ئەوەی پێویستە لەبارەی رەگەزپەرستیی و جیاکاریی لە ئەمریکا و کوردستان بیزانین

بەشکردن:

ئارام قادر کۆکۆیی

پێت سەیر نەبێت لەو کاتەدا دیموکراتەکانی باشور خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون و  پشتگریکەر و بەرگریکەری مانەوەی سیستەمی کۆیلایەتی بوون دژ بە باکورییە کۆماریخوازەکان. پاش جەنگیش سەڕەڕای ئەوەی کە کۆیلایەتی  لە ئەمریکادا بە یاسا و دەستور کۆتایی پێهێنرا، بەڵام لە کۆمەڵگەدا دریژەی کێشا بەهۆی ئەو کەلێنەی لە سامان و ئاستی خۆێندەواری سپی پێست و ڕەش پێست دا هەبوو.

هەفتەی ڕابردوو بەڕێز جێیک هێس لە بابەتێکدا بۆ کوردستان تایمز لە ژێر ناوی ئەوەی پێویستە خوێنەری کورد دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا بیزانێ تیشکی خستبووە سەر ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بۆ خوێنەری کوردی ڕوونبکاتەوە کە هەنوکە چی لە ئەمریکادا دەگوزەرێت؟ منیش لێرەوە و بەم بابەتە دەمەوێت شرۆڤە و ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر بدەم بەو خوێنەرە کوردانەی تامەزرۆی زانیاری زیاترن لە سەر رەگەزپەرستیی/ڕێیسیزمی پۆلیس لە ئەمریکا و ڕەگوڕێشەی ئەو تووندوتییژیانەی بەرامبەر ڕەگەزەکانی تر هەم لە ئەمریکا و هەم لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا دەکرێت. سەرەتا بە چیرۆکی خودی قوربانییەکە دەستپێدەکەم و پاشان باکگراوند و هۆکارەکانی ئەو ڕووداوگەلە و ئینجا دەیبەستمەوە بە کۆمەڵگەکەی خۆمان و هۆکار و نیشانەکانی ڕەیسیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کوردییدا.

ڕۆژی ٢٥ مایس هەر وەک ڕۆژانی دی جۆرج فلوید  George Floyd سەردانی سوپەرمارکێتی کپ فوودس Cup foods دەکات کە خاوەنەکەی محمد ئەبو مەیلای بە ڕەگەز فەڵەستینییە بۆ کڕینی پاکەتێک جگەرە. بەڵام پاش ئەوەی کاشێرە ١٧ ساڵەکە گومانی ئەوەی لێدەکات کە ئەو ٢٠ دۆلارییەی داویتە دەستی تەزویرە، پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات. لێکەوتەکانی ئەو پەیوەندییە و توندوتیژی پۆلیس، پاش ٢٠ خولەک لە دەرچوونی جۆرج لە سوپەرمارکێتەکە بە شێوەیەکی تراژیدی کۆتایی بە ژیانی دێت.

بڵاوبوونەوەی کورتە ڤیدیۆی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی جۆرج فڵوید لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەلایەن ڕاگوزەرەکانی ئەو شەقامەوە گیرابوو، بوو بە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی بابەتی مامەڵەی زەبروزەنگ و توندوتیژی پۆلیس و چەوساندنەوەی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا. هەرچەندە نامەوێت ووشەی ڕەشپێست بەکاربهێنم بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزێ کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی کە بەڵام لە نێو رێزمانی کوردیدا هێچ ووشەیەکی دیکە بەکارنەهێنراوە وەک ناسنامەیەک بۆ ئەم ڕەگەزە. بەکارهێنانی ووشەی ڕەشپێست خۆی لە خۆیدا بە ناڕاستەخۆ کاریگەری نەرێنی لە سەر نەست هەیە و جیاکاری دروستدەکات. هۆکاری ئەوەی کە ئەم کەیسەی فلۆید بوو بە جێگەی سەرەنجی ڕای گشتی ئەمریکا و جیهان و ئەو کاردانەوە گەورەیەی لێکەوتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوشتنی جۆرج فلۆید هاوکات بوو لە گەڵ ڕووداوێکی هاوشێوە لە ویلایەتی جۆرجیا کاتێک باوک و کۆرێکی سپیپێست نەوجەوانێکی وەرزشکاری ڕەشتپێست دەکوژن بە ناوی ئماد ئاربیری Ahumaud Arbery  تەنها لەبەر ئەوەی گومانیان هەبوو لەوەی کە دز بێت. زۆربەی چاودێران پێیان وایە خۆپیشاندانەکانی ئێستا هاوشێوەی ئەو زنجیرە خۆپیشاندانان کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە ڕێبەرایەتی مارتن لوثر كینگ بەڕێوەچوو، کە بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ١٩٦٠ ناودەبرێت، و گۆرانکارییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی ئەمریکی و جیهاندا کرد لە مامەڵەکردن لە گەڵ ڕەشپێستەکاندا.

لای هەندی لە ئێمەی خوێنەری کورد ئەو پرسیارە دروستدەبێت؛ بۆ لە وڵاتێکی ڕۆژئاوایی کە خۆی بە یەکێک لە پێشەنگەکانی مەدەنیەت دادەنێت کۆمەڵە ڕووداوگەلێکی وەها نەخوازراو بەرامبەر ڕەگەزێکی دیاریکراو ڕوودەدات؟ ئایا هێشتا چەوساندنەوەی چین یان توێژێکی دیاریکراو بوونی هەیە؟ هەندێکیکەمان پێمانوایە کە ئەمریکا وڵاتێکی ڕەیسیتە و حکومەتەکان بەو فەرمەی کە ئێستا هەن بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرکوتکەرن. مادام ئەم ڕوداوە لە ئەمریکا ڕوویداوە و زیاتر سەرنجەکان لە سەر رێیسزمی پۆلیسە لە ئەمریکا دەبێت گێرانەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم کەلتورە نەرێییە بکەین و لە ڕەگ و ڕیشەی وردبینەوە.

ڕەشپێستە ئەمریکییەکان وبە تایبەتی ئەوانەی بازرگانە ئەوروپیەکان لە کیشوەری ئەفریقا پێش کۆلۆنیالیزم بە پارە و خشل و چەک لە پاشاکانی ئەفریقا دەیانکرێ، و پاشانیش لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا بەزۆرەملی بە کۆیلەیان دەگرتن و بۆ ئەمریکایان دەگواستنەوە، دەفرۆشران بە خاوەن زەوییەکان بۆ ئەوەی لە کێڵگەکانی کەتان و قامیشی شەکردا کار بکەن. ئەم ترانس ئەتلانتیک بازرگانییە بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ درێژەی کیشا. سپی پێستەکان ئەگەر بە دوای خەونەکانیاندا بۆ پێکەوەنانی سامان ڕوویان لە دونیای نوێ دەکرد، ڕەشپێستەکان بۆ بێگاری و یارمەتی دانی سپی پێستەکان لە بەدەستهێنان ئەو خەونانەیاندا بەزۆرەملی ڕەوانەی ئەم جیهانە نوێیە دەکران. تەنانەت هەندێکیان وەک کاڵا فرێدرانە دەریاوە کاتێ کەشتییەکان ڕووبەرووی گەردەلول دەبوونەوە بۆ ئەوەی کێشی کەشتییەکە کەمبێتەوە کاپتن و سەرنشینانی ڕزگاریان ببێت. چوار سەدە لە کۆیلایەتی تێروانینی نەرێیی لە هزر و بیری سپی پێست و ڕەگەزەکانی دیکە بەرامبەر رەشپێستەکان نەک هەر لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگەکانی جیهاندا ڕەنگیداوەتەوە. بەناڕاستەوخۆ کاریگەر کە لە سەر نەستی تەواوی مرۆڤایەتی کردووە، کە ئەگەر مرۆڤێک سەڕەڕای ئەوەی باوەڕی بە جیاکاری و نایەکسانی نییە، بەڵام لە نەستیدا وێنەیەکی نەرێیی بۆ ئەو دۆخانە دەکات کە کەسێکی ڕەشپێستی تێوە دەگلێت. هەنوکەش جار جار میدیاکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئەزنەکێک دەدەنەوە بەم بیرۆکە و دیاردەیە. بەدەر لەو چوار سەدە کۆیلایەتییە، تا ئێستاش هەندێک میدیا ڕەشپێستەکان وەک تاوانبار، هەژار، کرێکار، یان کۆیلە وێنەدەکەن. ئەم هەستی جیاکارییە تەنها تایبەت نییە بە تەمەنێکی دیاریکراو یان ڕەگەزیکی دیاریکراو بەرامبەر ڕەشپێستەکان، ئەوەتا لە کەیسەکەی جۆرج فلوید دا کاشێرەکە ١٧ ساڵە، و خاوەنی سۆپەرمارکێتەکە کەسێکی قاوەیی پێستی ڕۆژهەڵاتییە، و لە بەر زوڵم و زۆری رەگەزێکی دی پەناهەندەی ئەمریکا بووە، یەکێک لە ئەفسەرە تاوانبارەکان بە ڕەگەز ئاسیایییە.

پرۆسەی سڕینەوەی ئەم کەلتورە نەرێییە زەمەنێکی دورودرێژی دەوێت، و هەر پەیوەندی بە گوڕینی یاسا وە نییە، بەڵکو دەبێت پەروەردە و تێروانینی خەڵک بگورێت، و هەوڵبدرێت ئەو بۆشاییی و کەلێنەی کە لەنێوان سامانی ڕەشپێستەکان و سپیپێستەکاندا دروستبووە کەم بکرێتەوە. لە ئەمریکا یەکەم هەنگاو بەو ئاڕاستەیە شەڕی ناوخۆی نێوان باشوری و باکورییەکانی لێکەوتەوە. پێت سەیر نەبێت لەو کاتەدا دیموکراتەکانی باشور خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون و  پشتگریکەر و بەرگریکەری مانەوەی سیستەمی کۆیلایەتی بوون دژ بە باکورییە کۆماریخوازەکان. پاش جەنگیش سەڕەڕای ئەوەی کە کۆیلایەتی  لە ئەمریکادا بە یاسا و دەستور کۆتایی پێهێنرا، بەڵام لە کۆمەڵگەدا دریژەی کێشا بەهۆی ئەو کەلێنەی لە سامان و ئاستی خۆێندەواری سپی پێست و ڕەش پێست دا هەبوو. بۆ ڕەشپێستێکی تازە ئازاد بوو لە کۆیلایەتی کە خوێندەوار نەبوو و ماڵ و جێگە و ڕێگە و سامانێکی ئەوتۆی نەبوو کە خێزانەکەی پێ بژێنێت، ناچار بوو کە بە کرێیەکی کەم کار بۆ هەمان ئەو خاوەن زەوییە بکات کە پێشتر وەک کۆیلە کاری بۆ دەکرد. کەڵەکەکردنی سامان بۆ دەرچون لە بازنەی هەژاری کاتێکی زۆری دەوێت. گەیشتنەوە بە خاوەنکار لە ڕووی سامانەوە بە تایبەتی ئەگەر خاوەن زەوی نەبیت و وەک کرێکار لە کێلگەیەکی کشتوکاڵی دا کاربکەیت، کاتی زۆری دەوێت. بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە و بەرقەرارکردنی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا بەڵام بەربەستەکانیش زۆرن. هەندیکجار بڕیارەکان سەرەنجامی نەرێییان هەیە، کاتیش یارمەتیدەر نییە بۆ سڕینەوەی ئەو کەلتورە، و هەندێک جاریش دۆخە ئابووری وسیاسییەکان لەمپەر لەبەردەم کەمکردنەوە و پرکردنەوەی ئەم کەلێنانەدا دروستدەکات.

لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە کاتی پوکانەوە و قەیرانی گەورەی ئابووری سەدەدا، سەرۆک رۆزڤێڵت لە رێگەی کۆمەڵێک پرۆگرامی ئابوورییەوە هەوڵیدا کە خێزانە ئەمریکییەکان لەو دۆخە سەختە ئابووریە ڕزگار بکات و کەمێک بارگرانی سەرشانیان سوک بکات، وڵات لەو قەیرانەی تێکەوتووە ڕزگاری بێت. بەشێک لەو پرۆگرامە ئابوورییانە بریتی بوون لە یارمەتیدان و پاداشتکردنی هونەرمەندان، سۆشیاڵ سیکویرتی (خانەنشینی بۆ هەموان)، و یاسای خانووبەرەی نیشتمانی ساڵی ١٩٣٤  National Housing Act و ..هتد، ئامانجی یاسای خانووبەرەی نیشتمانی ڕەخساندنی هەل بوو بۆ ئەو خێزانانەی کە خاوەنی دەرامەتێکی جێگیر بوون، بەڵام خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوون نەبوون، تا بتوانن ببن بە خاوەن خانووی خۆیان لە ڕێگەی فەراهەمکردنی قەرزی ئاسان. ئەم قەرزە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی قەرزوەرگر هەبوو تا لەسەر ئەو بنەمایە قەرزی بدرێتێ، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ داواکارەکان بکرێت و تەنها قەرز بدەن بەو داواکارانەی کە خۆیان لە دانەوی قەرزەکانیان ناشارنەوە، یان دواناکەون لە دانەوەی قەرزەکانیان، کۆمپانیای قەرزی خاوەن خانووەکان دامەزرا The Home Owners Loan Corporation 1933 . ئەم دامەزراوەیە شار و ناوچە نیشتەجێبووەکانی کرد بە چەند بازنەیەک، و لە سەر ئاستی ڕەنگی بازنەکان بڕیار لەوە دەدرا ئایا دانیشتوانی ئەو شوێنە ئەگەر قەرزی خانووبەرەیان بدرێتی توانایی دانەوەی قەرزەکانیان هەیە یان نا. بۆ نمونە ئەو گەڕەک و شەقامانەی دەکەونە بازنەی سەوزەوە واتە خەڵکەکەی دەرامەتێکی باشیان هەیە و خەڵکی بازرگانن، شین واتە دانیشتوانەکەی فەرمانبەرن و خەڵکی چینی مامناوەندی کۆمەڵگەن و ئەوانەن کە لە سەر موچە دەژین، ناوچەی زەرد ئەو خەڵکانەی تێدا دەژین کە کاسبکار و کاری دەستی دەکەن، ناوچەی سوریش ئەو گەڕەک و شەقامانەن کە دانیشتوانەکەی مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت توانای دانەوەی قەرزیان نەبێت، زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەش خەڵکانی بێگانە، و سپی پێستی هەژار، و بەتایبەتیش ڕەشپێستن. هەرچەندە پاش ئەوە چەندین لێکۆڵینەوەی یەک لە دوای یەک سەلماندیان کە نیشتەجێبوونت لە ناوچەی سوردا مانای ئەوە ناگەیەنێت کە توانای دانەوەی قەرزی خانووبەرەت نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە چارەنووست نوسراوە ناتوانیت بەئاسانی قەرزی خانووبەرە وەربگریت، و لە شوێنێکی شایستەدا بژیت. هەر ئەوەشە کە جۆرج و محمدی لەو ناوچە سورەی مینیاپڵسدا کۆکردووەتەوە. لەبەر ئەگەری ئەوەی بانکەکان گرنگی کەمتر بەم ناوچەیە دەدەن، خاوەن موڵکەکان موڵکەکانیان لەو ناوچەیە بەچۆڵی بەجێدەهێڵن، و هێلەکانی گواستنەوەی گشتی کەمتر لەو ناوچانەدا کاردەکەن، و رێژەی تاوان بە بەراورد بە ناوچەکانی کە لەم ناوچەیەدا زیاترە، و بەها و نرخی خانووبەرە و موڵکیش کەمترە. بەم شێوەیە و بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ تا ساڵی ١٩٦٨ سپی پێستەکان ناوچە سورەکانیان بەجێدەهێشت و دەیانگواستەوە بۆ ناوچە سەوز و شینەکان. نوسینگەکانی فرۆشتنی خانووبەرەش جیاکارییان دەکرد لەنێوان سپی پێست و ڕەگەزەکانی دیکە، کە دەهاتە سەر فرۆشتنی خانوووبەرە و موڵک لەو ناوچانەدا هەمیشە بە سوودی سپی پێستەکانcovenant  موڵکیان لەم ناوچانە بە ڕەشپێستەکان نەدەفرۆشت. کۆتایی شەستەکان کە مارتن لوثر کینگی ڕێبەری بزوتنەوەی مافی مەدەنیەت تیرۆر کرا، خۆپیشاندانی سەرتاسەری هاوشێوەی ئەوەی ئێستا کۆنگرێسی ناچار کرد بە دەرکردنی یاسای Fair Housing Act 1968  دادپەروەرانەی خانووبەرە. بە پێی یاساکە هەموو کەس مافی  کرینی خانووبەرەی هەیە بێ جیاکاری لە رەگەز و ئایین و نەتەوە، و هەروەها لە دەقی یاساکەدا بەڵێنی پاراستنی کرێنشین و خاوەن خانوو دراوە.  زەمەنی ئەم یاسایە کەمێک درەنگ بوو و بەدرێژای ئەم ٥٠ ساڵەی دوای دەرچونی یاساکە زۆر بە دەگمەنی دەبینیت خرابێتە بواری جێبەجێکردنەوە، و هەتا دەنگی ناڕەزایی لە لایەن کریارێک یان کرێنشینێک بەرز نەبێتەوە هەوڵی سەپاندن و جێبەجێکردنی نادرێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەو یاسایانەی کۆنگرێس  زۆربەی ویلایەت و شارەکانیش لە رێگەی پرۆگرامی جیاوازەوە، وەک پرۆگرام و سیستمی ڤاوچەر، هەوڵی کەمکردنەوەی ئەم جیاکارییە دەدەن. هەرچەندە ئەمانە هەنگاوگەلێکی باشن بەڵام کەلتورێکی ٥٠٠ ساڵە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا کاڵ نابێتەوە.  ئەم جیاکارییەی لە خاوەنداریتی خانووبەرەدا هەیە کۆمەڵگەی ئەمریکی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکی خاوەن موڵک و لە ڕووی دارایییەوە سەقامگیر بەشێکی هەژار، و بەناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی جیاکاری ڕەگەزی لەنێوان سپی پێست و ڕەش پێست، چونکە زۆربەی سپی پێستەکان خاوەن خانوون و زۆربەی ڕەشپێستەکانیش هەژار، هەروەها چەند فاکتەرێکی دیکە کاریگەرییان لە سەر دروستبوونی ئەم جیاوازییە ڕەگەزییە هەیە لەوانە:

یەکەم؛ سامان لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون واتە هەبوونی سامان، و بناغەیەکە بۆ کەڵەکەبوونی سامانی زیاتر چونکە دەتوانیت قەرزی زیاتری لە بانک پێڕابکێشیت. بەو هۆیەوە تەنانەت ئەو خێزانە سپی پێستانەی کە لە رووی ئاستی خویندن و خوێندەواری و دەرامەتەوە لە خێزانە ڕەشپێستەکان باشترن نین، لە ڕووی هەبوونی سامانەوە زیاتر دڵنیاترن، بەهۆی ئەوەی خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی باشترن و لەو گەرەک و شەقامانەدا دەژین کە ئاستی دەرامەتیان بەرزترە، و هەلی دەرامەت و ئابووری زیاتریان هەیە.  بەدرێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو ٩٨% قەرزی خانووبەرە بەو ناوچانە دراوە  کە لە ڕووی مەترسی دانەوەی قەرزەوە پۆلێن کراون بە ناوچەی سەوز و شین و زەرد، و تەنها ٢% ئاراستەی ناوچەی سور کراوە. لەبەرئەوە هێشتا ئەستەمە بۆ کەسێکی ڕەشپێست قەرزی خانووبەرە وەربگرێت تا ڕێژەی سامانەکەی زیاد بکات و لە بازنەی هەژاری رزگاری بێت.

دووەم: خوێندن و خوێندنگە، لە ئەمریکا سەرچاوەی سەرەکی خەرجی خوێندنگەکان لە رێگەی باجی خانووبەرەی ئەو ناوچانەیە کە خوێندنگەکەی لێ بنیاتنراوە. لەبەرئەوەی نرخی موڵک و خانووبەرە لە ناوچەی سوردا کەمە داهاتی باجی خانووبەرەش کەمە، و بەمەش خەرجی خویندنگاکان لەم ناوچەدا بە بەراورد بە ناوچەکانی دی کەمترە، و کەمی سەرچاوەی داهات بۆ خەرجی ئاستی خوێندن، خوێندواری و هۆشیاری لەم ناوچانەدا کەمترکردووەتەوە،  و کەسانی دانیشتوی ئەم ناوچەیە هەلی کاریان کەمترە. دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە نرخی موڵک و خانووبەرە زۆرە و گرانە، باجی زۆرتر دەدەن و باشترین خوێندنگە و باشترین مامۆستا و باشترین سەرچاوەیان لەبەردەستە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانیان. سەرسام نەبێت ئەگەر ئەم جیاوازی ڕەگەزی و نادادپەروەرییە لە هەلی کار و دەرامەتدا لە نەوەیەکە و بۆ نەوەیەکی دی بگوازرێتەوە.

سێیەم؛ تەندروستی، بە هۆی ماستەر پلانی شارەکانەوە ئەگەری ئەوەی ئەوانەی لە ناوچە سورەکان دا دەژین زۆر زیاترە لەوەی کە لە نزیک شوینە پیشەسازییەکانەوە بن، ئەم پیشەسازییانە پاشەڕۆکانیان مادەی ژەهراوەییە و کاریگەری نەرێیان لە سەر تەندروستی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبێت. ئەگەری ئەو سوپەر مارکێتانەی خواردن و شمەکی تازە و تەندروست دەفرۆشن لەم گەڕەک وشەقامانەدا بکرێنەوە زۆر کەمترە. زۆربەی ئەم گەڕەک و شەقامانەی ناوچەی سور ئاو و ئاوەڕۆیەکی باشیان نییە، زۆربەی بیناکانیان لە کەرەستەی وا دروستکراوە کە لە ڕووی تەندروستییەوە لەوانەیە سەلامەت نەبێت وەک جۆر و کواڵیتی بۆیاخی پەنجەرە و دەرگا، و بەکارهێنانی قورقوشم. هەر لەبەر ئەوەشە لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە خەڵکانێک کە لەم ناوچە سورانەدا دەژین رێژەی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی و دلێیان تێدا زیاترە بە بەراورد بە ناوچەکانی کە.

چوارەم؛ پۆلیس، لەبەر جیاکاری لە شوێنی نیشتەجێبوون و زیادەی بێکاری و کەمی ئاستی خوێندن، بە شێوەیەکی نەخوازراو رێژەی تاوان لەم ناوچە سوورانەدا زۆرترە، و لەبەر هەمان هۆکاریش گرتن و توندوتیژی پۆلیس بە رێژەیەکی لە ڕادەبەدەر لەم ناوچانەدا ڕوودەدات. هەروەک ئاماژەمان پێدا لەبەرئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە خەڵکانی ڕەشپێست و بێگانەن، هەر گرتنێک بە ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی تێراوانینێک نەرێیی بەرامبەر ئەم دوو چینەی کۆمەڵگە، ئەگەر لە شوێنێکدا تاوانێک ڕوویدا بە ناڕاستەوخۆ یەکەم گومانلێکراو کەسێکی ڕەشپێست یان بێگانەیە. هەرچەندە ئەم تێروانیە بەو شێوە زەقە نیە کە ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر لە نێو هاوڵاتیاندا بڵاوبکاتەوە، بەو هۆیەی بە پێیی یاسا لە وولایەتەیەکگرتووەکان کەس تاوانبار نیە تا بە بەڵگە تاوانەکەی بەسەردا ساخ نەبێتەوە، بەڵام هێشتا ڕەشپێستەکانی ئەمریکا خۆیان بە دوور دەگرن لە بچوکترین کێشە کە لەوانەیە پێویست بە پۆلیس بکات، چونکە بەناراستەوخۆ هەموو چاوەکان لەسەر ئەو دەبێت و دەبێت بە گومانلێکراوی سەرەکی کەیسەکە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ڕەشەکان متمانەیان بە پۆلیس نەماوە.

ئەم فاکتەرانە بووە بە هۆکاری دروستبوونی جیاکارییەکی سیستماتیکی و کاریگەری لە سەر نەستی کۆمەڵگەکان کردووە، تا رادەیەک کە کاریگەری هەیە لە سەر هەلی کار لەنێوان ڕەش و سپی و بێگانە و خۆیی دا. هەردوو نووسەری کتێبی فریکۆنۆمیستFreakonomics  ستیڤن لڤیت و ستیڤن دوبنیر لە یەکێک لە چاپتەری کتێبەکەیاندا کە تەرخانیانکردوە بۆ باسکردنی ئەم بابەتە و خستنەڕووی لێکولینەوەیەک لەم دیاردەیە، لە لێکۆلینەوەکەیاندا بە یارمەتی هاوکارەکانیان هەستاون بە ناردنی دوو سیڤی هاوشێوە بۆ کۆمەڵێک کار بە دوو ناوی خوازراوەوە، کە یەکێکیان ناوێکی باوی نێو ڕەشپێستەکانە وەک جمال، مارکویس، و راشون،  و ئەوی دیکەیان ناوێکی باوی سپی پێستەکانە وەک جینیفەر، جەیمس، و سمیث. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەی دەرخستووە سەڕەڕای ئەوەی سیڤییەکان هاوشێوەن لە ئەزمون و خوێندن و کاراییدا بەڵام ئەو سیڤییەی کە ناوە باوەکانی سپی پێستی لەسەرە ئەگەری ئەوەی زیاترە بۆ چاوپێکەوتن بانگ بکرێت بە بەراورد بەو سیڤییەی کە ناوی باوی ڕەشپێستی لە سەرە.

ئەم جیاکاری و ڕەیسزمە لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش ئەمریکا زیاتر بووەتە جێگەی سەرنج و باسی لێوە دەکرێت، بە هۆی ئازادی رۆژنامەوانی و سەربەستی میدیاکان و تاکی هوشیار و لێکوڵەرەوەی ڕاستگۆ و بێلایەن. بەڵام لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێیسزمێکی سیستەماتیک هەیە و باس ناکرێت و هەندێک جاریش وەک کەلتور شانازی پێوەدەکرێت. نەتەوەی کورد کە تا ١٠٠ ساڵێکیش لەمەوبەر زۆربەمان چیانشین و کۆچەری بووین، هەمان هەلی کار و دەرامەت و کەڵەکەکردنی سامان و خوێندنمان بۆ نەڕەخساوە بە بەراورد بە نەتەوەکانی کەی وەک فارس و تورک و عەرەب، بە هاوتەریبش ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئاینییانەی  کە لە ناو کوردا دەژین هەمان هەلی کار و دەرامەت و سامان و خوێندن و تەنانەت پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تاکێکی کوردیان نییە.

هەروەها هەر لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا جیاکارییەکی زەق دەبینرێت لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێ، و شارنشین و لادێنشیندا. ئێستا بە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگە داخراوەکان Gated Communities ئەوەی کە لێرە پێی دەوترێت گوند و سیتییەکان ئەم جیاکارییە تۆختربووەتەوە، لە جێ ئەوەی هەوڵبدرێت کاڵتر بکرێتەوە وەک ئەوەی لە دەرەوە هەوڵی بۆ دەدرێت و هەیە. ئەم کۆمەڵگە داخراوانەی ئێرە ئاسایشی تایبەت و خوێندنگەی تایبەت و خزمەتگوزاری تایبەتییان هەیە. لە کاتێکدا گەڕەک و شەقامەکانی کە پشتگوێخراون یان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە. بۆ نمونە دریم سیتی و گوندی ئینگلیزی لە هەولێر ئاسایش و بازاری تایبەتی خۆی هەیە و ئاو و ئاوەڕۆی تایبەت بە خۆی هەیە، لە کاتێکدا گەرەک و کۆڵانەکانی دیکەی هەولێر بێ ئاوەڕۆن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لەم گەڕەکانەدا زیاترە. لە سلێمانیش بە هەمان شێوە گوندەکان هێزی ئاسایشی تایبەت بە خۆیان هەیە، دوورترن لە ناوچە پیشەسازییەکان، و کارەبا و ئاوی بەردەوامیان هەیە، لە کاتێکدا گەرەکەکانی دی لەو جۆرە خزمەتگوزارییانە بێبەشن. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئاستی ژیان لەناو ئەو کۆمەڵگە داخراو و گوندانەدا بهێنرێتە خوارەوە بۆ ئاستی گەڕەک و شەقامەکانی دی، بەڵکو دەبێت هەوڵبدرێت  ئاستی ژیانی دانیشتوانی ئەو گەڕەک و شەقامە پەراوێزخراوانە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کۆمەڵگەداخراوەکان.

ئەم جیاکارییە تەنها گوند و سیتیەکان بەرامبەر بە گەڕەک و شەقامەکان قەتیس نەماوە و بەدیناکرێت، بەڵکو لە تێڕوانین و مامەڵەکردنی تاکەکانی کومەڵگەی کوردی بەرامبەر یەکتر و بەرامبەر ئاین و ئاینزاکان و نەتەوە و کەمینە نەتەوەکانی دیدا بەدی دەکرێت. بۆ نمونە وەک خانمێک سەرپۆشێکی سپی بدە بەسەردا و بۆ کارێک ڕوو لە دامەزراوەیەکی حکومی یان تایبەت بکە بزانە مامەڵەیان چۆنە لە گەڵتدا پاشان هەمان کار تاقی بکەرەوە ئەم جارەیان بە شێوازێکی دی خۆت بپۆشە. یان وەک پیاوێک تەنها تاک شەرواڵێک لەپێ بکە هەوڵی مامەڵەی ئۆتۆمبیلێکی گرانبەها یان خانوویەک بکە لەو کۆمەڵگە داخراوانەدا بزانە چۆن لەلایەن نوسینگەکانەوە یان خاوەن پێشانگاکانەوە دەست بەڕووتەوە دەنڕێت، یان بە شێوازێکی دی وەڵام دەدرێتەوە بە بەراورد بە یەکێکی “پۆشتە” پۆش. تەنانەت لە هەلی کاریشدا جیاکاری هەیە لەنێوان ڕەگەزی مێ و نێردا لە بەر ئەوە ئێمە نەک هەر دەبێت جەخت لە سەر نەهێشتنی ئەو جیاکارییەی لە جیهاندا لەنێوان سپیپێست و ڕەشپێستدا هەیە  بکەین، بەڵکو دەبێت هەوڵ بۆ کاڵکردنەوەی ئەو هێڵە کێشراوانە بکەین کە کۆمەڵگەکەمان بۆ جیاکاری لەنێوان چین و توێژەکاندا کێشراون ئەویش لە ڕێگەی یاسا و پەروەردە و هوشیارکردنەوەی تاکەکان.

بەشکردن: