ئەخلاق لە لوتکەدا تاقیدەکرێتەوە

بەشکردن:

مەدیحە سۆفی

خۆخەڵەتاندن لەژیر سێبەر چاکسازی مەودای هەیە و دەمێکیشە تەواو بووە، ڕوداوەکانی جیهانیش ئەوە دەردەخەن، کە وەستان بەرامبەر ناعەدالەتی باجەکەی قورسە، نمونەی ئیدوارد سنۆدن و ژولیان ئەسانج لەسەر ئاستی جیهان، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمە و زۆریتر لەسەر ئاستی باشوری کوردستان، تەنانەت خەریکە لەبیردەکرێن، بۆیە باشور لە ئێستادا لەژێر سێبەری ئاشتیدا ناژی، تا نەیەڵین تێکبەچێت و بشێوێ، بەڵکو لەژێر سێبەری توڕەبوونێکدایە، کە بە دەرمانی سڕکردن دانامرکێتەوە، بە هەڕەشەی نەبوونی بەدیلیش، ئاشتی بەرقەرار نابێ، ئەمڕۆ برسێتی بۆ خەڵکێکی زۆر هەرەشەی مردنە، هەڕەشەی ڕوشاندنی شکۆ و کەڕامەتە.

بوونی ئاشتی، بە مانای نەبوونی شەڕ نییە، کوا بوونی برسێتی و نایەکسانی و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە مانای بەرقەراربوونی ئاشتی دێت؟ کاتێ مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەگشتی، لەژێر زەبری پەرستنی ئایدیۆلۆژی، کورسی، پاراستنی پێگەی حیزب، کێبڕکێی ناعادیلانە یا سەرمایەداری پێشێل دەکرێ، بێگومان ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەرقەرار نابن.

کوشتن و داپڵۆسین، قۆرخکردنی قووتی خەڵك، برسیکردن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئیرادەی خەڵك وەکو کۆیلە و ژێردەستە، لەهەر شوێنێکی جیهان و لەسەر هەر بستە خاکێك بێت، هەر تاوان و دەستدرێژی کردنە لەسەر مافی مرۆڤ بۆ ژیان وەکو مرۆڤ، لەهەر کوێ بێت و بەهەر ڕەنگێك بێت، کاتێ لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٦ دا وێنەی سعیدە باغیلی وەکو مانشێتی سەرەکی (ڕۆژنامەی تــایمز)، جیهانی هەژاند و بووە ڕەنگدانەوەی دڕندەیی مرۆڤ بەرامبەر بە خودی مرۆڤ خۆی، هەر ئەو کاتە نەك هەر مرۆڤایەتی تەواوی یاسای مرۆڤایەتی کەوتە ژێر پرسیارەوە، سعیدە باغیلی کچێکی هەژدەساڵی یەمەنیە بەهۆی شەڕ و وێرانکاری و برسێتیەوە، کێشی جەستەی لە دە کیلۆ کەمتر ببوو، ئەو تەنها قوربانی شەڕی هەیمەنە و دەسەڵات نەبوو، کاتێ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا شەڕی نێوان سعودیە و یەمەن هەڵگیرسا، زیاتر لە ١٧ ملیۆن کەس، زۆر بەبێدەنگی و دوور لە کامێرای ڕاگەیاندن، تووشی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و برسێتی بوون، لە ساڵی ٢٠١٧ وە بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای کولێراوە، نزیکەی ملیۆنێك تووشی نەخۆشی بوون و لەبەر سەختی جوگرافیا و دۆخی شەڕیش یارمەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەدەگەیشتنە ئەو دەڤەرەی خەڵکێکی زۆر لە ژیر زەبری برسێتی دەیانناڵاند، ئەمە هەر شەڕی نێوان شیعە و سوننە نیە، ئەمە ئەو ڕاستیەیە، کە هەندێ لە سەدەی بیست ویەك، هەژار و بێ دەسەڵاتن دەبنە سوتەمەنی شەڕی نێوان گروپ و لایەن و هێزە جیاوازەکان کە تەنها خاوەنی چڵێسی کورسی و گیرفان و پایەن، لەبرسا دەمرن، یا دەکرێنە قەڵغانی خۆپاراستن بۆ هێزە دژ بەیەکەکان.

هەر سعیدە بەغیلی نا، کە برسی کرا و جەستەی بووە ئێسكێکی رووت و سەرنجڕاکێش بۆ جیهان، محمد بولعەزیز، گەنجێکی تونسی تەمەن بیست و حەوت ساڵی دەرچووی زانکۆ بوو، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان سەوزەفرۆشی نێوبازاڕ بوو، لەبەر نەبوونی گڕی لە جەستەی بەردا و کۆچی دوایی کرد، خۆ هەر مرۆڤ بوو، هەر برسی و نەبوون و سەرلێشێواو بوو، ئەو مردنەی بووە کڵپەی هەڵگیرسانی ڕاپەڕین و بەهاری عەرەبی، مردنێك لە ژیر زەبری دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر. نمونەی برسێتی زۆرن، جیاوازیشن، وەلێ هۆکارەکانی جیاواز نین، کە هەڵپەی دەسەڵات و مانەوە لەسەر کورسی و ئایدۆلۆژیا پەرستن و (جمود عقائدي) ە.

هەر سعیدە بەغیلییش نا، ئەوە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان، پاش ئەو مێژووە خوێناوییە، ئێستا ئەوەی ڕەگی ئینتیمابوون، وابەستەیی، شکۆ و شانازی بێت بە خاك و نەتەوەوە، لە سایەی ئەم دەستەڵاتە برسیکەر و داپڵوسێنەرەوە هەمووی وشك و برینگە، ئێمە چەندەها سعیدە و ئەبولعزیزمان هەن، چەندەها گەنج خۆی هەڵواسی و چەندەهایتر خۆی سوتاند، لەبەر ئەوەی، نەك هیچ بەرچاوڕوونیەکیان نەبوو بۆ ژیان، بەڵکو ئەوسەری تەنافی بێئومێدیەکەش دیار نەبوو، سی ساڵە، هەر ئەو دەبە و بەرمیلە نەوتەی سەر شەقام و لاکۆڵانەکانە بۆ فرۆشتنی نەوت و بەنزین، هەر ئەو بێ ئاوی بێ کارەباییەیە، هەر ئەو بێ کاری و گیرفان بەتاڵییەیە، هەر ئەو چاوەڕوانی و رەشبینیەیە، کە ئیتر میللەت هیچی نەماوە بۆ لەدەستدان.

ئەمەل حوسێن، منداڵێکی یەمەنیی تەمەن حەوت ساڵانی لەبرسامردو، فۆتۆی نیو یۆرک تایمز

سەنگاپور، بە ماوەی دوو ئەوەندەی ماوەی ئازادی کوردستان، بوو بەو دەوڵەتەی پێی بڵێن (سویسرای ئاسیا)، لە ساڵی ١٩٦٥ دا، دابرانی خۆی وەکو فیدراسیۆنێك لە مالیزیا ڕاگەیاند، ئەو کاتە تەنانەت خاوەنی ئاوی شیرینیشی نەبوو، هەبوو و نەبوو تەنها ئیڕادە و ویستی خۆبەڕێوەبردنێکی  سەرکەوتوو بوو لەلایەن لی کوان یوەوە، ئیڕادەی حوکمڕانی باشوری کوردستانیش، ئەگەرچی خاوەن داهاتێکی سروشتی زۆر و سامانێکی مرۆیی گەنجە، کە بناغەی سەرهەڵدان و گەشەکردنن، وەلێ داهات تەنها بۆ چیمەنتۆ کردنی پایەی حیزب و قۆرخکردنی هێز و هزر و سەبری ئەم خەڵکە ماندووەیە، تەنها بۆ تاڵانکردنی ئەو سامانەیە کە نەك بەشی نەوەی داهاتوو هەڵناگیرێ، نەوەی ئێستاش برسی و بێ نەوت و نانە، ویست و ئیرادەی حوکمڕانی لە باشور سەرکەوتنە بەسەر لاشەی هزری جیاواز و ڕامکردنی جیاوازیەکانە لەژێر باڵی دیکتاتۆریەت بەناوی حکومەتی بنکە فراوانەوە، بنکەفراوانێك کە تەنها مەدرەسەی داپڵۆسین و  تاكڕەویە.

هیچ گومانێك نییە لەوەی، لە ئەمڕۆدا پارە حوکمی سەرەکی دەکات، هەر ئەو پارەیەش، ئەگەر بۆ پاراستنی پێگە و دەستەڵات و کورسی بێت، بەدڵنیایییەوە دادپەروەری و یەکسانی پێشێل دەکات و دیکتاتۆری پەروەردە دەکات، کاتێ ئەندام پەرلەمانێك بە دەنگی خەڵك و بە چەپڵەڕێزان بۆ چەکەرەکردنی ئومێدێك، دەبرێتە سەر کورسیی پەرلەمان، لەوێ وەکو چرای نەوت دەکوژێتەوە و هێزی ڕوناکی نامێنێ، دەکەوێتە ژێر سیحرێکەوە، نازانی ناوی بنێی چی، چوارساڵ جارێك کۆمەڵێ خاشاك دەنێررێتە پەرلەمان، بێئەوەی تۆزقاڵێك برسێتی، هەژاری، نایەکسانی و ئازادی بیروڕا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا بێت، چەندەها کابینەی حوکم گۆڕا، وەلێ ڕێسای حوکم نەگۆرا، لەبەرئەوەی پارە حوکمی هزر و بیرکردنەوەی ئەوانە دەکڕێت کە ڕەهەندی مرۆڤایەتی تیایاندا فەیك و ساختەیە لە لایەکەوە، لەلایەکیترەوە ترۆپکی حوکم تاکڕەوە و مەحاڵە کەسیتر بتوانێ ڕیچکەیەك بەرەو ئەوێ بدۆزێتەوە، هەر کاتێك هەڕەشەیەك لەو ترۆپکە نزیك بێتەوە، ئەخلاقی ئەو کەسانەت بۆ ئاشکرا دەکات کە لەو ترۆپکەدا دەسەڵاتن.

خۆخەڵەتاندن لەژیر سێبەر چاکسازی مەودای هەیە و دەمێکیشە تەواو بووە، ڕوداوەکانی جیهانیش ئەوە دەردەخەن، کە وەستان بەرامبەر ناعەدالەتی باجەکەی قورسە، نمونەی ئیدوارد سنۆدن و ژولیان ئەسانج لەسەر ئاستی جیهان، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمە و زۆریتر لەسەر ئاستی باشوری کوردستان، تەنانەت خەریکە لەبیردەکرێن، بۆیە باشور لە ئێستادا لەژێر سێبەری ئاشتیدا ناژی، تا نەیەڵین تێکبەچێت و بشێوێ، بەڵکو لەژێر سێبەری توڕەبوونێکدایە، کە بە دەرمانی سڕکردن دانامرکێتەوە، بە هەڕەشەی نەبوونی بەدیلیش، ئاشتی بەرقەرار نابێ، ئەمڕۆ برسێتی بۆ خەڵکێکی زۆر هەرەشەی مردنە، هەڕەشەی ڕوشاندنی شکۆ و کەڕامەتە.

کێ لە خەمی پەروەردە و تەندروستییە؟ کێ لە خەمی زانست و مەعریفەیە؟ ئەوەی لە گۆڕەپانی حوکمدا لە ئارایە، تەنها تاکڕەوی و چاندنی ترس و سام و برسیکردنی خەڵکە، لە ئێستاشدا دڵنیاین وا هەناوی خەڵکی بێدەرەتان و بێکەس لەبرسا دەکوڵێ، لەسەرما دەلەرزێ، کەی لە توڕەبووندا دەتەقێتەوە؟ ئەوەیان دیار نیە.

 

بەشکردن: