گەڕانەوە بۆ سەرەتاکان: پەیمانی کۆمەڵایەتیی

بەشکردن:

مەریوان وریا قانع

ئەوەی پەیوەندیی نێوان تاکەکەسەکان و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکدەخات بوون و ئامادەگیی یاسایاکانە، نەک لۆژیکی ھێز و دەسەڵات، کە لۆژیکێکە دەشێت بگۆڕێت و لەگەڵ گۆڕانیشیدا کێشە و مەترسیی گەورە و ھەمەلایەن بەرپابکات. ھاتنی یاسا، وەک رۆسۆ دەڵێت، وادەکات مرۆڤ ”ئازادییە سروشتییەکانی بدۆڕێنێت“، بەڵام لە شوێنی ئەواندا ”ئازادییە مەدەنییەکان“ بباتەوە. ئەمەش ئەو فۆرمەیە لە حوکمڕانیی کە حوکڕانی باش لە خراپ و شیاو لە نەشیاو جیادەکاتەوە.

پەیمانی کۆمەڵایەتیی ئەو بناغە سەرەتایییەیە کە فۆرمە جیاوازەکانی حوکمڕانیی لەسەر دروستدەبێت، بە تایبەتی لە دونیای ھاوچەرخدا. ئەم پەیمانە دەشێت چەندان فۆرمی جیاواز و ناکۆک بگرێتەخۆی، یەکێکیان پەیمانێک بێت کە لێیەوە دەوڵەتی یاسا و دەستگۆڕکێی دەسەڵات و  لەدایکبوونی ئیرادەی سیاسیی جیاواز و ھێمنی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی لێ دروستببێت، ھەندێکی دیکەشیان دەشێت بنەمایەک بن بۆ سەروەربوونی ئەم یان ئەو سیستەمی دەسەڵاتگەریی. بە بۆچونی من خاڵی ھەڵسەنگاندن و جیاکردنەوەی پەیمانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە یەکتری ئامادەگیی ئەم پێنج بەھا سەرەکییەن:

یەکەم، ئامادەگیی بەھای دانانی مرۆڤ وەک بەھای ژمارە یەک و سەرەکیی. دووەم، ئامادەگیی بەھای دادپەروەریی. سێیەم بەرزڕاگرتنی بەھای یەکسانیی. چوارەم ئامادەگیی بەھای ئازادیی. پێنجەم، ئامادەگیی بەھای بەرپرسیارێتیی.

بێگومان ئەم بەھایانە تەنھا قسەی بەتاڵ و نووسینی سەر کاغەز نین، بەڵکو بەشێکن لە عەقڵانییەتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراو و بوونێکی یاسایی و دەزگایی پتەو دەگرنەخۆ. ئەو بنەما مێژوویییەی ئەم فۆرمەی لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی لەسەر بونیاددەنرێت، ئامادەگیی ڕوانینێکە کە کۆمەڵگا و مرۆڤ وەک دیاردەیەکی ئاڵۆز و پلورال و پڕ جیاوازیی و ناکۆکیی دەبینێت و حوکمڕانیش وەک ھەوڵدانێک بۆ ڕێکخستنی ئەو جیاوازییانە، لەپاڵ ئەو بەھایانەدا، وێنادەکات. ڕەنگە گونجاو بێت لێرەدا ھێما بۆ ئەو ڕوانینە ئاڵۆز و مۆدێرنەی ماکیاڤێلی (١٤٦٩-١٥٢٧) بۆ مرۆڤ بکەین، کە لە پەیوەندیدا بە ئەرکەکانی حوکمڕانییەکی سەرکەوتوەوە نیشانمانئەدات.

مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز

لە باسکردنی مرۆڤ و خەڵکدا، ماکیاڤێلی پێیوایە ”یەکێک بەڕەحمە و یەکێک تەماحکار، یەکێک دڵڕەق و توندوتیژە و یەکێک ناسک و بەسەبر، یەکێک ناپاک و ئەویتر بەوەفا، یەکێک نەرم و نیان و یەکێکی تر ترسناک، یەکێک دەم بە پێکەنین و ئەویتر مەغرور، یەکێک بەدڕەوشت و یەکێکی تر خواناس، یەکێک قسەلەڕوو ئەویتر فێڵباز، یەکێک زەحمەت و ئەویتر ئاسان، یەکێک مەترسیدار و ئەویتر بێمەترسیی، یەکێک دیندار و یەکێکی تر گومانکار“. لای ماکیاڤێلی ئەرکی حوکمڕانیی ئەوەیە ئەم ڕاستییانە بزانێت و خۆی ببێتە دادوەر و ناوبژیوانێک لەنێوان ئەم گشتە گەورە و ئاڵۆزەدا. حوکمڕان، دەوڵەت، دەبێت بتوانێت بچێتە سەرەوەی ئەم ھەموو جۆرە جیاوازییانەی بوونی مرۆڤەوە و جۆرێک لە ناوەندگیریی لەنێوانیاندا دروستبکات، واتە حوکمڕان نابێت ببێت بە تەرەف لە شەڕ و ململانێی نێوان ئەو گشتە ئاڵۆزەدا و پاڵنەداتە ئەمیان دژ بەویتریان. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش ئەوە بەس نییە حوکمڕان خاوەنی زانیاریی بێت و کۆمەڵگا و مرۆڤە جیاوازەکانی ناوی بناسێت، بەڵکو لەمە گرنگتر پێویستە لەوە تێبگات خودی حوکمڕان و دەوڵەت لە چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگایی گرنگدایە و لە کوێی کۆمەڵگادا وەستاوە. تەنھا لەو دۆخی تێگەیشتنەدا دەشێت حوکمڕانییەک ھەبێت کە عەقڵانیی و کارامە بێت. خۆ  ئەگەر ئەو ڕاستییەشمان زانی کە مرۆڤ زۆر لەوە ئاڵۆزترە تەنھا بۆ پێناسێک لە پێناسەکان کورتبکرێتەوە، کە مرۆڤ لەناو خۆیدا تەنھا ھەڵگری یەک ئیرادە نییە بەتەنھا، بەڵکو ھەڵگری زیاد لە ئیرادەیەکە کە دەشێت ھەندێکیان بەویتریان ناکۆک بێت، ئەودەم باشتر دەردەکەوێت خەڵک و کۆمەڵگا چ بوونەوەرێکی ئاڵۆزن و پێویستیان بە چ توانا و شارەزایییەکی گەورە ھەیە بۆ ئەوەی بکرێت وەک گشتێکی ئاڵۆزە ڕێک و ئاراستە بکرێن.

قازانجی گشتیی

بەڵام چی وادەکات ئەم گشتە گەورەیە بەیەکەوە و لەناو یەک چوارچێوەدا بەھێمنیی و بەبێ کێشەی گەورە کۆبکرێنەوە؟ بە بۆچوونی من ئەو پرنسیپەی کە ئەم ئەگەرە دەڕەخسێنێت: جیاکردنەوەی ”قازانجی تایبەتیی“ە لە ”قازانجی گشتیی“. ئەم جیاکردنەوەیە ئەو بنەما سەرەکییەیە کە دەشێت یارمەتیدەری دروستکردنی ئەو چوارچێوە سەرەکیی و گشتییە بێت.” قازانجی گشتیی“ ئەو ڕووبەرە ھاوبەش و پێکەوەیییە کە سەرجەمی قازانجە شەخسییەکان لە ناویدا کۆدەبنەوە و دەچنە ناو پەیوەندییەکی یاسایی و دەزگایی تایبەتەوە، کە ڕێگە لە لەدایکبوونی بەرفروانی ڕق و بوغزی کۆمەڵایەتیی دەگرێت و ناھێڵێت بگاتە پلەی تەقینەوە. لە ڕاستیدا تەنھا دوای دابینکردنی ”قازانجی گشتیی“ دەکرێت قازانجە تایبەتییەکان رەوایەتیی و شەرعیەتیی بوون و بەردەوامییان ھەبێت. ئەوەی ڕێگەئەدات ”قازانجی تایبەتیی“ بە شێوەیەکی ڕەوا پیادەبکرێت، دەستەبەرکردنی ”قازانجی گشتیی“ە وەک چوارچێوەی کۆبوونەوەی ھەمووان بەیەکەوە. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا قازانجی تایبەت ئەو ڕووبەرەیە کە خەڵک لە یەکتری دادەبڕێت و دابەشیان دەکات، ئەم دابەشبوون و دابڕانە تەنھا لەناو دابینکردنی قازانجی گشتیدا دەکرێت چوارچێوەیەک بۆ پێکەوەبوونیان بدۆزرێتەوە و بپارێزرێن و بەتاڵبکرێنەوە لە مەترسییە کوشندە و سەرەکییەکانی، گۆڕانی کەسەکان بۆ ناحەز و نەیاری یەکتریی.

لە غەریزەوە بۆ عەقڵ

لە کتێبی ”دەربارەی سروشتی مرۆڤ“دا تۆماس ھۆبز (1588-1679) دوو قۆناغی سایکۆلۆژیی و مێژوویی لە ڕوانین بۆ مرۆڤدا لە یەکتری جیادەکاتەوە. یەکەمیان ئەو قۆناغەیە کە تیایدا مرۆڤ وەک ئاژەڵێک ھەڵسوکەوت دەکات و پاڵنەری سەرەکیی ھەڵسوکەوت و جوڵەکانی ”غەریزەی خۆپاراستنە“، بە مانای ڕێگەگرتن لەوەی بکوژرێت و لەناوببرێت لە لایەن ئەوانیترەوە کە لە خۆی بەھێزتر یان زۆرزانترن. قۆناغی دووەمیان قۆناغی تێپەڕاندنی غەریزە و قۆناغی ”لەدایکبوونی عەقڵ“ە کە تیایدا مرۆڤ دەرک بەوە دەکات پێویستە لەگەڵ ئەوانیتردا ڕێکبکەوێت بۆ ئەوەی ژیانێکی ھاوبەشی ھێمن و بێتوندوتیژیی و مانادار دروستبکات. ئەم قۆناغە لای ھۆبز قۆناغی لەدایکبوونی ”ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتیی“ و لەدایکبوونی دەوڵەتە. لەدایکبوونی شتێک بە مانای سیاسەتی مۆدێرن لەم گواستنەوەیە لە ”غەریزەی مانەوە“ و بۆ ”عەقڵانیەتی ڕێککەوتن” و ”پێکەوەبوون“، لەدایکدەبێت.

ڕۆڵی یاسا

ئەوەی لە سەرجەمی ئەم گۆڕانکارییانەدا ئامادە و سەروەرە یاسایە. یاسایە وەک ھێزێکی ئەبستراکت لە سەروی خواست و ویست و حەزی تاکەکەسەکانەوەیە، بە خواست و حەز و ویستی حوکمڕانان خۆشیانەوە. یاسایە وادەکات بتوانرێت پەیوەندیی نێوان ئەو ھەموو جیاوازییانەی لە کۆمەڵگادا ئامادەیە، ڕێکبخرێن و کۆمەڵگاش بۆ مانەوە و گەشەکردنی خۆی گوێڕایەڵیان بێت. یاسا وەک شتێک لە سەروی حوکمڕانان خۆیان ماڵ و منداڵ و خێزان و بنەماڵەکانیشیانەوە. لەم دۆخەدا ئەوەی پەیوەندیی نێوان تاکەکەسەکان و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکدەخات بوون و ئامادەگیی ئەو یاسایانەیە، نەک لۆژیکی ھێز و دەسەڵات، کە لۆژیکێکە دەشێت بگۆڕێت و لەگەڵ گۆڕانیشیدا کێشە و مەترسیی گەورە و ھەمەلایەن بەرپابکات. ھاتنی یاسا، وەک رۆسۆ (1712-1778) دەڵێت، وادەکات مرۆڤ ”ئازادییە سروشتییەکانی بدۆڕێنێت“، بەڵام لە شوێنی ئەواندا ”ئازادییە مەدەنییەکان“ بباتەوە. ئەمەش ئەو فۆرمەیە لە حوکمڕانیی کە حوکڕانی باش لە خراپ و شیاو لە نەشیاو جیادەکاتەوە.

بەشکردن: