بۆچی کۆڕۆنا نییە!

بەشکردن:
ئەم دۆخە چەندە درووستی هەوڵی گەوجاندنی کۆمەڵانی خەڵک لەلایەن هێز و کەسایەتی و دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە دەردەخات، چەندین ئەوەندە دەرگای گرفتێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیی ئاڵۆزمان بەڕوودا ئاوەڵا دەکاتەوە، کە دەکرێ لە تەنیا بەلاڕێدابردن مەترسیدارتر بێت و کڕۆکی ژیانی پێکەوەیی بگرێتەوە.
بۆچی کۆڕۆنا نییە، یان لانی کەم لە هەرێمی کوردستان نییە؟ کورتترین وەڵامی ئەم پرسیارە ئەمەیە: چونکە لای کەسانێکی زۆر، باوەڕکردن بە بوون یان نەبوونی ئەم ڤایڕۆسە مرۆکوژە لەسەر فاکتەکان بنیات نەنراوە، بەڵکو بەندە بە هەڵوێستێکی سیاسی، یان باشتر بڵێین بە میزاجێکی سیاسییەوە، کە بەسەر لەگەڵبوون یان لەدژبووندا دابەش دەبێت.
ئەوە فاکت و زانیارییە جێباوەڕەکان نین، دەمانگەیەنن بەو باوەڕەی کە کۆڕۆنا هەر بوونی نییە یاخود لانی کەم لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکو هەڵوێست یان میزاجێکی سیاسییە، کە هەرچی جەمسەرێک گوتی و بانگەشەی بۆ کرد، لەلایەن جەمسەرەکەی دیکەوە بە هەوڵێک بۆ خەڵەتاندن و چەواشەکردن یان پیلانگێڕی لێک دەدرێتەوە. ئەمەش دەکرێت بە بەرجەستەترین نموونەی دیوەکەی دیکەی ئەو بۆچوونە بزانرێت کە عەلی شەریعەتی بە ئیستیحماڕ یاخود کەرکردن ناوی دەبات. هەروا لەوانەیە زۆر کەس هەوڵی ئەوە بدەن لە رێگەی مێتافۆڕی شوانەی درۆزنەوە، کە بە شێوازی جیاواز لە کولتووری جیاوازدا ئامادەیی هەیە، نەبوونی بێمتمانەیی لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات لە هەرێمدا لێک بدەنەوە. بەڵام من پێم وایە ئەمە سادەکردنەوەیەکی بێ زیان نییە و وامان لێدەکات، هەموو رەهەندەکانی کێشەکە نەبینین.
ئەم دۆخە چەندە درووستی هەوڵی گەوجاندنی کۆمەڵانی خەڵک لەلایەن هێز و کەسایەتی و دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە دەردەخات، چەندین ئەوەندە دەرگای گرفتێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیی ئاڵۆزمان بەڕوودا ئاوەڵا دەکاتەوە، کە دەکرێ لە تەنیا بەلاڕێدابردن مەترسیدارتر بێت و کڕۆکی ژیانی پێکەوەیی بگرێتەوە.
درۆکردن، فێڵبازی و خەڵەتاندن، لە دیاردە هەرە دێرینەکانی مێژووی مرۆڤایەتین. هەمیشە لە سیاسەتیشدا هەبوون و بە ئەگەری زۆر هەر دەشمێنن، بەڵام بە گوێرەی قۆناغی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و بە گۆڕانی ئەو فاکتەرانەی لە کاریگەرییان کەم یان زیاد دەکەن، بڕ و باوی ئەوانیش گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر بۆ نموونە، فەیک نیوز هەمان ئەو هەواڵە درۆیەیە کە ئەگەر ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا نەبوایە، ئەو کاریگەرییەی نەدەبوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەیبووە و هەیەتی. هەمیشە و لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کەسانێک هەبوون، کە نکۆڵیان لە راستییە باوەکانی کۆمەڵگە کردوون. بەڵام ئەو بڕەی فەیک نیوز لە رێی میدیای ئەلیکتڕۆنی و سۆشیال میدیاوە دەتوانێت پێی بگات، لە هیچ قۆناغێکی مێژووی پێشتردا نابینرێت. هەر ئەمەشە وای کردووە لە چەند دەیەی رابردوو و بەتایبەتیش لەم سێ چوار ساڵەی دواییدا کەسانێکی زۆر پێیان وابێت، کۆمەڵگەکان پێیان ناوەتە نێو قۆناغی پۆست فاکتی، سیاسەتێکی پۆست فاکتی لە برەودایە و هەتا دیموکراسیش بەرەوە دیموکراسییەکی پۆست فاکتی دەچێت. هەڵبەتا دەمێکە گوتراوەکە فاکتەکان لە خودی خۆیاندا هەڵگری هێزی بڕیار و هەڵوێستوەرگرتن نین. بەڵام ناتوانین ئەوەش نادیدە بگرین، کە فاکتەکان ئەگەر بڕیاریش نەدەن، ئەوا ئەگەرەکانی بڕیاردان سنوورداردەکەن و مەیلی هەڵبژاردنی ئەگەرێکی دیاریکراو لەبەرامبەر ئەوانەی دیکەدا هەڵدەکێشن.
دوور نییە کەسانێکیش هەبن، پێیان وابێت، کۆمەڵگەکەی ئێمە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغەی کە فاکت و بەڵگەهێنانەوە عەقڵانی و مەنتیقییەکان جێپێی خۆیان بەتەوای قایم کردبێت، چ جای ئەوەی بێین باس لە کۆمەڵگەی پۆست فاکت بکەین. واتە دەتوانین لە بری پۆست فاکت ئێمە دەبێ باس لە پری فاکت Pre-fact یاخود قۆناغی بەر لە فاکت بکەین. لە وەڵامی وەها بۆچوونێکدا دەتوانین بڵێین کە راستییەکان درووستکراوی دەستی کۆمەڵگە یان وردتر بڵێین بەرهەمی کردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن. لە رێی بە کۆمەڵایەتیکردنەوە، کۆمەڵگە ئەو راستییانەی نێو دونیای رۆژانەمان وەک راستی بابەتی و نێوان و بگرە هەندێک جاران سەروو مرۆییش پێ دەفرۆشێت. بە حوکمی بەشداربوونیشمان لەو پڕۆسەیەدا، زۆربەی جاران ئێمەش راستییەکانی بەم نرخە لێدەکڕین و بۆ کاتێکی مەودا مامناوەند یان مەودادرێژیش وەک راستی یان حەقیقەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. لێرەشدا مێنتالیتی کۆللێکتیڤ و ئەو تەرزەبیرکردنەوە و گوتارە باوەی نێو هەر کۆمەڵگەیەک دەبن بە پێوەری راستییەکان و ئەمانیش دەکرێت لە قۆناغێکی مێژوویی بۆ قۆناغێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکەوە جیاواز بن.
هەمیشە و لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کەسانێک هەبوون، کە نکۆڵیان لە راستییە باوەکانی کۆمەڵگە کردووە. بەڵام ئەو بڕەی فەیک نیوز لە رێی سۆشیال میدیاوە دەتوانێت پێی بگات، لە هیچ قۆناغێکی مێژووی پێشتردا نابینرێت. هەر ئەمەشە وای کردووە لە چەند دەیەی رابردوو و بەتایبەتیش لەم سێ چوار ساڵەی دواییدا کەسانێکی زۆر پێیان وابێت، کۆمەڵگەکان پێیان ناوەتە نێو قۆناغی پۆست فاکتی، سیاسەتێکی پۆست فاکتی لە برەودایە و هەتا دیموکراسیش بەرەوە دیموکراسییەکی پۆست فاکتی دەچێت.
گرنگە لێرەشدا جیاکارییەک لە نێوان فاکت یاخود راستییەکان وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی و حەقیقەت وەک چەمکێکی فەلسەفیدا بکەین. لەسەر ئەوەی کە ژیانی رۆژانە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لەسەر بنەمای بە حەقیقیزانینی کۆمەڵێک فاکت بنیات نراوە و دەنرێت، دەکرێ هەموومان کۆک بین. لە نێوان گۆڕانی بەردەوامی گۆمەڵگە، وەک خەسڵەتێکی دانەبڕاوی خودی دیاردەی پێکەوەژیانی مرۆڤەکان و هەم هێزێکی غەریزەئاسا لە بوونی مرۆڤدا، و هەوڵی لەبن نەهاتووی کۆمەڵگە بۆ بەردەوامی و رێکخستنی پێکەوەژیان، ئەو شتە درووستدەبێت کە پێیدەگوترێت سیستەم یاخود رێکخستنی کۆمەڵایەتی. رێکخستنێک کە هەرچەندە بوونێکی ئەزەلی نییە، بەڵام جۆرێک لە بەردەوامی و سەقامگیری هەیە. بەڵام ئەوەی کە حەقیقەتی رەها بوونی هەیە یان نا، ئەمە پرسێکی فەلسەفییە و نە من و نە ئێرە، کەس و جێی باسکردنی ئەم پرسە نین. هەر لەبەر ئەمەشە لەم بابەتەدا چەمکی پۆست فاکت Post-fact بەکار دەهێنم و خۆم لە بەکارهێنانی پۆست حەقیقەت Post-truth دەبوێرم.
لە بابەتێکدا کە پایزی رابردوو لە هەفتەنامەی زەمەن بەناونیشانی “راستییەکان لە کوێن؟” بڵاوکرایەوە، لەسەر بنەمای بۆچوونێکی بڕۆنو لاتوور، باسم لە هۆکارەکانی لەقبوونی راستییەکان و لەدەستچوونی بەهای فاکتەکان لە نێو کۆمەڵگەی هەرێمدا کرد. لێرەشدا پەنا دەبەمەوە بەر هەمان بۆچوون و هەوڵدەدەم، بە دەسکارییەکی کەمی بابەتەکەی ئەوساوە، هۆکارەکانی ئەو باوەڕنەبوونە بە بوونی کۆڕۆنا لای کەسانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان شی بکەمەوە.
لاتوور پێی وایە کە تەنیا کولتوورێکی هاوبەش، دەزگا و دامەزراوەگەلێکی کارا، فەزایەکی گشتیی چالاک و میدیایەکی جێمتمانە دەستەبەری مانەوە و بەردەوامیی فاکت و راستییەکان دەکەن. ئەو چوار فاکتەرەش کە لاتوور باسیان دەکات، رێک ئەو چوارچێوە و رووبەرانەن کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان تێدا روودەدەن و راستییەکانیان تێدا بەرهەم دەهێنرێن.
کولتووری هاوبەش
لێرەدا کولتوور بە تێگەیشتنە بەرفرەوانەکەی ئەم چەمکە وەردەگرین کە مەبەست لێی تەواوی سامانی هزری و بەرهەمە ماددی ومەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیەکە، وەک ئایین، ئاکار، یاسا، تەکنیک، دابونەرێت و سیستەمی پەروەردەیی و مەعریفی. کاتێکیش دەگوترێت، بۆ ئەوەی راستییەکان دوور بن لە گومان، ئەوا پێویستە کولتوورێکی هاوبەش هەبێت، پشتگیرییان بکات، ئەوا مەبەست لە کولتوور لێرەدا کۆی جیهانی مانا و مانابەخش و ئەو سیستەمە رەمزییانە دەگرێتەوە، کە تاکەکانی گروپێک، بچووک بێت یان گەورە، واقیعەکەیانی پێ رێک دەخەن، لێکی دەدەنەوە و بەردەوام دای دەڕێژنەوە.
ئەم بەشە لە کۆمەڵگەی کوردی کە نزیک بە سێ دەیەیە لە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریدا دەژیەت و وا چاوەڕوان دەکرا، بەهۆی ئەو واقیعەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هاتبووە کایەوە، جۆرێک لە هاوبەندی و هاوبەستەیی درێژخایەنی تێدا درووستبێت، کە ببێتە مایەی هاتنەکایەی کولتوورێکی هاوبەشی دەوڵەمەند، دەبینین هەمان ئەو واقیع و فاکتەرە سۆسیۆسیاسییانە دەرەنجامێکی رێک پێچەوانەی ئەمە دەخەنەوە. لەبری هاوبەستەیی و یەکانگیری، لەتلەتبوون و ماڵ ماڵۆچکە دەبنە خەسڵەتی ئەم کۆمەڵگەیە. واقیعێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆ دێتە کایە، کە لە توانایدا نییە زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بۆ گەشەیەکی کۆمەڵایەتی گونجاو لەگەڵ رۆژگار و قۆناغی ئەمڕۆدا بڕەخسێنێت. رەوتی گواستنەوە لە ئێمەی نەرێتییەوە بۆ ئێمەیەکی مۆدێرن، لە منێکی کلاسیکی پشتبەستوو بە بونیادە کۆمەڵایەتییە پێشمۆدێرنەکانەوە بەرەو منێکی چالاک و بەئاگا لە رۆڵ و رۆژگاری خۆی، ناکەوێتە سەر هێلی دروستی خۆی.
بە هۆی ئەو ململانێ سیاسییانەی کە مێژووی لانی کەم پەنجا ساڵی رابردووی ئەم کۆمەڵگەیەیان رەنگڕێژ کردووە، بەردەوام بۆ خۆجیاکردنەوە لەوەی دی هەوڵی زەقکردنەوەی خاسییەتە کولتووری و کۆمەڵایەتییە ناوچەییەکان دراوە. زەقکردنەوەی بۆ نموونە جیاوازییەکانی نێوان بادینان و سۆران، جا چ لە رووی زمان و دیالێکتەوە بووبێت، یا لە رووی پەیوەندی و بونیادە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر پەرتەوازەیی کولتووریدا هەبووە و تاکو ئێستاش هەیەتی. زیاتر لەمەش لەتبوونی هەرێم بۆ زۆنی حیزبی و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری جیاجیا، ئەم کاریگەرییەی چەند قات کردۆتەوە. ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر باسکردن و گێڕانەوەی فاکت و رووداوەکان. هەر نموونەیەک لەو رووداوانەی لە دە پانزە ساڵی رابردوو لە زۆنی سەوز یان زەرد روویانداوە وەر بگرین، دەبینین کە چۆن ریوایەتی جیاجیا نەوەک هەر لەسەر ئاستی رەسمی و سیاسی و میدیاییەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و لە نێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکیشەوە هەبوون.
هەڵبەتە تێوەگلانی زۆر جاری حیزب و کەسانی باڵادەستی نێوحیزبەکانیش لە رووداوەکاندا، ئەگەر هۆکاری سەرەکیش نەبووبێت، ئەوا یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی گومانە لە ئاست هەر ریوایەت و زانیارییەک کە وەک راستی و حەقیقەتێک فڕێدەدرێتە نێو کۆمەڵگە. هەربۆیە دەکرێت لێرە باس لە لەتلەتبوونی کولتووری نەوەک هەر ئاسۆیی، واتە جوگرافی و ناوچەیی، بکرێت، بەڵکو دەکرێت بەهەمان شێوە باس لە دابەشبوونێکی ستوونیش، لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا بکرێت. راستییەکان جارێک لەسەر ئاستی ناوچەیی، جارێکی دیکەش بە گوێرەی زۆنی حیزبی و هەندێک جاریش بە گوێرەی دەسەڵات و لایەنگرانی لەلایەک و ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی لەلایەکی دیکەوە، لێکدادەبڕێن. دەکرێت سەبارەت بە تاکە رووداوێکیش زیاتر لە دابەشبوونێک لە ریوایەت و گێڕانەوەکاندا هەبن.
دیارە وەک میکانیزمێکی بەرگری کۆمەڵگەیش لە خۆی، دواجار ئەم هەوڵەی حیزب و کەسانی دەستڕۆیشتووی نێوحیزبەکان بە ڕووی خۆیاندا هەڵدەگەڕێتەوە و لە رێی نەمانی متمانەوە، ئەو هەواڵ و زانیارییەیش کە درووستن وا نابینرێن و هەموو سەرچاوەیەکی رەسمی گەیاندنی زانیارییەکان، بە گومان و بێمتمانەییەوە لێیان دەڕوانرێت و وەک سیناریۆ و دروستکراو لەقەڵەم دەدرێن.
دامەزراوەی کارا
دەزگا و دامەزراوەکان دیاردەیەک نین تایبەت بن بە کۆمەڵگەی مۆدێرن، کۆمەڵگە نەرێتییەکانیش جۆرێک لە دەزگا و دامەزراوەی سادەیان ناسیون، لێ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بێ دەزگا و دامەزراوەکان بەرچاو ناکەوێت. رۆڵی دامەزراوەکان کاتێک بە روونی دەردەکەوێت کە رەوایەتی لە کۆمەڵگەدا، چ سیاسی بێت، چ یاسایی چ هی بواری دیکە لە بنەمای نەریتەوە دەگوازرێتەوە بۆ بنەماگەلێکی دیکە، کە ئەگەر بە خەسڵەتێکی دیاریکراو بناسرێتەوە، ئەوا ئەمە خەسڵەتە وەزیفییەکەیانە. بێگومان کاتێک دەکرێت باس لە دامەزراوەگەلێکی پشت فاکتەکان بکرێت، کە ئەمانە وەزیفەی خۆیان بە گوێرەی ئەو لۆژیکە وەزیفییە بەڕێوە بەرن کە بنەمای بوونیانە. چونکە دامەزراوەکان ئەرکێک هێناونیەتەبوون و پێویستییەکی رێکخستنی کۆمەڵایەتین.
بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردی ئەم هەرێمدا، کە دەکرێت بە هۆی بەردەوامی بونیادە پێشمۆدێڕنەکان تێیدا بە کۆمەڵگەیەکەی لامۆدێرن – لایەک مۆدێرن – وەسفی بکەین، کە هەم پێویستی هەبوونی دەزگا و دامەزراوەکان و هەم بوونی کردەییان دەمێکە بۆتە واقیع، گرفت لە بوون و نەبوونی ئەمانەدا نییە، هێندەی گرفت لە ئەداکردنی ئەرک و رۆڵیاندایە. کارایی دامەزراوەکان بەندە بە سەربەخۆیی و دووربوونیان لە دەستێوەردانی کایەکانی دیکەی دەرەوەی ئەو کایەیەی دامەزراوەکە بەشێکە لێی.
داگیرکردنی دامەزراوەکان و بەتایبەتیش ئەوانەی بەشێکی ئەرکەکەیان پەیوەندی بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، وەک دادگاکان، داواکاری گشتی، پۆلیس و دەزگا پەروەردەیی، تەندروستی و دادوەرییەکانی دیکە، لەلایەن کایەی سیاسی و بەتایبەتیش حیزبی سیاسییەوە و دەستوەردان لە کاروباریان، ئەمانەی لە ئەداکردنی ئەرک و بینینی رۆڵی سەرەکی خۆیان لاڕێ کردووە و بەمەش دواجار سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانی متمانە و باوەڕکردنی ئەو زانیارییانەی بڵاویان دەکەنەوە، لێڵ کردووە. بۆیە کاتێک دامەزراوەیەکی گرنگی وەک وەزیری تەندروستی یان وەزیری ناوخۆ دێت و هۆشدارییەک سەبارەت بە رەوشی کۆڕۆنا لە هەرێم دەدات و باس لە رێکارەکانی خۆپارێزی دەکات، ئەوا ئەمانە وەک نوێنەری دامەزراوەیەک سەیر ناکرێن، بەڵکو وەک نوێنەری دەزگایەکی حیزبی و لایەنێکی سیاسی دەبینرێن. ئەم هەڵوێستەش کە لە ئاست دۆزەکەدا دەنوێنرێت، بە هەمان شێوە هەڵوێستێکی سیاسییە، کە هەروەک لە سەرەتای ئەم بابەتەدا ئاماژەی پێدرا، زیاتر لە میزاجی سیاسییەوە هەڵدەقوڵێ تا قەناعەتێکی سیاسی.
رووبەری گشتیی زیندوو
فەزا یان رووبەری گشتی ئەو رووبەرە ئازاد و کراوەیەیە کە دەکەوێتە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە. لەم رووبەرەدا پرس و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەبابەت دەکرێن و ئەو شوێنەیە کە گفتوگۆی سیاسی تێدا روودەدات و لەلایەن هیچ کامێکیانەوە مۆنۆپۆل ناکرێت، بەڵکو زیاتر شوێنی بەیەکگەیشتنیانە. فەزای گشتی، بە پێچەوانەی ئەو دۆخەی لە دونیای کۆندا تێیدا بوو و تەنیا بۆ توێژێکی دیاریکراو ئاوەڵابوو، لە سەردەمی ئەمڕۆدا دەبێ بۆ هەمووان کراوە بێت و هەموان دەستیان وێیڕابگات.
بەهۆی مێژووی پڕ لە سەرکوتکاری لە عێراقدا، تا ساتی راپەڕینی 1991یش شوێنێکی ئەوتۆ نەبوو، بکرێت پێی بگوترێت فەزای گشتی ئازاد. راپەڕین و دواتریش رووخانی رژێم ئەو دوو ساتەوەختە بوون کە چاوەڕوان دەکرا ببنە مایەی سەرهەڵدانی ئەم فەزا گشتییە. بەڵام بەداخەوە شەری ناوخۆی چەندین ساڵە و دواتریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و سڵنەکردنەوە لە هەر ئامرازێک – زۆربەی جاران نەرم و جارجارەیش توند – بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتدا، وایان کرد ئەم فەزا گشتییە، وەک چاوەڕوان دەکرا درووست نەبێت. لە بری پەیوەندی وئاڵوگۆڕی سیاسی، کڕین و فرۆشتن و دەمشڕی دەبنە دوو خەسڵەتی سەرەکی لەم شوێنەدا. بەتایبەتیش خاڵی دواییان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی بەکارهێنانیان، هەرجۆرە هەوڵێکی جیدیی پەیوەندی، گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕی لە فەزای گشتیدا خستۆتە کەنارەوە.
دەسەڵاتێک کە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ سڕکردنی عەقڵی تاکەکانی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی شەپڵەلێدراو و تاکێکی لاواز لە لێکدانەوە و نوێنەرایەتیکردنی خۆی و گەلێک جارانیش ئامادەی چوونە نێو تەونی گەندەڵییەوە، بوارێکی ئەوتۆیان بۆ فەزایەکی گشتی زیندوو نەهێشتۆتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا تاکە رووبەرێکە بکرێت پێی بگوترێت رووبەری ئاڵۆگۆڕ و پەیوەندیکردن، بۆتە مەیدانی تۆمەتبەخشینەوە و جنێوفرۆشی.
میدیای جێمتمانە
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی میدیا، گەیاندنی زانیارییە. لەمەشدا میدیا بەردەوام لە بەردەم ئەو هەڵبژاردنەدایە، کە کام زانیاری کەی و چۆن شایانی گەیاندنە.
میدیای کوردیی باشوور لە بەشێکی زۆریدا میراتگری میدیایەکی دەوڵەتی و ئاڕاستەکراوە، کە تەنیا بوار بە هاتن و بیستنی یەک دەنگ دەدات. دابەشبوونی میدیای کوردی دوای راپەڕین بەسەر بەرە حیزبییەکاندا تەنیا دابەشبوونی هەمان ئەو دەنگانەیە کە خاسییەتی سەرەکییان مۆنۆلۆگبوونە. میدیای حیزبی ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی و میدیای حیزبە و هیچی دیکە، چ لە سێبەردا بێت یان لەبەر خۆرەتاو.
ئەوەش کە بە میدیای ئەهلی ناسراوە و نزیک بە دوو دەیەیە بوونی هەیە، هەتا رۆژگاری ئەمڕۆش بەدەست ناپڕۆفیشناڵبوونەوە دەناڵێنێت. سەربارەی ئەمە، ئەم جۆرەش لە میدیا، ئەگەر توانیبێتیشی بەرگەی هەژموونی پارە و هەوڵی کڕین لەلایەن هێزە سیاسییەکان و هەژموونی حیزب بگرێت، ئەوا نەیتوانیوە بە تەواوی خۆی لە لایەنگیریی سیاسی بەدوور بگرێت و زیاتر میدیایەکی شەڕکەر و پارتیزان بووە و کەمتر بابەتی. لە بری بێلایەنی و بابەتیبوون، سەنگەرگیری و بوونی بە دەنگی ناڕازی هەڵبژاردووە. ئەوەی کە دۆخی میدیایی ئاڵۆزتر و گرفتی بۆ بەهای فاکتەکان درووست کردووە، هەڵکشانی زۆر خێرای بەکارهێنانی ئەو جۆرە میدیایەیە کە بە میدیای ئەلیکتڕۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسراون و ئەرکی گەیاندنی زانیاریان تاڕادەیەکی زۆر لە دەستی میدیای ئاسایی دەرهێناوە. لەمەشدا کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستاندا ئەگەر لە پێشی کۆمەڵگاکانی دیکەشەوە نەبێت، لە دواوەیان نییە. دەکرێ ئەمەش زیاتر بۆ پەنابردنی حیزب و کەسانی سیاسی یان باڵی چەندین حیزبی سیاسی بۆ گواستنەوەی ململانێ سیاسییەکانیان بۆ ئەم رووبەرە و پەنابردن بۆ فەیک نیوزیش وەک چەکێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەیەکدا کە رووبەرێکی گشتی وا کارای نییە، بگەڕێنرێتەوە.
بەم شێوەیە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان گرفتی ریشەیی قوڵی لە هەر چوار فاکتەرەکەدا هەیە و بەمەش باشترین زەمینەیە بۆ بێهێزیی بەردەوام روو لە هەڵکشانی بەهای فاکتەکان و تەشەنەکردنی بێمتمانەیی، نەوەک هەر سیاسی، بەخێراییەکی زۆر، بە هەر ئاڕاستەیەکدا بێت. ئەم دۆخە وا لە تاکی کورد دەکات، بەخێرایی بکەوێتە ژێر هەژموون و کاریگەریی گوتاری پۆپۆلیستی بنیاتنراو لەسەر هەست و سۆز. ئەمەش جیاوازییەکی گەورە هەم لە کاریگەری، هەم لە تێچوو و هەم لە خێرایی بڵاوبوونەوەی فەیک نیوز و تەشەنەکردنی بێمتمانەیی بە فاکتەکان و بێبەهابوونیان لە هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دیکەی خاوەن کولتوورێکی تاڕاددەیەک هاوبەش، دامەزراوەی تا ئاستێکی باش سەقامگیر، رووبەرێکی گشتی هێشتا خاوەن کاریگەری و میدیاگەلێکی جێمتمانە نیشان دەدات.
بەشکردن:
ئیحسان وەڵزی