ڕۆڵی جوگرافیا لە سەپاندنی دەسەڵاتدا

بەشکردن:

مەدیحە سۆفی

جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە نێو ئۆقیانوس و دەریاکاندا، بەڵگەی بوونی پێگە و سەپاندنی دەسەڵاتە لە جیهاندا، چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری و گواستنەوەی وزە، بەتایبەتی لە تەنگە و گەرووی دەریا و ئوقیانوسەکاندا وەکو گەرووی هورمز و تەنگەی مەلەکە، چ بۆ دەرهێنانی وزەی بندینی ئەو ڕوبەرە ئاویانەی بوونی وزەی تێدا سەلمێنراوە، چ بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە لە دەست چەتە (قراصنة) و ڕێگرەکان، کە بەردەوام لە کەمیندان بۆ ڕاگرتن و ڕوتانەوەی باری  ئەو کەشتیانەی بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵا لە ناو ئاودا لە هاتوچۆدان، جگە لەوەی هێزی سەربازی نێو ئاو، بۆ جێگیرکردنی بنکەی هەڵگری فرۆکەی سەربازیە لە کاتی هاتنەپێشەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەسەڵاتێکی ڕەهایە بەسەر ئەو ناوچە و ڕوبەرەی تیایدا دادەنرێ.

بوونی پێگەی هێزی دەریایی بەڵگەی بوونی دەسەڵاتە، لە ئێستادا چین بەهەموو توانایەکیەوە هەوڵی ئەوە دەدات  کە ئاستی هێزی دەریایی زیاتر  لە نێو دەریادا بچەسپێنێ و باڵای بکێشێتە سەر تەواوی  خوارووی دەریای چین، وە بۆ ئەوەی ڕوبەری وشکاییەکەی فراوانتر بکاتەوە و بۆ ئەوەی دورگەکانی نێو دەریا وەکو جوگرافیای چین ئەژمار بکات، لە هەندێ شوێنی نزیك سنووری چین، هەوڵ دەدات بە پڕکردنەوەی دەریا بە لم دورگە دروست بکات تا بەپێی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی سنوورە ئاویەکەی ئەو دورگانە ببنە ڕوبەری سەر بە جوگرافیای چین خۆی،  بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە گەڕان بەدوای وزەی ژێر دەریاکە. لە ئێستادا هێشتا ئەمریکا خاوەن دەسەڵاتی یەکەمی هێزی دەریاییە، وەلێ نیگەرانی گەشەکردنی هێزی دەریایی چینە لەو دەڤەرەدا.

تورکیا وەکو دەوڵەتێکی داماڵڕاو لە مۆڕاڵ و هەست بە لێپرسینەوە، هەمیشە لە خۆئامادەکردنە بۆ داگیرکردن و پەلاماردان، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٣ دا و لە ڕێکەوتنی لۆزان شەڕی نێوان تورکیا و یۆنان کۆتایی هات و سنوورێكی نوێ بۆ دەوڵەتی تورکیا دانرا، دورگەکانی ئەو دەڤەرە بوونە بەشێك لە یۆنان و قوبرس چووە ژێر دەسەڵاتی بەڕیتانیاوە، پاش پەنجا و یەك ساڵ لە ساڵی ١٩٧٤ دا، تورکیا سوپای خۆی پەلکێشی بەشی باکوری قوبڕس کرد، تا ئێستاش تەنها لەلایەن ئەنقەڕەوە، وەکو دەوڵەت دانی پێدانراوە.

داگیرکردنی باکوری قوبڕس، تەنها هێرشی سەربازی و تەنها داگیرکردن و چوونە نێو سنووری وڵاتێك نیە، لە ئێستادا چەند قوبڕسێك هەن، ڕۆژئاوای کوردستان (باکوری سوریا)، باشوری کوردستان و هەروەها سوپای تورکیا وا لە لیبیا بەناوی بەهاناچوونەوە سوپاکەی لەوێ شەڕ دەکات، جوڵە سەربازیەکانی تورکیا جوڵەی ئاشکران، بەبەرچاوی جاڕی نێونەتەوەیی و هەرچی ناوی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی جیهانیەوەیە، ئەنجام دەدرێ، بێ هیچ جۆرە شاردنەوە و شەرمێك، سەرانی حوکمڕانی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا جاڕی گەڕانەوەی موسڵ و کەرکوك دەدەن بۆ سەر جوگرافیای تورکیا، باس لە فراوانکردنی سنووری ئەو وڵاتە دەکرێ بۆ پێش ساڵی ١٩٢٣، ئەوەی کرۆکی ئەو هەوڵدان و داگیرکردنەشە، جگە لە گەڕانەوەی ناوچەکانی سەردەمی عوسمانی،  گەیشتنە بە سەرچاوەکانی وزە، چ لە دەریای سپی ناوەڕاست، چ لە کەرکوك و موسڵ.

تورکیا، بەپەلاماردانی وڵاتانی دەوروپشتی خۆی ناوەستێ، بەپێی لێدوانێك، گوایە [داوای لێکراوە، لە لایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە، لە کەنارەکانی سۆماڵیا بەدوای چاڵە نەوت و گاز لە نێو ئۆقیانوسدا بگەڕێ]، لەهەر شوێنێکیش سوپای تورکیا پێگەی خۆی داچەقاند ئیتر هەڵکەندن و درچوونی ئاسان نیە، جگە لەوەی سوپای تورکیا ڕاهێنان بە سەربازی سۆماڵی دەکات وەکو ئامادەکاریەك بۆ هەر دژایەتیکردنێکی ئیقلیمی بەرامبەر بە سۆماڵ، ئەم داواکردنەی سۆماڵیش بۆ تورکیا ئەرێنیە و هەنگاوەکانی وەکو چوونەپێشە بەرەو لیبیا.

ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیش، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە گرنگیەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەدوای دڵنیابوون لە بوونی گازی سروشتی تیایدا، ئەگەرچی ئەو دەڤەرە گۆڕەپانی کۆمەڵێ کێشە و پێکدادانە، لەوانە شەڕی سوریا کە سەرەتاکەی بەهۆی کێبڕکێی تێپەڕینی گازی سعودیە و ئێرانەوە بە نێو خاکی سوریادا دەستی پێکرد، کێشەی قوبڕس، هەروەها  نائارامی هەمیشەیی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، هەموو پێکەوە کاردانەوەیان لەسەر ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە هەیە، گەمەی تورکیاش لە نێو ئەو هەموو پێکدادانەدا، گەمەیەکە بۆ قۆڕخکردنی وزە و تێکدانی ڕێکەوتنەکانی نێوان وڵاتانی کەنار دەریای سپی ناوەڕاست.

دۆزینەوەی گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕواستدا، گۆڕانێكی ئەوەندە گەورە دەخوڵقێنێ، کە دوبارە کارتەکانی هاوپەیمانێتی و دژایەتی تێکەڵ دەکاتەوە،  هەنگاوەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە بڕیارەکاندا تورکیا خراوەتە دەرەوەی کەوانەکەوە، دۆخێك دێنێتە کایەوە، کە ئیسرائیل، یۆنان و قوبڕس بتوانن پێکەوە گرێبەستی بەرهەمهێنانی پیشەسازی وزە مۆر بکەن و لە جیاتی هاوردەکردنی وزە، ببنە سەرچاوەی هەناردەی وزە بەرەو دەرەوە، جیا لەوەی یۆنان خاوەن گازێکی زۆری حەشاردراوی ژێر ئاوە، کە دەستکاری کردنی هێشتا دواخراوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا، لیبیا و تورکیا گرێبەستێکی سەربەخۆیان مۆرکرد، کە مەودا ئاویەکەی نێوان خۆیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە پێ دەکەن و لەسەر دابەشکردنی ئەو مەودا ئاویەش کە کەنارەکانی دەریاچەی ئیجە دەگرێتەوە، بەرنامەی تایبەتیان داڕشتووە، بێگومان تورکیا هەمیشە ڕۆڵی تێکدان و گێرەشێوێنی و دوبەرەکی دەبینێ، یەکێك لە ڕۆڵە تێکدەرەکانی بۆ ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ لیبیا، تێکدانی پرۆژەی ( لولەی گازی دەریای ناوەڕاست) ە، کە تورکیا تیایدا بەشدار نیە.

پرۆژەی (لولەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست) ئەو پرۆژەیەیە کە وڵاتانی ئیسرائیل، یۆنان و قوبڕس بۆ گوازتنەوەی گاز لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا، لەسەری ڕێکەوتوون، ئەم لولەی گازە لە بندینی ئاوەوە ڕادەکێشرێت و بڕیارە ٢٠٢٥ پرۆژەکە تەواو بکرێ، لێرەدا تورکیا خرایە دەرەوەی بازنەکە، بەڵام گەمەکەی وەکو فاکتەرێکی تێکدەر هەر بەردەوامە.

ڕێژەی بەکاربردن و پێداویستی گاز لە تورکیادا لە ماوەی ئەم دەساڵەی دواییدا، بەڕێژەی ٥٠٪  زۆرتر بووە لەچاو پێشتر، ساڵی ٢٠١٧ نزیکەی ٥١،٧ ملیار مەتر سێجا گازی کڕیوە، زۆرترین ڕێژەی لە ڕوسیا و ئازربایجان و ئێرانەوە هاوردە کردووە، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو تێچووە لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوە بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی لە نێو دەریادا و ڕکابەریکردنی ئەو پرۆژانەی تورکیای تێدا نیە لە دەریای ناوەڕاستدا، لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٩ دا تورکیا و لیبیا گرێبەستێکیان لە سەر سنووری مەودای ئاوی دەریای ناوەڕاستدا مۆر کرد، ئەو سنوورە دیاریکراوە ئەو سنورە دەگرێتەوە، کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مەوداکانی ئاو، سەر بە سنووری شەرعی یۆنانن، بێ گومان تورکیا وەکو دەسکەلایەکی ڕوسیا دژایەتی ئەو پرۆژانە دەکات، لەلایەکەوە لەبەر کەمکردنەوەی ڕەواجی خۆیەتی لەو دەڤەرە، لەلایەکیترەوە ئەو پرۆژانە دەبنە ڕکابەری گازی ڕوسیا.

ڕۆڵی کورد لەو جوگرافیایەدا؟

جوگرافیای باشوری کوردستان، جوگرافیایەکی سەختە، ناکۆکیشی لەگەڵ باکور و ڕۆژئاوا ئەگەر تا ئێستا لە زەرەری خۆی و قازانجی تورکیا بووبێ، لە ئێستا بەدواوە، زەرەری خۆی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە. دەمێکە نازی جیۆستراتیژی تورکیا، بارە بەسەر وڵاتانی ڕۆژئاواوە، هەوڵدانی یەکخستنی یەکێتی و پارتی لە نەدەوەکاندا بە ناوەندگیری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، یا هەوڵدانی ئێستای بۆ یەکخستن و ڕێکەوتنی باشور و ئەنەکەسە، مەودای دوورتری لێکدانەوەی هەیە، لەچاو ئەو کورت بینیەی ئێستای ئێمە، سنووری دەریا ستراتیژە، دەسەڵاتە، هەیمەنەیە، واڵاکردنەوەی ڕێگایە بۆ کوژانەوەی ڕکابەر، کە لە ئێستادا ڕوسیایە، بۆ پەیوەندی بازرگانی و گوازتنەوەی وزە. وەلێ بەرامبەرگرتنی ڕوسیا لەلایەن ڕۆژئاواوە، بە بوونی یەدەگێکی وەکو تورکیا ئاسان نیە، بەتایبەتی بەبوونی ئەو تایبەتمەندیەی تورکیا هەیەتی چ لە پێکهێنانی گروپی تیڕۆرستی جۆراوجۆردا، چ لە ئەمبەر و ئەوبەرکردنێکی بێ مۆڕاڵی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و لەو پەت پەتێنەی ئەمڕۆ دەیکات.

کورد ئەمڕۆ لە سەر نەخشەی پلانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاکتە، وەلێ لە باشوردا کورد لەسەر نەخشەی حوکمڕانیدا، حوکمڕانیەکی دیکتاتۆر و دۆڕاوە، لەسەر نەخشەی ئابووریدا نەزانە، لە قۆرخکردنی سامانی مرۆییدا تاوانبارە، لە پەیرەوکردنی ڕێوشوێنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانکردنەوەدا تا ئەو پەڕی چەق بەستووە، لە سیاسەتی دەرەوەدا لاواز و کەم ئەزمونە، هۆکاری هەموویشی نەبوونی سەرکردەیەکە، بە کۆی هەموو ئەو سیفەتانەی، ئەمڕۆی کورد دەیخوازێ

بەرنامەی هاوبەش بۆ گەیشتنە سەر کەناری دەریا سەنگی مەحەکە، دەرچوون لەو جوگرافیا سەختە بێ دەروازەی دەریایە، پسولەیەکی ڕەهایە بەرەو واڵاکردنی دەسەڵات و سەلماندنی پێگە، لە هەمووی گرنگتر داڕمانی بەشێك لە هەیکەلی ستراتیژیەتی تورکیا و بوونە ئەڵتەرناتیڤیەتی، ئەگەر پرسی کورد وەکو پرس، نەك وەکو پەرستنی کورسی مامەڵە بکرێ.

بەشکردن: