ئایا ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بێهیوا بوە، کێ رێگریکرد مایکرۆسۆفت لە هەولێر کاربکات؟

بەشکردن:

فازیل کوردی

رۆژگارێکی درێژە لە زۆر روداو و گۆڕانکاریی پەیوەست بە کوردستانەوە، وەک کەسێک کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان کارمکردوە، ئاگادارم. ئەو رۆژانە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، بە قۆناغێکی سەرنجڕاکێشدا دەڕۆن. ئەمریکا، بەتایبەتتریش لە سەردەمی ئیدارەی تڕامپدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردون، کە ئەو گۆڕانکارییانە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کورد و پێگەکەی لە عێڕاق و ناوچەکە دەبێت. لە ماوەی سێ دەیەی کارکردنم لەگەڵ ئەمریکییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، شاهیدی کۆمەڵێک روداو و پرسی سەرنجڕاکێش بومە. بۆ هەندێکیان شانازییەکی گەورە بە خەڵک و وڵاتی خۆمی تێدا دروستکردوم، بۆ هەندێکیشیان، ئاخێکی قوڵم هەڵکێشاوە کە وڵات لەلایەن کەسانی شیاوەوە بەڕێوەنابرێت. دەمەوێت لەو وتارەدا، هەندێک لە یاداشتەکانم بەکورتیی لەگەڵ ئێوەدا پارڤەبکەم. وەڵامی ئەوەشمان دەستبکەوێت چیمان لەدەستداوە لە سێ دەیەی پەیوەندیی لەگەڵ رۆژئاوا/ئەمریکادا، ئایا ئەمریکاش بێهیوا بوە لە هەرێمی کوردستان؟

لە گەرمەی بایکۆتی سوننە لە حوکمڕانی عێراق و چالاکی چەکداری ڕۆژانەی گروپە چەکدارە تیرۆریستەکان لە دژی حکومەتی خۆجێیی و ناوەند و هێزەکانی ئەمریکا، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ (ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠٠٧) بەڵێندەری حکومەتی ئەمریکا بووم لە موسڵ لەگەڵ (پی ئاڕ تی) وەک نوێنەری (یو ئێس ئەی ئای دی) بۆ کارکردن لەسەر تواناسازی حکومەتی خۆجێیی و جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان کە لەلایەن ئەمریکاوە بودجەی بۆ تەرخانکرابوو. (پی ئاڕ تی نەینەوا) لە قونسوڵگەری موسڵ بو بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی موسڵ و دهۆک و هەولێر. (پی ئاڕ تی کەرکوک) لە قونسوڵگەری کەرکوک بو بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی کەرکوک و تکریت و سلێمانی. ئەو کات نە (ئاڕ ئاڕ تی)، نە قونسوڵگەری هەولێر دەست بەکار نەبوون.

ئەو کات باری ئەمن و ئاسایش لە نەینەوا بەگشتی و ناو شاری موسڵ بەتایبەتی زۆر خراپ و ناجێگیر بوو، هەفتە نەبوو هاوەن باران نەکرێین یان مین و بۆمب نەچێندرێ لەسەر ڕێگامان لەلایەن چەکدارە توندڕەوە تیرۆریستە ئیسلامییەکان.

ئەمریکا بە هەموو توانای هەوڵی بەرقەراری ئەمن و ئاسایشی دەدا لە موسڵ لە ڕێگای پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە شارەکە، بە جۆرێک داوا لە مایکرۆسۆفت و ستی بانک و کۆمپانیای تراکتۆری فارگەسۆن کرا وەک سێ وەبەر‌هێنەری زەبەلاح پڕۆژەی وەبەرهێنان بە چەندین ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بکەن لە موسڵ. لە بەغداد تیمەکە ڕەوانی موسڵ کران، پێشوازیم لە هەرسێ نوێنەرەکان کرد، بۆ شارەزابوون لەباری ئەمنی و پڕۆژەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژانەی (پی ئاڕ تی) بەشدار بوون، سەردانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگامان کرد و چەندین جار کۆبوونەوەمان ئەنجام دا کە زۆر هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان. سەرئەنجام هەموومان گەیشتن بەوەی کە لەم بارودۆخە ئەمنیە خراپە و ناجێگیرە پڕۆژەکانی ئەوان لە موسڵ جێبەجێناکرێن و تیمەکە بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ بەغداد. بەڵام من هەولێرم پێشنیازکرد وەک شارێکی ئارام و ئەلتەرناتیڤێک بۆ موسڵ هەتا بارودۆخی شارەکە چاک دەبێ. بیرۆکەکەی منیان پەسەند کرد و دەستمان کرد بە ئامادەکاری و پلاندانان بە تەنسیق لەگەڵ ئۆفیسی (یو ئێس ئەی ئای دی) هەولێر و پەیوندیکردن لەگەڵ حکومەتی خۆجێی و پارێزگار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە ئۆفیسی هەولێر پێیان ڕاگەیاندین کە هەموو ئامادەکارییەک کراوە و چاوەڕێی سەردانی سێ نوێنەرەکەن بۆ هەولێر.

بە سێ ئوتومبێلی سەربازی و سترایکەرێک بەیانی زوو بەڕێکەوتین بەڵام لە ناوچەی پیشەسازی کەوتینە بەر دەستڕێژی گولە و (ئاڕ پی جی). بڕیاری سەربازی گەڕانەوە بوو بۆ ناوشار بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی موسڵ دەرچین، بە هەمان شێوە لە ناو تاقی دەروازەکەش کە پێکهاتبو لە دوو تاق بۆمبیان چاندبوو پێمان تەقیەوە. لە ڕوداوێکی هاوشێوە، جارێکی تریش لەنێوان موسڵ و تەلەعفەر بۆمبێکی تریش لەژێر هەمڤیەکەمان تەقیەوە.

هەرچۆنێک بێ گەیشتینە ئۆفیسی هەولێر، بۆ پاشنیوەرۆ بڕیار بوو کۆبوونەوە بکەین لەگەڵ لایەنی حکومی بەڵام بەبێ ئاگادارکردنەوە نەهاتن. بۆ بەیانی بڕیاردرا کە ئێمە بچین بۆ لای ئەوان، ئەویشیان هەڵوەشاندەوە. دەستی دەستیان پێکردین بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێک ببینین. لە دوایین ڕۆژ نوێنەری پەیوەندییەکان لە حکومەتی هەرێم پەیوەندییان کرد بە ئۆفیسی هەولێر و پێیان گوتن بە قسەی خۆیان کە ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بۆ ئەم پڕۆژانە پێویستە بدرێ بە وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی خۆیان پڕۆژەکان جێبەجێبکەن، هەر لەلایەن خۆیان چەند کەسێکی سەرپەرشتیاری کارگێڕیش دادەنێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی وەبەرهێنەرەکان بکەن. ئەم داوایە لەلایەن هەرسێ کۆمپانیا ڕەتکرایەوە و ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە باشانە لەدەستچوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکان بۆ تواناسازی و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت بوو بە هاوکاری حکومەت.

دوو بیرەوەریی ترتان بۆ باسدەکەم. لەگەڵم بن دەچیینە ئەفغانستان.

یەکەم: کاتێ کارمەندی نەتەوەیەکگرتوەکان بووم لە ئەفغانستان؛

پاش ئازادکردنی ئەفغانستان لە دەست تالیبان و گروپە تێرۆریستە ئیسلامییەکان لەلایەن هێزی هاوپەیمانان، ناتۆ پاراستنی ناوشاری کابوڵی سپار بە هێزی سەربازیی ئەلمانیا بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی شار، بۆ ئەم مەبەستە سەربازەکانیان شەو دەبوایە لە شەقامە تاریکەکانی شار بسوڕێنەوە. کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیی بۆ سەلامەتیی سەربازەکانی خۆیان، پڕۆژەیەکیان گەڵالە کرد بۆ ڕووناککردنەوەی شەقامەکانی کابوڵ. کە چوین بۆ لای وەزیری پێشەسازی (براتان ئەندامی شاندەکە بوو)، کاکی وەزیر گوتی: “پڕۆژەیەکی زۆر باشە بەڵام ئێمە چەندمان دەست دەکەوێ؟”

تەماشای ئەو لۆجیکە بکەن، شەقامەکانی پایتەختی بۆ ڕووناک بکەوە بەخۆڕایی، پارەش بدرێ بە کاکی وەزیر. لەوانەیە بپرسن بۆچی ئەفغانستان بەو رۆژە گەییشت، بڕوام وایە وەڵامی ئەو وەزیرە هاوکار دەبێت.

دووەمیان؛ با بگەڕێینەوە کورد. پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی شارەوانی و زانکۆکان لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی کوردستان پێشنیازکرا.

یەکسەر پاش ئازادکردنی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای (ڤیژن نێتوێرک) دەستمانکرد بە پەیوەندیکردن بە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن و ئامادەکاری و نووسینەوەی پرۆپۆزەڵێک بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت. ڕێکارە یاسایییەکانی وەبەرهێنان لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێم تاوتوێکران، پاشان ڕەشنووسی پڕۆژەکانمان تاوتوێکرد لەگەڵ دوو وەزیری هەرێم کە بە سەردان هاتبوون بۆ واشنتن.

لە زمانی خۆیانەوە: “پڕۆژەکان پڕۆژەی باشن بەڵام دەبێ ئێمە هاوبەش بین.” ئێمەش ووتمان پڕۆژەی هاوبەش لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت ئاساییە بە مەرجێک حکومەت نیوەی تێچووەکە لەئەستۆبگرێ. گوتیان: “نەخێر پێویستە ئێوە هەموو تێچوەکە لەئەستۆبگرن، لە قازانج نیوە-بە-نیوە هاوبەشتانین، بەڵام لە زیان هاوبەشتان نین. هاوبەش بوونمان بە مەرجی ئەوەی کە هەموو بەڕێوەبەرە کارگێڕییەکان ئێمە دەسنیشانیان بکەین.” گوتمان ئەوی ئێوە داوایدەکەن زۆر دوورە لە یاسا و ڕێکارەکانی وەبەرهێنان کە لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێم وەرمانگرتوە. گوتیان: “ڕێکارەکانی وەبەرهێنان لای ئێمە بەم جۆرەیە، ئەوەی پێتان گوتراوە بۆ سەر کاغەز جوانە.”

پڕۆژەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە

هیوادارم پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عێراق و کوردستان بە دەردی پڕۆژەکانی تر نەچێ کە لەم دواییە دەست پێکراوە.

لە بارەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عێراق و کوردستان، ئاشکرایە بیرۆکەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆری لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوە بوو کە وڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باشوور دروستبکرێ و ببێتە پێشەنگی حوکمی دیموکراسی و بوژانەوی لایەنەکانی تری ژیان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم ئامانجەی ئەمریکا شکستیهێنا لەبەر چەندین هۆکار، کە گرنگترینیان دەستتێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە بوو کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەدیموکراسیبوون و بوژانەوەی عێراق نەبوون چونکە لە بەرژەوەندییان نەبوو.

هەروەها:

– دابەشبوونی شیعە و دروستبوونی چەندین هیزی سیاسی و چەکداری پرۆکسی.

– بایکۆتکردنی سوننە لە حوکمڕانی عێراقو ڕووکردنە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان. *دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو بەرە (زۆنی زەرد و زۆنی کەسک-سەوز).

پێویستە بگوترێ لەم جەنجاڵەی عێراق پاش ئازادبوونی لە دیکتاتۆریەت، کوردستان هەلی زێڕینی لەبەر دەستدابوو بۆ پێشەنگی دیموکراسی و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکا، بەڵام خۆگرێدانی هەردوو زۆنەکە بە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و پرسی گەندەڵیی، ئەو هەلەیان لەدەستدا.

پرسیارە گەوهەرەکە ئەوەیە، ئایا ئەمریکا بێهیوا بووە و دەستیهەڵگرتوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ بەدڵنیایی نەخێر.

بەپێی ئاگاداریم لە بەرنامەکان و پرۆگرامەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، لە سەرووی هەموویانەوە لە ڕووی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار و تەرخانکردنی دەیان ملیۆن دۆلار و ئامادەکردن و ڕاهێنانی چەندین ڕاوێژکار کە من خۆم بەڕێوەبەری بەشێکم لەم پرۆگرامە کە چەند ساڵێکە دەستیپێکردوە و بەردەوامی هەیە.

(ئەم پرۆگرامە بۆ ئەفغانستانیش ڕاستە، لە ئەفغانستان بەرنامەکە زۆر بەچاکی بەرێوەدەچی و بەردەوامیشە).

لە هاوینی ٢٠١٨ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی هەرێمی ئێستا کۆبوومەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرۆگرامە  لەژێر ڕۆشنایی کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا کە خاوەن دوو هێزی چەکدارن و وێنەکراون لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بە دوو هێزی دژە-تیرۆر و ئاشتیپارێز. پێویستە بگوترێ کە لە ڕوانگەی ئەمریکا، کوردستان یەک ناوچەی جوگرافییە – ئەم تێڕوانینە زۆر گرنگە پێویستە وەبەرهێنانی لەسەر بکرێ، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست نەکراوە.

ئەوەی دڵخۆشکەرە لە رۆژئاڤای کوردستان -کوردستانی سوریا- هێزی چەکدار ڕێکخراوە لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵام بەربەستی گەورە لەپێش ئەم پرۆگرامە هێزە چەکدارە حیزبیە ناڕێکخراوەکەی کوردستانی عێراقە.

بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و بە تەنسیق لەگەڵ (ملحق عسکری) لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە زستانی ٢٠١٩ لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم مستەفا سەید قادر کۆبوومەوە، بەڕێزیان گوتی: “لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان ڕەشنووسی پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدارمان لە کوردستان ئامادەکردوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ بریاری سەرۆکایەتیی هەرێمی بۆ دەردەکەین و دەیکەین بە بڕیار، ئەوکات ئامادەدەبێ بۆ جێبەجێکردن.”

پەیوەندیم کرد بە ملحقی عسکری باڵوێزخانەی ئەمریکا، گوتیان سەردانێکی هەولێر دەکەن و لە قونسولگەری یەکتر دەبینین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربم لە جوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەوە بوو لە هەفتەی یەکەمی ٢٠٢٠ هات بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکەمان ئەنجام دا.

ئەوەی کە کوورتی هێناوە هەتا ئێستا و پاش چەندین بەدواداچوون لەگەڵ کاک مستەفا و چەندین برادەری تری گرنگیدەر بەم پرسە، ئێستاش ئەم ڕەشنووسەمان بەدەستنەگەیشتوە..

ڕاستییەک هەیە کە بناغە و کرۆکی چاکسازییە، ئەویش یەکخستن و ڕێکخستنی هیزی چەکدارە چونکە بەبێ هێزی چەکداری ڕێکخراو:

– نە ئەمن و ئاسایش دەپارێزرێ،

– نە دامودەزگاکانی حکومەت تۆکمە دەبن و وڵاتییان متمانەیان پێدەکەن،

– نە یاسا سەروەر دەبێ،

– نە بووژانەوەی ئابووری گەشە دەکا.

ئەوەی کە پێویستە دەستوبردی لێبکرێ:

– تەواوکردنی ڕەشنووسەکە و دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم.

– پتەوکردنی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاڤا تا دەگاتە مۆرکردنی پەیمانی ستراتیجی.

– ڕۆڵی هەرێم لە زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا.

– نموونەیەکی بچوکیش: کەپکی حەمەد ئاغا لە وەرتێ دووبارەنەبێتەوە.

وەبیرهێنانەوەیەک لەبارەی وەرتێ و جوامێری خەڵکەکەی. یەو روداوە دەگێڕمەوە تەنها بۆ ئەوەی کە ئەگەر ئەو ویستی خەڵکە هەبوایە لەناو حکومەت و حیزبەکان و بەرپرسانی هەرێمیش، ئایا دۆخی هەرێمی کوردستان دوای ئەو هەمو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە دەگەییشتە کوێ؟

کارمەندی یونیسێف بووم لە هەولێر، بۆ ماوەیەک ڕاسپێردرام کە سەرپەرشتی بەشێک لە پرۆگرامی فێرکردن بکەم بەتایبەتی لە بەشی دامەزراندنی خوێندنگا لەم گوندانەی خوێندنگایان نەبوو چونکە حکومەتی بەعس گوند و لادێکانی ڕوخاندبو و خەڵکەکەشی بەزۆرەملێ لە کۆمەڵگا زۆرەملێکان نیشتەجێکردبو، خەڵکی گوندەکانیش پاش ئازادکردنی کوردستان لە ١٩٩١ لە دەست حوکمی بەعس دەستیان ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان کردەوە. یونیسێف چەند سەد کابینەیەکی وەرگرتبوو بۆ خوێندنگا بەکاریانبێنێ بەشێوەیەکی کاتی هەتا حکومەت دەست بە دروستکردنیان دەکا لە گوندەکان، بەرپرسارێتی ئەم کارە بەمن سپێردرا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر.

کاتێ نۆرەی وەرتێ هات، بیرمان کردەوە چۆن بگەیەنە وەرتێ. وەرتێ کەوتۆتە ناو دۆڵێکی سەخت و دەورە دراوە بە شاخی بەرز، دەکەوێتە بناری کارۆخەوە، تاکە ڕێگا باریکە-ڕێگایەکی پیادەبوو لەگەڵ ڕێگایەکی سەختی تراکتۆر لە دۆڵی خانەقاوە بۆ وەرتێ. هەرچۆنێک بێ بۆ نیوەڕۆ چووین بۆ وەرتێ، مەلای گوندی پێشوازی لێکردین و مەلاژنیش تەماتە و ڕۆنێکی بۆ نانی نیوەڕۆ بۆ کردین، ئیستاش چێژی ئەو تەمەتە و ڕۆنەم لە دەم دەرناچێ.

مەلا لەسەربانەکەی خۆی بانگەوازی کۆبونوەیەکی کرد بۆ خەڵکی گوندەکە، خەڵک کۆبۆوە و کوبوونەوەمان ئەنجام دا، لەبەر گەوەرەیی گوندەکە بڕیارمان دا دوو کابینە ببەخشین بە وەرتێ بەڵام ئاستەنگی گواستنەوەی پارچەکانی کابینەکە و کەرەستەی دانانی بناغە لە دۆڵی خانەقاوە بۆ وەرتێ کارێکی ئاسان نەبوو. خەڵکی گوندەکە لە خۆشی دروستکردنی خوێندنگا، کۆمەڵە گەنجێک بەخۆبەخشی گوتیان کەلوپەل و کەرەستەکان لە دۆڵی خانەقا دانێن ئێمە هەموو کەلوپەلەکان بە چەند تەنێک چەمەنتۆوە بە پشت دەگوازینەوە بۆ وەرتێ. هەموویان گواستەوە و کارەکەمان ئەنجام دا.

کە کارەکەمان تەواوکرد لە کۆبوونەوەی کردنەوەی خوێندنگاکە داوایان لێکرم لە وەرتێ بمێنمەوە و ببم بە مامۆستای خوێندنگاکەیان، بە گوتەی خۆیان: “مووچەی مامۆستا بخەرە گیرفانت، خۆراکی تەڕ و وشکیش لەسەر ئێمە.” ئەمەیە وەرتێی خۆڕاگر و میواندۆست و ژیاندۆست و پەروەردەدۆست.

لە شوێنێکی تر، ناوی گوندەکە ناهێنم، لە ڕۆژی کردنەوەی خوێندنگا ئاغای گوندەکە مەڕوماڵاتی لە کابینەکە کردبوو. ئاغایەکی سەر بە گوڵینگی سوک و چروکی گوندێکی تر لە بەر چاوتەنگی پارچە زەویەکی نەبەخشی بە خوێندنگا، هەتا.

 

بەشکردن: