عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب
کۆمەڵگە لەنێو بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا پەروەردە دەبێت و لە تێکئاڵانی گشت بازنەکاندا فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی ڕەنگڕێژ دەبێت. ئەم ڕەنگڕێژییەش لە ڕاستیدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە کارلێکی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە هێندە پەیوەندیی بە ناوەڕۆکە ڕەسمییە بڕیاردراوەکانەوە نییە. بۆیە ئەوە سیستەمی بەڕێوەبردنی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمییە، نەک ناوەڕۆکی خوێندنەکە، ڕەنگڕێژیی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کردووە و هەمووانی لەسەر یەک شێوە نەخشاندووە. بۆیە، ئەگەر ڕەخنەمان لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگە هەبێت، دەبێت زیاتر ڕەخنەمان لەو پڕۆسەیە هەبێت کە لێیەوە نەخشی ڕاستەقینەی ئەو فەرهەنگە دەکێشرێت نەک تەنها ناوەڕۆکی پڕۆسەکە.
فراوانترین و هەژمووندارترین بازنەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان سیستەمی بەڕێوەبردنی خوێندنی ڕەسمییە. زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەی کوردستان، بە گشت جیاوازییەکانیانەوە، بەشێکی بەرچاوی ژیانیان لەم بازنەیەدا ڕەنگ دەگرێت. هەر تاک یان جڤاکێکی کۆمەڵگەی کوردستان، هەر باوەڕێکی ئاینی و فیکری یان پاشخانێکی فەرهەنگی یان ئاستێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەیە، بە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمیدا تێدەپەڕێت و هەمان هەنگاو لە سیستەمەکەدا هەڵدەگرێتەوە. لێرەدا باسی هەڵبژاردنی ڕشتە و بابەتی خوێندنی جیاواز ناکەم، بەڵکە باسی یەکبوونی سیستەمی خوێندن و نەگۆڕیی کۆی ئەزموونە پەروەردەیییەکە دەکەم، کە هەمووان تێیدا هاوبەشن. باسی واقیعی سیستەمی پەروەردەی ڕەسمی وەک بازنەیەکی کۆمەڵایەتیی قەبووڵکراو دەکەم، قەبووڵکراو بە مانای ئەوەی ڕەخنە و گلەییی خەڵک لە سیستەمەکە وای نەکردووە کە نەچنە بەر خوێندن و سەرکەوتن تێیدا بە گرنگ نەزانن.
لەناو بازنەی پڕۆسەی خوێندنی ڕەسمیدا دەکرێت جیاوازیی ورد و تاکەکەسی لێرە و لەوێ، لەم شار و لەو ناوەندی خوێندن هەبن، بەڵام فەرهەنگی وەرگیراو و پەرەپێدراو لەنێو بازنەکەدا هەمان شتە. لەم بازنەیەدا هێندەی ئەزموونە گشتییە نەگۆڕەکان هەژموونیان هەیە، ئەزموونە تاکەکەسی و ناوازەکان کۆی واقیعی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییی بازنەکە بە ڕێوە نابەن. مامەڵە ئیدارییەکانی هەر ناوەندێکی خوێندن لە هەر شار و گەڕەکێکدا هەمان شتن. ستانداردەکان و ڕێکار و ڕێنمایییەکان هەمان شتن. بە ناوی بێلایەنی و زانستیبوونەوە، هەر تاک و جڤاکێکی کۆمەڵکە، جودا لە بڕوا و ئاراستەی سیاسی و فیکری، دەبێت هەمان ئەزموون لە پڕۆسەی خوێندندا وەربگرێت. ئەزموونی گشتیی مامۆستا و خوێندکار و کارمەندی ئیداری لە کۆلێژی ئاداب لەگەڵ هیی کۆلێژی زانست هەمان شتە، لە وانەیەکی زانستی مرۆیی یان وانەیەکی زانستی سروشتیدا هەمان مامەڵەی کۆمەڵایەتی دەگوزەرێت، هەمان ئەزموونی ترس و دڵەڕاوکێ، هەمان مامەڵەی فێرکاری و چاوەڕوانیی ئەکادێمی، هەمان ستاندارد و یاسای تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، هەمان شێوازی ڕێکخستنی پۆل و دانیشتن و تەنانەت بۆچوون بۆ مەعریفە و فێربوون و پەروەردەکردن هەیە. جیاوازیی ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ڕشتەیەکی ئەکادێمی یان بابەتێکی خوێندن نەبوونەتە هۆی جیاوازی لە میکانیزمەکانی خوێندن و بەڕێوەبردن و مامەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەنجامی پڕۆسەی خوێندنیش لە هەر ئاراستەیەکی ئەکادێمیدا هێندە جیاوازیی لەگەڵ ئەنجامی ئاراستەکانی دیکەدا نییە. بەمەش جیاوازیی نێوان بنەماکانی زانستە سروشتییەکان و میتۆدی زانستیی پەیڕەوکراو لەگەڵ بنەما کۆمەڵایەتی و میتۆدە ئەکادێمییەکانی زانستە مرۆیییەکاندا نەبوونەتە هۆی جیاوازی لە پڕۆسە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بە نموونە، داخۆ ئاستی زانستیی کۆمەڵگە لە پێشترە یان ئاستی کۆمەڵایەتی یان ئەدەبی؟ ئایا دەتوانین بڵێین ئەوانەی دەرچووی بەشە زانستییەکانن کەسانی ڕۆشنبیرتر و ڕوانگەفراوانتر و هاووڵاتیی باشترن لە دەرچووی بەشە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان؟ لەنێو بازنە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا شتێکی ئەستەمە ڕوانگەی ئەکادێمی یان فیکری و فەلسەفیی تاک و جڤاکەکان بزانین. یانی، ناتوانین بڵێین داخۆ ئەوانەی پسپۆڕی زانستی سروشتین مامۆستا، خوێندکار، بەڕێوەبەر، کارگێڕ، یان بەرپرسی باشترن لەوانەی پسپۆڕی زانستە مرۆیی یان کۆمەڵایەتی یان تەکنیکییەکانن. ناتوانین بڵێین ئەوانەی پسپۆڕی زانستن و خاوەنی بیرکردنەوەی زانستین خاوەنی کار و ئاکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرزترن لەوانەی کە باوەڕیان بە بنەما زانستییەکان نییە. ناتوانین بڵێین کە ئەوانەی خوێندەوارترن و بڕوانامەی بەرزتریان هەیە فەرهەنگی لێخوڕینیان جوانە، یان لە گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا فەرهەنگێکی بەرزتر نیشان دەدەن یان ناکەونە نێو چەلەحانێی نێو سۆشیال میدیاوە. دەبێت چ شتێک وای کردبێت جۆراوجۆریی ناوەڕۆکی پڕۆسەی پەروەردەیی نەبووبێتە هۆی جۆراوجۆری لە ئاکار و کارە کۆمەڵایەتییەکاندا؟ چییە وا دەکات هەڵگری بڕوانامەی بەشی زانستی بایۆلۆجی (کە لەوانەیە باوەڕی بە تیۆریی پەرەسەندن بێت) و هەڵگری بڕوانامەی زانستی ئیسلامی (کە لەوانەیە باوەڕی بە خەڵق بێت) هەمان جۆر هاووڵاتی بن و هەمان مامەڵەی کۆمەڵایەتی بکەن و، لەهەمبەر بابەتە فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەمان هەڵوێستیان هەبێت؟
کەشوهەوا و تەکنیکەکانی فێرکردن و بەڕێوەبردنی پەروەردە لە زۆر ڕووەوە نەخشی پڕۆسەی پەروەردە دەکێشن و، گەلێک لە ناوەڕۆکی پڕۆسەی خوێندن گرنگترن. تۆ بڕوانە، ئەگەر بە شێوەیەکی توندوتیژ خەڵک لەسەر نەرمونیانی پەروەردە بکەین، ئەگەری زیاترە توندوتیژ دەربچین نەک نەرمونیان. ئەگەر ناوەڕۆکی وانەیەک لەبارەی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤەوە بێت، پڕۆسەی فێرکردنەکە و کەشوهەوای پۆلەکە نادیمۆکراتی و نامرۆڤانە بێت، ئەگەری زیاترە نادیمۆکراسی برەو بسێنێت. لە دەرسێکی زانستدا بەشێوەیەکی دژەزانستی خوێندکار فێر بکەین، ئەگەری زۆرترە خوێندکار دژەزانست بێت نەک زانستدۆست. کاریگەریی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پەروەردە و تەکنیکەکانی فێرکردن لە پێگەیاندنی مامۆستایاندا زۆر ڕوونە. ئێمە لە پەروەردەکردنی مامۆستایاندا هێندە لە ناوەڕۆکی پڕۆسەکە جەخت دەکەین، هێندە لە هەڵگرتنەوەی تەکنیکەکانی فێرکردن و کۆنتڕۆڵی پۆل و زانستەکانی وانەگوتنەوە جەخت دەکەین، ئەوەندە گرنگی بە فەرهەنگی مامۆستایەتیی پێشەنگ و کەشوهەوای ئامادەکردنی مامۆستا و جیهانی مامۆستایەتیی دیمۆکراتی نادەین. لە کۆتاییدا مامۆستاش دەبێتە ئامرازی دووبارەکردنەوەی ناوەڕۆکە ڕەسمییەکان و هەڵگرتنەوەی هەنکاوە میکانیکییەکان و، لە ئەنجامدا برەودان بە فەرهەنگی دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوە.
ناوەڕۆک و ڕشتەی بەرنامە ڕەسمییەکانی پەروەردە و فێرکردن کەمترین کار دەکەنە سەر کۆی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەچاو ئەو پڕۆسە فەرهەنگی و سیاسییەکانەی لە بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کاردان. کۆمەڵگە، لە هەر بازنەیەکی کۆمەڵایەتیدا، هێندە لەڕێی پڕۆسەکانەوە پەروەردە دەبێت، هێندە لە ناوەڕۆکی یاسا و ڕێنمایییەکانەوە فێر نابێت. ئەو بەها و هەڵوێست و خووە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی لە سیستەمی کاری پەروەردە و خوێندندا دێنە گۆڕێ دەبێت ببنە جێی گرنگی و بایەخپێدانی ڕەخنەیی. لە باسی چاکسازی و گۆڕانکاریی پەروەردەییدا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە کۆمەڵگە تەنها بە بڕیاری ڕەسمی و لەڕێی ناوەڕۆکی پڕۆسەکانەوە پەروەردە نابێت و فەرهەنگی گشتیی کۆمەڵگە هەمیشە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئیرادە و بڕیارە سیاسییەکانەوە نییە. یانی، لە پڕۆسەی پەروەردەدا بڕیارە ڕەسمییەکان زۆرجار بە ئاقارێکدا دەڕۆن و دەرهاوێشتەکانی ئەو بڕیارانە بە ئاقارێکی دیکەدا، چونکە دەرهاوێشتەی بڕیار و سیاسەتەکان لە کارلێکی کۆمەڵێک پڕۆسە و واقیعی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگڕێژ دەبن. ئەم باوەڕە کاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆژە و هەوڵەکانی چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هەیە. ناوەڕۆکی سیاسەت و یاسای پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان شتی جوان و زۆرباش و تەنانەت خەیاڵیشی تێدایە، بەڵام ناکرێت لە پڕۆسە و ڕێکارەکانی گەیشتن بەو سیاسەت و یاسایانە چاو بپۆشین و وا بزانین کە کار لە کۆی فەرهەنگ و ئاراستەی پەروەردەیی ناکەن. بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی پەروەردەیی و کاریگەرییەکانی، ڕاستە کە ناوەڕۆکی سیاسەتەکە گرنگە، بەڵام زۆریش گرنگە لە پڕۆسەی گەیشتن بە سیاسەتەکەش بکۆڵینەوە و بزانین داخۆ پڕۆسەی دانانی سیاسەتی پەروەردەیییەکە خۆی چۆن بووە.
ناسینی سیستەمی کاری هەر بازنەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگە تا بزانین کاریگەرییەکانی سیستەمەکە چین. نەناسینی سیستەمەکە وا دەکات کە هەر چاکسازییەک کە بیری لێ دەکرێتەوە و پێشکەش دەکرێت بۆ بەهێزکردنی خودی سیستەمەکە دابنرێت، لە کاتێکدا کە زۆرجار سیستەمەکە سەرچاوەی کێشەکەیە. کە چاو لە کاریگەرییە پەروەردەیییەکانی سیستەمەکە دەپۆشین و فەرامۆشیان دەکەین، لەوانەیە پڕۆژەی چاکسازی پێشکەش بکەین کە لە خۆیاندا ئامانجی باشیان هەبێت، بەڵام ئەنجامە پەروەردەیییەکانی سیستەمەکە (بە نموونە تاکڕەوی و سەپاندن) دژی ئامانجە پەروەردەیییەکانی پڕۆژەکە (بە نموونە فرەیی و هاوکاری) دەبن. ئەو کەسانەی بە تەواوی بەنێو سیستەمەکەدا ڕۆ چوون و هیچ شتێک لە دەرەوەی سیستەمەکە نابینن، ناتوانن پڕۆژەیەک پێشکەش بکەن کە پێچەوانەی سیستەمەکە بێت، چونکە سیستەمەکە چوارچێوەی بیرکردنەوە و کاری کەسەکانی داگیر کردووە. بە نموونە، دەکرێت مامەڵەیەک یان بابەتێکی پەروەردەییی گرنگ هەبێت، بەڵام چونکە لە سیستەمی تاقیکردنەوەکاندا جێگای نییە، یان نازانرێت چۆن لەنێو سیستەمی وانەگوتنەوەی ئێستەماندا جێگەی بکرێتەوە، ئیدی وەلاوە دەنرێت و ڕەت دەکرێتەوە. لەکاتی نەناسینی نهێنییەکانی سیستەمی کار و ئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی، تەنها لەبەر ئەوەی سیستەمەکە جێگەی دەستکاریکردنی نییە و وەک خۆی قەبووڵ کراوە، ئیدی زۆر مامەڵە و بابەتی پەروەردەییی گرنگ هەن ڕاستەوخۆ فەرامۆش دەکرێن. کاتێک سیستەمەکە دەستکاری ناکرێت، بەهۆی نەزانی، ترس یان پلانێکەوە بێت، هەر هەوڵێکی چاکسازی جێگە ناگرێت چونکە سیستەمەکە دەبێتە ڕێگری بەدیهاتنی ئامانجی چاکسازییەکە.
سیستەمی کاری ڕەسمی، لە بواری پەروەردە یان هەر بوارێکی دیکەدا، لەسەر فەرهەنگ و ڕوانگەیەکی دیاریکراوی خۆی دەڕوات و، گوایە بێلایەنە و جۆراوجۆرییە فیکری و فەرهەنگییەکان تێدەپەڕێنێت. بەپێی ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان بە هەمان پڕۆسەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەڕوات، بە تایبەتی پڕۆسەی بەڕێوەبردنی خوێندنی ڕەسمی، ئەوا هەمان ئەزموونی فەرهەنگیی دەبێت و لەسەر هەمان ڕێچکە پەروەردە دەبێت. کۆمەڵگە لەنێو بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا پەروەردە دەبێت و لە تێکئاڵانی گشت بازنەکاندا فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی ڕەنگڕێژ دەبێت. ئەم ڕەنگڕێژییەش لە ڕاستیدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە کارلێکی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە هێندە پەیوەندیی بە ناوەڕۆکە ڕەسمییە بڕیاردراوەکانەوە نییە. بۆیە ئەوە سیستەمی بەڕێوەبردنی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمییە، نەک ناوەڕۆکی خوێندنەکە، ڕەنگڕێژیی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کردووە و هەمووانی لەسەر یەک شێوە نەخشاندووە. بۆیە، ئەگەر ڕەخنەمان لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگە هەبێت، دەبێت زیاتر ڕەخنەمان لەو پڕۆسەیە هەبێت کە لێیەوە نەخشی ڕاستەقینەی ئەو فەرهەنگە دەکێشرێت نەک تەنها ناوەڕۆکی پڕۆسەکە.