كارلێكی نێوان متمانه‌ی سیاسی و پێكه‌نینی خه‌ڵكی به‌مه‌رگی كۆرۆناڤایرۆس!
سه‌نگه‌ر رسول
كاتێك فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرد له ساڵی 2016 دا، ده‌سته‌واژه‌ی سیاسه‌ت دوای متمانه‌ی به‌كارهێنا “post-trust politics”، ئه‌وا له‌ئاستی جیهاندا بهَرێژهی سه‌دا دووهه‌زار به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه زیادیكردبوو. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و راستییه ده‌گه‌رێته‌وه كه زۆربه‌ی سیستمه سیاسییه‌كان متمانه‌ی خۆیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه له‌ده‌ستدابوو، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ و ریفراندۆمی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌و بێ متمانه‌یه‌ی رای گشتی به‌رامبه‌ر سیستمه سیاسییه‌كه، بۆ گه‌لێك هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌رێته‌وه، له‌وانه: زیادبوونی قه‌باره‌ی نادادپه‌روه‌ری له‌نێوان داهاتی تاكه‌كان وكاریگه‌ری جیهانگیری و پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان.
متمانه بوون شتێك نییه بكڕدرێت یاخود به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌ڵكو پرۆسێسێكه له‌چاوی ئه‌و كه‌سه‌وه كه تێبینی پرۆسه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رامبه‌ر ده‌كات و به‌پێی ره‌فتارو ده‌رئه‌نجامه‌كان ئه‌وا شێوه‌و ناوه‌رۆكی متمانه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا ده‌بێت. بۆ متمانه‌كردن بهسیستمه سیاسییه‌كانیش هه‌مان پرۆسێسهو تاك له‌و ره‌فتارو كردارانه‌ی حكومه‌ت وورد ده‌بێته‌وه كه په‌یوه‌ستن به‌چۆنیه‌تی پاراستنی دادپه‌روه‌ری و جێبه‌جێكردنی كاره راسته‌كان، به‌پێی دونیا بینی و پهسهندییهكانی ئه‌و كه‌سه‌ش پێوه‌ره‌كان گۆرانكارییان به‌سه‌ردا دێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و بژارده‌ی جیاواز بوونی هه‌یه له‌پرۆسه‌ی دروستبوونی متمانه له‌نێوان تاك و سیستمه سیاسییه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌ر تاكێك به‌پێی پێوه‌ره‌كانی به‌رده‌ست و تێروانییهكانی خۆی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ متمانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر سیستمه سیاسییه‌كان ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌وه‌ی راست و دادپه‌روه‌رانه‌یه لای هه‌ندێك ئه‌وا لای ئه‌وانی دیكه پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته. بۆ ده‌سكه‌وتنی وێنه راسته‌كه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆی، ده‌بێت خواست و داخوازی خه‌ڵكی له‌به‌رچاو بگیرێت و به‌راورد بكرێت كردار‌و سیاسه‌ته‌كانی سیستمه سیاسییه‌كه.
متمانه بوونیش به‌حكومه‌ت ده‌وه‌ستێته سه‌ر دوو بنه‌مای گرنگ؛ یه‌كه‌مییان متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و دووه‌میشییان متمانه‌ی سیاسییه. ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر بنچینه‌ی باسه‌كه له‌باره‌ی متمانه‌ی سیاسی ئه‌وا به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌وستێته سه‌ر چاوهروانییهكانی هاووڵاتیان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی و ئه‌مه‌ش به‌پێی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگاكان گۆرانكاریی به‌سه‌ردا دێت. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشان و زیادبوونی پهروهردة و بروانامه‌ی تاكه‌كان، ئه‌وا تێبینی كراوه چاوهروانییهكانی خه‌ڵكیش له‌حكومه‌ته‌كان هه‌ڵكشاوه‌و له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی چاوه‌روانییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه زۆر خێراتربوو له‌ئه‌دائی حقیقی حكومه‌ت ئه‌وا بێ متمانه‌یی زیاد ده‌بێت و خه‌ڵكیش دوودڵ ده‌بن به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌یان.
زیادبوونی هۆشیاری كۆمه‌ڵگا، به‌رپرسیاره‌تی زیاتر به‌رامبه‌ر سیاسییه‌كان دروست ده‌كات و پرۆسه‌ی متمانهبوونیش به‌حكومه‌ت گۆرانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت، وه‌ك له‌سه‌روه ئاماژه‌ی پێدرا. ئه‌م میكانیزمه له‌ده‌رخستنی بێ متمانه‌یی به‌رامبه‌ر سیستمه سیاسییه‌كان روونتر بوو، كاتێك له‌ساڵی 1964 دا، 77% ئه‌مریكییه‌كان متمانه‌یان بهحكومهتهكهیان هه‌بوو، به‌ڵام تا ساڵی 1980، ئه‌وا گه‌وره‌ترین دابه‌زینی به‌خۆوه بینی بۆ 27%، ئه‌مه‌ش زیاتر په‌یوه‌ندی به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌خش و كابلی ته‌له‌فزیۆنییه‌وه هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌م زانیاری زیاتر‌و هه‌میش به‌رچاوی روونتر بوو.
هه‌ر كات و سه‌رده‌مێكیش بۆشایی گه‌وره له‌نێوان سیاسییه‌كان و بێ متمانه‌یی به‌رامبه‌ر سیستمه سیاسییه‌كان دروستبوو، ئه‌وا سه‌ر ده‌كێشێت بۆ دروستبوونی ئاره‌زووی یاسا شكێنی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه. هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی یاساكانیش لاواز‌و شه‌رعییه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ش به‌لاوازی ده‌مێنێته‌وه. به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆیه‌كی به‌لژیكی (Centre for Political Research, University of Leuven, Belgium)، كه زیاتر له 30 ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپی ئه‌نجامدراوه، ئه‌وا ده‌ركه‌وتووه، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه بێمتمانه‌ی به‌رامبه‌ر سیستمه سیاسییه‌كان له‌ئاستی به‌رزدایه ئه‌وا هاووڵاتییه‌كانی ساناتر تێوه دهگڵێن له‌گه‌نده‌ڵی و خۆدزینه‌وه له‌باج.
به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ئاستی متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم دابخشێنین به‌تایبه‌ت له‌كه‌یسی كۆرۆناڤایرۆس، ئه‌وا روونه كه خه‌ڵكی وه‌كو پێویست له‌ئێستادا به‌ده‌م رێنماییه‌كانی حكومه‌ت ناچێت په‌یوه‌ندی به‌به‌رزی ئه‌و بێ متمانه‌ییه هه‌یه نه‌ك ناهۆشیاری خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر ترسناكی په‌تاكه. ئه‌گه‌ر تایم مةشین (ئامێری گێرانه‌وه‌ی كات) هه‌بووایه‌و بگهراباینهوه بۆ سه‌ره‌تا رۆژه‌كانی راپه‌رینی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 1991، ئه‌وا به‌روونی ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وت كه خه‌ڵكی له‌وكاته‌دا چاوه‌روانییه‌كی زۆری بۆ حوكمرانی كوردی هه‌بوو، به‌ڵام سێ ده‌یه دواتر و به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا ئه‌گه‌ر راپرسی و توێژینه‌وه بكرێت ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت خه‌ڵكی چۆن بێ ئومێدكراون.
پێوان و دیاریكردنی متمانه‌ی خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر سیستمی سیاسیی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر مه‌ودایه‌كی كورتی كات ناكرێت، بۆ نموونه: متمانه‌ی خه‌ڵكی له‌م چه‌ند مانگه‌ی كه‌تێیدا شه‌پۆڵی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ڵكو متمانه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كۆی ره‌فتارو كرداره‌كانی سیستمه سیاسییه‌كه له‌مه‌ودا درێژی چه‌ند ده‌یه‌ك دا. بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ سێ ده‌یه‌ی رابردوو، سیستمی سیاسی كاری نه‌كردبێت بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و رووخانه‌ی به‌رده‌وام لهروودان دابوو، ئه‌وا ناتوانێت به‌چه‌ند هه‌فته‌و مانگێك بونیادی بنێته‌وه پێویستی به‌كاتی درێژترو به‌ئه‌نجامدانی به‌رده‌وامی كرده‌ی راستی و پاراستنی دادپه‌روه‌رییه تاوه‌كو سرنجی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی رابكێشێته‌وه.
با كه‌س تووشی سه‌ر سوڕمان و شۆك نه‌بێت، كاتێك ئه‌بینێت به‌شێكی خه‌ڵكی لهپلاتفۆرمهكانی سۆشیال میدیا به‌تایبه‌ت فه‌یسبووك ته‌نانه بروا به‌مه‌رگه‌ساتی هاوشارییه‌كانی خۆشییان ناكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تائه‌وپه‌ری سنوور بروات و مه‌رگه‌سات به‌كۆمیدیا بشوبهێنێت ئه‌وا خه‌تای ئه‌و سیستمه سیاسییه‌یه كه بۆته هۆكار بۆ دروستبوونی ئه‌و بێ متمانه‌ییه له‌نێوان خۆیان هاووڵاتیاندا. بێ متمانه‌یه‌ش له‌وپه‌ری بره‌ودایه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو هۆشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵكی و ئه‌مه جگه له‌كاریگه‌رییه‌كانی فه‌یك نیوز و تیۆریی موئامهرهیی.
له‌هه‌موو هۆكاره‌كانیش كاریگه‌رتر، هه‌ستكردنی خه‌ڵكییه بهنادادییهكان و ناكارابوونی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و شكاندنی یاساكان و نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت له‌مه‌سه‌له داراییه‌كان و داهاته‌كان، هه‌روه‌ها بارودۆخ وگوزه‌رانی هاووڵاتیان لهبێكاری و لاوازی سیستمی ته‌ندروستی و دابه‌زینی ئاستی قوتابخانه حكومییه‌كان و چه‌ندانی دیكه. ئه‌مانه هه‌موویان پێكه‌وه له‌شكڵی كۆمیدیا له‌فه‌یسبووك دێنه پێشچاوت، له‌كاتێك ئه‌گه‌ر چاوپێكه‌وتنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر تاكێك بكه‌ی كه ئه‌و جۆره كۆمێنتانه‌ی نووسیووه، نهدرندهیهو نهبهمهرگی كه‌سیش دڵخۆشه به‌ڵكو بارودۆخه وای لێكردووه وا بكات و ئه‌و بێمتمانه‌ییه به‌و ئه‌نجامه‌ی گه‌یاندووه.