بەرپرسیاریێتیی زۆرینە بەرامبەر مافی کەمینەکان

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکانی پەیوەست بە کەمینەکان هەمو ئەو کەس و گروپانەی کە لەڕوی کولتوریی، زمانەوانی، ئاینی و مەزەهەبی یانیش نەتەوەیی لە زۆرینەی کۆمەڵگا جیاوازن بە کەمینە پێناسە دەکات و بەرپرسیارەتی پاراستنی شوناسی کولتوریی و ئاینیی و زمانەوەنیی و نەتەوەیی و مافە پەیوەستدارەکانیان دەخاتە ئەستوی ئەو وڵاتانەی کە تیایدا دەژین. گەلی کورد لە وڵاتانانەی بەسەری دابەشکراوە بەپێی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان هەمو پێناسەکانی کەمینەبون دەیگرێتەوە. بۆ نمونە لە عێراق، کورد بەشی زۆری موسلمانی سونییە، لە روی کوردبونیەوە، کەمینەیە بەرامبەر عەرەب، لە روی مەزهەبییەوە کەمینەیە بەرامبەر شیعە. هەرەوەها لە روی ئاینییەوە ئێزیدییەکان بەرامبەر هەردو کورد و عەرەبی موسڵمان کەمینەن هتد.  لە بەشەکانی تری کوردستانیش هاوکێشەکە بە کەمێک جیاوازی بە هەمان شێوەیە. هەرێمی کوردستانیش وەکو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە وڵاتێکی فرەڕەنگ و هەمەجۆرە لە روی جیاوازی کەلتوری و ئاینی و زمانەوانی و نەتەوەیییەوە. وابزانم رێزنەگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و  نمونەکانی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد لە عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا لە ساتی دروستبونیانەوە تا ئێستا بۆ هەمو کەسێک ئاشکران و پێویست بە خستنەوەڕویان ناکات. ئەمەش وایکردوە کە میلەتی کورد لە هەمو کەس زیاتر مانایی کەمینەبون تێبگات و پێویستە بە هەمان شێوەش بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر مافی کەمینەکان هەستیار بێت.

چەشتنی ئازار و زوڵمی کەمینەبون وای کردوە کە زۆرینەی گەلی کورد پشتیوانی و پشتگیری هەر هەوڵێکی حزبی و حکومی بکەن بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوناس و مافەکانی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان. تەرخانکردنی رێژەی ١١ کورسی بۆ کەمینەکانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوە، کە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە. بە بۆچونی من ناکرێت مافی کەمینەکان تەنها لە چەند کورسییەکی پەڕلەمانی کورتبکرێتەوە، بەڵکو پێویستە نوێنەرایەتییان لە سەر ئاستی هەمو دەزگا و دەمەزراوە باڵاکانی فەرمی و نافەرمی، بگرە لە قەبارەی خۆشیان زیاتر مسۆگەر بکرێت، بۆ ئەوەی جگە لە نوێنەرایەتی کەمینەکانی خۆیان ببنە ئامرازێکی ئەڕێنی هاوسەنگیی و بێلایەنیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی زۆرینەش، کە کوردی سونییە. هیچ لەوە باشتر دەبێت، ئەگەر تورکمانێکی دور لە حزبە کوردییەکان ببێتە سەرۆکی دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی دادەوری بکاتە دامەزراوەیەکی هاوسەنگ و بێلایەنی حزبیی؟ ئەی بۆ کریستیانێک نەبێتە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یان هەر دەمەزراوەیەکی تر؟  چی دەبێت ئەگەر ئێزیدییەک ببێتە وەزیری پێشمەرگە؟  دەبێت ددان بەوە دابنرێت، کە حکومەت و حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان  بەگشتی کەمتەرخەم بون لە دابینکردنی مافی هاووڵاتیبون و وەکیەکیی کەمینەکان بەو شێوەیەی کە پێویستی دەکرد. دەکرێت ئەم کەموکوڕییەش بخرێتە چوارچێوەی کۆی کەموکوڕییەکانی حوکمڕانیی کوردی، بەو پێیەی زۆرینە و کەمینە وەکو یەک شکست و کەموکوڕییەکانی حوکمڕانیی کوردییان بەرکەوتوە. 

هەرێمی کوردستان ئەو شتانەی کە زۆر شانازی پێوەدەکرد و دەکات، پارێزگاریکردن و دابینکردنی مافی کەمینەکان بو، بەڵام ئەویش خەریکە لە مانای راستەقینەی خۆی خاڵیدەکرێتەوە و دەبێتە نمایشێکی ناشیرین، کە جگە لە تۆراندن و ئازاردانی کەمینەکان، لەوانەیە پەلبهاوێت بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناو پێکهاتەی کەمینەکان. ئەوەی پارتی لەم ساڵانەی دوایی بەرامبەر مافی کەمینەکان دەستیداوەتێ ناچێتە چوارچێوەی کەموکوری و هەڵەی سیاسییەوە، بەڵکو بە هەمو پێوەرە سیاسی و یاسایی و ئەخڵاقییەکان دەچێتە چوارچێوەی زەوتکردنی مافی کەمینەکان بە کارێکی بەرنامە-بۆ -ارێژراو، کە ئەمەش پێش کەمینەکان، زۆرینەی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن، کە تا ئێستا بێدەنگیان لێ کردوە. شتێکی نەک تەنها ئاسایە، بەڵکو زۆر پێویستیشە کە دەرگای حزبە کوردییەکان بۆ کەمینەکانیش واڵا بێت، دەرگای حزبە عەرەبییەکان بۆ کوردەکان کراوە بێت، تا لە ڕێگەی حزبەوە بتوانن زۆرترین دەسکەوت بۆ خۆیان، کەمینەکانی خۆیان و ئەو حزبەی تێیدان دەستەبەر بکەن، بەڵام ئاسایی نییە کە حزبی زۆرینەی کوردی مافێک، کە بەپێ یاسا بە کەمینەکان دراوە، زەوت بکات. هەمو کەسێک لە هەر کەمینەیەک ئازادە بچێتە ناو هەر حزبێک و کاری حزبایەتی بکات، بەڵام بۆ حزبی سیاسیی کوردی نەهاتوە دەستبخاتە ناو کاروباری کەمینەکان و تێکەڵکردنیان بە ناکۆکیی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکان، چونکە ئەوە جگەی لەوەی دوبەرەکی دەخاتە ناو کەمینەکان، هەستیاری نێوان زۆرینە و کەمینەش زیاتر دەکات هەروەها پاساوێکی باش دەداتە دەست بەشێک لە زۆرینەی عەرەبی عێراقیش هەمان کار بەرامبەر کەمینەی کورد بکەن، ئەگەر بۆیان رەخسا.   

کوردی هەرێمی کوردستان دەبوایە پێش هەمو کەس زیاتر بەرامبەر بە لێکەوتە سیاسیەکانی ئەم کارەی پارتی هەستیار بونایە، چونکە دامەزراوەکانی رژێمی سەددام حوسەین بە هەمان شێوە و بۆ هەمان مەبەست پر کراوبون لە کورد، گوایە ئەمانە نوێنەرایەتی کورد دەکەن. چ کوردێک هەیە بە بیستنی ناوی کوردەکانی ناو رژێمی بەعس هەست بە شەرمەزاری و دڵتەنگی نەکات؟ هەمومان بینیمان رژێمی سەددام حوسەین بەم سیاسەتەی چ ئازارێکی دەرونی گەلی کوردستانی دەدا و کۆمەڵگەی کوردی چۆن دابەش کردبو. راستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ رژێمی سەددام بەراورد ناکرێت، بەڵام لەم خاڵەدا بەداخەوە هەمان سیاسەت و وەکو رێکەوت وایویستبێت هەمان شوێنە. هەڵەیە پێمان وابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆرینەین، ئاساییە کەمینەکان بۆ بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزب بەکار بهێندرێن، بێ ئەوەی بچوکترین بەرژەوندیان لە ململانێ نێوان هێزە کوردیەکاندا هەبێت.

بەشکردن: