کەمال چۆمانی
دیموکراسیی لە رابردودا لەڕێی کۆدێتاوە دەمرد. زۆربەی دیموکراسییەکانی جیهان تا هەشتاکان و نەوەدەکان لەڕێی سوپاوە لەناوبردران. دیموکراسییەکان بە خوێن کۆتایییان دەهات. بەڵام لەدوای هەشتاکان و بەتایبەت نەوەدەکانەوە، دیموکراسیی لەڕێی هەڵبژاردنەکانەوە، لەڕێی دەزگا شەرعییەکانی وڵاتەوە دەکوژرێن. زۆرجار پارلەمان، دەزگای قەزائیی، یان هەڵبژاردنەکان دیموکراسیی دەکوژن بێئەوەی خەڵک سەرەتا هەستپێبکا. کاتێک هەستیپێدەکەن، زۆر درەنگە. دیکتاتۆری عێڕاق سەدام حوسێن و دیکتاتۆری شیلیی پینۆچێت لەڕێی کۆدێتا و خوێنڕشتنەوە هاتن. بەڵام هیتلەر و ئەردۆغان لەڕێی دیموکراسییەوە. سەرۆکی ئێستای ئەمریکا تڕامپ هەر لەڕێی هەڵبژاردن و دیموکراسییەوە بوە بەربژێری کۆمارییەکان و دواتریش سەرۆکی ئەمریکا. خۆ ئەگەر ئەمریکا سیستەمێکی “چێک و باڵانس”ی بەهێز و دەزگای بەهێزی دیموکراسیی نەبوایە، هیچ دور نەبو تڕامپ لە داهاتودا لە ئەردۆغان خراپتر نەبێ.
یەکەم گەورەترین لێدان لە پڕۆسەی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان، کە تەواوی خەونی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستانی بنخاک کرد، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانیی بو لە حوزەیرانی ٢٠١٣. ئەوەی ویستی خۆسەپاندنی مەسعود بارزانیی زیاتر سەپاند، تەسلیمبونی یەکێتیی بو بەو ئیرادەیەی تاکڕەویی و بنپێخستنی بنەماکانی دیموکراسیی.
دیموکراسیی لە رابردودا لەڕێی کۆدێتاوە دەمرد. زۆربەی دیموکراسییەکانی جیهان تا هەشتاکان و نەوەدەکان لەڕێی سوپاوە لەناوبردران. دیموکراسییەکان بە خوێن کۆتایییان دەهات. بەڵام لەدوای هەشتاکان و بەتایبەت نەوەدەکانەوە، دیموکراسیی لەڕێی هەڵبژاردنەکانەوە، لەڕێی دەزگا شەرعییەکانی وڵاتەوە دەکوژرێن. زۆرجار پارلەمان، دەزگای قەزائیی، یان هەڵبژاردنەکان دیموکراسیی دەکوژن بێئەوەی خەڵک سەرەتا هەستپێبکا. کاتێک هەستیپێدەکەن، زۆر درەنگە. دیکتاتۆری عێڕاق سەدام حوسێن و دیکتاتۆری شیلیی پینۆچێت لەڕێی کۆدێتا و خوێنڕشتنەوە هاتن. بەڵام هیتلەر و ئەردۆغان لەڕێی دیموکراسییەوە. سەرۆکی ئێستای ئەمریکا تڕامپ هەر لەڕێی هەڵبژاردن و دیموکراسییەوە بوە بەربژێری کۆمارییەکان و دواتریش سەرۆکی ئەمریکا. خۆ ئەگەر ئەمریکا سیستەمێکی “چێک و باڵانس”ی بەهێز و دەزگای بەهێزی دیموکراسیی نەبوایە، هیچ دور نەبو تڕامپ لە داهاتودا لە ئەردۆغان خراپتر نەبێ.
لە ٢٠١٣ زۆر کەسی هەستی بە کوشتنی پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام هێزە سیاسییەکان، لەناویاندا یەکێتیی، ئەو ویستەی سەپاند. هەر بۆیە لە ٢٠١٥ زۆر کەس توشی شۆک بون، شەرمەزاریش بون، کە مەسعود بارزانیی دو ساڵ پارلەمانی داخست. دوای ئەو پڕۆسەیە، بینیمان رەوشی کوردستان بە کوێ گەییشت و ریفراندۆمی بەدواداهات کە تەواوی خەونەکانی دیموکراتیزەکردنی کوشتن، هەروەها هەرێمی کوردستانی خستەوە قاوغێکی بچوکەوە، ئەمە جگە لەو
هەمو کارەساتە دارایی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەی لەگەڵ خۆی هێنا. ئەو کارەساتانەی لەدوای ریفراندۆمەوە هاتن، هۆکاری هەرە سەرەکیی ئەوە بو کە پڕۆسەی ریفراندۆم پڕۆسەیەکی دیموکراسیی نەبو، پڕۆسەیەکی کەسیی مەسعود بارزانیی بو.
لە کاتی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەسایەتییەکی ئەمنیی توندی وەک مەسڕوڕ بارزانی بوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربونیەوە، ویستی تاکڕەوی لە کەسایەتیی بارزانییدا خۆی نەشاردۆتەوە.
هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی بەپاشەوەچونی سیاسیی، ئابورییە کە لەگەڵ خۆشییدا پاشاگەردانییەکی تەنانەت کەلتورییشی دروستکردوە، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخە پاشاگەردانییەشدا، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەردو هێزە حوکمڕانە تەقلیدییەکەی کوردستان، بەتایبەتتریش پارتیی دیموکراتیی، هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی زیاتری تاكڕەویی ئاراستەدەکەن. لە لایەکەوە پارتیی دەیەوێت حوکمڕانیی تاکڕەویی بسەپێنێ، لەولاشەوە یەکێتیی دەیەوێت ئەوەندە دەستەڵاتەی لە چەند ساڵی رابردودا بە هۆی ئۆپۆزسیۆنەوە لەدەستیداوە، بەدەستیبێنێتەوە. لەو گەمەیەدا، پارتیی بەرانبەر بەغداد گوتارێکی توندی دەستپێکردوە و بەغداد وەک مەترسیی و دوژمن تەماشادەکات، یەکێتیی، رونتریش سەرکردایەتیی نوێی یەکێتیی، گوتارێکی دژی پارتیی دەستپێکردوە و تۆمەتباریدەکەن بە پێشێلکردنی مافەکانی سلێمانیی و داوای لامەرکەزییەتی ئیداریی و دارایی دەکەن. لەو گەمەیەدا، پڕۆسەی دیموکراسیی لە هەمویان زیاتر قوربانییە. ئۆپۆزسیۆنی رابردو، گۆڕان، لەنێوان بەرداشی خەڵک و حکومەتدا حکومەتی هەڵبژاردوە. ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، ئیسلامییەکان و حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر نین و بێ قوڵایی سیاسیی دیموکراتیک و رادیکاڵن. میدیای ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنیی، دوای شکستی ١٧ی شوبات ٢٠١١، لە دۆخێکی سست و بێکاریگەریین. بەڵام هەمو ئەوانە، وایان نەکردوە کۆمەڵگای کوردیی تەسلیم ببێت. لە دوا دو هەڵبژاردنی رابردو کەمتر لە سەدا پەنجای خەڵکی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کرد. نە یەکێتیی و پارتیی توانیویانە خەڵک بێدەنگ بکەن، نە ئۆپۆزسیۆنیش توانیویەتیی ناڕەزایەتیی خەڵک بقۆزێتەوە و خەلک لە ئاستێکی هۆشیاریی باڵاترە و نایانەوی هیچ هێز و گروپێک بەکاریانبێنێت. بەڵام خەڵک هێشتاش نەیتوانیوە ئالتەرناتیڤێکی سیاسیی پێشبخات، یان لەگەڵ گروپ و هێزە هەبوەکان هاوپەیمانێتییەک دروستبکات.
لابردنی پارێزبەندیی لەسەر ئەندام پارلەمانێک بە بەراورد بە درێژکردنەوەی ماوەی مەسعود بارزانیی لە حوزەیرانی ٢٠١٣ و داخستنی پارلەمان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و بڕیاردانی ریفراندۆم بێ حیسابکردن بۆ پارلەمان لە ٢٠١٧، روداوێکی لە رادەبەدەر زۆر بچوکە. بەڵام روداوێکە شایانی لەسەر وەستانە، نەک لەبەرئەوەی پرسێکی قانونیی نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ویست و ئامانجەکانی پشتی لابردنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، ویستێکی تاکڕەوانە بۆ ئامانجێکی مەترسیدار؛ بێدەنگکردنی تەواوی جڤاک، بە ئەوانەشەوە کە پارێزبەندیی قانونییان هەیە.
دیموکراسیی و خۆشگوزەرانیی پێکەوە نەبێت مانایەکیان نییە. هیچ دیموکراسییەکی بێ خۆشگوزەرانیی، هیچ خۆشگوزەرانییەکی بێ دیموکراسییش، خواستی هیچ کۆمەڵگەیەکی تێرنەکردوە.
کابینەکەی مەسروڕ بارزانیی، نەک تەنها کابینەیەکی نادیموکراتیکە، بەڵکو ویستی تاکڕەوییانە دڵ و مێشکی بارزانیی بەتەواویی داگیرکردوە و شکستیشیخواردوە لەوەی لانیکەمی خۆشگوزەرانیی فەراهەم بکات. چین و حیزبی حوکمڕان تاکڕەون، بەڵام خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتنێکی باشیان بۆ چین فەراهەمکردوە. مۆدێلی چین زۆر تایبەتە. هەندێک لە هەرێمی کوردستان دەیانەویست بڵێن خەڵکی کوردستان مۆدێلێکی وەک چینی لا گرنگترە لە دیموکراسییەک کە بتوانێت خۆشگوزەرانیی فەراهەمبکات. بەڵام ئەو هاوارەی لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر دروستبوە، دەریخست لای خەڵکی ئێمە هێشتا دیموکراسیی گرنگە. ئەمە جگە لەوەی هەموان دەزانین بارزانی ناتوانێت هەرێمی کوردستان بکاتە چین، بەڵکو زیاتر وەک میسڕی سەردەمی عەبدولفەتاح سیسی لێدێت.
لای من ئەوە جێی پرس نییە بارزانی بۆ وا دەکات، یان تا کەی بەردەوامدەبێت، چونکە ئەو و حیزبەکەی و بنەماڵەکەی چ لە شاخ و چ لە شارد، چ لە سەردەمی قەیران و چ لە سەردەمی بێقەیرانیی، چ لە شەڕ و چ لە ئاشتییدا، ئەو ویستە تاکڕەوییەیان نەشاردۆتەوە و راستگۆن لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی خۆیاندا. ئەندام و لایەنگرانیشیان ئەوەیان قبوڵە، بۆ نمونە لە مێژوی پارتییدا، دوای ئەوەی مەلا مستەفای بارزانیی باڵی مەکتەبی سیاسیی پەرت و بڵاوکرد، پارتییەک نادۆزیەوە نەک بەئاشکرا باسی ئەوەی کردبێت دەیەوێت سەرۆکایەتیی پارتیی بکات، تەنانەت خەونیشی پێوە دیتبێت.
پارتی پارلەمانی کوردستانی کۆنترۆڵ کردوە، ئەوەی ئامانجی بێت تێیدەپەڕێنێت. لەڕێی پارلەمانەوە بەتەواوی دیموکراسیی دەکوژێت، هەروەک چۆن لە رابردوشدا دەزگای پارلەمان و دەزگا شەرعییەکانی بەکارهێناون بۆ خۆسەپاندن و سەپاندنی ویستی تاکڕەویی. ئەوەی جێی پرسیارە و گرنگە بۆ من، ئایا ئەو هێزانەی ئەمڕۆ بایکۆتی ئەو دانیشتنەی پارلەمانیان کرد، چی دەکەن و چۆن دەیانەوێت سنورێک بۆ پارتیی دابنێن؟ ئایا دەرفەتدان بە بارزانیی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کابینەکەیدا بۆ چوار ساڵی تر، دەرفەتدان نییە بە کوشتنی تەواوی هیواکان بۆ دیموکراسیی؟ ئەگەر یەکێتیی لە ٢٠١٣ “فرسەت”ی نەهێنابوایە، ٢٠١٥ پارلەمان دانەدەخرا. ئەگەر گۆڕان و ئیسلامییەکان لە ٢٠١٧ بەتەواوی دژی ویستی بارزانیی بوەستانایەتەوە بۆ ریفراندۆم کە دەیانزانی تەنها بۆ خۆسەپاندنە، ئەو دۆخەی ئێستا دروستنەدەبو.