پەیوەندی نێوان خۆپیشاندان و گەنجان: ئاگادارکردنەوەیەک بۆ دەستەڵات

بەشکردن:

ڕێبوار ڕەوف ساڵەح

گەنجان کەمتر گوێ دەگرن یاخود هەر گوێ ناگرن کاتێک کە زوڵم دەبینن و ژیانیان دەکەوێتە ناخۆشیەوە و توشی هەژاری و نائومێدی دەبن و درک بە نادادپەروەری و نایەکسانی دەکەن، و ئەم هەستەش وایان لێدەکات کە پێیان وابێت دیموکراسی ڕێڕەوی خۆی نەگرتووە. دواتر وایان لێدەکات کە وا هەستبکەن لە ڕێگەی خۆپیشاندان و توندوتیژییەوە دەبێت مافەکانی خۆیان بەدەستبێنن و ببنە هۆی ئەنجاندانی ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە پەیوەندی بە تیۆرێکەوە هەیە کە پێی دەوترێت تیۆری (کەڵەکەبوونی ڕێژەی گەنجان). لێکۆڵەرەوەکانی ئەم تیۆرە لە زانستی کۆمەڵناسیدا یێیان وایە کە ئەم تیۆرە زیاتر بەسەر ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەبێت کە لە پێگەیشتن و گەشەکردندان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی لەدایک بوون زیاد دەکات تیایاندا، واتا ڕێژەی منداڵ زیاد دەکات، منداڵانی ئەمڕۆش واتە گەنجانی سبەی. وە بەپێی ئەو پێناسەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە بۆ گەنجان، تەمەنی گەنجان دەکەوێتە نێوان (١٥ بۆ ٢٤) ساڵییەوە. 

مەبەستی سەرەکی من لەم بابەتە ئەوەیە کە بڵێم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان چینی گەنجان و توندوتیژی لەکاتی خۆپیشانداندا. ئەم بۆچونە لەلایەن (ناوەندی ستراتیجی و دراساتی نێودەوڵەتی)یش لە واشنتۆن پشتڕاستکراوەتەوە کە دەڵێن زۆربەی ئەو کێشە و توندوتیژییانەی کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن لەو ناوچانەن کە رێژەو دانیشتوانی گەنجیان زۆرە.

هەندێک تویژینەوەی دیکەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم نائارامی و ململانێ و توندوتیژییانە زیاتر دەبێت ئەگەر بێتو ڕێژەی گەنجەکانی ئەو وڵاتانە زیاتر نێرینە بن، بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی بەهاری عەرەبییان بە باشترین نمونە هێناوەتەوە. ئەم دیاریدەیە دور نییە کە سەربکێشیت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئەو گەنجانە دژ بە دامەزراوەی فەرمی و هێزە چەکدارە ڕێکخراوەکان، دواتریش سەربكێشێ بۆ کارەساتی گەورەو ماڵوێرانکەر لە وڵاتدا، بە تایبەتیش ئەگەر بێت و گەنجان بتوانن بە شێوەی ڕێکخراو خۆیان کۆکەنەوە و پێکەوە بەم کارە هەستن.

دیارە کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە وادەکەن گەنجان پەنا بۆ توندوتیژی ببەن لە کاتی خۆپیشانداندا، هەندێک لەوانەش بریتییە لەو کێشانەی ڕوبەڕوی وڵات دەبێتەوە لە ڕوی سیستمی سیاسی و حوکمڕانی و بەڕێوەبردنەوە. هۆکارێکی دیکەش پەیوەندی بە ئابوری خراپ و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانەوە هەیە، بە شێوەیەک کە سەربکێشێت بۆ دەستگرتن بەسەر سەرچاوە گرنگەکانی وڵاتدا و دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەوروبەرەکانیان بەکاری بێنن، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر موچەی موچەخۆران و داهاتی کاسبکارانیش، بەمەش باوک و خێزانی جیلی گەنجان ناتوانن وەک و جاران خۆشگوزەرانی بۆ گەنجە پێگەیشتووەکانیان دابین بکەن، ئەمەش وادەکات کە زیاتر ئەو جیلە گەنجە شەرعییەت بەخۆیان بدەن کە پەنا بۆ توندو تیژی بەرن دژ بە دەسەڵات و دەسەڵاتیش بە ستەمکار ببینن، جا ئیدی گرنگ نییە کە دەسەڵات چەندە خۆی بە شەرعی و دڵسۆز دەزانێت.

گەنجان کەمتر گوێ دەگرن یاخود هەر گوێ ناگرن کاتێک کە زوڵم دەبینن و ژیانیان دەکەوێتە ناخۆشیەوە و توشی هەژاری و نائومێدی دەبن و درک بە نادادپەروەری و نایەکسانی دەکەن، و ئەم هەستەش وایان لێدەکات کە پێیان وابێت دیموکراسی ڕێڕەوی خۆی نەگرتووە. دواتر وایان لێدەکات کە وا هەستبکەن لە ڕێگەی خۆپیشاندان و توندوتیژییەوە دەبێت مافەکانی خۆیان بەدەستبێنن و ببنە هۆی ئەنجاندانی ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی.

ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم توندوتیژییە زیاتر دەبێت کاتێک کە جیلی نوێ هۆشیار و پەروەردەکراو بێت، چونکە لە کاتی بێ ئیشی و دانەمەزراندندا ئامادە نابێت ئەوە لە چینی دەسەڵاتدار قبوڵ بکات کە زۆرجار چینێکی پیر و ناهۆشیارە بە بەراورد بە جیلەکانی دوای خۆیان. کە گەنجان وشیار بن و وڵاتیان داهاتی هەبێت ئەوا گەنجان دەزانن کە لە وڵاتدا سەرجاوەی داهات هەیە بەڵام ئەوان لێی سومەند نابن بۆیە ناچار دەبن بە هێز هەوڵ بدەن مافی خۆیان بەدەست بێنن، چونکە دەبینن منداڵی دەسەڵاتداران وەک و ئەوان کەمدەرامەت نین، جا ئەو کاتە گەنجان گوێیان لەوە نییە کە بە حساب دەسەڵات بە دیموکراسی هاتووە، چونکە دیموکراسی هیچ بایەخێکی لای ئەوان نامێنێت ئەگەر ژیانیان خۆش نەکات.

ئەم جیلە گەنجە نوێیانە دواجار هەر بەوەوە ناوەستن کە داوای خۆشگوزارانی و دامەزراندن بکەن، بەڵکو ئەگەر یەکەم هەنگاویان بۆ بچێتە سەر کە ناچار کردنی دەسەڵاتە بە ریفۆرم و دەستاودەستکردنی دەسەڵات ئەوا دواجار دورر نییە کە ئارەزوی ئەوەشیان هەبێت هەوڵ بدەن دەسەڵات بگرنە دەست یان هەر هیچ نەبێت بەژداری کارا بکەن لە دەسەڵاتدا.

ئەم تیۆر و ڕونکردنەوەی من زۆر بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەگونجیت، جونکە هەر ئەمەیە کە وایکرد هیزێکی وەک و نەوەی نوێ بتوانێت لە یەکەم بەژداریاندا لە هەڵبژاردنی گشتیدا بەبێ بەرنامەڕێژییەکی دورودرێژی پێشوەختەو بە خێرایی هەشت کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

ئیستا لە هەرێمی کوردستاندا گەنجان کەمتر ڕێز لەو شۆڕشە کوردییانە دەگرن کە لە سەدەی ڕابردوودا کراون، لەوانەیە هەر بە شۆڕشیشیان نەزانن. وە ئەوەی ئەوان ئێستا پیناسەی دەسەڵاتی پێدەکەن گەندەڵی و ناشەفافییە نەک میراتی شۆڕش، جا ئیدی ئەگەر گەندەڵی هەیە یان نا ئەوە شتێکی دیکەیە.

ئەو خۆپیشاندانانەی کە لەساڵی (٢٠١١)ەوە ئەنجام دراون یان تەنانەت ئەو خۆپیشاندانانەشی کە ئێستا ڕودەدەن هەر هیچ نییە لەچاو ئەوانەی کە لاداهاتودا دەکرێت ڕوبدەن. بۆ نموونە، تەنانەت ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستاش کە لە دهۆکەوە سەرچاوەی گردووە دەکرێت هەر کەمتر کاریگەر هەبێت لەچاو خۆپیشاندانی ئەو جیلەی کە لەدوای ئەمان دێن و بەرپای دەکەن، چونکە چی خۆپیشاندانەکانی(٢٠١١) و چی ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا ڕوودەدەن هەر لە لایەن ئەو جیلەوە بەڕێوە دەبرێن کە چینی موچەخۆرن و بە هۆی زۆری داهاتەوە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە دامەزراون، وە ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵات موچەیان بۆ دابین بکات سبەی دەڕۆنەوە ماڵەوە، بەڵام ئەو جیلەی کە لە (٢٠٠٥)ەوە لەدایک بوونە ئەگەر دەست بکەن بە خۆپیشاندان ئەوکات لەوانەیە توندوتیژیشی تێبکەوێت وەک و ئەوانەی بەهاری عەرەبی، چونکە ئەو جیلە تارادەیەک لە ژیانێکی خۆشدا دەژیان بەهۆی ئەو لێشاوە لە دامەزراندنی دایک و باوکیانەوە بەهۆی داهاتی زۆری نەوت لەلایەن بەغداوە، دامەزراندنەکەش بەبێ بەرنامە کرا لەلایەن دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەوە بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتی سیاسی کە بە داخەوە خۆی لە دەنگداندا دەبینییەوە بەو دوو هێزە. 

هیوادارم دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم نوسینەی من وەک و خەمخۆرێکی ئەم ئەزمونەی هەرێم وەرگرن، بەلای منەوە گرنگ نییە کە جیلی دەستڕۆیشتوو دواڕۆژیان چی دەبێت و تاچەند سەرکەوتوو دەبن، بەڵام بۆ من گرنگە کە ئەزمونی هەرێم توشی ئیفلیجی نەبێت. باشتر وایە دەسەڵاتدارانیش بیرێک بکەنەوە، یان بەخەبەر بێنەوە و هەست بەو دۆڕانە بکەن کە بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا هاتووە، داننان بە شکستدا دەکڕێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو چارەسەر. لە ئێستاوە هەنگاو بەرەو چارەسەر بنێن باشترە، چونکە دەکرێت دوای ماوەیەکی کەم ئیدی درەنگ بێت. گەنجان چیدی ناتوانن تەحەمولی ئەوە بکەن کە لەوەتەی خۆیان ناسیوەتەوە هەر دوو خێزان حوکمیان دەکات، ئەو دوو خێزانە دەتوانن لەناو پارتە سیاسییەکانی خۆیاندا تا سەر ئێسقان سیستمی خێزانی پەیڕەو بکەن بەڵام نابێت بە هەمان چاو سەیری دامەزراوەکانی هەرێم بکەن، چونکە دەکرێت سیستمی خێزانی حزبەکانیان لەلایەن ئەندامەکانیانەوە قبوڵ بکرێت، بەڵام دواجار گەنجان خۆیان بە مەجبور نازانن کە ڕازی بن دامەزراوە فەرمییەکانیش بە خێزانی بکرێن، وە ئەمە بۆ سیستمی دیموکراسیش جوان نییە.

دوبارە دەمەوێت بیڵێمەوە کە ئەو ترسەی من دەسەڵاتی لێ ئاگادار دەکەمەوە ئەو توندوتیژی و ناسەقامگیرییەیە کە ئەو جیلە بەرپای دەکەن کە لە دوای (٢٠٠٥)ەوە لەدایک بوون و  ئێستا تەمەنیان تەنها ١٥ ساڵە، بەڵام وا وردە وردە خەریکە بە تەواوی پێدەگەن و ناشتوانن خێزان پیکەوە بنێن، چونکە وەک و تاک بەدامەزراو بونیان و لەسەرپێ وەستانیان لە کۆمەڵگەدا ئاسان نییە بەهۆی ئەم بێموچەییەی کەسوکاریان و ئەو شکستەش کە لە سیستمی سیاسیی و ئابوریدا هاتووەتە ئاراوە. بۆیە ئەو بیانووەی کە بەردەوام دەیهێننەوە بەوەی کە خپیشاندانەکان دەستی دەرەکی لە پشتە لەوانەیە تاسەر ئەو شکستەی کە لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا بەسەرتاندا هەتووە چارەسەر نەکات. دەسەڵات دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە دەیەی سێیەم لەم سەدەیەدا بۆ دەسەڵاتی کوردی پڕکێشەترین دەیە دەبێت، کەواتە دەبێت خۆتان بگۆڕن ئەگینا ئەو جیلە گەنجەی کە من ناوم لێناوە جیلی (٢٠٠٥) بەزۆر دەتانگۆڕن.

بەشکردن: