ئالنگاریكردنی (چالێنجی) قەرزەكانی حكومەت

بەشکردن:

نیاز نەجمەدین

سەرەتاییترین ئامۆژگاریی ئابوریناسان بۆ رای گشتیی ئەوەیە دەمودەست و بەسادەیی تەسلیمی ئەو داتا و زانیارییانە نەبن كە لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە بەرگوێیان دەكەوێت. لە ناوچەیەكی وەك هەرێمی كوردستان و عێراقدا داتا و زانیارییەكان، لەناویشیاندا قەرزەكانی حكومەت، زۆر زیاتر لە دەوڵەتێكی دامەزراو جێی گومان و پرسیارن.

نمونەیەكی باوی داتا و زانیاریی كۆی بەرهەمی ناوخۆیە، كە بە جی دی پی (GDP) ناسراوە. ساڵانە وڵاتان بەهای تەواوی ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانەی بە شێوەیەكی یاسایی بەرهەمیانهێناوە دەدۆزنەوە، بە دۆلار دەیشكێننەوە و ناوی دەنێن جی دی پی. دواتر كۆی بەرهەمی ناوخۆ دابەشی سەر دانیشتوان دەكەن، داهاتی تاكەكەس دەدۆزنەوە. وردەكارییەكی زۆر لە دۆزینەوەی ئەم پێوەرەدا هەیە، لەوانە نرخ. ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوا كۆی داهاتی ناوخۆ زیاد دەكات، ئەو كاتەش كۆی داهاتی تاكەكەس زیاد دەكات. زیادبونی لەم چەشنە نابێتە مایەی دڵخۆشیی ئابوریناسان، چونكە زیادبونەكە لە نرخەوەیە نەك لە بەرهەمهێنانەوە (واتە روكەشییە نەك راستەقینە)، كەچی رەنگە كاكی بڕیاربەدەست وەك بەرزبونەوەی ئاستی گوزەران بیناسینێت.

ئەم پێوەرە سودی زۆرە (كەموكورتیشی هەیە). كۆی قەرزەكانی هەرێم دابەشی سەر 6 ملیۆن كەسی بكە، دەبینیت هەر كەسێك 4,500 دۆلاری بەردەكەوێت (مانگی نزیكەی 400 دۆلار). داهاتی تاكەكەس زۆر نزمە، بەر لە چەند ساڵێك لە مانگی 400 دۆلار زیاتر نەبوو. واتە داهاتی ساڵی كەسێك كە هیچ نەخوات تەنها بەشی قەرزەكانی دەكات. لە ئێستا لەم بڕەش كەمترە.

قەرز لە چەند كاتێكدا ترسناكە. یەكێكیان ئەوەیە كە بگاتە سەروو ئاستی جی دی پی و بەرامبەر بە نرخی سود بێت، چونكە زۆر بەخێرایی كەڵەكە دەبێت. بۆ ناوچەیەكی وەك هەرێم ترسناكتریشە چونكە نە دەوڵەتی هەیە و نە متمانەی نێودەوڵەتیی. لە هەرێمی كوردستاندا ئەمە رویداوە: بڕی قەرز لە 100%ی كۆی جی دی پی تێپەڕاندووە. دەرئەنجامێكی سادە لێرەدا ئەوەیە بڕیاربەدەستانی هەرێم دەبێت رەخنەباران بكرێن و روبەڕوی لێپَچینەوە بكرێنەوە كە بۆ هێشتویانە قەرز بەو ئاستە زیاد بكات.

لە وڵاتێكدا كە لە روی سیاسییەوە لە ناوخۆیدا پڕە لە ململانێ، درزێكی گەورە لە نێوان خەڵك و دەستەبژێری سیاسیی هەیە، دەزگای تایبەت بە دۆزینەوەی پێوەری ئابوریی نییە، زۆر شتی تریش، گومانەكە لە راست و دروستی میتۆدی دۆزینەوەی پێوەرە ئابورییەكە نییە بە تەنها، بەڵكو ئەوەشە ئایا لە بنەڕەتدا ئەو داتایە راستە یان بەكاردەهێنرێت بۆ یارییەكی ناشیرین؟

چاوێك بە داتا و پێوەرەكانی پێشوودا بخشێنە. ئایا راستە 180 هەزار كەس ئەنفال كراون، پێنج هەزار كەس لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهیدكراون، زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەر و موچەوەرگرمان هەیە؟ واز لە ئەنفال و كیمیاباران بێنە، تەنها بونی فەرمانبەری شەبەحیی، كە بە بندیوار ناسراون، لە لیستی موچەدا خۆی واتای ئەوەی یاریی بە ژمارەكان دەكرێت بۆ زۆر شت، یەكێكیان بردنی بودجەی زیاترە.

ئایا ژمارەی دانیشتوان راستە، ژمارەی كورد و عەرەبی ناوچە كێشە لەسەرەكان راستە؟ كەم كەس هەیە بوێرێت بڵێت راستە، چونكە یاریی پێدەكرێت بۆ ململانێی تایفیی و نەتەوەیی.

ئەی داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەكان راستە؟ كەم كەس هەیە متمانە بەم داتایەش بكات لەبەر ئەو هۆكارانەی زۆرینە دەیزانن. داتا لە عێراق و هەرێمدا مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە، بۆیە بەكارهێنانی شێوازی زانستیی لە دۆزینەوەیاندا نرخێكی نییە. هەر بۆیە هەمیشە داتا و زانیارییەكان لەم سیستمانەدا جێی گومانن.

ئەگەر یەك داتا و زانیاریی نیشتمانیی نەبێت جێی متمانە بێت، ئەی بۆچی باوەڕ بە 27 ملیارد دۆلار قەرز بكەین؟

گریمان بڕی قەرزی راگەیەنراو راستە. دیسانەوە پرسیارەكانی ئابوریناسان كۆتایی نایەت.

ئایا ئەو قەرزەی راگەیەنراوە پوختەیە، واتە سافییە یان كۆیە؟ مەبەست لەوەی پوختەی قەرزە زۆر شت دەگەیەنێت، یەكێكیان ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم هیچ قەرزێكی لای كەس نییە؟ من، تۆ، زۆرینەمان، كۆمپانیاكانیش قەرزاری حكومەتین و حكومەتیش قەرزاری ئێمەیە. رون نییە كە ئەم پاكتاوكردنە كراوە، بێ ئەمەش ئێمە ناتوانینن بڵێین حكومەت 27 ملیارد دۆلار قەرزارە. دەشێت بڕی قەرزەكە گەورەتر لە قەبارەكەی دەرخرابێت.

گریمان حكومەت دەڵێت “بەڵێ، كراوە”. ئینجا دەبێت بچینە ناو وردەكاریی قەرزەكەوە تا تێبگەین ئاستی مەترسییەكە چەندە.

پشكی قەرزی ناوخۆ لە كۆی قەرزەكە چەندە؟ ئەی پشكی قەرزی دەرەكیی چەندە؟ لە كۆبونەوەیەكدا بوم لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمان و ئەكادیمییەك. یەكێك لە ئەندام پەرلەمانەكان گوتی “قەرزی دەرەكیی سێ ملیارد دۆلار لە 27 ملیاردەكە پێكدەهێنێت”. واتە نزیكەی 11%ی كۆی قەرزەكان دەرەكیین، كە مەبەست لێی لێرەدا كۆمپانیا بیانییەكانە. ئەگەر پشكی قەرزی دەرەكیی كەم بێت لە كۆی قەرز، واتە ئەگەر بەشی زۆری قەرزەكە لە ناوخۆوە بێت، ئەوا مەترسییەكەی كەمترە وەك لەوەی دەرەكیی بێت. بۆچی؟ یەكەمیان بەهۆی مەسەلەی ئاڵوگۆڕی دراوەوە (داهاتمان بە دینار و قەرزمان بە دۆلار بێت، ئەوا لە كاتی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بڕی قەرزەكەمان زیاد دەكات). هۆكارێكی تر ئەوەیە سوڵح لەسەر قەرزی ناوخۆیی ئاسانترە. بە كورتیی، “چەند قەرزی دەرەكیی و چەند قەرزی ناوخۆییت لە ئەستۆیە كاریگەریی هەیە لەسەر ئاستی مەترسیی قەرزەكە. زیاتر لە 85%ی قەرزەكانی حكومەت ناوخۆیین، بۆیە رەنگە هێندەش ترسناك نەبێت كە پیشانمانی دەدەن.

ئەگەر حكومەت قەرزێكی لەسەرە و لە بەرامبەریدا نرخی سودی لەسەر نییە، ئەوا دیسانەوە مەرج نییە ئەو قەرزە مەترسیدار بێت. بەشێك لە قەرزەكە هی فەرمانبەرانی حكومەتە و هەموومان دەزانین نەك نرخی سودی لەسەر نییە (كە دەبوو هەبێت!)، بەڵكو وەریشیناگرنەوە. ئەمە واتای ئەوەی راگەیاندنی داتای سادە نە هیچ ئەرزشێكی هەیە و نە دەشتوانین كۆمەكی حكومەت بكەین بەو هۆیەوە زانیاریی لەسەر قەرزەكەی لێ شاردوینەتەوە لە كاتێكدا دەبوو رایبگەیەنێت چەند لەم قەرزە نرخی سودی لەسەرە. نەبونی ئەم زانیارییە واتای ئەوەش كە نازانین قەرزەكە بە چ خێرایییەك كەڵەكە دەبێت. رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی حكومەت ئەم ئیشە ناكات ئەوە بێت بە كەیفی خۆی دەستكاریی موچەی فەرمانبەران بكات و ئەوان بكاتە قوربانیی لە بری دەستبردن بۆ ئەو كەسانەی وڵاتەكەیا خستە ژێر قەرزە و تاڵانیان كرد.

لایەنی قەرزدەر بە حكومەتی هەرێم كێیە زانیارییەكی گرنگە كەچی ئەمەش نادیار و ناڕۆشنە. لایەنی قەرزدەر بە هەمان ئاست فشار لەسەر قەرزوەرگر دروستناكەن.

بەدەر لەمانەش، لایەنی داهات ئاستی كەڵەكەبونی قەرزەكە دەستنیشان دەكات. ئەگەر ئێمە دڵنیا نەبین لە قەبارەی داهات و داهاتی پێشبینیكراو لە ئێستا و لای كەم ساڵی داهاتوودا، ئەوا دڵنیاش نابین قەرزەكە سەرەخۆرەیە یان بە كەمترین زەرەر رزگارمان دەبێت لە دەستی.

كەواتە زۆر زانیاریی هەیە دەربارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم ونە كە وادەكات نەتوانین تەنانەت پلانێكی دروست بۆ روبەڕوبونەوەی گفتوگۆ بكەین. بانگەوازی من بۆ ئەوەی نەچینە ژێر باری ئەم قەرزە روی لە دوو لایەنە. تەواوی حزبەكان و رای گشتیی تا لە كەناڵی پەرلەمانەوە بێت یان كەناڵەكانی تر حكومەت ناچاربكەن راستیی و دروستیی قەرزەكە و وردەكارییەكەی بدركێنرێت. بەبێ وردەكاریی قەرزەكە و دڵنیابون لە راستیی و دروستییەكەی، چونە ژێر باری 27 ملیارد قەرز یان لە گەمژەیی و نەفامییەوەیە یان بۆ بەرگریكردنە لە سیستەمێك كە نانێكی چەوری بۆ ئەو كەسە تێدایە.

بەشکردن: