بژاردەکانی سەرۆکی حکومەت لەنێوان مەحاڵ و ئەستەمبوندا

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

“لە راستیدا بژاردەکانی بەردەم سەرۆکی حکومەت نەک تەنها ئاسان نین، بەڵکو لەنێوان مەحال و ئەستەمن، چونکە سەرۆکی حکومەت ئەو راستییە باش دەزانێت، کە خانەوادە و حیزبەکەی خۆی بەرپرسیاریەتی یەکەمی شکستی حوکمڕانیی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە رۆژ بە رۆژ هەژمونی دەستەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە گرنگەکانی دەستەڵاتدا سەپاندوە و رۆڵی لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتیان لە پرسە سیاسی و ئابورییە گرنگەکان لە پاشکۆیی کورت کردۆتەوە”

سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی  لە وتارە تۆمارکراوەکەی ئەمدوایەیدا کۆتا خاڵی خستە دوای هەمو ئەو دێرانەی باسی شکستی حوکمڕانی کوردیان لە ٢٩ ساڵی رابردودا دەکرد. بەمەش جەریئانە کۆتایی بە مشتومڕێک هێنا، کە دەمێکە لە روی واقیعەوە وەکو راستییەک سەڵمێندراوە، بەڵام هەندێک کەس بەهۆی بەرژەوندیی تایبەتی و حزبییەوە نەک تەنها نکۆڵییان لێ دەکرد، بەڵکو لە هەوڵی بەردەوامیش دابون بە پینەوپەرۆ روپۆشی بکەن. هۆکار و پاڵنەرەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ دداننان بەشکستی حوکمڕانیی کوردی ساڵەکانی رابردو هەرچییەک بن، هیچ لەو راستییە ناگۆرێت کە هەرێمی کوردستانی لە روی گوتار و کردارەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی تر، کە قۆناغی گەڕانە بەدوای چارەسەری بنەڕەتی. بۆ ئەمەش سەرۆکی حکومەت داوای پێدانی کاتی پێویست و دانبەخۆداگرتنی لە وڵاتییانی هەرێم و یەکرێزی و هەماهەنگی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد، بۆ ئەوەی هەمو لایەک بەیەکەوە بتوانن ئەم دۆخە تێبپەڕێنن، چونکە ئاشکرایە کە نە کات لە بەرژەوندیی ئەو دایە، نە ئەویش بەتەنیا دەتوانێت بەتەنیا ملبداتە بەر ئەو ئەرکە قورسەی کە رایگەیاندوە.

حوکمڕانیی هەرێم تەنها لە روی سیاسی و ئابورییەوە شکستی نەخواردوە، بەڵکو لە روی ئەخلاقی و مەعنەویشەوە زۆر بە قوڵی خزاوەتە خاڵی ژێر سفر. حوکمڕانی هەرێم لە رابردودا چەند بارتەقای قەرزی ماددی، قەرزی مەعنەوی لەسەر کەڵەکە بوە، کە ئەوەش بۆتە هۆی نەمانی هیچ متمانە و هیوا و ئومیدێک بە حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوەش پێدانی کات و پشتگیری وڵاتییان تەنها پەیوەست نییە بە توانای سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی، کە تا چەند سەرکەوتو دەبن لە خستنەڕوی ناوەرۆکی بەرنامە و کارنامەی حکومەتی هەرێم و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ دەرچون لەم دۆخەدا، بەڵکو دەکەوێتەوە سەر خێرایی و جدییەتی هەنگاوی کرداری داهاتوی سەرۆکی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی.

تا ئێستادا حکومەتی هەرێم  و سەرۆکی حکومەت نەک تەنها هیچ بەرنامە و پلانێکی گشتگیر و تێروتەسەل و واقیعی و بڕواپێهێنەر و متمانەبەخشیان پێشکەش بە وڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەکردوە، بەڵکو بگرە لە روی کرداریشەوە تەواو بە ئاڕاستەی پێچەوانە هەنگاودەنێن. ئەمەش گومانێکی یەکجار گەورە دەخاتە سەر توانا و جدییەتی سەرۆکی حکومەت بۆ درەبازکردنی دۆخی هەرێم لەم سەرگردانی و بێئومێدی و شێواوییەی تێیکەوتوە، کە لە ئەنجامدا لەوانەیە داروخانی یەکجارەکی دەستەڵاتی حوکمڕانیی هەرێمی بە دواوە بێت.

لە راستیدا بژاردەکانی بەردەم سەرۆکی حکومەت نەک تەنها ئاسان نین، بەڵکو لەنێوان مەحال و ئەستەمن، چونکە سەرۆکی حکومەت ئەو راستییە باش دەزانێت، کە خانەوادە و حیزبەکەی خۆی بەرپرسیاریەتی یەکەمی شکستی حوکمڕانیی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە رۆژ بە رۆژ هەژمونی دەستەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە گرنگەکانی دەستەڵاتدا سەپاندوە و رۆڵی لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتیان لە پرسە سیاسی و ئابورییە گرنگەکان لە پاشکۆیی کورت کردۆتەوە. هەر هەنگاوێکی جدی بە ئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی رابردو، ئەگەر لە خانەوادەکەی خۆی دەستپێنەکات، نەک تەنها هیچ بەرهەمێکی ئەرێنی بۆ خۆی و حکومەتەکەی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکەش. بژاردە دروستەکە ئەوەیە، سەرۆکی حکومەت بە لێپرسینەوە لە باوک و برا و مام و ئامۆزاکانیەوە دەستپێبکات، کە نەک تەنها لە روی سیاسییەوە بەرپرسی سەرەکی شکستخواردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن، بەڵکو زۆرترین قۆرغکاری ئابوریشیان ئەنجامداوە. دەستبردن بۆ ئەم بژاردەیە پێدەچێت مەحاڵ بێت، چونکە ئەگەر مەسرور کوری مەسعود بارزانی نەبوایە، نەدەبو بە سەرۆکی حکومەت.

کەواتە سەرۆکی حکومەت هیچ بژاردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە، جگە لەوەی، یان دەبێت لە لایەنە سیاسییەکانی ترەوە یانیش بە هاوکاری ئەوان دەستپێبکات. بۆ ئەمەش ئەستەمە سەرۆکی حکومەت بتوانێت بەرپرسیارێتیی شکستی حوکمڕانیی هەرێم هەموی بخاتە سەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی تری سیاسی، بێئەوەی بچوکترین لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵە و پارتەکەی خۆی کردبێت، چونکە هیچ لایەنێک نەک تەنها ئامادە نییە بچێتە ژیر بەرپرسیارێتی بریاری بەزۆرداسەپێندراو، بەڵکو لەوانەیە ئەندام و لایەن و بەشێکی وڵاتییانی نارازیش لە سەرۆکی حکومەت و پارتەکەی هانبدەن و قوڕەکە لە سەرۆکی حکومەت خەستتر بکەنەوە.

کەواتە لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت هیچ بژاردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە، جگە لەوەی داوای هاوکاری و هەماهەنگیی لە لایەنە سیاسییەکانی تر بکات بە مەستی سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دەربازکردن و پەڕاندنەوەی دۆخی هەرێم. بۆ ئەمەش سەرۆکی حکومەت ناچاردەبێت پێش هەمو کەسێک ددان بە شکستی خۆیدا بنێت، لە پەرتەوازەکردن و پەراوێزخستنی لایەنەکان، چونکە هەر خۆی زەمینەی کاری هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی تر بەتەواوی لەباربردوە. ئەمەش ئەگەر مەحال نەبێت، ئەوا ئەستەمە، چونکە لایەنەکانیش بێگومان لە بەرامبەر چاوپۆشین لە بەرپرسیارێتیی بنەماڵە و پارتەکەی سەرۆک حکومەت لە شکستی حوکمڕانی رابردو، داوای چاوپۆشین لە بەرپرسیارێتیی خۆیان دەکەن، کە ئەوەش لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی هەمو هەوڵەکانی راستکردنەوەی شکستی حوکمڕانی هەرێم. ئەمەش نەک تەنها دۆخەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو وڵاتییان زیاتر بێئومێد و بێهیوا دەکات لە حوکمڕانی هەرێم، کە ئەگەری داڕطوخانی دەستەڵاتی ئێستا لە رێگەی توندوتیژی زۆر زیاتر دەکات، لە ئەگەری دەربازکردن و گواستنەوەی ئاشتییانەی دۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەشکردن: