆمەڵێکی کەم تەنها بەوە دەستەبەر دەبوو کە کەسانێکی زۆرتر خۆیان زیاتر هیلاک بکەن. بەڵام هیلاکییەکەیان بەنرخ بوو، نەک لەبەرئەوەی ئیشکردن چاکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕابواردن چاکە. بە تەکنیکە مۆدێرنەکان دەکرێ ڕابواردن دابەشکرێ دادوەرانە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە شارستانییەت بگەیەنرێ.
ڕێگا مۆدێرنەکان ئەوەیان دەستەبەرکردوە کەوا بڕی هیلاکی یەکجار کەمتر بکرێتەوە کە پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ هەموو کەسێک. ئەمە لە کاتی جەنگدا بەتەواوی دەرکەوت. لەو کاتەدا هەموو پیاوان لە هێزە چەکدارەکاندا، و هەموو پیاوان و ژنانیش کە خەریکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بوون، هەموو پیاوان و ژنانی سەرقاڵ بە سیخوڕی، پروپاگەندەی جەنگ، یان ئۆفیسەکانی دەوڵەت کە پەیوەندیدار بوون بە جەنگەوەە، هەموو دەرهێنرابوون لە ئیشوکارێک کە بەرهەمهێنەر بووبێت. کەچی سەرباری ئەمەش، ئاستی گوزرەانی خەڵکانی ئیشکەر لە بەرەی هاوپەیمانانی جەنگ بەرزتر بوو لە پێش و پاش شەڕەکەش. گرنگی ئەم ڕاستییە بە دارایی/فاینانس شاردرایەوە: قەرزکردن وای کرد کەوا داهاتوو خواردن بدات بە ئێستا. بەڵام ئەوە بە دڵنیایییەوە، شتێکی مەحاڵە، پیاوێک ناتوانێ نانێک بخوات کە هێشتا درروستنەبوە. جەنگەکە زۆر بەجوانی ئەمەی نیشاندا، بە زانستی ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، ئەکرێ دانیشتوانی مۆدێرن بەردەوام بن لە ژیانێکی ڕەفاهیەتدا بە بڕێکی کەم لە توانای ئیشکردنی دونیای مۆدێرن. ئەگەر، لە کۆتایی جەنگەکەدا، دامەزراوەی زانستی کە دروستکرابوو بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕزگار بکات لە شەڕکردن و ئیشکردن بۆ دروستکردنی تەقەمەنی، بهێڵرایتەوە و ڕۆژانی ئیشکردن کەم بکرایانەتەوە بۆ چوار ڕۆژ هەموو شتێک باش دەبوو. کەچی لەجیاتی ئەوە هەمان پشێوی پێشوو زیندوو کرایەوە و ئەوانەی کە کارەکانیان داخوازی لەسەر بوو وایان لێکرا کەوا سەعاتانێکی زۆر ئیش بکەن، و ئەویتریشی بەبرسێتی هێڵرانەوە چونکە بێئیش بوون. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئیش کراوە بە واجب، لەبەرئەوەی کەوا پیاو نابێ داهاتەکەی خۆی بەپێی بەرهەمەکەی وەرگرێ، بەڵکوو بەپێی ئەو بەهایەی دیاریکراوە و نمونەکراوە لەلایەن پیشەکەیەوە.
ئەمە ڕەوشتی دەوڵەتی کۆیلایەتییە، لە هەلومەرجێکیشدا جێبەجێدەکرێ کە بەهیچ شێوەیەک پێشتر بەم شێوەیە دروستنەبوە. هیچ جێگای سەرسامی نییە کە ئەنجامەکەی کارەساتە. با نمونەیەک وەرگرین بۆ نیشاندان. وای دانێ کەوا لە کاتێکی تایبەتدا، ژمارەیەکی تایبەت لە خەڵک خەریکی دروستکردنی دەرزین. ئەوەندە دەرزی دروستدەکەن کە دنیا پێویستی بە دەرزییە، وای دانێ ئیشەکەی ئەوان ڕۆژانە هەشت کاتژمێرە. کەسێک داهێنانێک دەکات کە وا دەکات ژمارەی دەرزی دروستکردنەکە دوو ئەوەندە ببێت لە هەمان کاتدا: خۆی دەرزیش ئەوەندە زۆرە کە مەحاڵە دەرزی زیاتر پارە بکات هەتا ئەگەر نرخەکەشی لەوەی هەیە کەمتریش بکرێتەوە. لە دونیایەکی ماقوڵدا، خەڵکانێک کە خەریکی دەرزی دروستکردن بن کاتی ئیشکردن کەمدەکەنەوە لە هەشتەوە بۆ چوار، و هەموو ژیانیشیان بەردەوام دەبێ وەک پێشتر. بەڵام لە دونیای ڕاستەقینەدا ئەمە وا دادەنرێ کە ورەی ڕووخاندوین. پیاوان هێشتا دەبێ هەشت کاتژمێر ئیش بکەن، دەرزییەکی زۆریش هەیە، هەندێ لە خاوەن کارەکان ئیفلاس دەکەن و نیوەی ئەوانەش کە پێشتر دەرزیان دروستدەکرد فڕێدەدرێنە دەرەوە و بێئیش دەبن. لە ئەنجامیشدا، بڕی ڕابواردنەکە نەگۆڕاوە هەمان ئەوەی پێشوە، بەڵام نیوەی پیاوان بەتەواوی بەتاڵن و نیوەکەی تریشی زیاد لە پێویست ئیشدەکەن. ئا بەم شێوەیە، ئەوەیان جێگیرکردوە کە ئەو ڕابواردنەی ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین دەبێتە هۆکاری نەهامەتی بە چواردەورماندا لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی گەردوونی خۆشبەختی. دەکرێ هیچ شتێک لەمە ناماقوڵانەتر بهێنرێتە بەرچاو؟
(١) سەردەمی ئەو شا لەسەر حوکوم بوە نەک شاژن