رەهەندەکانی ململانێی لاهور تاڵەبانی و مەسروڕ بارزانی  

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

ململانێی مەسروڕ بارزانی و لاهور تالەبانی لەلایەک رکابەری و پەراوێزخستنی نەوەی پێش خۆیانە لەناو حزبەکانیان، لە هەمان کاتدا هەوڵی پەراوێزخستنی ئامۆزاکانیانە لەبەردەم هاتنەدی خەونەکانیان، بە شێویەکی هاوتەریبیش پاڵنان و ناچارکرنی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە بە یان لەگەڵمی یان لە دژمی. ئینجا لەوێشەوە بۆ ململانێیە سەرەکییەکەی نێوانیان لە سەر پشک و پشککاری فەرمانڕەوایی هەرێم. لە ئێستادا مەسرور خۆی وەکو پارێزەری سیستەم و قەوارەی حوکمڕانی دەنوێنی، لە کاتێکدا لاهور هەمو هەوڵەکانی بۆ هەژاندنی پایەکانی سیستەم خستۆتە گەڕ. ئەوەی بەرژوەندی لەگەڵ سیستەمی حوکمڕانی دایە، ناچارە دوای مەسرور بکەوێت، ئەوەی لە سیستەم ناڕازیە، هیوا دەخوازێت لاهور پێشی بکەوێت.

دۆخی هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ. گۆڕانگارییەکان ئەوەندە بەخێرایی رێدەکەن، کە ئاسان نییە بتوانرێت پێشبینی ئەنجامەکانی بکرێت. لێککەوتەکانی پەتای کۆرۆنا رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی و گوزەرانی ولاتیان رۆژ بە دوای رۆژ هەستپێکراو تر دەبێت. گوتاری بەرەی رکابەر و بەرگریکاری حوکمڕانی هەرێم تا دێت توند و زبرتر دەبێت. توندبونی ململانێکان مەسرور بارزانی و لاهور تاڵەبانییان کردۆتە دو ئەستێرەی هەردو جەمسەرەکە، وەکو ئەوەی ئەو وڵاتە کەسێکی تری تێدا نەمابێت. وڵاتییانی هەرێم ئەزمونێکی تاڵیان هەیە لەگەڵ بەڵێنەکانی چاکسازی و گوتاری بێ کرداری رابردوی هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکان. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش لەلایەک بۆ شکستهێنانی گوتار و کرداری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە رابردو دەگەڕێتەوە، لەلایەکی ترەوە دەگەڕێتەوە بۆ بێبەهاکردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی پەرلەمانی و زەلیلکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەمۆکردنی کاری میدیایی سەنگین و ئازادە. داخستنی کەناڵ و رێگەی ئاشتی و مەدەنی ململانێیی سیاسی و داواکردنی مافە سەرەتایییەکان وا دەکات بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ناڕازی چیتر بڕوای بە چاکسازی و گوتاری بێکردار نەمێنێت و بەدوای رێگەی تردا بگەڕێن. 

ئەوەی هەستی پێدەکرێت، گۆرانکارییە خێراکان لەلایەک، و نەبونی هیچ بەرچاوڕونییەک لەلایەکی تر، دڵەڕاوکێ و گومان و ترس وڵاتییان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەکەن و بەمەش وڵاتییان ناچار دەبن دەست بەو کەس و لایەنانەوە بگرن، کە خاوەنی ئامراز و کەرەستەکانی هێزن. هەر بۆیەش، هیواکان تا دێت زیاتر لەسەر کەسی مەسرور بارزانی و لاهور تاڵەبانی بنیاد دەنرێن، چونکە هەردوکیان نەک تەنها خاوەنی ئامراز و کەرەستەی هێزی دەستوەشێنن، بەڵکو لە رابردوشدا سەلماندویانە، کە لە بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی هێزی نەرم و رەق، ئاسایی و نائاسیی، شەرعی و ناشەرعی لە دژی یەکتر و رکابەرەکانیان، هیچ سڵەمینەوەیەکیان نییە. ئەوەی ئاشکرایە و گومانی تێدا نییە، ملمڵانێی مەسرور و لاهور هیچ پەیوەندی بە باشترکردنی دۆخی وڵاتییان هەرێم نییە، بەڵکو لەلایەک لەپێناو قایمکردنی دەستەڵاتی خۆیانە لەناو حزبەکانی خۆیان، لەلایەکی تر چەسپاندن و قایمکردنەوەی هەژمون و دەستەڵاتی حزبەکانیانە بەسەر ناوچەکانی نفوزی خۆیان، وە ئەگەر بۆشیان کرا، فراوانترکردنی هەژمونی خۆیان لەسەر حیسابی یەکتر. لەبەر ئەوەش سادەیی مەعریفیە ئەگەر پێمانوابێت، کە ململانێ نێوان لاهور تاڵەبانی و مەسرور بارزانی تەنها ململانێیەکی کەسییە یان درێژکراوەی ململانێی نێوان جەلالی و مەلایی ناوەڕاستی شەستەکانە. ململانێ ئەوان چڕبونەوە و گەیشتنە لوتکەی کۆی ملمانێیە پەنگخواردوەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانە، کە لە رابردودا هەمو کەناڵ و رێگەی ئاشتییانە و مەدەنییانەیان لەبەردەم داخراوە. 

لاهور و مەسرور راستە هەردوکیان نوێنەرایەتی نەوەی دوای راپەڕین دەکەن، بەڵام بە دو پاشخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاواز و دو چاوەڕوانی نەک جیاواز، بەڵکو دژ بە یەک هاتونەتە ناو کایەی سیاسی. مەسرور بارزانی وەکو کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی خۆی بەتەنها جێگیرەوەی باوکی لە خاوەندارێتیی پارتی دەزانێت. بۆ ئەو پارتی تەنها حزبی حومکڕانی راستەقینەی هەرێم کوردستانە. مەسروڕ نە لەناو پارتی ئامادەیە دەستەڵات لەگەڵ براو و ئامۆزاکانی بەیەکسانی دابەشبکات، نە لەناو حکومەت هاوبەشی حزبەکانی تری قبوڵە. خاڵی بەهێزی مەسرور ئەوەیە، کە پارتی تا ئێستا لە هەمو هێزەکانی تر رێکخراوتر و بەهێزترە و هەمو جومگەکانی دەستەڵاتی لە هەرێم کوردستان بەدەستی پارتییەوەیە. خاڵێکی تری بەهێزی مەسروڕ ئەوەیە، کە هىچ کەسێک نە لەناو، نە لە دەرەوەی پارتی ناتوانن رەوایەتی پێگەکەی بخەنە ژێر پرسیارەوە. مەسرور هەر لە منداڵییەوە بۆ ئەوە پەروەردەکراوە کە جێگەی باوکی بگرێتەوە، ئەمەش بۆتە خاڵە هەر لاوازەکەی مەسروڕ، چونکە ئەو دەستەڵاتی پارتی و حکومەتی لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەشکراوە، بێئەوەی ناچار بوبێت بچێتە کێبرکێی سیاسی و بتوانێت لەو رێگەیەوە تواناکانی خۆی بسەلمنێت. ئەوەش وایکردوە مەسرور بارزانی زیاد لە پێویست لە خۆی بایی ببێت و لە یەککاتدا شەڕ لەدژی چەندین بەرەی جیاواز رابگەیێنێت. لەناو پارتیدا بە ململانێ نەوەی پێش خۆی دەستیپێکردوە، لەناو  حزب و حکومەت دەستی داوەتە ململانێی پاشماوەکانی نێچیرڤانی ئامۆزای. لەناو پەرلەمانیش هەرچی هێز و لایەنی سیاسی هەیە، خستۆتە پەراوێزەوە. 

بە پێچەوانەی مەسرور، لاهور تاڵەبانی کوری هیچ لە بەرپرسە کاریگەرەکانی هەرێمی کوردستان نییە، تا لە رێگەی باوکیەوە رێگەی هەڵکشانی بۆ لوتکەی دەستەڵات بۆ خۆش کرابێت، بەڵکو تەنها برازایەکی ئاسایی جەلال تاڵەبانییە، کە کوڕەکانی تا ئێستاش رکابەری و ململانێی دەستەڵاتی لەناو یەکێتی لەگەڵ دەکەن. ئەمە بۆتە خالێکی گرنگ، کە لاهور لە کوڕەکانی بەرپرسە باڵاکانی تر جیادەکاتەوە. بۆ نمونە کوڕەکانی نەوشێروان مەستەفا و کۆسرەت رەسول و جەلال تاڵەبانی هاوشێوەی مەسرور، بە هۆی پێگەی باوکیان، رێگەی هاتنەپێشەوەیان بۆ ئاسان و تەخت کرابو. لاهور هیچ پۆستێکی باڵای حزبی و حکومی پێشکەشنەکراوە، بەڵکو لە  پۆستێکی مامناوەندی دەستیپێکردوە و لە دەرەوە و ناوەوەی یەکێتی دژایەتی و رکابەری زۆریشی کراوە. لاهور هەمیشە ناچار بوە بچێتە نێو کێبرکێ و ملمڵانێ حزبییەکان بۆ سەلماندنی خۆی. ئەوەی لاهور لە هەمو سەرکردە باڵاکانی تری ناوەوە و دەرەوەی یەکێتیش جیادەکاتەوە، تەحەداکردن و دژایەتیکردنی ئاشکرای لوتکەی دەستەڵات و چینی دەستەڵاتدارە بە گوتار و کردارەوە. ئەوەش وادەکات کە ململانێی نێوان مەسرور و لاهور فرەڕەهەند بێتو و لەسەر چەندین ئاست هاوتەریب بەڕێوەبچێت.  

بەو مانایەی کە ململانێی هەردوکیان لەلایەک رکابەری و پەراوێزخستنی نەوەی پێش خۆیانە لەناو حزبەکانیان، لە هەمان کاتدا هەوڵی پەراوێزخستنی ئامۆزاکانیانە لەبەردەم هاتنەدی خەونەکانیان، بە شێویەکی هاوتەریبیش پاڵنان و ناچارکرنی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە بە یان لەگەڵمی یان لە دژمی. ئینجا لەوێشەوە بۆ ململانێیە سەرەکییەکەی نێوانیان لە سەر پشک و پشککاری فەرمانڕەوایی هەرێم. لە ئێستادا مەسرور خۆی وەکو پارێزەری سیستەم و قەوارەی حوکمڕانی دەنوێنی، لە کاتێکدا لاهور هەمو هەوڵەکانی بۆ هەژاندنی پایەکانی سیستەم خستۆتە گەڕ. ئەوەی بەرژوەندی لەگەڵ سیستەمی حوکمڕانی دایە، ناچارە دوای مەسرور بکەوێت، ئەوەی لە سیستەم ناڕازیە، هیوا دەخوازێت لاهور پێشی بکەوێت. هەروەها، سەرلەنوێ میحوەربەندییە ناوخۆیییەکانی حیزب و بنەماڵەکان لەلایەک، لە لاکەی تریش هاوپەیمانێتیی حیزبەکان لەوانەیە ناچاری گۆڕانکاریی بکات. راستە لە ئێستادا هەردوکیان سودمەندی سەرەکی ئەو مڵملانێیەن و رۆژ بە رۆژ لە ئامانجەکانیان نزیکتر دەبنەوە، بەڵام  گۆڕانکارییە خێراکان و مەترسیداری دۆخەکە دەکرێت ئەگەری لەدەستدەرچونی ململانێکەیان بەدوای خۆیدا بێنێت، کە لە کۆتاییدا هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەم نەمێنێتەوە، جگە لە روبەڕوبونەوەی راستەخۆی یەکتر، چۆن کۆتایی دێت، خوا نەبێت، کەس نازانێت.

 

بەشکردن: