هەولێر و بەغداد لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە

بەشکردن:

یاسین تەها

رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بەواتای گەڕانەوە نییە بۆ سەردەمی بودجەی 17% ی جاران، بەڵكو بە نرخی كەمتر دەبێت رەنگە كەمتر لە سەردەمی عادیل عەبدولمەهدیش لەبەر بارودۆخە دارایییەكە و گۆڕانی تەرازوی هێز، بۆیە ئەركی چاكسازی و گۆڕانكاریی ئیداریی هەر لە گەردنی حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. پرسیاری سەرەكیش لە ئێستادا ئەوەیە بەو پەرتەوازەیییە سیاسی و شەڕە دەنوكەی ئێستا لەلایەن هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئایا چاكسازی دەكرێت كە سادەترین پێشمەرجیی هێوری سیاسی و ئیرادەی جێبەجێكردنە؟

هەردوو خولی دانوستانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد نەگەیشتە دابینكردنی دەمودەستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام بە بەراورد بە دانوستانەكانی تر، بەرەوپێشچونی گەورەی تێدا بووە بەتایبەت لە دۆسیەكانی نەوت و دارایی بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێككەوتنێكی تەمەن-درێژتر لە دابینكردنی موچەی یەك مانگ.
لەم گەڕەی دانوستاندا بەشی هەرە زۆری داوكارییەكانی بەغداد لە هەرێم جێبەجێكراون كە زیاتر بریتی بوون لە: وەرگرتنی زانیاری تەواو لەسەر كێڵگە نەوتییەكان، بڕی بەرهەم و چۆنییەتی فرۆشتن و بەبازاڕكردنی نەوت، لەگەڵ ئەو قەرزانەی پەیوەستن بە نەوت یان كۆمپانیاكانی بواری نەوت لەگەڵ ئەو قەرزانەی لە توركیا كراون، یان وەك پێشەكی پارەی نەوت لەكۆمپانیاكان وەرگیراون “البیع الآجل”، ئەوەشی یارمەتیدەر بووە لەم پرۆسەیە دوو شت بوون: سیاسەتی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم كە ملکەچبونە لەگەڵ بەغداد، هەروەها ئەو راپۆرتەی كۆتایی كە كۆمپانیای دیلۆیت بۆ نەوتی هەرێمی ئامادە كردبوو، تا ڕادەیەكی زۆر جێگەی متمانەیە لەڕوی ئەو بڕەی کە نێردراوەتە دەرەوە و رێژەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەك خۆی دەخاتەڕوو، بەبێ ئەوەی بچێتە وردەكاریی هۆكار و پاشخانەكان، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئامادەیی دەربڕینی هەرێم بووە بۆ رادەستكردنی نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی.
جگە لەكەرتی نەوت، شاندی هەرێم لەسەر ئەوە 27 ملیار دۆلارەی كە وەك قەرز و پابەندی دارایی لەسەر حكومەتی هەرێمە رونكردنەوە داوە بە حكومەتی بەغدا، بەڵام سیستمی یاسایی ناوەند هەندێ لەو مامەڵانە ناخوێنێتەوە كە لەشێوەی پاشەكەوتی مووچەدن، یان هەڵگرتنەوەی پارەی بانكە ئەهلییەكان و سندوقە داراییەكانن لەكاتی قەیرانی دارایی، یان كرێی بۆری نەوتی كۆمپانیای رۆسنەفت ـ ن لەكاتێكدا عێراق خۆی بۆری نیشتمانی خۆی هەیە، لەگەڵ زۆر بەریەككەوتنیتری دارایی و یاسایی كە بەپەلە چارەسەر ناكرێن، هەر لەبەر ئەمەش بەغدا پێشتر رازی بووە هەرێم مامەڵە بە نزیك لەنیوەی بەرهەمی نەوتی خۆی بكات كە نزیكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە لەژێر ناوی بژاردنەوەی قەرز و دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیان.
لەبارەی دۆسیەی دارایی و گومرگ و خاڵە سنورییەكان، بواری مشتومڕی زۆری تێدا نەبووە، چونكە یاسا داراییە فیدراڵییەكان ئەوەیان بڕیوەتەوە كە ناوەند 50% گومرگەكانی دەبات، هەرێمیش باجەكان بۆخۆی هەڵدەگرێتەوە، هەرچەندە ئەم یاسایە رەخنەی ئەوەی لەسەرە بەنەفەسی ناوەندگەرایی تێپەڕێنراوە لەكاتێكدا هەرێم یان زۆر گرنگی بەبەغدا نەداوە یان بەر مقەستی زۆرینە و كەمی دەنگی پەرلەمان كەوتووە و بەتەوافوق نەبووە، بەڵام لەئێستادا ئەو یاسایە بەركارە.
هەموو ئەو گۆڕینەوەی زانیاری و بەرەوپێچشوونانەی سەرەوە لەئاستی وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و كۆمپانیای سۆمۆ ئەنجامدراون لەكاتێكدا كە حكومەتی عەبدولمەهدی لە دوارۆژەكانی خۆیدا بووە، هەروەها حكومەتی كاربەرێكەر بووە، بۆیە جێبەجێكردنیان پێویستی بە پەسەندكردنی هەیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی نوێ مستەفا كازمی، لەلایەك و وەرگرتنی جۆرێك لە رەزامەندی لەسەریان لە ئۆرگانە سیاسی و پەرلەمانییە پەیوەندیدارەكانی وەك لیژنەی دارایی و سەرۆكایەتی لیست و هێزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەت لەلاكەیتر، كە ئەمەش كاری رۆژ و چەند رۆژ نییەو دەچێتە ناو فلتەری بیرۆكراسیەتی عێراق و سیستمی پەڕلەمانی و سیاسییە فرە جەمسەرەكەی بەغدا كە سروشتی بڕیار تێیدا خاو و ئاڵۆز و ملكەچی زۆر ئیعتیباری جۆراوجۆرە، ئیتر ئەوەش با بوەستێت كە بەهۆی كۆرۆنا و هاڕەكردنی نرخی نەوتەوە، قەیرانێكی دارایی سەخت یەخەی عێراقیشی گرتووە بەجۆرێك داهاتی مانگی نیسانی لە فرۆشتنی نەوت كەمتر بووە لە 1.5 ملیار دۆلار لەكاتێكدا خۆی پێویستی بە نزیكەی 4 ملیار هەیە تەنها بۆ خەرجی موچەو خانەنشینی و هەندێ خەرجی بەگەڕخستن و ئەمەش رێككەوتنی هەرێم و بەغدا كردوەتە پرسێكی لاوەكی لەبەغدا بەتایبەت پاش ئەوەی رێكخراوی ئۆپیك بڕی هەناردەی وڵاتانی ئەندامی دیاریكردووە و دەرفەتی زیادكردنی بەرهەمی نەوت لەبەردەم عێراقدا نییە تا چاوی لەسەر 250 هەزاری هەرێم بێت.
ئەگەر ئەم دانوستانەی ئەمدواییەی هەرێم و ناوەند بگاتە ئەنجام و ئاستەنگە عێراقییەكانی تێپەڕێنێت كە ئاماژەیان پێكرا ـ هەر ئەوەش چاوەڕێ دەكرێت ـ ئەوە هەنگاوێكی گرنگە لەسەر ڕێگای چارەسەری درێژخایەنتر یان بەردەوام كە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزخانەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا لە بەیاننامە و لێداوانەكانیاندا داوای دەكەن. وادیارە تارانیش پێی خۆشحاڵ بن بەو پێیەی هەردوولا بازاڕی بەرهەم و كاڵای ئێرانن و پارە لە بەغداد بێت یان لە هەولێر ئەوان هەر لێی سوودمەندن.
رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بەواتای گەڕانەوە نییە بۆ سەردەمی بودجەی 17% ی جاران، بەڵكو بە نرخی كەمتر دەبێت رەنگە كەمتر لە سەردەمی عادیل عەبدولمەهدیش لەبەر بارودۆخە دارایییەكە و گۆڕانی تەرازوی هێز، بۆیە ئەركی چاكسازی و گۆڕانكاریی ئیداریی هەر لە گەردنی حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. پرسیاری سەرەكیش لە ئێستادا ئەوەیە بەو پەرتەوازەیییە سیاسی و شەڕە دەنوكەی ئێستا لەلایەن هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئایا چاكسازی دەكرێت كە سادەترین پێشمەرجیی هێوری سیاسی و ئیرادەی جێبەجێكردنە؟

بەشکردن: